riklam

په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ساڵڕۆژی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌

کوردستان 09:47 AM - 2020-03-16
.

.

به‌بۆنه‌ی ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی په‌یامێكی بڵاوكردۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئه‌مڕۆ سی و دوو ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هیددا تێده‌په‌ڕێت كه‌ له‌لایه‌ن ڕژێمی پێشووی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجام درا و بووه‌ هۆی شه‌هیدبوونی پێنج هه‌زار هاووڵاتیی بێتاوان و برینداربوونی هه‌زارانی دیكه‌ و ئاواره‌بوونی هه‌زاران خێزان، تا ئێشتاش كاریگه‌ریی لێكه‌وته مه‌ترسیداره‌‌كانی به‌سه‌ر باری ته‌ندروستی و ده‌روونیی خه‌ڵك و ژینگه‌ی ناوچه‌كه‌وه‌ هه‌ر به‌رده‌وامه‌.

یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساته‌، ڕێزگرتنه‌ له‌ قوربانییانی گه‌له‌كه‌مان، به‌تایبه‌ت شه‌هیدانی ئه‌و كاره‌ساته‌ و جه‌ختكرنه‌وه‌ی به‌رده‌واممانه‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری هه‌موو ڕێوشوێنێك بۆ ڕێگریكردن له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی تاوانی ئاوا و جینۆسایدی گه‌لی كوردستان و هه‌ر گه‌ل و پێكهاته‌یه‌ك له‌ هه‌ر شوێنێكی جیهاندا به‌ هه‌ر بیانوویه‌كی سیاسی، ئایینی و ئیتنی بێت. ئه‌م ئامانجه‌ پیرۆزه‌ بۆ ئێمه‌، یه‌كڕیزیی زیاتر و ته‌باییی به‌رده‌واممان لێ ده‌خوازێت.

له‌م یاده‌دا دووباره‌ جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ بایه‌خدانی تایبه‌ت و زیاتر به‌ ژیان و خزمه‌تكردنی برینداران و خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری قوربانییانی چه‌كی كیمیایی، له‌م لایه‌نه‌شه‌وه‌ بێگومان كاری زۆر ماوه‌ بكرێت كه‌ شایسته‌ی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتووانه‌ سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی بێت.

به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، هیچ هه‌نگاوێكی كرده‌یی نه‌ناوه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماددی و مه‌عنه‌ویی دانیشتووان و ژینگه‌ی وێرانكراو و ژاراویكراوی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و هیچ ده‌ڤه‌رێكی دیكه‌ی كوردستان وه‌ك قوربانیی ده‌ستی ده‌وڵه‌تی عێراق. داواكارین حكوومه‌تی عێراق وه‌ك به‌رپرسیارییه‌كی یاسایی و ئه‌خلاقی، له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ بكات.

مرۆڤایه‌تی پێویستی به‌ كاری جددییه‌ بۆ قه‌ده‌غه‌كردن و ڕێگریكردن له‌ به‌كارهێنانی هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكی كۆمه‌ڵكوژ. وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆ هه‌موو جیهان له‌ خه‌می بنه‌بڕكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنادان وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ترسناكی سه‌ر ته‌واوی مرۆڤایه‌تی، به‌ هه‌مان شێوه‌ش كاركردن بۆ بنه‌بڕكردنی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ و ته‌كنۆلۆژیای مردن، ده‌بێ خه‌می هه‌موو جیهان بێت له‌پێناو پاراستنی ژیان و ژینگه‌ و شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تیدا.

شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌موو قوربانییانی گه‌له‌كه‌مان هه‌میشه‌ له‌ یادمانن و له‌ ویژدانی كوردستانییاندا زیندوون، له‌ كاتێكیشدا به‌ ڕێز و شكۆوه‌ یادی شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ ئومێده‌وه‌ له‌ داهاتوو ده‌ڕوانین.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاكیان.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
١٦/٣/٢٠٢٠

PUKmedia

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket