riklam

نیو سەدە بەسەر بۆردومانکردنی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت

کوردستان 09:14 AM - 2024-04-24
قەڵادزێ PUKMEDIA

قەڵادزێ

سلێمانی

ئەمڕۆ 50 ساڵ بەسەر بۆردوومانكردنی شاری قەڵادزێدا تێپەڕدەبێت، كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە لەساڵی 1974 دا شاری قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی بۆردومانكراو بەو هۆیەشەوە چەندین هاووڵاتی و خوێندكاری زانكۆی سلێمانی شەهیدو برینداربوون.

50ساڵ بەر لەئێستا رژێمی لەناوچووی بەعس بۆردومانی قەڵادزێ و زانكۆی سلێمانی لەو شارە كرد، لەئەنجامدا 163 كەس شەهیدبوون كە 9 كەسیان خوێندكاری زانكۆ بوون و نزیكەی 300 كەسیش برینداربوون.

لەساڵی 1982 لەكاتی یادكردنەوەی 24-4 خەڵكی خۆڕاگری قەڵادزێ لەدژی رژێمی بەعس راپەڕین و پیاوانی رژێم بەگوللە وەڵامی دانەوەو لە ئەنجامدا دوو كەس بە ناوی خوشكە سنووبەرو دایە ئامینە شەهیدبوون و 5 كەسیش بریندار بوون.

کارەساتێکی سامناک قەڵادزێی خەڵتانی خوێن کرد

 

كارەساتی قەڵادزێ لە 24-4-1974-چوار فڕۆكەی سیخۆی روسی ژمارە 7 بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەدام حسێن-ی دیكتاتۆر كارەساتێكی سامناك قەڵادزێی خاڵتانی خوێن كرد بە بۆمبای ناپاڵمی قەدەغە كراو شارەكەی بۆردومان كرد.

بەوهۆیەوە زیاتر لە 163 كەس شەهید بوون كە 9 یان خوێندكاری زانكۆ بوون زیاتر لە 250 كەسیش بریندار بوون، لەو بۆردومانەدا 9 بینای حكومیی و بینای زانكۆ وێران كران و روخێنران.

رژێمی لەناوچوی بەعس بەسیاسەتە شۆڤێنییەكانی بۆ لەناوبردنی كورد بەتایبەت ئەم دەڤەرە لە پیلانێكی نوێدا سیاسەتی راگواستی پیادەكرد، ئەوەبوو ساڵی 1978 ەوە تا 1979زۆربەی گوندەكانی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێكانی (پێماڵك، بەستەستێن، چوارقوڕنە، توەسوران) سەرجەم گوندەكانی بەمزگەوتەكانیشەوە سوتاندن كاولی كردن.

 

"بیست و چواری چوارە، جێی كەڵبەی سەگی هارە "

 


جەماوەری شاری قەڵادزێ هەموو ساڵێك لە 24-4 دا ناڕەزاییان دژ بە رژێمی خوێن رێژی بەعس دەر دەبڕی، بەڵام ناڕەزایی 24-4-1982 زۆر جیاوازتر بوو راپەڕینی تیادا بەرپابوو بە رێپێوان و هوتاف كێشان و لەژێر دروشمی:

"گوللە و پەت و سێدارە، ناترسێنێ ئەم شارە "
"شەهید خوێنی دەڕژێنێ، ئازادی بەدەست دێنێ
"بیست و چواری چوارە، جێی كەڵبەی سەگی هارە "
"هێزی گەل لەبن نایە، شەهید بوون دكتۆرایە "

لەبەرامبەر ناڕەزایی و بێزاری پشدەریەكان رژێمی بەعس بە ئاگر و ئاسن وەڵامی دەدانەوە هەربەو هۆیەشەوە دوو ژن شەهید بوون كە مامۆستا سنەوبەر و دایكە ئامینە.

دوای شەڕی هەشت ساڵەی عیراق و ئێران جارێكی تر پیلانی راگواسنتی جێبەجێكردەوە كە تەواوی پشدەری خاپور كردو ناوی نا (ناوچەی موحەڕەمە) دانیشتووانەكەشی بەسەر ئۆردوگا زۆرەملێكانی (خەبات، جدیدە، كەورگۆسك، تۆبزاوا، دارەتوو) دابەشكرد.

 

كاره‌ساتی بۆردومانكردنی قه‌ڵادزێ له‌ زاری شایه‌تحاڵانه‌وه‌

 

هاووڵاتی ته‌ها عه‌لی ئه‌مین كه‌ ئه‌و كات خوێندكاری زانكۆی سلێمانی بووه‌و خۆی له‌ناو كاره‌ساته‌كه‌دا بووه‌ به‌ نووسینێك باسی له‌ گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌و ئه‌و زوڵمه‌ كردووه‌ كه‌ ده‌رهه‌ق به‌ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی قه‌ڵادزێ كراوه‌ له‌و كاته‌داو ده‌ڵێت:

 ساڵی ١٩٧٤ بوو مانگی سێ ، دوای نه‌ورۆز زۆربه‌ی مامۆستایان وخۆیندكاره‌كان زانكۆی سلێمانیان به‌جێ هێشت وبه‌ره‌و شاری قه‌ڵادزێی، له‌و كاتدا كاك جبار ی ره‌شه‌ی مه‌لا براییم وسه‌روه‌ری علی قادر وبه‌نده‌ ( كه‌ خوێندكاری  قوناغی چواره‌می كۆلێژی كشتوكاڵ بووم ) له‌ سلێمانی ماینه‌وه‌ وجارجار یه‌كێكمان له‌ سلێمانیه‌وه‌ ئه‌چووین بۆ چوارتا هه‌ر شتێك یان زانیارییه‌كی پێویست ئه‌مان گه‌یانده‌ لێبرسراوی ناوچه‌ی سلێمانی كه‌ له‌ چوارتا بوو  وبه‌پێچه‌وانه‌وه‌.

 

كاك جه‌بار زۆر به‌ وریایی كاری ئه‌كرد وبه‌ئێمه‌ی ئه‌وت با نامه‌ی دڵداری له‌ گیرفانتاندا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خوانه‌خواسته‌ ئه‌گه‌ر گیران با وابزانن كه‌ خه‌ریكی ئه‌و شتانه‌ن وهیچ په‌یوه‌ندیه‌كتان به‌ سیاسه‌ته‌وه‌ نییه‌.

 

"له‌ هه‌فته‌ی دووه‌می مانگی چوار له‌گه‌ڵ كاك حمه‌ كریم كه‌ ئه‌و كاته‌ ژمیریار بوو له‌ به‌شی ژمیریاری زانكوێ سلێمانی چووین بۆ قه‌ڵادزێ بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌ی مانگی سێی خوێندكاران بدات ، له‌و كاتدا ماڵمان له‌ قه‌ڵادزێ بوو له‌وێ مامه‌وه‌ وله‌ ئاماده‌یی قه‌ڵادزێ خۆبه‌خشانه‌ وانه‌ی رووه‌ك زانیم ده‌وته‌وه‌، هه‌تا رۆژی ٢٤ / ٤ / ١٩٧٤ هاوڕێی به‌ڕێزم كاك به‌هادینی مه‌جیدی حاجی رسول هات بۆ قه‌ڵادزێ به‌مه‌بستی سه‌ردانی دیلمان ، منیش پێم ووت بابچینه‌ ماڵه‌وه‌ پشوویه‌ك بدا، به‌ڵام ئه‌و زۆر په‌له‌ی بوو ووتی له‌بازار نانێك ئه‌خۆین وئه‌رۆم ، له‌ قه‌ڵادزێ كه‌بابخانه‌یه‌ك هه‌بوو به‌رامبه‌ری یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌روی بازاری قه‌ڵادزێ ، هه‌ر ئه‌وه‌نه‌ كه‌ كه‌بابه‌كه‌یان هێنا بوو به‌و شه‌وه‌ زه‌نگ وته‌پووتۆزێكی زۆر وچاو چاوی نه‌ئه‌بینی وه‌كو كورد وه‌ته‌نی بوو به‌و رۆژه‌ی كه‌ سیاوه‌شی تێدا كوژرا ومن و كاكه‌ به‌هادین كه‌ له‌سه‌ر یه‌ك مێز دانیشتبووین دوای چه‌ند مانگێك یه‌كترمان بینیه‌وه‌ دوای ئه‌م كاره‌ساته‌ وئاگامان له‌یه‌كتر نه‌ما وهه‌ر یه‌كێكمان به‌ لایه‌كه‌وه‌ رایكرد. له‌ كه‌بابخانه‌كه‌ چه‌ند كه‌سێك بریندار بوو، كه‌ رویشتمه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر جاده‌كه‌ چه‌ن كه‌سێك كه‌وتبوون وخۆینیان لێ ئه‌رۆی  .. منیش به‌ره‌و دێی كه‌ستانه‌ رۆشتم بۆ ماڵی سۆفی عەبدوڵڵا ئاغا ترسی ئه‌وه‌مان بوو كه‌ فروكه‌ جه‌نگیكان دووباره‌ بگه‌رینه‌وه‌ وئه‌م كاره‌ دڕندانه‌یه‌ دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌ و باوكی ره‌حمه‌تیم كه‌ زانیبووی ئێمه‌ له‌و كاتدا له‌ كه‌بابخانه‌كه‌ بووین چوو بوو بۆ مزگه‌وتی خانه‌قا كه‌ ته‌رمی هه‌موو شه‌هیده‌كان له‌وێ كۆكرابوونه‌وه‌ و یه‌كه‌ یه‌كه‌ ته‌ماشای هه‌موو ته‌رمه‌كانی كردبوو، ئینجا کرابووه‌ ماڵه‌وه‌، له‌گه‌ڵ دایكم وخوشك وبراكانم به‌ره‌و دێی شیوه‌ره‌ز به‌رێكه‌وتن ، ودوای  ماوه‌یه‌ك له‌ ئێران یه‌كترمان بینییه‌وه‌"، تەها عەلی وایوت.



PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket