د. فوئاد مه‌عسوم: له هه‌مان رێباز‌و قوتابخانه‌م كه سەرۆک مام جه‌لال سه‌ركردایه‌تی كردووه
چاوپێکەوتن 01:44 PM - 2016-07-25.
سه‌رۆك كۆماری عیراق رایگه‌یاند: عیراقییه‌كان‌و وڵاتانی خۆرئاوا‌و به‌تایبه‌تی ئه‌مریكا ده‌یانه‌وێت داعش له‌عیراقیش‌و سوریاش نه‌مێنێت‌و بۆئه‌وه‌ش هاوكاریی‌و هاوئاهه‌نگیی هه‌موویان پێویسته‌و وتیشی: سه‌رباری ئه‌و هاوئاهه‌نگییه‌ش هه‌موو سیاسییه‌كان بیر له قۆناغی دوای داعش ده‌كه‌نه‌وه‌و ته‌ئكیدی كرده‌وه كه ده‌بێت بزووتنه‌وه‌یه‌كی ئاشتی دروست ببێت له‌و ناوچانه‌ی كه له‌ژێر ده‌ستی داعش رزگارده‌كرێن.
ئه‌م قسانه‌ی د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆماری عیراق له‌چوارچێوه‌ی دیدارێكی تایبه‌تدا هات كه رۆژی سێ شه‌ممه 19/7/2016 له‌دیوانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌ڕێوه‌چوو.
كوردستانی نوێ؛ ستران عه‌بدوڵڵا سایتی خاك؛ ژینۆ عه‌بدوڵڵا
(2-2)
هه‌نگاوی دووه‌م چییه؟
له چاوپێكه‌وتنێكدا لێیان پرسیم كه ئایا تۆ ده‌نگ به چی ده‌ده‌یت؟ له‌وه‌ڵامدا وتم، نامه‌وێ ببمه له‌كه‌یه‌ك بۆ نه‌وه‌كانم، كه بڵێن باپیرمان له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆیی نه‌بووه، به‌ڵام من پرسیار ده‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و راپرسییه‌مان كرد، هه‌نگاوی دووه‌م چییه؟، رێككه‌وتووین له‌گه‌ڵ عیراق، نه‌خێر رێك نه‌كه‌وتووین، هه‌موو لایه‌كیش ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه ده‌ڵێن جیابوونه‌وه له عیراق یان راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌ت نابێت به‌شه‌ڕ بێت، به‌ڵكو به ئاشتی بێت، ئێ ئه‌گه‌ر به‌ئاشتی بێت، ده‌بێت به حیوار‌و گفتوگۆبێت، به‌رده‌وام ده‌بم له ئیشوكاره‌كانم، نه‌ك هه‌نگاوی وابنێین كه دووربكه‌وینه‌وه‌و له‌یه‌كتر داببڕێین، ئه‌و دابڕانه شتێكی باش نییه، له‌و سیستمه‌ی كه ئێستا هه‌یه، هیچ حزبێك نییه كه دژی كورد بێت، ئه‌وه خاڵێكی زۆر زۆر گرنگه، واتا تا ئێستا حزبێك نییه له عیراقدا بڵێی له‌سه‌ر بنه‌مای ره‌گه‌زپه‌رستی دروست بووبێت، هه‌تا ئه‌وه‌ی جارانیش گومانی دژایه‌تی كوردیان لێ ده‌كرا، ئێستا زۆر به رێك‌وپێكی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسی كورددا ده‌كات، له ئێستا‌و له‌م قۆناغه‌دا ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵه‌و گوماناوییانه له عیراقدا نه‌ماوون، بیرۆكه‌ی حزبی قائید نه‌ماوه، له كوردستان‌و عیراق‌و ناوچه‌كه‌ش ئه‌و بیركردنه‌وانه كۆتاییان پێهات‌و نه‌مان، بیر له‌وه ناكرێته‌وه كه جارێكی تر هێزێكی سیاسی بێت‌و وه‌كو حزبی قائیدو ته‌نها خۆی بسه‌پێنێت، ئه‌وه نه‌ماو به‌سه‌رچوو.
شتێك نه‌كرێت
كورد زه‌ره‌ی تێدا بكات
كه‌واته كورد به یه‌كگرتوویی ده‌توانێت زۆر شتی خۆی بسه‌پێنێت به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌نه‌كاندا‌و به‌بێ شه‌ڕو هه‌ڕه‌شه داخوازییه ره‌واكانی خۆی جێبه‌جێ بكات. بۆئه‌وه‌ش ئێمه «ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان‌و وه‌زیره‌كانی نێو حكومه‌ت‌و سه‌رۆك كۆمار» هیچ كێشه‌یه‌كمان نییه، په‌یوه‌ندییه‌كانمان باشه‌و ئاساییه‌و ده‌مانه‌وێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی كه له به‌غدا هه‌یه، ره‌نگبداته‌وه له كوردستانیش، ئێمه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئیجابیی كوردستان بین لێره له به‌غدا، نه‌ك ته‌نیا ئه‌وه‌ی ئێره له كوردستان ره‌نگ بداته‌وه، به‌ڵكو هی كوردستانیش لێره ره‌نگ بداته‌وه، بۆ نموونه ده‌بێت بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه كه شتێك نه‌كرێت كورد زه‌ره‌ی تێدا بكات، ئه‌وه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مومكین نییه قبوڵ بكرێت، چونكه ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌ماو به‌سه‌رچوو، حزب خه‌ڵك بێنێ‌و دایبنێ‌و بڵێ ئه‌وه نوێنه‌ری كورده، نه‌خێر ئه‌وه ناكرێ‌و نابێت، چونكه ده‌بێت نوێنه‌ری كورد، كورد بۆ خۆی هه‌ڵیبژێرێت له‌سه‌ر هه‌ر ئاستێك بێت، جا بۆیه ئێستا بارودۆخه‌كه بارودۆخێكی زۆر باشه‌و له باره‌و سازه بۆئه‌وه‌ی تێگه‌یشتن هه‌بێت له نێوان هه‌موو لایه‌نه‌كانی عیراقدا.
هه‌مووان به‌رپرسیارین
*كه‌واته كێشه‌كه له‌ده‌ستی بڕیارده‌ری سیاسیی كورددایه كه ناتوانێت هاوسۆزیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌دا بكات كه له عیراقدا بۆ كورد دابین بووه؟
-به‌داخه‌وه هه‌ندێك ناكۆكیی كورد هه‌یه كه له‌زۆر بواردا ره‌نگ ده‌داته‌وه، ئه‌و لێكدوورییه‌ی لایه‌نی كورد‌و هه‌ندێك ته‌كتیكی حزبی وایكردووه كه هه‌ندێك له هێزه سیاسییه‌كان له‌یه‌كتر دووربكه‌ونه‌وه، ئه‌وه نه‌بووه كه ستراتیژێك دابڕێژن‌و له‌سه‌ری كۆك بن، هه‌ریه‌كه‌و له‌لایه‌كه‌وه ئیش بۆ خۆی ده‌كات، به‌ڵام له لایه‌كی تره‌وه ئه‌و ستراتیژییه‌ی كه بۆ خۆیان دایانناوه كاری له‌سه‌ر بكه‌ن‌و پرس‌و راوێژ به یه‌ك بكه‌ن‌و ئاگاداری یه‌كتربن‌و هاوبه‌ش‌و به‌شداربن له‌و هه‌نگاوانه‌ی كه ده‌نرێن، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ی كه چۆن له به‌غداش ده‌مانه‌وێت هاوبه‌ش بین له‌گه‌ڵ ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ی هه‌مانه بۆ راپه‌ڕاندنی ئیشوكاره‌كانمان، چونكه ئێستا ئه‌وه‌ی كه ده‌بینرێت هاوبه‌شی كردنه‌كه لاوازه، من ناڵێم ته‌نیا خه‌تای لایه‌نێكه، هه‌مووان به‌رپرسیارین به‌رامبه‌ر دۆخه‌كه، ده‌بێت لێكتێگه‌یشتن هه‌بێت، چونكه كار به‌خۆسه‌پاندن ناكرێت.
جاران ئه‌نجومه‌نی
سه‌رۆكایه‌تی هه‌بوو
*له‌سه‌ر ئاستی عیراقیش وه‌ك ده‌زانرێت هه‌ندێك كێشه‌ی ده‌ستووری هه‌ن كه تائێستا وه‌كو پێویست كار بۆ چاره‌سه‌ری نه‌كراوه، بۆنموونه پڕۆژه‌ی ئه‌نجومه‌نی فیدرالی «مجلس الاتحادی» به‌تایبه‌تی كه به‌ڕێزتان وه‌ك نوێنه‌ری كورد له‌لایه‌ن كوردستانه‌وه له‌گه‌ڵ لایه‌نی شیعه رۆڵی به‌رچاووت هه‌بووه له نووسینه‌وه‌و داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستووره نوێیه‌ی عیراقدا؟
-ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ی كه دروست بوو له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌سه‌ر لادان‌و دانانی هه‌ندێك وه‌زیر، پرسی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی جارێكی تر سه‌ریهه‌ڵدایه‌وه‌و هاته‌وه پێشه‌وه، كه‌واته ره‌نگه له ساتێكی هاوسۆزی، یاخود ساتی هه‌ڵچوون‌و توڕه‌بووندا هه‌ندێك بڕیار‌و یاسا ده‌ربچێت كه ئه‌وه له‌سوودی عیراقدا نییه، لێره‌دا پێویسته ده‌زگاو دامه‌زراوه‌یه‌ك هه‌بێت كه مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت جارێكی تر چاو به‌و یاسا ده‌رچووانه‌دا بخشێنێته‌وه، ئه‌ویش له‌پێناوی سه‌رخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لانی عیراقدا. جاران ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی هه‌بوو كه سێ كه‌س بوون‌و هه‌ریه‌كه‌یان مافی به‌كارهێنانی ڤیتۆیان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ئه‌وه نه‌ماوه، بۆنموونه ئه‌و بڕیاره‌ی كه درا سێ جێگری سه‌رۆك كۆمار لاببرێن‌و پۆسته‌كه‌شیان لاببرێت‌و نه‌مێنێت، ئه‌وه بۆخۆی هه‌نگاو یان یاسایه‌ك بوو كه دژ بوو له‌گه‌ڵ ده‌ستووردا، ده‌ستبه‌جێ نامه‌م نووسی بۆ په‌رله‌مان، ئاماژه‌م بۆ ئه‌وه‌كرد كه ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆك وه‌زیران داوێتی پێچه‌وانه‌و دژی ده‌ستووره، به‌ڵام له نوێنه‌ران كه‌شێك هاته ئاراوه كه بۆ هه‌موو شتێك ده‌ست به‌رزده‌كرایه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی كه دژی سه‌رۆكی كوتله‌كان بوون، بۆ نموونه مالكی سه‌رۆكی كوتله‌یه‌كه، یه‌ك كه‌س داكۆكی‌و پشتیوانیی لێ نه‌كرد، ئه‌یاد عه‌لاویش به‌هه‌مان شێوه كه‌س داكۆكی‌و پشتیوانیی لێ نه‌كرد، هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به ئوسامه نوجێفی، ئه‌و رۆژه دۆخێك له‌نێو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌راندا دروستببوو، هه‌رچییه‌ك بووترایه ده‌ستیان به‌رزده‌كرده‌وه‌و په‌سه‌ند ده‌كرا، ئالێره‌دا من وه‌كو سه‌رۆك كۆمار به‌پێی ده‌ستوور ناتوانم ئه‌و رایه رابگرم‌و به‌ر به‌و حاڵه‌ته بگرم، پێشتر‌و له‌ماوه‌ی رابردوودا ده‌متوانی بڵێم په‌رله‌مان ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووره، ده‌نگ مه‌ده، به‌ڵام ئێستا كه ده‌نگیان دا، ته‌واو هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی منی تێدا نه‌ماوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌نجومه‌نی فیدراڵییه هه‌بوایه، یه‌كسه‌ر بڕیاره‌كه‌ی ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرده‌وه‌و داوای ده‌كرد جارێكی تر پێداچوونه‌وه‌و چاوخشاندنه‌وه به بڕیاره‌كه‌دا بكرێت، خۆ هیچ نه‌بووایه ئه‌و كه‌شوهه‌وا گه‌رمه‌ی له نێو هۆڵی په‌رله‌ماندا دروست ببوو، ئارام‌و ئاسایی ده‌كرده‌وه‌و نه‌ده‌ماو ته‌متومانه‌كان ده‌ڕه‌وینه‌وه، هه‌ربۆیه له ئێستادا جارێكی تر جه‌خت له‌سه‌ر دانانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی ده‌كرێته‌وه.
ئه‌گه‌ر كورد قبوڵی بكردایه، ئه‌وانی تر مه‌منون بوون
*سه‌باره‌ت به هه‌رێمكردنی پرسی كه‌ركوك، كه به‌ڕێزت ئاگادار‌و شاره‌زای ده‌ستووری نوێی عیراقیت، ئایا دیدو تێڕوانینی به‌ڕێزت چۆن‌و چییه له‌و باره‌یه‌وه؟
-به‌رله‌وه‌ی كه بڵێین ئینتیمای من بۆ چییه، هه‌رشتێك بێت ده‌بێ هه‌روه‌كو له ده‌ستووریشدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، ده‌بێت به‌پێی ویست‌و خواستی خه‌ڵكه‌كه بێت، ئه‌گه‌ر كورد قبوڵی بكردایه كه‌ركوك ببێت به هه‌رێم، هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژه‌وه هه‌موو لایه‌ك مه‌منوون بوون جگه له‌كورد، یه‌كه‌م رۆژ كه ده‌ستوور ده‌رچوو، زۆربوون ئه‌وانه‌ی كه ده‌یانوت «عه‌ره‌ب‌و توركمان‌و چه‌ند لایه‌نێكی تریش» با كه‌ركوك ببێت به هه‌رێمێك، به‌ڵام كورد ئه‌وه‌ی قبوڵ نه‌بوو، جا بۆیه ئێستاش ئه‌وه ده‌بێت به كێشه‌یه‌كی سیاسی‌و ئه‌و رۆژه‌ی كورد خه‌ڵك خواست‌و ویستی وابوو، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و خه‌ڵكه واتا خه‌ڵكی كه‌ركوك بۆخۆی بڕیار بدات له‌سه‌ر بنه‌مای ماده‌ی 140ی ده‌ستوور، ئێستا هه‌ر پارێزگایه‌ك بیه‌وێت ببێت به هه‌رێم، خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانه كه خوازیارن ببن به هه‌رێم ریفراندۆم بكه‌ن بو دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیان.
*ئه‌ی ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا كه‌ركوك بوو به‌هه‌رێم، ئایا له ده‌ستووردا ده‌توانرێت دوو هه‌رێم یه‌كبگرنه‌وه؟
-به‌ڵێ ئه‌وه بڕیاری خۆیانه، به‌ڵام گومانم هه‌یه له‌وه‌ی دوو هه‌رێم یه‌كبگرنه‌وه.
ده‌ستێوه‌ردانی شیعه
له‌كاروباری سوننه‌و به‌پێچه‌وانه‌وه
*عیراق له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه بۆ نموونه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ كێشه‌ی هه‌یه‌و ته‌نانه‌ت بۆته به‌شێك له كێشه‌ی ناوچه‌كه، به‌ڕای جه‌نابت پێویسته عیراق چی بكات بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌دا؟
-نه‌ك هه‌ر عیراق، لایه‌نه‌كانی تریش ده‌بێت له روانگه‌ی مه‌زهه‌به‌وه ته‌ماشای یه‌ك نه‌كه‌ن، یه‌ك هه‌ڵنه‌سه‌نگێنن، هه‌ڵه‌ی هه‌ندێك له وڵاتانی كه‌نداو و ده‌وروبه‌ر ئه‌وه‌یه كه ده‌ڵێن عیراق زۆرینه شیعه‌یه، ئه‌وه واقیعه‌كه‌یه كه راسته قه‌زییه وه‌كو ده‌ڵێن موسه‌له‌مه، دووه‌م: یان ده‌ڵێن مادام شیعه‌یه له‌گه‌ڵ ئێرانه، به‌و جۆره ته‌فسیری ده‌كات، سێیه‌م: كێشه‌ی گه‌وره‌ی وڵاتانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ ئێرانه، كه‌واته ده‌یگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر شیعه‌كه‌و واتا له‌گه‌ڵ عیراقیش، هه‌ڵه‌كه لێره‌دایه، وه‌ك باوه كه كێشه‌یه‌ك ده‌بێت یه‌كه‌م‌و دووه‌م، سێیه‌م ده‌بێته به‌ره‌نجام، ئێ ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، جارێ هه‌ر له‌ناو شیعه‌ی عیراقدا زۆر هه‌ن كه بڕوایان به‌وه نییه كه شیعه‌یایه‌تی ببێت به بنه‌ما بۆ دروستكردنی ده‌وڵه‌تێك‌و ببێته راستییه‌ك بۆئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی جیهان ببێته‌وه، ئه‌وه‌نییه له‌ناویاندا، ئه‌گه‌ر تێبینی بكه‌ن، به‌شێكی زۆر له هێزه سیاسییه‌كانی چه‌پ له‌عیراقدا، شیعه‌ی عه‌لمانیی‌و قه‌ومییه‌كان رۆڵیان تێیدا هه‌بووه، ئه‌و حاڵه‌ته‌ی له‌عیراقدا هه‌یه، ئه‌وه كه دۆخێكی تایفی دروست بووه، حاڵه‌ته‌كه گه‌یشتۆته راده‌ی ده‌ستخستنه ناو كاروباری یه‌كترییه‌وه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ده‌ستوه‌ردرێته نێو كاروباری سوننه‌وه، ئه‌وا ئه‌ویش دێت ده‌ست له‌كاروباری نێوخۆی شیعه وه‌رده‌دات، ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری یه‌كتر ده‌كرێت، ئه‌ویش له رێگه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نییه‌وه، یاخود هه‌ندێك حزبی بچووك بڕیار ده‌دات، به‌ڵام نه‌گاته ده‌ستێوه‌ردانی حزبی‌و ده‌ستێوه‌ردانی بڕیار به‌ده‌سته‌كانی وه‌كو وه‌زیرو یان گه‌وره‌تر له وه‌زیر، بۆیه نابێت دۆخه‌كه بگاته ئه‌و ئاست‌و راده‌یه، بۆیه لێكدانه‌وه‌كه‌یان وایه، پرسی یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه كه زۆرینه شیعه‌یه، كه‌واته شیعه له‌گه‌ڵ ئێرانه، كه‌واته ئێران به‌چاوێكی پڕ له گومانه‌وه ته‌ماشای ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها به‌گومانیشه‌وه له عیراق ده‌ڕوانین‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌روایه، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وانه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران خراپه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئێران چونكه شیعه‌یه‌و له‌به‌رئه‌وه‌ی شیعه‌یه‌و ئێمه‌ش شیعه‌ین‌و به‌ره‌ی ئێمه‌ش ده‌شكێ، ئه‌و لێكدانه‌وانه كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه بۆ عیراق، هه‌رچه‌نده تا ئێستا عیراق به‌ڕه‌سمی نه‌بۆته به‌شێك له كێشه‌كه، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی به‌غداو ریازیش ئاساییه، من كه یه‌كه‌م سه‌ردانی سعودیه‌م كرد، به‌یانییه‌كه‌ی چووم بۆ نه‌جه‌ف، سه‌ید سیستانی‌و هه‌موو مه‌رجه‌عه‌كانم بینی، هه‌موو پشتگیری‌یان كردم، بۆئه‌وه‌ی كه ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌كانی عیراق له‌گه‌ڵ سعودیه باش بێت، هه‌مان رۆژ له نه‌جه‌فه‌وه چووم بۆ ریاز، واده‌ی دیدارم له‌گه‌ڵ كۆچكردوو شا عه‌بدوڵڵا وا دانرابوو كه ته‌نیا 15 بۆ 20 خوله‌ك دیدارمان هه‌بێت، چونكه نه‌خۆش بوو، ئه‌وه‌ش شتێكی پڕتۆكۆڵییه، مه‌لیك واده‌كه‌ی كرد به 45 خوله‌ك، وتی: دانیشه، وتم: جه‌لاله‌تی مه‌لیك خاوه‌ن شكۆ، من له نه‌جه‌فه‌وه هاتووم بۆ ئێره، سه‌ید سیستانی‌و هه‌موو مه‌رجه‌عه‌كانم بینیوه‌و هه‌موویان خوازیارن په‌یوه‌ندییه‌كان باش‌و ئاسایی بن له‌نێوان عیراق‌و شانشینی سعودیه‌دا، جارێ مه‌دح‌و ستایشێكی زۆری سیستانی كرد، به‌پیاوێكی ژیر‌و حه‌كیم وه‌سفیكرد، هه‌روه‌ها زۆر قسه‌ی باش‌و رێك‌وپێكی كرد، ته‌نانه‌ت قسه‌یه‌كی كرد كه پێشبینی نه‌ده‌كراو وتی: تۆمه‌تبارمان ده‌كه‌ن به وه‌هابی، ئێ وه‌هابیش مه‌زهه‌بێكه له مه‌زهه‌به‌كان، مه‌زهه‌ب زۆره له ئیسلامدا، ئه‌ویش یه‌كێكه له مه‌زهه‌به‌كان، واتا زۆر به‌ئاسایی‌و به‌باشی قسه‌كانی كرد، دوای كۆتاییهاتنی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش وتی: تۆ بمێنه‌ره‌وه، له‌گه‌ڵ منیش زیاتر له 10 خوله‌ك قسه‌ی كرد‌و وتی: ده‌مه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌ك هه‌بێت له نێوانماندا، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه‌بوو كه كۆچی دوایی كرد، دواتر «شا سه‌لمان»م بینی، ئه‌ویش لای خۆیه‌وه قسه‌ی زۆر باشی كرد، به‌ڵام ئه‌و حاڵه‌ته مه‌زهه‌بییه له عیراق زۆر به هێز دروست بووه‌و ره‌نگی داوه‌ته‌وه له‌سه‌ر سیاسه‌تی وڵاتانی دیكه‌ش.
رۆڵی سه‌رۆك له‌سیستمی په‌رله‌مانیدا
*له‌ئێستادا هه‌ڵمه‌تێك هه‌یه بۆسه‌ر دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی له عیراق، په‌یامت چییه بۆ خه‌ڵكی كوردستان‌و عیراق‌و راگه‌یاندنه‌كان؟ چۆن بن‌و چی بكه‌ن بۆ گه‌یاندنی دیدی جه‌نابت‌و تیمی كوردستانی له به‌غدا بگه‌یه‌نێته‌وه رای گشتی له‌كوردستان؟
-ره‌نگه ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ی كه هه‌یه له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی، به‌شێكی زۆری له‌كوردستان بێت، سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه، له‌باتی ئه‌وه‌ی پشتگیریی سه‌رۆكی كۆمار بكه‌ن كه نوێنه‌ری كورده‌و كورد هه‌ڵیبژاردووه، ده‌بینی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه به‌دیده‌كرێت‌و رۆژانه ئه‌وه‌ی كه هه‌یه‌و رووده‌دات ئاگادارم لێی‌و بۆم دێت، سه‌رۆكی كۆمار به‌پێی ده‌ستوور وه‌ك هه‌ر سیستمێكی په‌رله‌مانی له دونیادا ده‌سه‌ڵاته‌كانی سنوورداره، زۆرجار وتومه، مێركڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌ڵمانیایه هه‌موو رۆژێك راگه‌یاندنه‌كانی دونیا باسی ده‌كه‌ن‌و بڕیاره‌كانی ده‌خه‌نه‌ڕوو، به‌ڵام سه‌رۆكی ئه‌ڵمانیای فیدراڵی ناوی چییه‌و كێیه‌و رۆڵی چییه؟، سه‌رۆك كۆماری نه‌مسا، سه‌رۆك كۆماری ئیسرائیل، سیستمی په‌رله‌مانی‌و په‌یڕه‌وكردنی ئه‌و سیستمه هه‌ر وایه، ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆك كۆمار زۆره، به‌ڵام رۆژانه‌و موراجه‌عه‌و ئه‌وانه نییه، هی ئه‌وه نییه خه‌ڵك موراجه‌عه‌ی بكات‌و عه‌ریزه‌یه‌ك بنووسێت‌و بۆی جێبه‌جێ بكات، نه‌خێر ئیش‌و كاره‌كانی هی ئه‌وه نییه، به‌ڵكو ئیشه‌كانی سه‌رۆك كۆمار بیریتییه له دانان‌و ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆك وه‌زیران‌و ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ ویستی سه‌رۆك وه‌زیر لاببات، ده‌بێت هه‌لومه‌رجی بۆ بڕه‌خسێنێت له‌گه‌ڵ كوتله سیاسییه‌كان، ئه‌وكاته نامه‌یه‌ك ده‌نووسێت بۆ په‌رله‌مان كه سه‌رۆك وه‌زیران لاببرێت، ده‌نگی بۆ ده‌ده‌ن. ئه‌وانه كۆمه‌ڵه شتێكن زۆر زۆر گرنگن، بڕیاری له‌سێداره‌دان، ئیمزای ده‌كات یان ئیمزای ناكات، ئه‌گه‌ر ئیمزای نه‌كرد بڕیاره‌كه ده‌وه‌ستێنرێت، زۆر شتی تری وه‌كو رێوڕه‌سم‌و پێشنیاز بۆ دانانی یاساكان، بۆ نموونه له ده‌ستووردا هاتووه كه پڕۆژه قانونه‌كان سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ئه‌و دوانه ده‌یده‌ن، ماوه‌یه‌ك بیریان له‌وه كردبۆوه كه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ش كه‌مبكرێته‌وه، به ته‌علیقه‌وه پێم وتن: زۆر باشه من مه‌منونم، وتیان چۆن؟، وتم هه‌رئێستا داوا ده‌كه‌م ئه‌و هه‌موو پڕۆژه یاسایانه‌ی كه پێشكه‌شكراون ره‌تبكرێنه‌وه، چونكه هه‌مووی له‌یه‌ك لایه‌نه‌وه دانراوه له دوو لایه‌نه‌وه واتا «سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆك وه‌زیران»ه‌وه دانه‌نراوه، هه‌ر یه‌كسه‌رو ده‌ستبه‌جێ له‌و هه‌وڵ‌و بیركردنه‌وه‌یه‌یان پاشگه‌زبوونه‌وه.
له‌هه‌مان قوتابخانه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال-م
جابۆیه پرسگه‌لی وه‌كو پڕۆژه‌ی یاساكانمان ناردووه وه‌كو پێویست له‌سات‌و كاتی خۆیدا ئه‌و بڕیارانه دراوون‌و جێگه‌ی خۆیان كردۆته‌وه، ئنجا بۆیه هه‌ندێك ده‌ڵێن: سه‌رۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاتی نییه، ئێ ده‌سه‌ڵاته‌كان هه‌ر ئه‌وه‌یه كه له ده‌ستووردا هه‌یه‌و ئاماژه‌ی بۆ كراوه وه‌كو ده‌سه‌ڵات‌و سیستمێكی په‌رله‌مانی، به‌ڵام خۆم هه‌ندێك چالاكی ده‌كه‌م ئه‌ویش له ئه‌نجامی ئه‌و باكگراونده سیاسییه‌وه‌یه كه خۆم هه‌مه، بۆ نموونه ئه‌و كۆبوونه‌وانه هیچی ده‌ستوور لێم داوا ناكات كه كۆبوونه‌وه بكه‌م، به‌ڵام من بانگهێشتیان ده‌كه‌م‌و داده‌نیشین‌و كۆبوونه‌وه ده‌كه‌ین‌و پڕۆژه تاوتوێ ده‌كه‌ین‌و باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین كه چی بكرێت‌و چی باشه‌و له سوودی رای گشتییدایه، ئه‌وه خۆم وه‌كو سیاسییه‌ك ناتوانم دابنیشم‌و گوێی نه‌ده‌مێ، به پێچه‌وانه‌وه هه‌میشه خوازیارم كه باشترین چالاكیم هه‌بێ، به‌تایبه‌تی كه كه‌سێك دوای جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال هاتبێت، چونكه هه‌میشه ئه‌و به‌راورده هه‌یه، منیش له‌هه‌مان قوتابخانه‌م‌و ده‌مه‌وێت چالاكی بكه‌م‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو تواناكانی خۆم خستۆته‌گه‌ڕو به‌رده‌وامیش ده‌بم، وه‌ك ئه‌وه‌نا كه چاو له به‌ڕێزیان ده‌كه‌م، نه‌خێر قه‌ناعه‌تم وایه كه له‌هه‌مان رێباز‌و قوتابخانه‌م كه جه‌نابی مام جه‌لال سه‌ركردایه‌تی كردووه، بێگومان ئه‌وه له مێشك‌و هزرمدایه. له رێگه‌ی گفتوگۆ‌و حیوار هه‌موو شتێك موكینه، به‌ڵام له رێگه‌ی ئه‌وه‌ی خۆم بدزمه‌وه، نا ئه‌وه پێم حه‌رامه ئه‌و پاره‌یه‌ی وه‌ریده‌گرم، ئه‌وه‌ش بزانن كه مووچه‌ی من وه‌كو سه‌رۆك كۆمار له په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت، ئه‌وه نییه له‌لای خۆم بێت‌و من بۆخۆم بڕیاری له‌سه‌ر بده‌م، یان سه‌فه‌رێك ده‌كه‌م، یه‌ك دونیا شتی بێ بنه‌ما ده‌نووسن، سه‌فه‌ری من وه‌ك ئه‌وه‌ی كه هه‌یه به فڕۆكه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه، سه‌رۆكی كۆمار، سه‌رۆكی وه‌زیران‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان، به فڕۆكه‌ی تایبه‌تی خۆیان، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی به كرێ بێت، سه‌فه‌ر ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها فه‌رمانبه‌ری سه‌رۆكایه‌تی كۆمار هاوڕێیه‌تی سه‌رۆك كۆمار ده‌كه‌ن، پاشان پاسه‌وانم له‌گه‌ڵه، ئێ باشه سه‌رۆك كۆمارێك بینرا كه جانتاكه‌ی خۆی رابكێشێت‌و بچێته فڕۆكه‌خانه سه‌فه‌ر بكات، ئه‌وه كۆمه‌ڵێك پڕۆتۆكۆڵ‌و عورفی سیاسی‌و دیپلۆماسییه، جا بۆیه له‌وانه‌یه هه‌ندێك شت هه‌بێت رای گشتی شاره‌زای نییه‌و ره‌نگه نه‌یزانێت، ئیتر به‌و شێوه‌یه قسه‌ده‌كرێت، ئه‌گینا من توانیوومه كۆڵه‌كه‌و بنه‌ماكانی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بپارێزم، كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حزب‌و هێزه‌كانه‌وه به‌چاوی رێزه‌وه ته‌ماشا بكرێت‌و له كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی، بۆ نموونه پرسی ئه‌هوار، 21 نامه‌م نووسیوه بۆ سه‌رۆك كۆماره‌كان‌و بۆ پاشا‌كان، كه پشتگیریمان بكه‌ن، ئێستا كه پشتگیری‌یان كردووین ئێستا ده‌بێت هه‌مان نامه بنووسم كه سوپاس بۆئه‌وه‌ی كه ده‌نگتان دا‌و پشتگیریتان كردین.
كه‌مترین خه‌رجی
له‌باره‌ی سه‌فه‌رو گه‌شته‌كانیشییه‌وه سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه كردووه كه به‌رده‌وام له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه كه كه‌مترین خه‌رجی تێبچێت‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رێوشوێنی شیاوی گرتۆته‌به‌رو بۆ ئه‌وه‌ش چه‌ند نموونه‌یه‌كی هێنایه‌وه كه هه‌موویان ته‌ئكیدكردنه‌وه بوو له‌وه‌ی كه‌مترین پاسه‌وان‌و كه‌مترین فه‌رمانبه‌ری له‌گه‌ڵ خۆیدا بردووه، ته‌نیا بۆ خاتری ئه‌وه‌ی كه‌مترین خه‌رجی بكات، ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه له‌ئێستادا هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ی وه‌كو راوێژكار دامه‌زراون‌و ده‌وامیان نه‌كردووه، له پۆسته‌كانیان دووری خستوونه‌ته‌وه، له‌ئێستاشدا ئه‌وه كراوه‌ته بنه‌ما كه سه‌رۆكی كۆمار‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌ریه‌كه‌و ته‌نیا پێنج راوێژكاریان هه‌بێت‌و راوێژكاره‌كانیش به گرێبه‌ست دابنرێن‌و ئه‌وه‌ش چۆته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ئومێده‌وارم بگه‌نه چاره‌سه‌ر
*دوا پرسیار، ئایا هیچ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی هه‌رێمی كوردستان؟
-كوردستان تاكو ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای هه‌بێت، له‌م دۆخه‌ی ئێستایدا هه‌ر ده‌مێنێته‌وه، كێشه‌كانیش رۆژ به‌ڕۆژ زیاتر ده‌بن، بۆیه پێویسته چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا ورده ورده دۆخی كوردستان به‌ره‌و خراپی ده‌چێت، ئومێده‌وارم به هه‌موولایه‌ك بتوانن بگه‌نه چاره‌سه‌رێك، چونكه مانه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه به‌م شێوه‌یه، كاریگه‌ریی له بوونی كوردیش له نێو عیراقدا ده‌كات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی ده‌ره‌وه‌ش كاریگه‌ریی خراپی ده‌بێت.
هەواڵی زیاتر
-
قوباد تاڵەبانی بۆ خوێندکاران: بەسیاسەتی چەپکە گوڵەکەی مام درێژە بەخەبات بدەن
07:59 PM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
سەرۆک بافڵ: خوێندکاران رۆحی ئەم کۆمەڵگەیەن
06:58 PM - 2024-04-26
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
09:59 AM - 2024-04-26
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆک بافڵ: خوێندکاران رۆحی ئەم کۆمەڵگەیەن
کوردستان 06:58 PM - 2024-04-26 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆچی دوایی ئەیوب محەمەد
پرسەنامە 12:33 PM - 2024-04-26 -
یەک لە سوارچاکانی قازان
بیروڕا 10:03 AM - 2024-04-26 -
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
کوردستان 09:59 AM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25