riklam

گەردەلوولی "باڤی" رۆژهەڵاتی ئاسیای شڵەقاندووە

جیهان 01:36 PM - 2026-07-11
وێنەیەکى دۆخەکە AFP

وێنەیەکى دۆخەکە

کەش و هەوا جیهانى

بەهۆی گەردەلوولی بەهێزی "باڤی" بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا، دەسەڵاتدارانی چین زیاتر لە 600 هەزار کەسیان لە ناوچەکانی خۆیان گواستەوە و لە تایوانیش گەشتە ئاسمانییەکان راگیران و پشووی رەسمی راگەیەندرا، هاوکات کاریگەرییەکانی گەردەلوولەکە لە فلیپین بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی 17 کەس و لە تایوانیش دەیان برینداری لێکەوتووەتەوە.

ئەمڕۆ شەممە 11ى7ى2026 دەسەڵاتدارانی چین زیاتر لە 600 هەزار کەسیان لە ناوچەکانی خۆیان گواستەوە، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەیشتنی گەردەلوولی بەهێزی "باڤی" بۆ شاری "وێینژۆ"ی سەر بە رۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت کە گەردەلوولەکە بە بارانی بەخوڕ و باوبۆرانێکی توندەوە بەسەر زنجیرە دوورگەکانی "ساکیشیما" لە باشووری ژاپۆن و بە لای باکووری تایوانیشدا تێپەڕی.

چاوەڕوان دەکرێت گەردەلوولەکە لە سبەینێدا بگاتە کەناراوەکانی شاری وێینژۆ، کە نزیکەی 10 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

میدیا رەسمییەکانی چین رایانگیاندووە: زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە پارێزگای "ژێجیانگ" (کە شاری وێینژۆ تێیدایە) و زیاتر لە 100 هەزار کەسی دیکەش لە پارێزگای "فوجیان"، لە شوێنەکانی خۆیان گواستراونەتەوە.

 لە فلیپین 17 کەس گیانیان لەدەستداوە،  ئەمەش بەهۆی بارانی بەخوڕی وەرزی بوو کە بەهۆی کاریگەرییەکانی گەردەلوولی باڤی-یەوە بەهێزتر ببوو.

فەرمانگەی ئاگرکوژێنەوەی تایوانیش رایگەیاند:  87 کەس بریندار بوون، کە زۆربەیان بەهۆی کەوتنەخوارەوە لەسەر ماتۆڕسکیل و پاسکیل، یان بەهۆی کەوتنی دار و کەلوپەل بەسەریاندا بووە.

بەهۆی گەردەلوولەکەوە 920 گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتی هەڵوەشێندرانەوە، ئەمەش بووە هۆی پەککەوتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی "تایوان تاویوان"، هاوکات سەرجەم 282 گەشتە ناوخۆییەکانیش راگیران.

سەرجەم شار و پارێزگاکانی تایوان ئەمڕۆیان کردە پشووی رەسمی و خوێندنگا و فەرمانگەکان داخران.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket