riklam

خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری

ی ن ک 08:30 PM - 2026-06-23
خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری PUKMEDIA

خەڵاتی رێزلێنان دەبەخشرێتە خاتوو شنۆ شاسواری

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە پەراوێزی نمایشكردنی فیلمی دیكۆمێنتاریی "دادە؛ داستانی پەنهانی ژنێكی خەباتگێڕ"، لەشاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج، خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە خاتوو شنۆ شاسواری، هاوسەری شەهیدی سەركردەو روناكبیری گەلەكەمان ئازاد هەورامی.

خەڵاتەكە لەلایەن سالار مەحمود، لێپرسراوی بۆردی ناوەندی دەرەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، بەخشرا بە خاتوو شنۆ شاسواری.

لە گێڕانەوەكانیدا سەبارەت بە چۆنێتی شەهیدبوونی كاك ئازاد هەورامی،  شنۆ شاسواری-ی هاوسەرو هاوسەنگەری دەڵێت:

(دواهەناسەی‌ بە قەندیل سپارد)

ئێوارەی‌ 1988/8/30، بڕیاردرا ئازادو هێزەكەی‌ بكشێنەوە بۆ شێخ ئایشێ‌، لەو كاتەدا گوێمان له ‌دەنگی‌ كۆپتەر بوو، ئازاد به ‌پێشمەرگەكانی‌ وت: «هەر كەسێ‌ كۆپتەرێك بخاتە خوارەوە كچێكی‌ هەورامی‌ بۆ دەخوازم»، پێشمەرگەكانی‌ خستبووە پێكەنین، لە شاخەكەدا تەنیا پەناگەیەكی‌ لێ بوو، جیهازە ڕاكاڵەكەی‌ لێ دانرابوو، دوو كۆپتەرمان لەسەر ئاسمانی‌ كونەكۆتر بینی،‌ بە خێرایی تێدەپەڕین، جارێكی‌ تر گەڕانەوەو‌ لەو كاتەدا لەگەڵ ئازاد پێكەوە وەستابووین.

20-30 سم لەنێوانماندا بوو، كۆپتەرەكان بە ڕاجیمە ئەو شوێنەی‌ ئێمەیان داگرتەوە، ئازاد لەناو تەپوتۆزدا ون بوو، پڕ بە گەرووم هاوارم كرد... ئازاد... ئازاد... گوێم لە دەنگێ‌ بوو، بە كزییەوە وتی‌: «ئازاد تەواو» هاوارم كرد ئازاد پێكرا.

كاك عومەرو كاك كۆسرەت و دكتۆر هێمن و دكتۆر جەلال و پێشمەرگەكان گەیشتنە لای‌، پێڵاوە ئەدیداسەكانی‌ دڕابوو، پەنجەكانی‌ پێكرابوون، دەستی‌ چەپی‌ وردو خاش بووبوو، وتی‌: «كاك عومەر ئیتر لەمەودوا ناتوانم گیتار بژەنم.»

من خۆشم بریندار بووم، خوێن لە پشتی گوێم دەهات، بەڵام لەبەر ئازاد قسەم‌ نەدەكرد، لەو كاتەدا ئازاد ڕووی‌ كردە كاك عومەرو كاك كۆسرەت وتی‌: «له ‌پێشمەرگایەتی دا كوڕی‌ خەڵك زۆر شەهید كراون، با ئیتر نۆرەی‌ ئێمەش بێت.»

دواتر بە سواری‌ وڵاخێك بەرەو قەندیل به ‌ڕێیانكردین، له ‌كاتی‌ سەركەوتن دا، له ‌ڕێگا گابەردێك هاتە بەردەممان، یەكێك له ‌پێشمەرگەكان وتی‌: «هاوڕێ شنۆ با لەو ڕێگایەوە بڕۆین.» منیش وتم: «نا من لەگەڵ‌ ئازاد دەڕۆم، بە جێی‌ ناهێڵم.» لەوكاتەدا بزەیەك كەوتە سەر لێوە وشكهەڵاتووەكانی‌ ئازاد.
دنیا بەرەو تاریكی‌ ملینا، سەرما تینی‌ بۆ هێناین، جامانەكەی‌ ملم كردەوەو له ‌سەری‌ ئازادم پێچا، هەرچەندە زۆر سەرمام بوو، لە ڕێگا چەند جارێك ناوی‌ شەوبۆ و شیرین-ی‌ هێنا.
دەستە دەستە پێشمەرگەكانی‌ ئەو دەوروبەرە، هەر كه ‌هەواڵەكەیان زانی ‌بوو، خۆیان دەگەیاندە لامان. هەریەكەیان بە جۆرێك دڵتەنگی‌ خۆی‌ دەردەبڕی‌.

لەسەر (گویت سوێ‌) پشوویەكمان دا، نانیان خوارد، من نانم بۆ نەخورا، ئازاد وتی‌: «شنۆ پاروویەك نان بخۆ، با وزەیەكت تیا بێت‌، بتوانیت‌ ڕێ‌ بكەیت.» دواتر بەڕێكەوتین، دەبووایە به ‌لاپاڵی‌ چیاكەوە داگەڕێین، بۆ ناو دۆڵەكە، له ‌بەرزاییەكەدا دكتۆر هێمن وتی‌: «هاوڕێ‌ شنۆ مەترسە، تەنیا ئێسكی‌ گرتووه.‌» لە ڕێگا وتم: «دكتۆر هێمن شوێنەكەی‌ ئازاد خراپ نییە؟» لەوكاتەدا وتم ئازاد.. ئازاد، وەڵام نەبوو، وتم دكتۆر هێمن بۆ ئازاد وەڵام ناداتەوە، ئەویش بانگی‌ كرد وتی‌ كاك ئازاد، وەڵام نەبوو، بە تووڕییەوە به ‌پێشمەرگەكانی‌ وت: «دایگرن!»، هێستریاكە جارێكی ‌تر گرتمیەوە، لەبەرخۆمەوە دەموت چییە؟ چییە؟ دەمزانی‌ ئازاد دواهەناسەی‌ سپاردووە، بەڵام نەمدەتوانی‌ بڕوا بكەم، پڕ بەو چیاو دۆڵە هاوارم كرد ئازاد... ئازاد. كاتێك بە هۆش خۆم هاتمەوه.‌ لە سەقز بووم. تەرمەكەی‌ شەهید ئازادیان لەسەر ڕاسپاردەی‌ خۆی‌ گواستەوە بۆ (سەكران) لەوێ‌ بە خاكیان سپارد.    

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket