riklam

سەرۆككۆمار: ئەم قۆناغە پێویستی بەهەوڵی لایەنەكان و پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزارە

عیراق 03:14 PM - 2026-04-26
نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق راگەیاندنی نزار سەرۆك كۆماری عیراق

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق

سەرۆککۆمار

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، پێشوازی لەوەفدێكی سابئەی مەنداییەكان، سەرۆكی سەندیكای پارێزەران، سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و سەرۆكی فراكسیۆنی ئیشراقەی كانوون كردو باسیان لەپێشهاتی گشتیی وڵات كرد، هاوكات سەرۆك كۆمار جەختی لەگرنگی چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراق كردەوەو رایگەیاند: ئەم قۆناغە پێویستی بەهەوڵی هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و پێكهێنانی حكومەتێكە كەتوانای بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی بارودۆخ و بژێوی هاووڵاتییانی هەبێت.


سەرۆك كۆمار پێشوازی لەسەرۆكی سەندیكای پارێزەران دەكات

نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی نیسان 2026 لەكۆشكی بەغداد، پێشوازی لە خاتوو ئەحلام ئەللامی سەرۆكی سەندیكای پارێزەران و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزەران كرد و وەفدەكە پیرۆزبایی خۆیان پێشكەشی بەڕێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بەسەرۆك كۆمار و هیوای سەركەوتنی بەردەوامیان بۆ خواست لە ئەركەكانیدا.

لەمیانی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار، جەختی لەگرنگی بەهێزكردنی رۆڵی سەندیكای پارێزەران كردەوە لەهاوسەنگی لەگەڵ چاكسازییە یاساییەكان و دڵنیابوون لەبەشداری كاریگەرانەی لەپەرەپێدانی سیستمی دادوەریدا. هاوكات ئاماژەی بەوەشكرد كەسەندیكای پارێزەران هاوبەشێكی سەرەكییە لەداڕشتنی پێشنیاری یاسایی و پێشكەشكردنی زانیاری لەبارەی رەشنووسی یاساكان.

هەروەها داوای لەئەندامانی سەندیكای پارێزەران كرد بەگیانی بەرپرسیارێتی نیشتمانیەوە بەردەوام بن لەكاركردن و هەوڵەكانیان چڕتر بكەنەوە بۆ پشتیوانیكردن لەپرۆسەی چاكسازی دادوەری و یاسادانان.

روونیشیكردەوە: قۆناغی ئێستا پێویستی بەهەوڵی هاوبەشی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانە بەتایبەت ستافی یاسایی بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و دڵنیایی لە جێبەجێكردنی كاریگەرانە.


سەرۆك كۆمار پێشوازی لە وەفدێكی سابئەی مەنداییەكان دەكات

هەرئەمڕۆ نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد، پێشوازی لەشێخ سەتار جەبار حلو، سەرۆكی تایەفەی سابئەی مەنداییەكان لەعیراق و جیهان و وەفدی یاوەری كرد، وەفدەكە پیرۆزباییان پێشكەش بەبەڕێزیان كرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی بە سەرۆك كۆمار، هیوای سەركەوتنیان بۆ خواست لەبەجێگەیاندنی ئەركەكانی بەشێوەیەك كەخزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵات بكات و یەكڕیزی گەلەكەی پتەوتر بكات.

لەمیانی دیدارەكەدا باسیان لەبارودۆخی گشتی وڵات كرد، سەرۆك كۆمار جەختی لەگرنگی چەسپاندنی بنەماكانی پێكەوە ژیانی ئاشتیانە لەنێوان پێكهاتەكانی گەلی عیراق و كاركردن بۆ پاراستنی فرەچەشنی ئایینی و كلتووری لەپێناو پەرەپێدانی سەقامگیری و پاراستنی موزائیكی كۆمەڵایەتی كردەوە.

لەلای خۆیەوە بەڕێز شێخ سەتار، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خەمخۆری سەرۆك كۆمار و گرنگیدانی بەبارودۆخی پێكهاته جۆراوجۆرەكانی عیراق دەربڕی و پاڵپشتی پێكهاتەكەی دووپات كردەوه بۆ ئەو هەوڵانەی كەبەئامانجی بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری وڵات و چەسپاندنی بەهاكانی هاووڵاتیبوون لەكۆمەڵگەدا دەدرێن.


سەرۆك كۆمار پێشوازی لە سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم دەكات

هاوكات نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد،  پێشوازی لە موسەنا سامەڕائی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم و وەفدی هاوڕێی كرد، كە پیرۆزباییان پێشكەش بە سەرۆك كۆمار كرد بە بۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار، هاوكات بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پیرۆزبایی و سەردانیان دەربڕی.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە گرنگی یەكخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان و هاوكاریی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكان، لە پێش هەموویاندا كاندیدكردنی سەرۆك وەزیران لە ماوەی دیاریكراوی دەستووردا، هەروەها كاركردن بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانی كاریگەر كە كاری لە پێشینەی باشتركردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان و بارودۆخی ژیانی هاووڵاتیان بێت.

لە دیدارەكە ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان ئامادەبوون.


سەرۆك كۆمار پێشوازی لە سەرۆكی فراكسیۆنی ئیشراقەی كانوون دەكات

هاوكات نزار ئامێدی، سەرۆك كۆماری عیراق، لە كۆشكی بەغداد،  پێشوازی لەسەرۆكی فراكسیۆنی ئیشراقەی كانوون حەیدەر متێری و وەفدی یاوەری كرد. 

وەفدەكە بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك سەرۆك كۆمار، سەردانی بەڕێزیانیان كردبوو.

سەرۆك كۆمار سوپاسگوزاری خۆی بۆ ئەو هەستە دڵسۆزانەیە دەربڕی و جەختی لەسەر پێویستی بەهێزكردنی هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەكان كردەوە بۆ یەكلاكردنەوەی شایستە دەستوورییەكان، بەتایبەتی دەستنیشانكردنی كاندیدێك بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران؛ بە جۆرێك كە زەمینە خۆش بكات بۆ پێكهێنانی حكومەتێك كە توانای بەرزكردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی بارودۆخی بژێوی هاووڵاتییانی هەبێت.

لە دیدارەكە ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ئامادەبوون.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket