riklam

راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان: دەسەڵاتدارانی سوریا تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە

جیهان 06:45 PM - 2026-03-27
پاشماوەی جەنگ لە سوەیدا AL-Monitor

پاشماوەی جەنگ لە سوەیدا

ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەسەڵاتی کاتیی سوریا لە پاراستنی مەدەنییەکاندا شکستیان هێناوە،هاوكات  لە هاندانی تائیفیدا رۆڵیان بینیوە و لەرێگەی پلاتفۆڕمەکانەوە، ئاگری شەڕیان خۆشکردووە.


تاوانی جەنگ لە سوەیدا ئەنجامدراوە


لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆی نەتەوەیەکگرتووەکان تایبەت بە سوریا گەیشتە ئەو ئەنجامەی، کە ڕووداوەکانی توندوتیژی لە پارێزگای سوەیدا لە تەممووزی 2025، دەگاتە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی؛ ئەمەش لە سۆنگەی هەبوونی شێوازێکی (بەرفراوان و سیستماتیک) لە پێشێلکارییەکان، کە بە پلەی یەکەم هاووڵاتییانی مەدەنی کردووەتە ئامانج، بەتایبەت لە پێکهاتەی درووز.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی کردووەتەوە، کە زیاتر لە هەزار و 372  کەس کوژراون، ئەمەش یەکێکە لە توندترین شەپۆلەکانی توندوتیژی لە سووریا لە ساڵانی دواییدا.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزە حکوومییەکانی سوریا و گروپەلایەنگرەکانیان ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە هێرشەکاندا، لەوانەش کردەوەکانی کوشتنی دەرەوەی یاسا، ئەشکەنجەدان، توندوتیژیی سێکسی، تاڵانکردن و تێکدانی بەرفراوانی موڵک و ماڵ.

دروزەکانیش پێشێلکارییان ئەنجامداوە

لە بەرامبەردا، ڕاپۆرتەکە لە 17ی تەممووزدا ئاڵۆزییەکی نوێی دۆکیومێنت کردووە، دوای کشانەوەی هێزە حکوومییە کاتییەکان، کاتێک گروپە چەکدارە درووزەکان هێرشیان کردە سەر هاووڵاتییانی مەدەنیی بەدەوی (کۆچەرییەکان) و پێشێلکاریی گەورەیان ئەنجامدا، لەوانەش کوشتن، ئەشکەنجە، دەستبەسەرکردنی هەڕەمەکی، کۆچی زۆرەملێ و تاڵانکردن؛ ئەمەش بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لەوانەش چەکدارەکان و ئاوارەبوونی نزیکەی تەواوەتیی کۆمەڵگەی بەدەوی لە هەندێک ناوچە، لە چوارچێوەی کارە تۆڵەسەندنەوەییە دوولایەنەکاندا، کە بووەهۆی پەرەسەندنی ململانێی تائیفی.

لێکۆڵینەوەکە دەریخستووە، کە توندوتیژییەکە لە سێ قۆناغدا ڕوویداوە: بە هێرشی سەرەتایی دەستی پێکردووە، پاشان کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە و دواتر فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەکان.

شوێنە ئایینییەکان وێران کران

ڕاپۆرتەکە وێرانکردنی شوێنە ئایینییەکان و کردەوەکانی سووکایەتی و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوانی دۆکیومێنت کردووە، جگە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی، کە وەک ئامرازێکی ترساندن بەکارهێنراون، لەگەڵ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی دەیان کەس، کە هەندێکیان تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

لیژنەکە جەختی کردووەتەوە، کە دەسەڵاتە کاتییەکانی سوریا (شکستیان هێناوە لە پاراستنی مەدەنییەکان) و لە هەندێک حاڵەتدا بە (لایەنێک) لە پێشێلکارییەکان هەژماری کردوون.
هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هاندانی تائیفی کردووە، لەوانەش لە ڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە، لە خۆشکردنی ئاگری توندوتیژییەکەدا.

داوای لێپێچینەوە لە بەرپرسان دەکرێت

لیژنەکە داوای لێپرسینەوەی لە بەرپرسان کردووە لەبەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، هۆشداریشی داوە، کە بەردەوامیی دەربازبوون لە سزا (بێ سزادان) هەڕەشەی دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە دەکات و مەترسییەکانی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket