riklam

پردسازی مام جەلال

بیروڕا 08:08 PM - 2026-01-06
ئەرسەلان مەحمود PUKMEDIA

ئەرسەلان مەحمود

لەم قۆناغە مێژووییەی ناوچەکە بە خاڵی گۆڕانکارییەکی قووڵی سیاسیدا تێدەپەڕێت، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عیراق بووەتە پرسێکی فراتر لە چوارچێوەی ناوخۆیی کوردی. ئەم هەڵبژاردنە لە بنەڕەتدا پرسێکی نیشتمانی و ستراتیژیکە و کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و پێگەی عیراق لە هاوسەنگییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاندا.

ئەو کەسایەتییەی شایستەی ئەم پۆستە سەرنوشتسازەیە، بەبێ چەند پێوەرێک نە گونجاو دەبێت: ئەزموونی کاری ڕاستەقینە لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکانی عیراق، تێگەیشتنی قووڵ لە ئەرکەکانی کۆریدۆرەکانی بڕیاردان لە بەغدا. سەرەڕای ئەمانە، توانای پتەوکردنی ئەو پردە پتەوەی سەرۆک مام جەلال بە ئەمانەت و وریاییەوە دروستیکرد - ئەو پردەی عیراقی دواخەلافەتی لەسەر پێیەکانی ڕاگرتووە. لەم ڕووەوە، ناوی نزار ئامێدی وەک کاندیدێکی شایستە و بەرپرس، لە ئاسۆی سیاسیدا دەردەکەوێت.

نزار ئامێدی، کوڕی ئامێدی لە دهۆک، خاوەن کارنامەیەکی درێژخایەن و پڕناوەڕۆکە لە خزمەتکردنی عیراق و کوردستان. ئامێدی لە ساڵانی 2005وە  هەتا 2022، وەک راوێژکاری سەرۆکانی کۆماری عیراق - سەرۆک مام جەلال، د. فوئاد مەعسوم، و د. بەرهەم ساڵح - ڕۆڵی گرنگی گێڕاوە و پردی پەیوەندییە گشتییە هەرێمی و نێودەوڵەتی و دیبلۆماسییەکان و نێوان هەرێم و بەغدا بووە. ئەم هەژدە ساڵە حزوور و خزمەتەی لە ناوەندی بڕیاردان، سەرمایەیەکی نادرە و کەم کەسایەتییەک تێیدا ژیاوە و هەیەتی.

ئامێدی لە ماوەی خزمەتکردنی وەک وەزیری ژینگەی عیراق (2022-2024)، توانا و لێهاتوویی خۆی پیشاندا لە بەڕێوەبردنی تۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کاری هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی جیهان لە بوارەکانی گۆڕانی ئاووهەوا و گەشەپێدانی پایەداردا. ئەم ئەزموونە لە واقعدا ئەو بنەمایەیە سەرۆک کۆماری عیراقی لە سەردەمی نوێدا پێویستی پێیەتی: تێگەیشتنی بوارەکانی نوێی سیاسەتی نێودەوڵەتی و توانای نوێنەرایەتیکردنی عیراق بە ڕەوشتێکی پیشەیی و شیاو.

ئەوەی ئەم کاندیدە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە: بە هۆی کارەکەی ساڵانی درێژ لە نێوان هەرێم و بەغدادا کاری کردووە و ڕۆڵی پڕاکتیکی گێڕاوە، لە کاتێکدا ئەو پەیوەندییانە ڕووبەڕووی  قەیرانەوە بووەتەوە. عیراقی ڕووەو ئاسۆیەکی نوێ و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا پێویستیان بە هاوکاری و ئەمانەت و متمانە هەیە، ئەو کەسایەتییەی ئەم کارنامەیەی هەیە، بەدڵنیایییەوە باشترین هەڵبژاردەیە.

پێویستە ئاماژە بەوەش بکەم، یەکگرتوویی کوردی لەم قۆناغەدا گرنگترین پێویستییە. ئێمە وەک کورد، سەرەڕای جیاوازییەکان، دەبێت لەگەڵ یەکتردا کار بکەین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی خوێن و قوربانیان بۆ دراوە. گرنگە هەموو لایەنە کوردییەکان، بەدوور لە بەرژەوەندییە تەسکەکان، لەم بۆچوونەدا هاوڕا بن: سەرکەوتنی کاندیدێکی کوردی شایستە و بەتوانا، سەرکەوتنی هەموو کوردە و هەموو عیراقە، نەک سەرکەوتنی حزبێکی دیاریکراو.

بژاردەکردنی نزار ئامێدی پێماندەڵێت ئەو کەسایەتییە لەم قۆناغە پڕ ئاڵوگۆڕەدا دەتوانێ نوێنەرایەتی هەموو عیراقییەکان بکات بە سەربەرزی و شیاوییەوە، لە هەمان کاتدا پاسەوانێکی ڕاستەقینە دەبێ بۆ مافە دەستووری و یاساییەکانی گەلی کوردستان.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket