riklam

لە هەولێر زۆرترین رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە تۆماركراوە

کوردستان 12:22 PM - 2024-11-18
نەخۆشخانەی نانەكەلی PUKMEDIA

نەخۆشخانەی نانەكەلی

بە گوێرەی ئامارێكی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، كە لە چەند رۆژی رابردوودا بڵاوكراوەتەوە، لە ساڵی 2023 لە عیراق و هەرێمی كوردستان 43 هەزار و 62 توشبووی شێرپەنجە تۆماركراون، لە كاتێكدا لە ساڵی 2022 ئەو رێژەیە 39 هەزار و 68 كەس بووە، هەر بەگوێرەی ئەو ئامارانە، زۆرترین توشبوو بە نەخۆشی شێرپەنجە لەسەر ئاستی عیراق لە پارێزگای هەولێر بووە، ئەوەش بە تۆماركردنی دوو هەزار و 456 كەس لە ساڵی 2022 و ئەو رێژەیەش لە ساڵی 2023 بۆ سێ هەزار و 30 كەس بەرزبۆتەوە.

هەر بە گوێرەی ئەو ئامارەی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق بڵاویكردووەتەوە، كەمترین رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە پارێزگای كەركوك تۆماركراوە، هەروەها ئاماژە بەوەشكراوە زۆرترین رێژەی گیانلە دەستدان بە نەخۆشی شێرپەنجە لە پارێزگای بەغدا تۆماركراوە، دوای ئەویش بەسرەو نەینەوا دێت، باوترین جۆری نەخۆشییەكە شێرپەنجەی سینگە دوای ئەویش شێرپەنجەكانی قۆڵۆن و بۆری هەناسە دێت.



وەرزش نەكردن، كێشانی جگەرەو نێرگەلە هۆكاری زیادبوونی شێرپەنجەن

رێوان حسێن پسپۆڕی نەخۆشی شێرپەنجە لە بارەی زیادبوونی رێژەی نەخۆشییەكە رایگەیاند: "راستە ئێستا رێژەی توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیادیكردووە، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە بەهۆی هۆشیاریی بەشێك لە هاووڵاتیان زووتر پشكنین بۆ خۆیان دەكەن و دەردەكەوێت كە كەسەكە توشبووە، بەمەش رێژەی توشبوون زیاتر تۆمار دەكرێت". 

" هۆكارێكی تری زۆربوونی شێرپەنجە بۆ پیسبوونی ژینگە دەگەڕێتەوە، بە تایبەتی بوونی پاڵاوگەی نایاسایی لە شاری هەولێر، هەروەها جۆری ئەو خۆراكانەی خەڵك دەیخوات، بەشێكیان هۆكاری ئەو نەخۆشییەن، ئەمە جگە لەوەی سەختی ژیان و زۆریی فشارەكان لەسەر مرۆڤ هۆكارگەلێكی ترن بۆئەوەی شێرپەنجە زیاتربێت" رێوان حسێن وایوت.

ئەو پسپۆڕەی نەخۆشی شێرپەنجە دەشڵێت: "وەرزش نەكردن، كێشانی جگەرە و نێرگەلە لەگەڵ بۆماوەیی چەند هۆكارێكی ترن رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە زیاتربێت، هەرچەندە هۆشیاریی زۆر بڵاودەكرێتەوە، بەڵام هێشتا خەڵكێك هەیە بڕوای بەو رێنماییانە نییە و پابەندیان نابن".



د.گەیلان قادر بۆ   كوردستانی نوێ : وەك لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێریی بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم

 

 

بەدواداچوون دەكرێت

 

 

زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە لە عیراق بە تایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر جێگای هەڵوەستە لەسەركردنە و پێویستە هەردوو وەزارەتی تەندروستی هەرێم و فیدراڵ بەدواداچوونی بۆ بكەن و بزانن هۆكارەكەی چییە، بۆئەوەی بتوانن ئاستێك بۆ ئەو مەترسییە دابنێن.

د.گەیلان قادر پزیشكی پسپۆڕ و ئەندامی لیژنەی تەندروستیی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند: "بەدڵنیاییەوە ئێمە وەك لیژنەی تەندروستی ئەنجومەنی نوێنەران، چاودێری بارودۆخەكە دەكەین و كاردەكەین بۆ دەستنیشانكردنی لایەنی كەمتەرخەم، لەبەرئەوەی پێمانوایە چارەسەرنەكردنی هۆكارەكانی زیابوونی نەخۆشی شێرپەنجە وادەكات لە ساڵانی داهاتوودا رێژەی زیاتر تۆماربكرێت".

 

"هەندێك هۆكار دەستكردی مرۆڤ خۆیەتی و دەتوانرێ چارەسەر بكرێت، لەوانە پاك راگرتنی ژینگە و نەهێشتنی ئامێرە زیانبەخشەكانی وەك مولیدە،  پاڵاوگەكان و جۆری خراپی ئۆتۆمبێل، هەروەها زیادكردنی رێژەی سەوزایی و باشتركردنی جۆری خۆراك، ئەمانە چەند هەنگاوێكن دەبنە هۆی كەمكردنەوەی نەخۆشییەكە" د.گەیلان قادر وادەڵێت.



پاڵاوگە نایاساییەكان تەواوی ژینگەی شارەكەیان پیسكردووە

 

 


بۆ زانینی راستیی و دروستی ئەو ئامارەی لەبارەی شێرپەنجەوە بڵاوكراوەتەوە كوردستانی نوێ پەیوەندی كرد بە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر، بەڵام رەتیانكردەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدەن.

 

دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەكانی شێرپەنجە لەئەنجومەنی شێرپەنجەی عیراق، راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر رایگەیاند: "لە 49 %ی نەخۆشانی شێرپەنجە خەڵكی ئاوارە و پەناهەندەی دەرەوەی هەرێمە، لەگەڵ خەڵكی ناوەڕاست و خوارووی عیراق كە بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە روو لە شاری هەولێر دەكەن، بەمەش ژمارەی دروستی توشبووان لەشاری هەولێر زۆر كەمترە لە رێژەی راگەیەنراو".

هاوكات نافیز مستەفا ئەندامی لیژنەی نەوت ‌و گاز لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "پێشتر چەندینجار هۆشداریمان دابوو لەوەی پارێزگاری لە ژینگەی هەولێر بكرێت ئەگەرنا زیانی گەورەی دەبێت، بە تایبەت بوونی پاڵاوگە نایاساییەكان، كە هیچ ستانداردێكی ژینگەییان تێدا نییە و بەبێ مۆڵەت كاردەكەن، ئەو دوكەڵ و پاشەڕۆیانەی لە ئەنجامی كاركردنی پاڵاوگە نایاساییەكان دروست دەبێت تێكەڵ بە ئاوهەوا دەبنەوە، بەهۆیەوە دەبنە كارەسات و دوژمن بۆ خەڵك و ژینگە".

"بەهۆی كاركردنی ئەو پاڵاوگانەوە تەمێكی تاریك ئاسمانی شاری هەولێری داپۆشیوە، لەوە دەرچووە تەنیا بە بینین بێت، بەڵكو بەشێوەی بۆنی ناخۆشیش بڵاوبۆتەوە،  كە ئاماژەیە بۆ پیسبوونی تەواوی ژینگەی شارەكە".

PUKMEDIA ئامادەكردنی/ تەها عەبدوڵڵا 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket