مۆنیومێنتی "پارێزەرانی حەقیقەت" ناو و پەیامی ئازادی زیندوو دەهێڵێتەوە
کوردستان 05:46 PM - 2024-09-15
PUKMEDIA
مۆنیومێنتی شەهیدانی حەقیقەت
"پارێزەرانی حەقیقەت" لە سلێمانیییەوە چیرۆكی شەهید بوونی 551 رۆژنامەنوس دەگێڕێتەوە كە لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستان گیانیان بەخشیوە لەپێناوی گەیاندی راستی و زانیاریی، ناو و قوربانییەكەیان لەپاركی ئازادی لەمۆنیومێنتیكدا هەڵكۆڵدراوەو بۆ هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
باوك و برا رۆژنامەنوسەكەم لەژێرخاكدان، بەڵام لەسلێمانی زیندوون
ئیسماعیل تاهیرو عەممار ئیسماعیل تاهیر ئەللامی ناویان لەڕیزبەندی ساڵی 2004 دایە كە لە مۆنیومێنتەكەدا هەڵكۆڵدراوەو لەو ساڵەدا 68 رۆژنامەنوس لەبەغدا بوونەتە قوربانی، كە ئیسماعیل و عەممار باوك و كوڕن.
یاسر ئیسماعیل سەرۆكی دەزگای نیل بۆ راهێنانی راگەیاندن كە یەكێكە لەبنەماڵەی شەهیدان، بەپەرۆشەوە قسەی بۆ PUKMEDIA كردو هێمای بەوەدا باوك و براكەی بەجەستە لەگۆڕدان لە بەغدا، بەڵام لەمۆنیومێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لەسلێمانی گیان و ناویان زیندووە و دەڵێت: "كاتێك ئیسماعیل تاهیری باوكم و عەممار ئیسماعیلی برام وەك دوو رۆژنامەنوسی شەهید لەسەر ئەم مۆنيومێنتە بینی، هەستم بە شانازی كردو كاك قوباد تاڵەبانی شتێكی گەورەی پێبەخشین وەك رێزلێنان لەڕۆحی ئەو رۆژنامەنوسە شەهیدانەی كە خۆیان تەرخان كرد بۆ گەیاندنی راستی".
سلێمانی شارێكە كە بەئازادی رادەربڕین دەناسرێتەوە
"مۆنيومێنتەكە جیاوازە لە هەموو شتەكانی تر بەزیندووی قوربانییەكان بۆ مێژوو دەهێڵییێتەوە نەك تەنیا لەچوارچێوەی كۆنفڕانس و شوێنە داخراوەكان و یاد تەقلیدییەكاندا بمێنێتەوە، ئەم مۆنیومێنتە بە بەرزی دەمێنێتەوەو شەرمەزاردەبم هەر كاتێك سەردانی سلێمانی بكەم و سەردانی ئەم مۆنیومێنتە نەكەم، سلێمانی سەلماندی شارێكە كە بەئازادی رادەربڕین دەناسرێتەوە". یاسر ئیسماعیل وادەڵێت.
18 مانگ كار بۆ كۆكردنەوەی ناوی رۆژنامەنوسە شەهیدەكان كراوە
لە تەنیشت مۆنیومێنتەكەوە، سەكۆی ئازادی لەهەمان پارك هەیە، كە رەوانشاد سەرۆك مام جەلال بڕیاری دروستكردنی دا تاوەكو بەوپەڕی ئازادییەوە رەخنە لەكۆی كایەكان بگیرێت بە خودی مام جەلال-یشەوە، مۆنیومێنتەكەش بیرۆكەی قوباد تاڵەبانییە كە كۆڕی ئەم سەرۆكە مەزنەیە، هاوكات پڕۆژەكە گەڕان و ماندووبوونی زۆری پێویستبووەو تیمێكی تایبەتی زیاتر لە 18 مانگ سەرقاڵی بوون و پێویستیان بە زانیاری لە 19 پارێزگاوە هەبووە.
قوباد تاڵەبانی خاوەنی بیرۆكەكەیە
دانا ئەسعەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی مۆنیومێنتەكە بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی وت: "قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران خاوەنی بیرۆكەكەیەو نزیكەی 18 مانگ كاری تێدا كراوەو بەدواداچوونی ورد كراوە بۆ كۆكردنەوەی ناو لە سەرجەم پارێزگاكانی عیراق و هەرێم".
مۆنیومێنتەكە ناوی رۆژنامەنوسە شەهیدەكان بەزیندوویی دەهێڵێتەوە
"ئەم مۆنیومێنتە یادی ئەو رۆژنامەنوسانە دەكاتەوە كە لە ساڵی 2003 بە دواوە لەعیراق و هەرێمی كوردستان شەهید بوون. رێزگرتنە لە ئازایەتی و پابەندبوونیان بە گەیاندنی راستییەكان و هەوڵێكە بۆ پاراستنی میراتەكەیان و زیندووهێشتنەوەی ناوەكانیان بۆ هەتاهەتایە" دانا ئەسعەد وایوت.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رۆژنامەوانی PUKMEDIA، لە كۆی ئەو 551 رۆژنامەنوسە كە لەعیراق و هەرێم شەهید بوون، تەنها 20 رۆژنامەنوسیان لە هەرێم بوونەتە قوربانی و 531 شەهیدەكەی تر لە عیراقن.
دانا ئەسعەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە ئەوەشی راگەیاند: "ناوی شەهیدەكان هەر لەدهۆكەوە تاوەكو بەسرە كۆكراونەتەوەو پۆڵێنكردنی شەهیدەكانیش لەسەر بنەمای ئەو شوێنەیە كە تێدا شەهیدبوون لەكاتی كاركردندا نەك لەسەر بنەمای ناسنامە".
23 شەهیدیان رۆژنامەنوسی بیانین
"لە ناو قوربانیانی گەیاندنی راستی و ئازادی و پیشەيی رۆژنامەنوسیدا 551 كەس شەهید بوون، بۆیە جیاوازی نەكراوەو تەنیا پیشەو ئامانج پێوەر بووە، لەناو ئەو شەهیدانەشدا 23 كەسیان رۆژنامەنوسی بیانین، هۆكارێكی سەرەكی زۆری ئەو ژمارە شەهیدەی لەكاتی روماڵدا گیانیان بەخشیوە، ئەوەیە كە زۆرێكیان پەیامنێری تایبەتی جەنگ نەبوون". دانا ئەسعەد وادەڵێت.
ساڵی 2006 زۆرترین رۆژنامەنوس شەهید بوون
هەر بەگوێرەی بەدواداچوونی PUKMEDIA كە لەسەر ژمارە شەهیدەكان بەپێی ساڵ و پاێزگاكان كردوویەتی، لە هەر 19 پارێزگاكەی عیراق و هەرێم رۆژنامەنوس شەهید بوون، كە زۆرترینیان لە ساڵی 2006 دایە كە 114 رۆژنامەنوس شەهید بوون و تەنها لە ساڵانی 2021-2022 هیچ رۆژنامەنوسێك شەهید نەبووە.
بەغدا لەشەهیدبوونی رۆژنامەنوساندا پێشەنگی عیراقی گرتووە
هەرچی پەیوەستە بە رۆژنامەنوسانی شەهید لەسەر ئاستی 19 پارێزگاكە زۆرترین رۆژنامەنوسی شەهید لە بەغدابووە كە 286 رۆژنامەنوسی شەهید بوون و كەمترینیشیان لە هەڵەبجە و میسان و دیوانییە، كە بۆ هەر پارێزگایەك 1 رۆژنامەنوس شەهید بوون.
سەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق: مۆنۆمێنتەكە بایەخی ئەخلاقی بەرزی هەیە
سەنا نەقاش سەرۆكی بەشی شەهیدو برینداران لەسەندیكای رۆژنامەنوسانی عیراق بە PUKMEDIA دەڵێت: "مۆنيومێنتەكە بایەخێكی ئەخلاقی بەرزی هەیەو یادەوەری ئەو رۆژنامەنوسانەیە كە گیانی خۆیان لەپێناو گەیاندنی راستییەكان و پاراستنی ئازادیدا بەختكردووەو شایانی رێزن".
سەنا نەقاش: مۆنیومێنتی "پارێزەرانی حەقیقەت" بیرۆكەیەكی ناوازەی قوباد تاڵەبانییە
"ئەم مۆنۆمێنتە دەستپێشخەریی و بیرۆكەیەكی ناوازەی قوباد تاڵەبانییەو شێوازێكی مۆدێرن و گوزارشتكاری پڕمانایە بۆ ئازادی و رێزلێنان لەقوربانییەكان، هەروەها هەڵبژاردنی سلێمانیش بۆ پڕۆژەكە گونجاوترینە، چونكە سلێمانی، شاری ئازادیی و رەخنەگرتنە، كەمترین هەراسان و دەستگیركردنی رۆژنامەنوسان هەیەو هەموو تەوژم و بیروبۆچوونە جیاوازەكان لەخۆ دەگرێت، هەروەها بە شاری ئازادی رادەربڕین ناسراوەو بیروڕای جیاوازی تێدایەو دەنگێكی هەیە كە هەمیشە راستیبێژە " سەنا نەقاش وایوت.
لە 20ساڵی رابردوودا لە هەرێم 20 رۆژنامەنوس شەهید بوون
ژمارەی شەهیدەكان لە 20ساڵی رابردوو دا تا ساڵی 2024، لە هەرێمی كوردستان 20 رۆژنامەنوسە كە لەو ژمارەیە 12 رۆژنامەنوسیان لەهەولێر شەهید بوون و كەمترینیشیان لەپارێزگای هەڵەبجەیە كە 1 رۆژنامەنوس شەهید بووە، 5 رۆژنامەنوسیشیان لەپارێزگای سلێمانین كە نوێترینیان ئەو دوو كچە رۆژنامەنوسەبوون كە لە هێرشی درۆنی توركیا لەنزیكی عەربەت كرانە ئامانج، هەروەها لە دهۆكیش 2 رۆژنامەنوس شەهید بوون.
بنەماڵەی شەهید ویداد حسێن: خۆشحاڵین بە مۆنیومێنتێكی پارێزەرانی حەقیقەت
ئازاد حسێن برای شەهیدی رۆژنامەنوس ویداد حسێن بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "دانانی مۆنیومێنتی پارێزەرانی حەقیقەت شەرەفێكی گەرەیە بۆ شاری سلێمانی، كە مۆنیومێنتی شەهیدانی رۆژنامەنوسی سەرجەم هەرێم و عیراقە لەوپارێزگایە بێت و جێی دەستخۆشییە بۆ ئەوكەسانەی ئەم بیرۆكە جوانەیان بەئەنجام گەیاندووە".
"وەك بنەماڵەی شەهیدێكی رۆژنامەنوس خۆشحاڵین بەبوونی مۆنیومێنتێكی لەوشێوەیە، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە كەسلێمانی لەگەڵ ئەوەی كەشاری رۆشنبیرییە شاری بیروبۆچوونە ئازادو را ئازادەكانیشە"، ئازاد حسێن برای شەهیدی رۆژنامەنوس ویداد حسێن وایوت.
هەرچی پارێزگای كەركوكە كە یەكێكە لە شارە ناكۆكی لەسەرەكان بەپێی ماددەی 140ی دەستوور لەنێوان هەرێم و عیراقدا، لەوێش 23 رۆژنامەنوس شەهید بوون.
لەسەر مۆنیومێنتەكە باركۆدێك هەیە، تاوەكو لەڕێیەوە بتوانرێت زانیاریی و داتاو وردەكاریی بەو كەسانە بدات كە سەردان دەكەن، بۆ ئەوەش وێبسایتێكی تایبەت بەناوی شەهیدانی حەقیقەت دروستكراوە.
بەدیجیتاڵكردنی زانیارییەكانی قوربانییەكان هۆكاری زیندوێتی پڕۆژەكەیە
بڕوا عوسمان یەكێكە لەئەندامانی تیمی مۆنیومێنتەكەو سەرپەرشتیاری وێبسایتەكەیە بە PUKMEDIA ی وت: "وێبسایتەكەو بەدیجیتاڵكردنی زانیارییەكانی قوربانییەكان هۆكارێكی گرنگ و سەردەمیانەیە بۆ زیندوێتی پڕۆژەكە، چونكە ناو و زانیاریی وردو كەسی و ئاماری تیدایەو بەردەوامیش لەكاركردندایە".
"85% زانیاریی ورد لەسەر شەهیدەكان هەیەو ماوەتەوە كە ئەو زانیارییانە تەواو بكرێن كە شەهیدەكان لە چ ئاژانس و كەناڵێك كاریان كردووە، هەروەها لەڕووی رەگەزیشەوە جیانەكراوەتەوە كاریش لەسەر ئەم لایەنە دەكرێت و پاشان بڕیارە بەرهەمی قوربانییەكانیش بڵاو بكرێتەوە".
قوباد تاڵەبانی: هیوادارین هیچ ناوێكیتر بۆ ئەم مۆنیومێنتە زیاد نەكرێت
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران لە 14ی سێپتەمبەری 2024 لەمەڕاسیمی پەردەلادانی پڕۆژەكە هیوایەكی خواست كە "هیچ ناوێكیتر بۆ ئەم مۆنیومێنتە زیاد نەكرێت" لەكاتێكدا دواهەمین ناو كە لە لیستی ئەمساڵدا تۆماركران هەردوو كچە رۆژنامەنوس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بوون كە لە سنووری سلێمانی بە درۆنی توركیا كرانە ئامانج و شەهید بوون.
رۆژنامەنوسانی شەهید بە نەمری دەمێننەوەو بكوژانیش شەرمەزارێكی ئەبەدین
قوباد تاڵەبانی لەو كاراكتەرە سیاسی و حوكمڕانیانەیە كە جگە لەوەی پشتیوانێكی سەرسەختی ئازادی و ئازادی رۆژنامەنوسییە، پشتیوانێكی باشی رۆژنامەنوسانە لەگرفت و لەمپەرەكاندا راستەوخۆ دێتەسەرهێڵ و لایەنگری رۆژنامەنوس و ئازادی دەكات بۆیە وتی: "رۆژنامەنوسانی شەهید بە نەمری دەمێننەوەو میراتی بكوژەكانیش ریسوایی و شەرمەزارییەكی ئەبەدییە".
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆ کۆچی دوایی کاوەی ئیزاعە
09:55 AM - 2025-11-07 -
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عیراق: بانگەشە کۆتایی دێت
03:58 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
01:31 PM - 2025-11-06
ئەمانەش ببینە
کارنامە و ستراتیجی لیستی ٢٢٢ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
09:47 AM - 2025-11-07
داهاتی هەفتەی رابردووی سلێمانی زیاتر لە 9 ملیار دینارە
08:50 AM - 2025-11-07
قوباد تاڵەبانی: سەرکەوتنی زۆر گەورە بەدەست دەهێنین
07:01 PM - 2025-11-06
سەعدی پیرە: لەژێر ناوی بێ مانا مووچەی خەڵکی هەرێم بڕدرا
06:35 PM - 2025-11-06
زۆرترین خوێنراو
-
بهپێی راپرسییهكان یهكێتی سهركهوتنی گهوره بهدهستدههێنێت
ڕیپۆرتاژ 02:51 PM - 2025-11-06 -
قوباد تاڵەبانى:خەڵک ئێستا زیاتر لەهەر کاتێکی دیکە ئومێدیان بە یەکێتییە
کوردستان 02:50 PM - 2025-11-06 -
ئەدهەم بارزانی: دەنگ بدەن بەو کاندیدانەی هێژا بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاری کردون
کوردستان 01:51 PM - 2025-11-06 -
سەرۆكی یەكێتی 500 ملیۆن دینار دەبەخشێتە یانەی نەورۆز
کوردستان 01:45 PM - 2025-11-06 -
مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال: تێکۆشەرانی یەکێتی سەرمایەیەکی گەورەن
کوردستان 01:31 PM - 2025-11-06 -
كارنامەی لیستی 222 ی یەكێتی بۆ سێکتەری کارگێڕی و ئابووری
ی ن ک 11:05 AM - 2025-11-06 -
حاکم قادر: ھەموان دەنگ بە لیستی 222ی یەکێتیی بدەن
کوردستان 11:05 AM - 2025-11-06 -
بێگەرد تاڵەبانی: یەكێتی خاوەنی ئەو دەستكەوتانەیە كەبانگەشەیان پێوەدەكرێت
کوردستان 10:57 AM - 2025-11-06







دابەزێنە

