riklam

حكومه‌ت جیاوازی گه‌وره‌ له‌ "داهات و خه‌رجی" پارێزگاکاندا ده‌كات

کوردستان 10:45 AM - 2022-11-27
 حكومه‌ت جیاوازی گه‌وره‌ له‌ "داهات و خٍه‌رجی" دا ده‌كات PUKMEDIA

حكومه‌ت جیاوازی گه‌وره‌ له‌ "داهات و خٍه‌رجی" دا ده‌كات

زۆرترین خاڵی سنووری نێوده‌وڵه‌تی ره‌سمی و ناڕه‌سمی له‌نێوان هه‌ولێر و دهۆكدان، هاوكات هه‌ولێر و دهۆك هاوسنووری سێ وڵاته‌ كه‌ توركیا و سوریا و ئێرانه‌و زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوه‌ده‌كرێن.به‌وته‌ی په‌رله‌مانتارێك:"ژمارەیەکی زۆر خاڵی سنووری ناره‌سیمی له‌ هه‌ولێر و دهۆك هه‌ن و داهاتیشیان نادیاره‌ و ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت".

سنووری جوگرافیای پارێزگای سلێمانی واهه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ ته‌نها له‌گه‌ڵ وڵاتی ئێران هاوسنووره‌و ئه‌ویش گه‌مارۆی ئابووری له‌سه‌ره‌و وه‌ك پێویست بارزگانی لێوه‌ناكرێت.

پێشتریش هه‌ڤاڵ بافڵ سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان وێرای ده‌ستنیشان كردنی كێشه‌ی داهات و بودجه‌ له‌ هه‌رێم، رێگه‌چاره‌شه‌ی پێشنیاز كردو له‌ نوێترین دیداری رۆژنامه‌نوسیدا رایگه‌یاند:" چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ ئه‌وه‌یه‌ داهاتی هه‌موو پارێزگاكان كۆبكرێته‌وه‌و به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌ش بكرێت".

حكومه‌ت سزای سلێمانی ده‌دات

 

نیاز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "حكومه‌ت به‌وه‌ سزای پارێزگای سلێمانی ده‌دات كه‌ به‌ داهاتی خۆی به‌شێك له‌ مووچه‌ دابین بكات" 

"ده‌بێت مووچه‌ له‌ بودجه‌ی سیادی بدرێت و نابێت له‌داهاتی پارێزگاكان بێت و ئه‌ركی حكومه‌ته‌ داهات و بودجه‌ رێكبخاته‌وه‌ و به‌یه‌كسانی دابه‌شی بكات" ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی وایوت.


داهاتی سلێمانی كاری خێرخوازی حكومه‌ت

نایه‌كسانی له‌خه‌رجكردنی داهات وپه‌راوێزخستنی سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌، وایكردوه‌و داهاتی سلێمانی بۆ شوێنی دیكه‌و كاری خێرخوازی خه‌رج بكرێت.

نیاز ئه‌حمه‌د ده‌ڵێت:" حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بودجه‌ی سلێمانی كاری خێرخوازی ده‌كات و پڕۆژه‌ بۆ شوێنی دیكه‌ جێبه‌جێ ده‌كات و به‌ده‌ستكه‌وتی حكومه‌ت باسی ده‌كات، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بودجه‌ی سلێمانی كورتهێنانی هه‌یه‌ و به‌شی پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستییه‌كانی خۆی ناكات".

ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌شڵێت: "له‌ئێستادا خاڵه‌ بازرگانییه‌كانی پارێزگای سلێمانی داهاتیان زۆر كه‌مبووه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ر بازرگان و كۆمپانیایه‌ك له‌ سلێمانییه‌وه‌ شتومه‌ك هاورده‌ بكات، هانیان ده‌ده‌ن له‌حاجی ئۆمه‌ران و ئیبراهیم خه‌لیل-ه‌وه‌ شتومه‌ك هاورده‌ بكه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا له‌به‌شێكی باجه‌كانیان خۆشده‌بێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ داهاتی خاڵه‌ گومركییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی به‌راورد به‌هه‌ولێر و دهۆك كه‌متر بێت".

خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك له‌سلێمانی زیاترن

له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌ند خاڵێكی سنووری ره‌سمی و چه‌ندین خاڵی سنووری ناڕه‌سمی هه‌یه‌ كه‌ زۆرترینیان له‌ پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكن، چونكه‌ ئه‌و دوو پارێزگایه‌ له‌گه‌ڵ سێ وڵات هاوسنوورن.

"خاڵه‌ سنوورییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك زۆر زیاترن به‌ به‌راورد به‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی پارێزگای سلێمانی، هه‌روه‌ها له‌ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌ولێر و دهۆك كۆمه‌ڵیك كاڵا هاورده‌ ده‌كرێن كه‌له‌ سلێمانی رێپێدراویان بۆ ناكرێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ داهاتی ئه‌و پارێزگایه‌ زۆر له‌سلێمانی زیاتر بێت"، نیاز ئه‌حمه‌د وای وت.

رێگه‌چاره‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی دروسته‌

رێگه‌چاره‌كه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گشتی و دابه‌شكردنی به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا له‌ رێگه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ به‌چاره‌سه‌ر ده‌زانرێت.

دیلمان عه‌زیز ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌ فراكسیۆنی گۆڕان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی یه‌كێتی رایگه‌یاندوه‌ سه‌باره‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی داهات و دابه‌شكردنی به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا، رێگه‌چاره‌یه‌كی زۆر دروسته‌ و جیاوازی نێوان خزمه‌تكردنی پاریزگاكان ناهێڵێت".

"حكومه‌ت ده‌توانێت له‌ڕێگه‌ی تیم و لیژنه‌كانیه‌وه‌ داهاتی سه‌رجه‌م خاڵه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم كۆبكاته‌وه‌و رێگری بكات له‌ ونبوونی داهات، پاشان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ خزمه‌تی خه‌ڵك به‌كاریبهێنێته‌وه‌"، دیلمان عه‌زیز واده‌ڵێت.

ده‌ركه‌وت سلێمانی داهاتی شه‌فافه‌

لیژنه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی دوای لێكۆڵینه‌وه‌ بۆیان ده‌ركه‌وت یه‌ك دینار له‌هاتی سلێمانی ون نه‌بووه‌.

 سه‌باره‌ت به‌داهاتی خاڵه‌ سنوورییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی د. عزه‌ت سابیر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA  ی راگه‌یاند: "وه‌زیری دارایی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی حكومه‌ته‌وه‌ راسپێردرا لیژنه‌یه‌كی به‌دواداچوون بۆ داهاتی سنووری پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ بكه‌ن، له‌كۆتایدا ده‌ركه‌وت ته‌نها یه‌ك دینار له‌هاتی سلێمانی ون نه‌بووه‌و به‌ڵگه‌كانیش شاهیدی ئه‌و راستییه‌ بوون".

"ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی باش ده‌زانێت كه‌ داهاتی سلێمانی به‌ به‌رنامه‌ كه‌میكردوه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ داهاتی گشتی موچه‌ و ده‌رماڵه‌ی خوێندكاران و پاره‌ی سه‌رجه‌م پرۆژه‌كان و ده‌رمان و پاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌ گشتییه‌كان خه‌رجبكات، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ئه‌ركه‌ی خۆی هه‌ڵنه‌ساوه‌و ئه‌و ئه‌ركه‌ی خستووه‌ته‌ سه‌ر شانی یه‌كێتی"، عزت سابیر وای وت.

خاڵی سنووری ناڕه‌سمی

ژماره‌یه‌كی زۆر خاڵی گومرگی ناڕه‌سمی له‌هه‌ولێرو دهۆك هه‌ن و داهاته‌كانیان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌تایبه‌ت له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و سوریا و توركیادان.

كاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "نزیكه‌ی 20 خاڵی گومركی ناحكومی له‌ كوردستان هه‌یه‌ كه‌ ژمارەیەکی زۆریان له‌دهۆك و هه‌ولێرن و داهاته‌كه‌یان نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت".

گه‌زنه‌یی ده‌ڵێت:" ئه‌گه‌ر داهاتی سه‌رجه‌م خاڵه‌ گومرگییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌ت و به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شی بكات، ئه‌و پاراوێزخسته‌ی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین كۆتایی دێت".

راستكردنه‌وه‌ی باری لاری حكومه‌ت
حكومه‌ت له‌پێناو خه‌ڵك ده‌بێت باره‌ لاره‌كه‌ی راستبكاته‌وه‌و به‌یه‌كسانی داهات دابه‌شبكات.

د. خالید حه‌یده‌ر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئه‌ركی حكومه‌ته‌ باره‌ لاره‌كه‌ی راستبكاته‌وه‌و به‌شه‌فافی له‌ لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕی ئابوورییه‌وه‌ داهاته‌كان به‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌وه‌ كۆبكاته‌وه‌و به‌یه‌كسانی دابه‌شی بكات".

"ئه‌گه‌ر له‌پارێزگایه‌ك داهات كه‌م بێت، ئه‌ركی حكومه‌ته‌ كه‌ له‌ڕێگه‌ی دیكه‌وه‌ وه‌ك داهاتی ناوخۆو خاڵه‌سنووریه‌كان و به‌هێزكردنی ژێرخانی ئابوورییه‌وه‌ داهاتی ئه‌و پارێزگایه‌ش زیاد بكات و ئه‌و هه‌ڵئاوسانه‌ی له‌ناوچه‌یه‌ك دروستبووه‌ نه‌یهێڵێت". ئه‌و پسپۆڕه‌ ئابوورییه‌ واده‌ڵێت.

د. خالید حه‌یده‌ر ده‌ڵێت: "پێشنیاره‌كه‌ی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ته‌واو دروسته‌و ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌یه‌وێت حكومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر بێت، پێویسته‌ رێگری بكات له‌ ونبوونی داهات و ئه‌و داهاته‌ به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شیبكات".


به‌هۆی شوێنی جوگرافییانه‌وه‌ خاڵه‌ سنوورییه‌ ره‌سمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك زۆرترن له‌ پارێزگای سلێمانی، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ داهاتی پارێزگای سلێمانی به‌راورد به‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك كه‌متر بن، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی چه‌ندین خاڵی ناڕه‌سمی له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا و سوریادا هه‌ن كه‌ داهاته‌كه‌یان ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت.
PUKMEDIA ئوسامە ئەبوبەکر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket