riklam

به‌هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێم توركیا یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان پێشێلده‌كات

کوردستان 08:03 PM - 2022-07-23

شاره‌زایانی بواری یاسا جه‌ختده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عیراق پێشێلكردنی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌و دووپاتیشی ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ عیراق جموجۆڵی دیپلۆماسی هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ كۆببێته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، عه‌لی ته‌میمی شاره‌زا له‌بواری یاسا ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: ئه‌و كاره‌ی توركیا پێی هه‌ڵسا له‌بۆردومانكردنی ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیاری له‌پارێزگای دهۆك و بووه‌ هۆی شه‌هیدو برینداركردنی ده‌یان هاووڵاتی، به‌گوێره‌ی رێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردن له‌ئه‌نجامدانی جینۆسایدی ساڵی 1948 به‌تاوانی جینۆساید داده‌نرێت، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌عیراق به‌گوێره‌ی ماده‌ی 9 ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ ده‌توانێت په‌نا بۆ دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی ببات.

ته‌میمی راشیگه‌یاند: ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا پێشێلكردنی مادده‌كانی (1-2-3)ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ كه‌ له‌سه‌ر سه‌رجه‌م وڵاتانی پێویست كردووه‌ رێز له‌سه‌روه‌ری وڵاتان بگرن، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ توركیا ناتوانێت  رێككه‌وتننامه‌ی له‌گه‌ڵ رژێمی پێشووی عیراق بكاته‌ بیانوو، روونیشیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌دوای روخانی رژێمی به‌عسه‌وه‌ نوێ نه‌كراوه‌ته‌وه‌و به‌گوێره‌ی مادده‌ی 102ی په‌یمانناكه‌ كۆپیه‌كی رێككه‌وتننامه‌كه‌ له‌لای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان دانه‌نراوه‌.

ته‌میمی پێداگریشه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ عیراق ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر توركیا پێشكه‌ش بكات و توركیاش بۆی نییه‌ به‌مادده‌ی 51ی په‌یماننامه‌كه‌ ناڕ‌ازی بێت كه‌ رێگه‌ به‌مافی به‌رگری ڕ‌ه‌وا ده‌دات به‌ڵام به‌چه‌ند مه‌رجێك، یه‌كه‌میان كه‌ ده‌بێت ئه‌نجومه‌نی ئاسایش سات به‌سات ئاگادار بكرێته‌وه‌، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م ده‌ستدرێژییانه‌ سووكایه‌تی كردنه‌ به‌یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری یاسا ئه‌مڕ‌ۆ شه‌ممه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ لێدان له‌پێگه‌كانی توركیا رێكارێكی یاسایین و له‌گه‌ڵ ماده‌ی 51ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌گونجێت، هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕ‌یار له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی عیراق ده‌دات.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ی رابردوو سه‌یرانگای په‌رخ له‌پارێزگای دهۆك رووبه‌ڕ‌ووی بۆردومانی توركیا بوه‌وه‌ كه‌ بوه‌ هۆی كوژران و برینداربوونی ده‌یان گه‌شتیارو هاووڵاتی، هێرشه‌كه‌ ناڕ‌ه‌زایه‌تی فراوانی لێكه‌وته‌وه‌و له‌لایه‌ن ده‌زگا ره‌سمی و میللییه‌كانه‌وه‌ سه‌ركۆنه‌ كرا، داواشكرا به‌توندترین شێوه‌ وه‌ڵامی ئه‌و دوژمنكارییه‌ بدرێته‌وه‌ كه‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ به‌ئامانج گرتنی ژماره‌یه‌ك  پێگه‌ی سنووری له‌گه‌ڵ توركیا له‌لایه‌ن چه‌ند گرووپێكی چه‌كداره‌وه‌.

د.عه‌لی ته‌میمی پسپۆڕ‌ له‌بواری یاسا هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندبوو: لێدان له‌ پێگه‌كانی توركیا رێكارێكی یاسایین و له‌گه‌ڵ یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌گونجێت به‌پێی مادده‌ی 51ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ رێگه‌ به‌مافی به‌رگری ره‌وا ده‌دات تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕ‌یار له‌سه‌ر سكاڵاكه‌ی عیراق ده‌دات كه‌ له‌دژی توركیا پێشكه‌شیكردووه‌.

راشیگه‌یاند: ده‌ستوه‌شاندنه‌كان كاردانه‌وه‌یه‌كی سروشتی و ره‌وان و به‌هۆی بوونی بنكه‌كانی توركیاوه‌یه‌ كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 40 بنكه‌ كه‌ نایاسایین و پێشێلكردنی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌، به‌ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیل تاوانی كۆمه‌ڵكوژی و ده‌ستدرێژی ئاشكرایه‌.

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌ كه‌ توركیا به‌بیانووی راوه‌دوونانی پارتی كرێكارانی كوردستان ناڕ‌ه‌زایه‌تی له‌به‌رامبه‌ر ماده‌ی 51ی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌رده‌بڕ‌ێت.
لای خۆیه‌وه‌، فه‌یسه‌ڵ رێكان شاره‌زا له‌بواری یاسا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ عیراق روو له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بكات و سكاڵا له‌دژی توركیا له‌پای ده‌ستدرێژییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عیراق پێشكه‌ش بكات.

فه‌یسه‌ڵ رێكان شاره‌زای یاسایی به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌دوای  ده‌ستدرێژیی دڕ‌ندانه‌ی ئه‌مدواییه‌ی هێزه‌كانی توركیا به‌ بۆردومانكردنی هاووڵاتیانی بێتاوانی عیراق له‌سه‌یرانگایه‌كی هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها له‌دوای ئه‌و زنجیره‌ هێرشه‌ به‌رده‌وامانه‌ی كه‌ ده‌یكاته‌ سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌بیانووی بۆردومانكردنی پێگه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان، سه‌ره‌ڕ‌ای بوونی نایاسایی هێزه‌كانی توركیا له‌هه‌رێم، له‌سه‌ر حكومه‌تی عیراق پێویسته‌ به‌هێزه‌وه‌ هه‌نگاو بنێت و رێوشوێنی گونجاو له‌به‌رامبه‌ریدا بگرێته‌به‌ر، له‌گه‌ڵیشیدا ناڕ‌ه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان له‌لایه‌ن خه‌ڵكی شاره‌ جیاجیاكانی عیراقه‌وه‌.

رێكان راشیگه‌یاند: ئه‌نجومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ كۆبوه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌ی ئه‌نجامداو تێیدا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی كردو چه‌ندین هه‌نگاوی گرتۆته‌به‌ر كه‌به‌پێویست و گرنگی ده‌بینین، له‌نێویاندا به‌رزكردنه‌وه‌ی سكاڵا بۆ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلكاری و ده‌ستدرێژییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌نی توركیاوه‌ ئه‌نجامدراون، جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ئه‌م هه‌نگاوه‌ یه‌كجار گرنگه‌ چونكه‌ په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و په‌یماننامه‌ی جنێف به‌ته‌واوه‌تی رێگری له‌ هه‌ر ده‌ستدرێژییه‌ك ده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌تێك بیكاته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی تر، هه‌روه‌ها رێگریده‌كات له‌داگیكردنی خاكی هه‌ر وڵاتێك و بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی هه‌ر وڵاتێك به‌بێ ڕ‌ه‌زامه‌ندی به‌رامبه‌ر، له‌كاتێكدا كه‌هه‌ردوو ده‌وڵه‌ته‌كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان ئاساییه‌و هیچ حاڵه‌تێكی جه‌نگیش له‌نێویاندا نییه‌.

فه‌یسه‌ڵ رێكان واشیده‌بینێت كه‌له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌نگاوه‌دا پێویسته‌ عیراق هه‌نگاوی دیپلۆماسی فراوان بنێت له‌گه‌ڵ وڵاتانی دۆست بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌نگ له‌به‌رژه‌وه‌ندی عیراق ده‌ده‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بڕ‌یارێك سه‌باره‌ت به‌و پرسه‌ بدات و پێویستیشه‌ عیراق هه‌وڵه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بخاته‌گه‌ڕ‌ له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ مافی ڤیتۆ له‌دژی سكاڵاكه‌ی عیراق به‌كارنه‌هێنن به‌تایبه‌تیش له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، لێره‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ چه‌ند به‌سووده‌ په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌دا ببه‌سترێت، له‌بیریشمان نه‌چێت روسیا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ توركیادا هه‌یه‌ و پێویسته‌ كاری به‌په‌له‌ی له‌سه‌ر بكرێت، ده‌رچوونی بڕ‌یاریش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایشه‌وه‌ ده‌بێته‌ ئامرازێكی فشار له‌سه‌ر توركیاو جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕ‌یاره‌كه‌ش به‌ره‌و ڕ‌ووی سزای خراپی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كاته‌وه‌و به‌تایبه‌تیش كه‌ توركیا به‌ده‌ست كێشه‌ی ئابووری گه‌وره‌و هه‌ڵاوسانی بێوێنه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت.

ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری یاسا باسی له‌وه‌شكرد كه‌ هه‌نگاوی بانگهێشتكردنی باڵوێزی توركیا گرنگه‌و ئومێده‌وارم به‌نووسراوی ره‌سمی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی پێ رابگه‌یه‌نرێت و وێنه‌یه‌كیش له‌سكاڵاكه‌ بنێردرێت بۆ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش تاوه‌كو هه‌ست به‌مه‌ترسی و جدیه‌تی بابه‌ته‌كه‌ بكات.

رێكان جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ بارودۆخی عیراق و ناكۆكییه‌ سیاسییه‌كان رێگه‌نادات عیراق پچێته‌ نێو رووبه‌ڕ‌بوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ توركیادا، به‌ڵام له‌ئێستادا رووكردنه‌ رێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئامرازێكی گرنگه‌ له‌گه‌ڵ ناڕ‌ه‌زایه‌تییه‌كانی جه‌ماوه‌ر كه‌ تووڕ‌ه‌یی گه‌ل ده‌رده‌خات له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستدرێژییه‌كانی توركیا، توركیا ئینجا هه‌ست ده‌كات كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌عیراق رووبه‌ڕ‌ووی هه‌ڕ‌ه‌شه‌ بۆته‌وه‌ به‌تایبه‌تیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كانی.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket