riklam

كەنەدا.. بچڕانی هێڵێ پەیوەندییەكان خزمەتگوزاری مۆبایلی پەكخست

جیهان 10:59 AM - 2022-07-10

سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی 8/7/2022 لە دەرئەنجامی بچڕانی بەرفراوانی تۆڕ و سیستەمی پەیوەندیەكانی كۆمپانیای ڕۆجەرز كۆمیونیكەیشنز كە خزمەتگوزاریەكانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە خۆدەگرێت لەسەرانسەری زۆربەی شارەكانی كەنەدا لەپڕێكدا هەموو جۆرە پەیوەندیەكانی  بەتەواوی لەكاركەوت .

 پەكخستنی پەیوەندییەكان كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر خزمەتگوزاری تەندرووستی و پیشەسازی و كاروباری دارایی و خزمەتگوزارییەكانی 911  ی فریاكەوتنی نەخۆشخانەكان دانا و هەروەها مامەڵەكردنی بازرگانی و كاری بانكی و پەكخستنی هێڵەكانی مۆبایلی سەر بە كۆمپانیای نابراو.

 خاوەن كاری بازرگانە بچووكەكان بە هۆی بچڕانی كاركردن زۆرترین زیانیان بەركەوت ئەمەش وایكرد كە نەتوانن پارەدان بەكارتی بانكی پرۆسێس ( دێبت ) مامەڵە بكەن چونكە ئەو كڕیارانەی كاشیان پێ نەبووە داواكانیان ڕەتكرایەوە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەی بۆ هاوڵاتیان درووستكرد كە نەتوانن شتومەك و پێداوێستی خۆیان بكڕن . بەتایبەتیش بچڕانی هێلی WIFI لە ماركێتەكان و چێشتخانە و كافتریاكان . 

هاوڵاتیان و بزنسمانەكان سەبارەت بەم ڕووداوە ڕەخنەی توندیان لە كۆمپانیای ڕۆجەرز گرت كە هیچ پلانێكی B گشتگیری نییە بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییە بەردەوام بن و بەكارهێنراوەكانی بەشێوەی ئۆنڵاین بهێڵێتەوە .
تۆنی ستافێری بەڕێوبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای ڕۆجەرز لە بەیاننامەیەكدا سەبارەت بەو ڕوداوە كتوپڕە ڕایگەیاند كۆمپانیاكە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان چاودێری وبەدواداچون بۆ  لێكۆڵێنەوە لە هۆكاری سەرەكی بچڕانی تۆڕەكە دەكات ، ستافێری داوای لێبوردنی لە هاوڵاتیان كرد كە بەهۆی لەكاركەوتنی تۆڕه‌كه‌ نەیانتوانی مامەڵەی ئاسایی ڕۆژانەیان جێبەجێ بكەن و بگەنە خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەكان ، ستافێری وتشی بەپەلە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا دەكەین و هەوڵ ئەدەین بەزووترین كات تا ڕۆژی شەممە بارودۆخەكە ئاسایی بكەینەوە .

ستافیری ڕاشیگەیاند  لە ماوەی 14 مانگدا ئەمە دووەم حاڵەتی بچڕانی گەورەی تۆڕی گەیاندنی كۆمپانیای ڕۆجەرزە . بەڕێوبەری كۆمپایاكە دانی بەوەشدا كە 11 ملیۆن بەشداربووی بێ تەلی هەیە بەداخەوە كە ئەمڕۆ بێ هیوامان كردن .  ئابووری كەنەدا و ژیانی ڕۆژانەی هاوڵاتیان بەستراوەتەوە بە تۆڕی پەیوەندیەكانمانەوە بەتایبەتیش زیاتر لە نیو ملیۆن بازرگان پارەی بانكی ئینتراك بەكاردەهێنن پشت بە تۆڕی ڕۆجەرز دەبەستن ، هەروەها جگە لەمەش خزمەتگوزارییەكانی حكومەتیش وەكو هێڵی فریاگوزاری نەخۆشخانەكان و  حاڵەتی فریاكەوتنی 911  كاریگەری ئەم ڕوداوەیان لەسەر بووە .

ڕیچارد لیبلانك مامۆستای یاسا و حوكمڕان لە زانكۆی یۆرك لە تورۆنتۆ ، وتی بچڕانی پەیوەندییەكان دەرفەتێكی فێركارییە بۆ ئەكتەری هەڕەشەكاران وەكو هاكەرەكانی سپۆنسەری دەوڵەتی ڕوسیا كە ئێستا دەتوانن بزانن سیستەمەكانی پیشەسازی و دامەزراوە داراییەكانی كەنەدا و چاودێری و خزمەتگوزاری تەندروستی چەندە لاوازن بۆ هێرشكردنە سەر  پەیوەندییەكان ، لیبلانك ڕاشیگەیاند ئەم ڕوداوە دەكرا كارەساتبارتر بێت بۆ كەنەدا  ئەگەر ڕۆژی شەممەش بەردەوام بووایە بۆیە پێـم وایە كاتی ئەوە هاتووە كە ڕێكخەرانی پەیوەندیدار دەست بكەن بە پێداگریكردن لەسەر كۆنترۆڵە ناوخۆییەكان تا جارێكی تر ڕوداوی بچڕانی لەو جۆرە ڕونەدات ، لیبلانك  ئاشكراشیكرد ئەم حاڵەتی بچڕانی پەیوەندییەكانی ڕۆجەرز بۆ دووەم جار لە ماوەی كەمتر لە 15 مانگدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەكاتەوە كە ناكرێت حكومەتی فیدراڵی بۆ ئەنجامدانی كارێكی دروست و پێویست تەنها پشت بە كۆمپانیاكانی پەیوەندی ببەستێت .

PUKmedia عوسمان عەلی – كەنەدا 
سەرچاوە/ سی بی سی كەنەدا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket