riklam

كەشناسی كاتی كۆتایهاتنی خۆڵبارین ئاشكرا دەكات

کوردستان 02:07 PM - 2022-06-22

كەشناسی سلێمانی رایدەگەیەنێت: لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 35 زنجیرەی خۆڵبارین روویكردوەتە سلێمانی و ئەو خۆڵبارینەی ئێستا هەیە سبەینێ كاریگەرییەكەی كەمدەبێتەوە.  
لەبارەی كەشوهەوای شاری سلێمانی ئاسۆ كەمال بەڕێوەبەری كەشناسی و بومەلەرزەزانی بە PUKmedia ی رایگەیاند: زنجیرە خۆڵبارینێكی نوێ  رۆژی چوار شەممە، عیراقی و هەرێمی كوردستانی گرتووەتەوە كە مەودای بینینی لە یەك كیلۆمەتر كەمتر كردووەتەوە.
وتیشی: هەر یەك لە بیابانەكانی عیراق و دورگەی عەرەبی و كەمی بارانبارین و وشكەساڵی هۆكاری سەرەكی دروستبوونی خۆڵبارینی بەردەوامن لە عیراق و هەرێمی كوردستاندا، هاوكات لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 35 زنجیرەی خۆڵبارین روویكردوەتە پارێزگای سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشكردووە: خۆڵبارین دەبێتە هۆكاری پیسبونی ئاو و ژینگەو بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، هاوكات كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە و تووشی تەنگە نەفەسی دەكات.
هاوكات دكتۆر هێرش حەیدەر پزیشكی پسپۆڕی لە بارەی كاریگەریەكانی خۆڵبارین لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان و بەتایبەت ئەو كەسانەی نەخۆشی كۆئەندامی هەناسەو تەنگە نەفەسیان هەیە، بە PUKmedia  راگەیاند: باشترین رێگا بۆ خۆپاراستن لە خۆڵبارین مانەوەیە لە ماڵەوەو داخستنی پەنجەرەو دەرگاكان و بۆ كاری گرنگ نەبێت نەچنە دەرەوە.
راشیگەیاندووە: پێویستە هاووڵاتیان لەكاتی چوونە دەرەوەیاندا ماسك ببەستن، هەروەها پاكراگرتنی دەستەكانیان و شتنیان بەشێوەیەكی بەردەوام تا سەلامەت بن و دوور بن لە مەترسییەكانی خۆڵبارین.
PUKmedia  تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket