riklam

حاڵەتەكانی توشبوون بەتای خوێنبەربوون بۆ 55 كەس بەرز دەبێتەوە

عیراق 08:24 PM - 2022-05-10

وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵ ئەمڕۆ سێ شەممە رایگەیاند، كە ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بەتای خوێنبەربوون لەسەرانسەری عیراقدا بۆ 55 حاڵەت بەرزبووەتەوە.

سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەمڕۆ سێ شەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا ئاشكرایكرد: كە بەپێی دوا ئاماری رەسمی وەزارەتی تەندروستی ژمارەی حاڵەتەكانی توشبوون بە تای خوێنبەربوون گەیشتووەتە 55 حاڵەت و 12 كەسیش بەهۆی پەتاكەوە گیانیان لەدەستداوە و تەنها لەپارێزگای زیقار 29 كەس تووشی پەتاكە بوون.

راشیگەیاند: كە زۆربەی توشبووەكان روویان لە چاكبوونەوەیە و ئاماژەشی بەوەدا كە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی تازە نییە و ماوەی 50 ساڵە هەیە.

وتیشی: لەساڵانی رابردوودا ژمارەی توشبوون بەنەخۆشییەكە سنووردار بوو بەڵام لەئێستادا ژمارەی توشبوون زیادیكردووە و ئاماژەی بەوەشدا كە نەخۆشی تای خوێنبەربوون لەرێگەی بەریەككەوتنی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵ یاخود لەرێگەی مێرووی گەنەوە دەگوازرێتەوە، بۆیە پێویستە گۆشتفرۆشەكان لەشوێنە تایبەتەكاندا ئاژەڵەكانیان سەرببڕن و دووربكەونەوە لە سەربڕینی هەڕەمەكی.

جەختیشیكردەوە: كە لەئێستادا هیچ ڤاكسینێك یاخود دژ ڤایرۆسێك بۆ ئەم نەخۆشییە نییە و ئەمەش بەمانای ئەوە نییە هاووڵاتیان نەتوانن چارەسەر وەربگرن، لەسەرەتای حاڵەتی نەخۆشییەكەدا ئەركی خۆمان بەرامبەر نەخۆشەكە جێبەجێ دەكەین و چارەسەری بۆ وەردەگرین، بەڵام ئەگەر هاتوو نەخۆشەكە گەیشتە حاڵەتی مەترسیدارەوە و خوێنبەربوون لەژێر پێستەكان و كراوەكانی جەستەدا دروستبوو چارەسەركردنی قورس دەبێت.

راشیگەیاند: وەزارەتی تەندروستی بەئەركی خۆی هەڵدەسێت و چارەسەر بۆ نەخۆشەكان دەكات و زۆربەی نەخۆشەكان لەدوای وەرگرتنی چارەسەر نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووەو داواش لەدەزگاكانی راگەیاندن دەكەین لەگواستنەوەی زانیارییەكاندا شێوازی ترساندن پەیڕەو نەكەن.

PUKmedia راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی فیدڕاڵ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket