}

بۆچی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناچێته‌ په‌رله‌مان؟

کوردستان 07:44 PM - 2022-05-07

حكومه‌ت بۆ بودجه‌ش گوێ له‌په‌رله‌مان ناگرێت
ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستانیش ده‌ڵێـت،پارتی رێگره‌ له‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ بێته‌ په‌رله‌مان و له‌به‌رامبه‌ردا به‌شێكی زۆر له‌ فراكسیۆنه‌كان داوایان كردوه‌ كه‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2022 بێته‌ په‌رله‌مان.

 له‌و باره‌یه‌وه‌ د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌كابینه‌ی هه‌شت و نۆ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان نه‌هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان و نۆ ساڵه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێگره‌ له‌وه‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ بێته‌ په‌رله‌مان.

حكومه‌ت رێگره‌
 وتیشی: له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ رێگری ده‌كرێت كه‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندینجار له‌ زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كانه‌وه‌ داوا كراوه‌ كه‌پرۆژه‌ یاساكه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام گوێمان لێنه‌گیراوه‌.

 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: هه‌تا پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌یه‌ته‌ په‌رله‌مان، به‌روونی دیارنیه‌ كه‌ داهات و خه‌رجی به‌ ته‌واوی له‌هه‌رێمی كوردستان چه‌نده‌و داهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ژماره‌ چه‌نده‌و چی لێدیت و چۆن خه‌رج ده‌كرێت، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ چاودێری دارایی له‌هه‌رێمی كوردستان لاوازبێت و ته‌نانه‌ت له‌پارێزگای واهه‌یه‌ چاودێری دارایی هه‌ر بونی نیه‌.

پارتی به‌نهێنی رێگری ده‌كات 
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ شه‌مۆل ئاشتی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی  راگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماده‌ نیه‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام فراكسیۆنی پارتی به‌نهێنی رێگری ده‌كات له‌وه‌ی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ بێته‌ په‌رله‌مان.

وتیشی: له‌كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان و سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان چه‌ندینجار ئه‌و پرسه‌ باسكراوه‌و داواكراوه‌ كه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ساڵ له‌دوای ساڵ ئه‌و پرسه‌ دواده‌خرێت و حكومه‌ت له‌رێی پارتی و كورسی كه‌مینه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مان پێكده‌هێنن، ئه‌و پرسه‌ سست ده‌كات و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ له‌ماوه‌ی نۆ ساڵی رابردوودا له‌هه‌ردوو كابینه‌ی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی بۆ یه‌كجاریش پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌یه‌ته‌ په‌رله‌مان.

جیاوازی ده‌كرێت له‌خه‌رجی پارێزگاكاندا
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ لوقمان وه‌رتی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ PUKmedia وتی: نه‌هاتنی پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان وایكردوه‌ كه‌ داهاتی هه‌رێمی كوردستان به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگا و قه‌زاو ناحییه‌كاندا دابه‌شنه‌كرێت و ئه‌مه‌ش گرفتێكی زۆری بۆ دانیشتوانی به‌شێكی زۆری هه‌رێمی كوردستان دروستكردوه‌.

 وتیشی: پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌موو ساڵێك پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ ئاماده‌بكات و بینێرێته‌ په‌رله‌مان، به‌ڵام ماوه‌ی نۆ ساڵه‌ حكومه‌ت به‌ئه‌ركی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گرنگه‌ هه‌ڵنه‌ساوه‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ رێگری ده‌كات له‌وه‌ی پرۆژه‌ یاساكه‌ بێته‌ په‌رله‌مان.

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان: له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ قسه‌ناكه‌م
هه‌روه‌ها PUKmedia بۆ ئه‌و پرسه‌ په‌یوه‌ندی كرد به‌ هه‌ورامان حه‌مه‌ شه‌ریف ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی دادگه‌ری كوردستان، به‌ڵام ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد، كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ هیچ قسه‌یه‌ك ناكه‌م.

جێی ئاماژه‌یه‌، كۆتاجار كه‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان هاتووه‌ته‌ په‌رله‌مان له‌سه‌رده‌می د.به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح بووه‌ كه‌ ئه‌وكات سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بووه‌و له‌دوای ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌رگرتووه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ نه‌هاتوه‌ته‌ په‌رله‌مان و چاودێران و رۆژنامه‌نوسانیش پێیان وایه‌، نه‌ناردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ بۆ په‌رله‌مان، كفی بۆ شه‌فافیه‌تی دارایی له‌هه‌رێمی كوردستان دوورییه‌وه‌و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ كه‌ كه‌س ئاگاداری داهات و خه‌رجی ئه‌م هه‌رێمه‌ نه‌بێت.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket