riklam

سودان.. رێككەوتننامەی سیاسیی ئیمزا دەكرێت

جیهان 06:46 PM - 2021-11-21

ئەمڕۆ یەكشەممە 21ی 11ی 2021 لەخەرتومی پایتەختی سودان رێككەوتننامەیەكی سیاسیی ئیمزا كراو بەگوێرەی رێككەوتننامەكە عەبدوڵڵا حەمدۆك سەرۆك وەزیرانی لەكارلادراو بۆ سەرۆكایەتی حكومەت گەڕێنرایەوە كە پێشترو لەمانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا لەڕێگەی كۆدەتایەكی سەربازییەوە لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی شەقام و نێودەوڵەتی لێكەوتەوە.

رێككەوتننامەكە لەنێوان فەریق روكن عەبدولفەتاح بورهان سەرۆكی سوپای سودان و عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانی لەكارلادراوەوە ئیمزایان لەسەر كرا.

بەگوێرەی رێككەوتننامەكە دەبێت سەرجەم زیندانییانی سیاسی ئازاد بكرێن و پێداگریش لەسەر ئەوە كراوە كە دەبێت پەلە لەپێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەر بكرێت.

لەڕێككەوتننامەكەی نێوان بورهان و حەمدوكدا جەختكراوەتەوە كە دەبێت دەستوور بكرێتە بنەمای سەرەكی بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی راگوزەر لەسودان و پێویستی هەمواركردنەوەی لەپێناو بەشداری فراوانی لایەنە سیاسییەكان.

هەروەها ئەو رێككەوتننامەیەی لەخەرتومی پایتەخت ئیمزای لەسەركرا جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی جوبا بۆ ئاشتی دەكاتەوەو لەگەڵیشیدا پێكهێنانی سوپایەكی نیشتمانیی یەكگرتوو.

جێی ئاماژەیە رۆژی 25ی تشرینی یەكەمی رابردوو سوپای سودان لەڕێگەی كۆدەتایەكەوە بەسەرۆكایەتی فەریقی یەكەمی روكن عەبدولفەتاح بورهان دەستیان بەسەر دەسەڵاتی حكومەتدا گرت و عەبدوڵڵا حەمدوك سەرۆك وەزیرانیان لەكارلاداو خستیانە ژێر مانەوەی ناچارییەوە.

كۆدەتاكەی رۆژی 25ی تشرینی یەكەمی رابردوو كۆتایی بەو هاوبەشییە راگوزەرییە هێنا كەلەنێوان سوپاو لایەنە مەدەنییەكاندا هەبوو، پێشتریش هەر ئەو هاوبەشییە راگوزەرە بوو كە توانی كۆتایی بەدەسەڵاتی خۆسەپێنی عومەر حەسەن بەشیر لەساڵی 2019دا بهێنێت.

هەر لەدوای كۆدەتاكەی سوپای سودان بەسەرۆكایەتی بورهان، وەك مەرجی پێشوەختە بۆ دانوستاندنەكان حەمدوك داوایكرد سەرجەم زیندانییە سیاسییەكان ئازاد بكرێن و دەسەڵاتەكان بەپێی رێككەوتن دابەش بكرێت.

خەڵكی سودان بەهۆی بڕیارەكانی سوپاوە كەوتنە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و بەردەوامیش خۆپیشاندانەكان فراوانتر دەبوون و ئەمڕۆش یەكشەممە وا بڕیار بوو لەسەر داوای چالاكوانان خۆپیشاندانی فراوانی سەرتاسەری لەشارەكانی سودان ئەنجام بدرێت.

وڵاتانی رۆژئاواش كە پشتیوانیی لەراگوزەری سیاسی لەسودان دەكەن سەركۆنەی كۆدەتاكەی سوپایان كردو دەستەبەجێش بەشێك لەهاوكارییە ئابوورییەكانیان بۆ سودان راگرت.

PUKmedia ئاژانسەكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket