riklam

كۆبوونەوەی پسپۆڕانەی مامۆستایانی سینەما لەفێستیڤاڵی فیلمی تاران بەڕێوەچوو

ئەدەب و هونەر 10:38 PM - 2021-10-26

12 سینەماكاری نێونەتەوەیی میوانی كۆبوونەوەكانی مەجازیی 38ـ20 لە 38هەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران ‌بوون.

بە پێی راپۆرتی لێژنەی راگەیاندنی 38هەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران، "رووزبێه رەشیدی"، "رەزا ریاحی"، "كڵاوس ئیشتاینێك"، "تۆرستێن فلایش" و "بادی مینك" لە ئەڵمانیا، ئانیتا كیاتكۆفسكا ـ ناگۆی" لە پۆڵەندا، "لۆرایا یۆ. ماركس" لە كەنەدا، "ویرجیل ویدریش"، "پیتێر چێر كاسكی" و "میشێلا گرێیل" لە نەمسا، "ئارنە برو" لە دانیمارك، "لیا جۆواناتزی بێلتەرامی" لە ئیتاڵیا 12سینەماكاری نێونەتەوەیین كە بە ئامادەبوون لە كۆبوونەوەكانی مەجازیی 38ـ20 لە سی‌وهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران، ئەزموونەكان و زانیاریی خۆیان بۆ فێرخوازانی هونەر و سینەماكاران ‌گوازتەوە.

رووزبێه رەشیدی Rouzbeh Rashidi "رووزبێه رەشیدی" لەدایكبووی ساڵی 1980ی زایینی رێكەوتی 1359ی هەتاوی لە تاران، سینەماكاری ئێرانی ـ ئیرلەندییە و لە دامەزراوەی فێركاریی تەكنەلۆژیای دۆبلین لە بەشی راگەیاندن وانەی خوێندووە.
ئەو هەروەها دامەزرێنەری ئەنجومەنی فیلمی ئەزموونی، بەرهەمهێنەر و مامۆستای وانەبێژی فیلمسازیی ئەزموونی لە وۆركشۆپەكان و كارگەكانی سەربەستی پیشەییە. ئەو لە ساڵی 2000ی زایینیەوە خەریكی فیلم چێكردنە و هاوكات ئەنجومەنی فیلمی ئەزموونی لە تاران دامەزراندووە.

رەزا ریاحی Reza Riahi "رەزا ریاحی" لەدایكبووی ساڵی 1989ی زایینی رێكەوتی 1368ی هەتاوی لە تاران و لە بەشی هونەرە جوانەكاندا وانەی خوێندووه.‌
ئەو لە ئامادەكردن و بەرهەمهێنانی چەندین زنجیرە دراما و گۆڤاری ئەنیمەیشێن هاوكاری چالاكانەی هەبووە و لێهاتووییەكانی خۆی لە EESI (ئانگلۆم)‌ و دواتر لە Ecole de la (بورگ لێس والنێس) لە وڵاتی فەرەنسا تەواو كردوە. ئەو دەرهێنەر و نووسەری چەندین كورتە فیلمی جووڵاوە كە خەڵات گەلێكی زۆریان بەدەستهێناوە و هەروەها لە پرۆژە جۆراوجۆرەكانی شێوەكاری و وێنەسازیدا هاوكاری كردووە.

كڵاوس ئیشتاینێك "كڵاوس ئیشتاینێك" لەدایكبووی ساڵی 1948ی زایینی لە وۆپاتاڵ لە وڵاتی ئەڵمانیا سینەماكاری ئەزموونی، مامۆستای زانستگا و مرۆڤ‌ناسی كۆمەڵاتییە.
ئەو لە ساڵانی 1968 تا 1974 لە مۆنستێر، وۆرتزبۆرگ و مۆنیخ لە بەشی دەروون‌ناسی و ژینگەناسی وانەی خوێندووە و بڕوانامەی دكتۆڕای خۆی لە دامەزراوەی فیزیۆلۆژی كردەوەیی و رەفتاریی مەكس پلانك بە خوێندنەوەكانی نێوان بەشەكان و نێوان كلتوورەكان سەبارەت بە ماڵ و موڵكەكان وەرگرتووە. ئەو لە ساڵی 1974 رووی كردۆتەوە ئامادەكردنی فیلمی بەڵگەیی و تا ساڵی 1983ی زایینی لە زانكۆی فیلم و تەلەڤیزیۆنی مۆنیخ لە بەشی فیلمسازیی
بەڵگەییدا خەریكی وانە خوێندن بووە. پاشان وەكوو مامۆستای وانەبێژی دەرهێنانی بەڵگەفیلم لە مۆنیخ، لایپزیگ، بوزن، پەكین، سریلانكا، ئادیس ئابابا، جەنین و تاران چالاكی كردووە.

ئانیتا كیاتكۆفسكا ـ ناگۆی Anita Kwiatkowska-Naqvi "ئانیتا كیاتكۆفسكا ـ ناگۆی" لەدایكبووی ساڵی 1986ی زایینی لە كراكۆڤ لە وڵاتی پۆڵەندایە. ئەو دەرچووی بەشی دەروون‌ناسی لە زانستگای وەرشۆ و ئەنیمەیشێن لە قوتابخانەی نەتەوەیی فیلم، تەلەڤیزیۆن و شانۆی پۆڵەندا لۆدزە. ئەو لە فیلمەكانی خۆیدا بە كەڵك وەرگرتنی ئەزموونی لە تەكنیكەكانی ئەنیمەشێنی رەسەن، دونیاگەلی چكۆلانە و لەبەردڵان دەخولقێنێت و سێ فیلمی بە ناوەكانی Protozoa، Carnalis و Ab ovo بەرهەمهێناوە.

تۆرستێن فلایش Thorsten Fleisch "تۆرستێن فلایش" لەدایكبووی ساڵی 1972ی زایینی لە كۆبڵنێز لە وڵاتی ئەڵمانیایە. ئەو فیلمی ئەزموونی لە لای پیتێز كۆلبكا لە Städelschule فرانكفۆرت فێر بووە و لەگەڵ گروپی مۆسیقای خۆی «Malende» هەروەها لە بەرنامەكانی شانۆگەری و مۆسیقایی بەشداری دەكات.
فیلمەكانی فلایش لە فێستیڤاڵەكانی وەكوو فێستیڤاڵی ئەنیمەیشێنی ئەنێسی، فیلمی ژێرزەوینی شیكاگۆ، هونەری راگەیاندنی ئەورووپا، فیلمی ئەدینبۆرگ، درسدێن، فیلمی رۆتێردام، كورتە فیلمی هامبۆرگ، فیلمی میلانۆ، فیلمی نیۆیۆرك، ئەنیمەیشێنی ئۆتاوا و چەندین فێستیڤاڵی دیكە نمایش كراوە.

ویرجیل ویدریش Virgil Widrich "ویرجیل ویدریش" لەدایكبووی ساڵی 1967ی زایینی لە ساڵزبۆرگ لە وڵاتی نەمسایە، دەرهێنەر، سیناریۆنوس و سینەماكارە كە لە زانستگای هونەرەكانی بەكەڵك لە شاری وییەن، بە خوێندكاران وانە دەڵێتەوە. كورته فیلمی ئەو Copy Shop بۆتە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسكار و بەرهەمەكانی ئەو بە گشتی 200 خەڵاتی نێونەتەوەییان بەدەستهێناوە.
 ویرجیل ویدریچ لە چەندین پۆستی جۆراوجۆری وەكوو بەڕێوەبەری پڕۆژە، دارێژەی بیرۆكە، دیزاینەری پێشانگا یا بەڕێوەبەری هونەری لە خولقاندنی سیناریۆی فیلمی كورت و‌ بڵیند، موزیك ڤیدیۆ، هونەری چیدمان، پێشانگاكان و مۆزەخانەكان و هەروەها لە پرۆژەكانی لێكۆڵینەوەیی نێونەتەوەییدا بەشداری كردووە.

پیتێر چێر كاسكی Peter Tscherkassky "پیتێر چێر كاسكی" لەدایكبووی ساڵی 1958ی زایینی لە شاری وییەن لە وڵاتی نەمسایە. ئەو له ساڵانی‌ 1977 تا 1979ی زایینی لە زانستگای وییەن بە شێوەی هاوكات خەریكی وانە خوێندن لە بەشەكانی رۆژنامەوانی و زانستەكانی سیاسی بووە و لە 1979ی زایینی كاری فیلمسازیی دەست پێكردووە. ئەو لە درێژەی ژیانی پیشەیی خۆیدا لە فێستیڤاڵە جۆراوجۆرەكاندا بەشداری كردووە و هەروەها لە ئەندامانی دامەزرێنەری یانەی هاوكاری فیلمسازانی نوێی نەمسا بووە كە لە ساڵی 1982ی زایینی دەستی بە كار كردووە. بەرهەمی ئەو بە ناوی "ڕێكارنامەكان بۆ رووناكی و دەنگ" ساڵی (2005)، لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی كان، یەكەمین نمایش كردنی جیهانیی خۆی پێشكەش كرد.

میشێلا گرێیل Michaela Grill "میشێلا گرێیل" لەدایكبووی ساڵی 1971ی زایینی لە وڵاتی نەمسا‌، لە شارەكانی وییەن، گلاسكۆ و لەندەن (كالێجی گۆڵدسمیت) وانەی خوێندووە. ئەو لە ساڵی 1999 بەرهەم گەلێكی زۆری لە بوارەكانی فیلم، ڤیدیۆ، هونەری چیدمان واتە پێكەوە چنین و وێنە زیندووەكان خولقاندووە.

 بەرهەمەكانی ئەو لە وڵاتانی 5 كیشوەری جیهان پێشكەش كراوە، لەوانە له ‌ MOMA NY، گەلەری نەتەوەیی هونەری واشنتن، ناوەندی Pompidou Paris ، مۆزەخانەی Reina Sofia مەدرید، La Casa Encendida لە بارسێلۆنا، ICA لەندەن و زۆربەی سینەما تێكەكانی دیكە نمایش كراوە. میشێلا گرێیل لە ساڵی 2010 خەڵاتی هونەرمەندی بەرجەستەی لە وەزارەتی هونەر و فەرهەنگی نەمسا پێ بەخشراوە.

لۆرایا یۆ. ماركس Laura U. Marks "لۆرایا یۆ. ماركس" لەدایكبووی ساڵی 1963ی زایینی لە وڵاتی كەنەدا و خاوەنی بڕوانامەی دۆكتۆڕای خوێندنەوەكانی بینراو و فەرهەنگییە لە زانستگای رۆچیسترۆ و نووسەر و مامۆستای كۆلێژی Grant State لە زانكۆی سیمۆن فیزەر. لە زومرەی بۆچوونەكانی ئەو، پێناسه كردنی ناوەرۆكی وێنە، هەست پێ كردنێكە كە بە پێی ئەو، پەیوەندیی بینەر لەگەڵ راگەیاندنەكان لە جیاتی بینین، بە دەست لێدان روو دەدات.

ئارنە برو Arne Bro "ئارنە برو" لەدایكبووی ساڵی 1953ی زایینی لە فرێدریكسبێرگ لە وڵاتی دانیماركە. ئەو جێگری بەڕێوەبەری قوتابخانەی نەتەوەیی فیلمی دانیماركه و سەرۆكی بەشی بەڵگەفیلم و تەلەڤیزیۆنەكەیەتی. ئەو وەكوو دەرهێنەر و سیناریۆنووس لە قوتابخانەی نەتەوەیی فیلمی دانیمارك دەرچووە.
برو لە ساڵی 1988 كۆمپانیای بەرهەمهێنانی فیلمی "پێنتا فیلم"ی دامەزراند و وەكوو ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی لە ئەكادیمیای فیلمی دانیمارك، نووسینگەی فیلمی دەوڵەتیی دانیمارك، كۆمیتەی مافەكانی فیلم (ئەكادیمیای فیلمی دانیمارك)، یەكێتی دەرهێنەرانی فیلم و هتد خزمەتی كردووە.

لیا جۆواناتزی بێلتەرامی Lia Giovanazzi Beltrami "لیا جۆواناتزی بێلتەرامی" لەدایكبووی ساڵی 1967ی زایینی لە ترنتۆ لە وڵاتی ئیتاڵیا، دەرهێنەر، نووسەری سیناریۆ و مۆنتاژكاری فیلمە. ئەو نووسەری شەش كتێبە و لە ساڵی 1992 تا ئێستا زیاتر لە 30 فیلمی بەڵگەیی بە وردبوونەوە لەسەر ئەفریقیا بەرهەمهێناوە. ئەو لە ساڵی 1997 فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی سینەما و گفتوگۆی نێوان ئایینەكان ” Today Religion “ دامەزراند. لە ساڵی 2016 بەڵگەفیلمی ” Ukon the samurai” ئامادە كرد كە خەڵاتی باشترین بەڵگەفیلمی لە فێستیڤاڵی فیلمی ” RushDoc” و باشترین بەڵگەفیلمی ژیان‌نامەی مێژوویی لە فێستیڤاڵی فیلمی ” StarDoc ” لە لۆس ئەنجلۆس بەدەستهێنا.

بادی مینك Bady Minck "بادی مینك" لەدایكبووی ساڵی 1956ی زایینی لە لۆكزامبۆرگ لە وڵاتی ئەڵمانیا، هونەرمەند، سینەماكار و بەرهەمهێنەری فیلمە. ئەو لە بەشی پەیكەرتاشی (ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی وییەن) و فیلمسازیی ئەزموونی (زانستگای هونەرەكانی بەكەڵك) وانەی خوێندووە. بەرهەمەكانی ئەو لە سنووری بەشە جۆراوجۆرەكانی هونەری تێپەڕیوە و لە سینەماكان، فێستیڤاڵەكان، مۆزەخانەكان، گەلەرییەكان، پارك و باغ و شوێنە گشتییەكان و رایەڵەی جیهانی وێب نمایش كراون.

لە سی‌وهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران، ئەركی پێشكەشكاری و كارناسیی كۆبوونەوەكانی مەجازیی 38ـ20 لە ئەستۆی "عەتا موجابی" دابوو‌، ئەو لەدایكبووی ساڵی 1984ی زایینی رێكەوتی 1363ی هەتاوی لە شاری قەزوین و خاوەنی بڕوانامەی كارناسی باڵا واتە ماستەری "ئەدەبیاتی دراماتیك" لە كۆلێژی هونەر و بیناسازی زانستگای ئازادی ئیسلامی و فێرخوازی هونەریی بەشی فیلمسازیی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران، ئەندامی ماڵی سینەما ـ ئەنجومەنی كورتە فیلمی ئێران (ئیسفا) و وانەبێژی سینەما لە ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران و سینەماكارە.

كۆبوونەوەكانی مەجازیی 38ـ20 بە پاڵپشتیی بریكاری فەرهەنگی و فێركاریی ئەنجومەنی سینەمای لاوانی ئێران هاوكات لەگەڵ رۆژانی بەڕێوەچوونی سی‌وهەشتەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی كورتە فیلمی تاران بە شێوەی مەجازی و بەبێ بەرامبەر بەڕێوەچوو.

PUKmedia مەنسوور جیهانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket