riklam

قوباد تاڵه‌بانی: سوید هاوكاربێت له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ حكومڕانی هه‌رێم

کوردستان 05:20 PM - 2021-10-21

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ یوناس لۆڤێن باڵیۆزی نوێی سوید له‌ عیراق كۆبووه‌وه‌ و ده‌رباره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق و پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ دوو قۆڵییه‌كانی نێوان هه‌رێم و سوید گفتوگۆیان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا  ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ (21ی تشرینی یه‌كه‌می 2021) كه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، جێگری سه‌رۆك وه‌زیران به‌ بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ باڵیۆزی نوێی سوید كرد، هیواشی خواست له‌ ماوه‌ی كاركردنیدا هاوكاربێت له‌ پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی سوید.

له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی داوایكرد حكومه‌تی سوید زیاتر هاوكاربێت له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی له‌ حكومڕانی هه‌رێمی كوردستان و به‌ تایبه‌تیش له‌ بواری رێكخستنه‌وه‌ی باجدا به‌وپێیه‌ی وڵاتی سوید له‌م ڕووه‌وه‌ له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا له‌ ڕیزی وڵاته‌ پێشه‌نگه‌كانه‌. 
لای خۆیه‌وه‌ باڵیۆزی سوید ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی بۆ هاوكاری و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌تی سوید ئاماده‌یه‌ تیمی پسپۆڕ بۆ كاری راوێژكاری ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكات.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراق كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون كه‌ عیراق به‌ قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و هیوایان خواست لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشتیانه‌ دانووستان بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا و خزمه‌تگوزار كه‌ له‌ ئاستی چاوه‌ڕوانی هه‌موو پێكهاته‌كانی عراقدا بێت. 

له‌م میانه‌یه‌شدا باڵیۆزی سوید ئاماده‌یی وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی یارمه‌تی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان بدات بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق.

PUKmedia 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket