}

مافپه‌روه‌رێك: داڵده‌ده‌رانی ئه‌نفالچییه‌كان له‌گه‌ڵ تاوانباران جیاوازییان نییه‌

کوردستان 05:27 PM - 2021-09-23

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ له‌مه‌راسیمی بانگه‌شه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا، كاكه‌مین نه‌جاڕ‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ رایگه‌یاند: ئه‌و تاوانبارانه‌ی كه‌ جینۆسایدیان به‌سه‌ر گه‌لی كورد هێناوه‌ ئێستا له‌هه‌ولێرن، ئه‌م راستییه‌ش كه‌ تائێستا باس نه‌كراوه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر رێكخراو و ده‌زگا و په‌رله‌مانتارو رۆژنامه‌نوس و رۆشنبیرانی هێنایه‌ ده‌نگ و ناڕ‌ه‌زاییان ده‌بڕ‌ی.

هه‌رله‌و باره‌یه‌وه‌ PUKmedia په‌یوه‌ندی به‌ مافپه‌روه‌ر هێمن محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی یاده‌وه‌ری ئه‌نفال بۆ داكۆكی له‌مافی رزگاربووانی ئه‌نفال كردو ناوبراو به‌رامبه‌ر لێدوانی ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی پارتی راگه‌یاند: زۆربه‌داخه‌وه‌ین كه‌ له‌لایه‌ن به‌رپرسێكی باڵای حزبێكی گه‌وره‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت كه‌ له‌ پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌كه‌یه‌وه‌ داڵده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌درێت كه‌ تاوانبارن به‌ ئه‌نفال و جینۆسایدكردنی میلله‌تی كوردو رۆژێك له‌ رۆژان ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستیان به‌ خوێنی میلله‌ته‌كه‌مان سوربووه‌ له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن حزبێكی باڵا ده‌ست له‌ شاری هه‌ولێر پارێزگاریان لێده‌كرێت و هه‌ولێریان بۆكراوه‌ به‌ شوێنێكی ئارام و ده‌پارێزرێن.

وتیشی: قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسه‌ باڵایه‌ی ئه‌و حزبه‌ی كه‌ باس له‌ پاراستنی تاوانبارانی ئه‌نفال ده‌كات، له‌ژێر سایه‌و سێبه‌ری حزبه‌كه‌ی بۆخۆی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ تاوانه‌، چونكه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ پاراستنی تاوانبار و داڵده‌دانی بۆ ئه‌وه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵ نه‌كرێت به‌ تاوان ئه‌ژمار ده‌كرێت، هه‌مان كات به‌پێی یاسای عیراقی تاوانبارانی ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستن و جینۆسایكردنی كورد به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بڕیاری لێبوردن نایان گرێته‌وه‌.

سه‌رۆكی رێكخراوی یاده‌وه‌ری ئه‌نفال ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له‌ رووی مافی مرۆڤه‌وه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی پێشێلكردنی مافی قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیاباران و راگواستن و جینۆسایدی میلله‌ته‌كه‌مانه‌ بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی قبوڵكردنییه‌و به‌ ئاشكرا سوكایه‌تییه‌ به‌ گیان و خوێنی شه‌هیدانی ئه‌نفال و كیمیاباران.

وتیشی: ئێمه‌ وه‌ك پاشماوه‌كانی ئه‌نفال و كه‌سوكاری شه‌هیدان چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌مان ده‌كرد كه‌ له‌لایه‌ن دادگاكانی هه‌رێمه‌وه‌ سزای قورسی تاوانبارانی ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆسایدكردنی میلله‌ته‌كه‌مان بدرایه‌، نه‌وه‌ك لایه‌نێك كه‌ خۆی به‌ پارێزه‌ری مافه‌كانی میلله‌ته‌كه‌ی ده‌زانێت داڵده‌ی دوژمنانی میلله‌ته‌كه‌ی بدات و پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ بكاته‌ لانكه‌یه‌كی ئارام تا ئه‌وان به‌ ئاره‌زووی خۆیان تیایدا بحه‌وێنه‌وه‌و ته‌راتێنی تیادا بكه‌ن و كه‌سوكاری ئه‌نفال كراوه‌كانیش به‌ دڵێكی بریندارو خه‌مێكی بێ كۆتاییه‌وه‌ له‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی رۆڵه‌ ئه‌نفالكراوه‌كانیاندا بن كه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌و تاوانبارانه‌ له‌ بیابانه‌كانی عه‌رعه‌رو باشوری عیراق به‌ زیندوویی خرانه‌ ژێر گڵه‌وه‌.

PUKmedia تایبه‌ت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket