}

دێری ره‌بان هورمزد 365 ده‌رگای هه‌یه‌

کوردستان 10:00 PM - 2021-09-12

له‌ ناحیه‌ی ئه‌لقووش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا له‌ سنووری پارێزگای موسڵ، دێری ره‌بان هورمزدی كریستیانه‌كان هه‌یه‌ ,ئه‌و دێره‌ 365 ده‌رگای هه‌یه‌ وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ رۆژه‌كانی ساڵ. 

ره‌بان هورموزد یه‌كێكه‌ له‌ دێره‌ مێژوویی و به‌ناوبانگه‌كانی جیهانی مه‌سیحییه‌ت كه‌ له‌ نزیكه‌ی ١٥٠٠ ساڵ له‌مه‌و پێش.
واتا له‌ نێوان ساڵه‌كانی ی٦٢٨_٦٤٨ زایینی بۆ كه‌سایه‌تییه‌كی ئایینی به‌ ناوی "هورموز"د درووستبووه‌ و ده‌كه‌وێته‌ دوو كیلۆمه‌تری شاری ئه‌لقوش. 

هورموزد كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی شاری شیرازه‌ له‌ وڵاتی ئێران،له‌ ته‌مه‌نی بیست ساڵی خانه‌واده‌كه‌ی به‌ جێهێشت و به‌ره‌و ئیسراییل ڕۆیشت و ، گه‌یشته‌ شاری "هالان" له‌وێ له‌گه‌ڵ سێ ڕاهیبی دیكه‌ ئاشنا بوو وله‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌ره‌و دێری بارایتا ڕۆیشت به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك دێری باریتاشی به‌ جێهێشت و له‌ ناو دڵی چیایه‌ك سه‌رقاڵی به‌ جێ گه‌یاندنی ئه‌ركه‌ ئایینییه‌كانی بوو، لێره‌وه‌ له‌ پاش روودانی چه‌ندین رووداو و سه‌فه‌ری جیاواز و مانه‌وه‌ له‌ چه‌ند دێرێك،پاشان به‌ره‌و ره‌بان هورموزد به‌ره‌و چیای ئه‌لقوش ده‌ڕوات و له‌وێ خه‌ڵك زۆر به‌ گه‌رمی پێشوازی لێده‌كه‌ن و گفتی ئه‌وه‌ی پێده‌ده‌ن كه‌ هاوكاری بن بۆ درووستكردنی دێرێك.
له‌ ساڵی ١٣٩٣ كاتێك تیموری له‌نگ به‌ره‌و ناوچه‌كانی ئێران و میزۆپۆتامیا هێرش ده‌كات، ده‌ستی ئه‌م له‌شكه‌ره‌ خوێنمژه‌ ده‌گاته‌ دێری ره‌بان هورموزد و زۆربه‌ی راهیبه‌كان ده‌كوژرێن و ئه‌وانه‌ی دیكه‌شی ناچار ده‌كرێن دێره‌كه‌ به‌جێ بهێڵن.
هه‌روه‌ها له‌ سه‌رده‌می "نادر شای ئه‌فشار" هه‌م دیس ئه‌م دێره‌ تووشی په‌لامار و كوشتاری زۆر بووه‌، به‌ڵام كۆتا چۆل كردن و به‌ جێهیشتنی دێری ره‌بان هورموزد له‌ ساڵی ١٩٦٠ بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشی گه‌لی كورد كه‌ بوو به‌ هۆی به‌جێهێشتنی ئه‌م دێره‌ هه‌تا ساڵی ١٩٧٥.
جگه‌ له‌ گۆڕی ره‌بان هورمزد، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گۆڕی ره‌به‌نه‌كان له‌ناو دێره‌كه‌دا هه‌ن كه‌ به‌ درێژایی ته‌مه‌نی خۆیان له‌ناو دێره‌كه‌دا خواپه‌رستییان كردووه‌ و هه‌ر له‌وێ مردوون و نێژراون.
دێر و كه‌نیسه‌كان له‌ ناحیه‌ی ئه‌لقوش له‌ ده‌شتی نه‌ینه‌وا، جگه‌ له‌ شوێنێك بۆ خواپه‌رستیی و نزاكردن، بوونه‌ته‌ شوێنی گرنگی گه‌شتیاریی. ساڵانه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ گه‌شتیارانی ناوخۆی كوردستان و عێراق و ته‌نانه‌ت وڵاتانی ده‌ره‌وش سه‌ردانی ده‌كه‌ن. 

PUKmedia فۆتۆ.. راپۆرت ـ شۆڕش وه‌هبی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket