}

كازمی بۆچی له‌ تارانه‌ ؟

جیهان 08:05 PM - 2021-09-12

مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 12ی ئه‌یلولی 2021 به‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌فدێكی باڵای حكومه‌ت گه‌یشته‌ تارانی پایته‌ختی ئێران و ئه‌وه‌ش له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكی ره‌سمی بۆ ئه‌و وڵاته‌ له‌سه‌ر بانگهێشتی ئیبراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی ئێران، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌، لێكۆڵه‌رێكی بواری سیاسه‌ت و ستراتیژ گرنگترین دۆسیه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كات.

كازمی و ره‌ئیسی، ئه‌مڕۆ گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌باره‌ی زیادكردنی ژماره‌ی زیاره‌تكارانی ئێرانی و به‌شداریكردنیان له‌ رێوڕه‌سمی عاشوراو هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی فیزای گه‌شتكردن له‌نێوان عیراق و ئێراندا.

ئه‌حمه‌د خدر، لێكۆڵه‌ری سیاسی و ستراتیژ به‌  PUKmedia ی راگه‌یاند: سه‌ردانی كازمی بۆ تاران گرنگه‌و سه‌رۆك وه‌زیران ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ی له‌هه‌گبه‌كه‌یدا هه‌ڵگرتووه‌، له‌پێشیشیانه‌وه‌ دۆسیه‌ی وزه‌یه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ دوو بڕگه‌، بڕگه‌یه‌كیان پێدانی كاره‌بایه‌و ئه‌وی تریشیان غازه‌، روونیشی كرده‌وه‌، هه‌ندێك شایسته‌ی دارایی هه‌یه‌ كه‌ له‌سه‌ر عیراق پێویسته‌ بیانداته‌وه‌، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌مریكا رێگره‌ له‌وه‌دا، ئه‌وه‌ش وای له‌ئێران كرد ئاستی پێدانی غاز بۆ عیراق كه‌مبكاته‌وه‌و به‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیستمی كاره‌بای نیشتمانی دروست بكات.
راشیگه‌یاند: وزه‌ یه‌كێك ده‌بێت له‌ دۆسیه‌ گرنگه‌كان كه‌ كازمی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ تاران پێیه‌تی، جگه‌له‌ دۆسیه‌ی ئاو، سه‌رباری بوونی چه‌ندین سه‌رچاوه‌ی ئاو، به‌ڵام بڕی  به‌ردانه‌وه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان دروستكردووه‌ به‌تایبه‌تیش ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵییانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ ناوه‌ڕاست و باشووری عیراقه‌وه‌، ئاماژه‌شیدا، دۆسیه‌ی ئاسایش و كاریگه‌ری ئێران له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ دروشمی دژایه‌تیان له‌به‌رامبه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌عیراق هه‌ڵگرتووه‌، له‌ئێستادا به‌غدا ده‌یه‌وێت پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان، دڵنیایی له‌و باره‌یه‌وه‌ وه‌ربگرێت.

ئه‌حمه‌د خدر واش پێشبینی ده‌كات سه‌ردانه‌كه‌ ئه‌نجامی ئه‌رێنی تریشی هه‌بێت، ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ ئێران گرنگی زۆر به‌ دۆسیه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌دات، چه‌ندین جار و له‌چه‌ندین بۆنه‌دا پشتیوانی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ده‌ربڕیوه‌و به‌ڵێنیشی داوه‌ ئاسایشی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌سته‌به‌ر بكات ته‌نانه‌ت تاوه‌كو دوای ده‌نگدان و پرۆسه‌ی ژماردن و جیاكردنه‌وه‌و راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان، پرسی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاماده‌یی به‌هێزی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئێران هه‌یه‌.

به‌یانی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، له‌كۆشكی كۆنگره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌تارانی پایته‌خت، له‌لایه‌ن ئییراهیم ره‌ئیسی، سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، رێوڕه‌سمی پێشوازیكردن له‌مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ به‌ڕێوه‌چوو.
واش بڕیاره‌ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌دا وه‌ك نووسینگه‌ی راگه‌یاندنه‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه‌،له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌به‌رپرسانی ئێران كۆببێته‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ تاوتوێكردنی ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ی گرنگی هاوبه‌ش له‌خۆده‌گرێت، له‌نێویاندا پشتگیریكردن له‌هه‌وڵه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو گه‌لی عیراق و ئێرانی تێدابێت، جگه‌له‌وه‌ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو لایه‌نه‌ سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵوێسته‌كان له‌باره‌ی پرسه‌ ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پاڵپشتیكردن له‌ئاسایش و سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌.

PUKmedia  تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو