riklam

هەنارەكەی هەڵەبجە لەبەریتانیا دەنگدەداتەوە

تاراوگە‌‌ 07:00 PM - 2020-11-22
.

.

ناردنی هەناری هەڵەبجە بۆ بەریتانیا دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوەو پەرلەمانتاران بە دیبلۆماسییەتی هەنار ناویان بردوەو دەشڵێن: هەناری هەڵەبجە  بەتام و بەناوبانگ بەنرخەو رەمزی هیواو مانەوەو هەستانەوەی هەڵەبجەیە، هیوداریشن بازرگانی نێوان هەرێم و بەریتانیا پەرەی پێبدرێت.

كاروان جەمال تاهیر نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەریتانیا هەڵمەتێكی ناساندنی بەرهەمی ناوخۆییان ئەنجامدا بەناردنی هەناری شارەزوور/هەڵەبجە بۆ ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و وەزیرو دۆستانی هەرێمی كوردستان و لە پەیامێكیدا بۆیان رایگەیاند: ئەم هەنارە بەرهەمی ناوخۆیی هەڵەبجەی هەرێمی كوردستانەو یەكەمجارە بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی بەریتانیا دەكرێت، هیوادارم بەدڵتان بێت و ئومێد دەكەم كەرتی كشتوكاڵی هەرێم بەجۆرێك پێشبكەوێت كە دەرفەتی بازرگانی نێوان هەردوو گەلی كوردو بەریتانیا زیاد بكات.

هەڵمەتەكە دەنگدانەوەیەكی شایستەی دروستكرد لە نێو سۆشیال میدیا و پەرلەمانتاران بەشێوەی جیاواز رای خۆیان دەربڕی و بە "دیبلۆماسییەتی هەنار" ناویان هێنا.

ئەلیسا كارین پەرلەمانتارو ئەندامی لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی بەریتانیا لە تویتێكدا لەسەر هەناری هەڵەبجە دەڵێت: زۆر سوپاس بۆ ئەو هەنارە بەتامە كە رەمزی هیواو مانەوەو هەڵسانەوەی هەڵەبجەیە لە دوای پەلاماری سەدام حسێن بە چەكی كیمیایی، هاوكات رەمزی تەندروستی كەرتی كشتوكاڵی كوردستانە.

دەشڵێت: وەك هاوڕێیەكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبم لە پشتیوانی كردنی هاوڕێ و هاوپەیمانی لەمێژینەمان لە كوردستانی عیراق كە شانبەشانمان وەستان لە بەرامبەر رق و كوشتنی بەكۆمەڵ، لەگەڵیاندا زۆر شتی هاوبەشمان هەیە‌. راشیگەیاندوە:: ئەم بەرهەمی هەنارە یەكەمجارە هەناردە دەكرێت لە هەڵەبجەوە، بۆیە دەستكەوتێكی گەورەیەو هیوادارم ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیاتر ببینین لەنێوان گەلی ئێمەو كوردستان.

رۆبەرت هاڵفۆن پەرلەمانتارو سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی بەریتانیا كە هاوكات سەرۆكی گروپی دۆستایەتی گەلی كوردستانە لە تویتێكدا دەڵێت: زۆر كاریگەربوو كە هەندێك هەناری هەڵەبجەم بەدەست گەیشت لەلایەن نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو شارۆچكەیەی كە لە 1988 بەشێوەیەكی تراجیدیانە بۆمباران كرا بەچەكی كیمیایی لەلایەن سەدام حسێن كە بووە هۆی لەدەستدانی 5000 هەزار قوربانی، ئێستا هەڵەبجە گەشەسەندوە بە بەروبوومی كشتوكاڵی بەهێز، لەنێویشدا خواردنێكی زۆت بەچێژی وەك هەنار، هاوكات وتارێكی خۆی جارێكی تر داناوەتەوە كە لە ئاداری 2012 نوسیویەتی لەسەر بەجینۆساید ناساندنی تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە لە پەرلەمانی بەریتانیا.

جاك لۆپرستی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی ناتۆ لە پەرلەمانی بەریتانیا كە دۆستێكی نزیكی گەلی كوردستانە لە تویتێكدا وتویەتی: زۆر سوپاس بۆ ئەو هەنارە بەنرخەی هەڵەبجە، خۆشحاڵم كە بازرگانی نێوان هەردوو وڵاتمان دەبینم، هەروەها‌ ئیمكانییەتی ئایندەیەكی گەشەسەندوی كەرتی كشتوكاڵ لە كوردستان.

هەروەها گاری كێنت دۆستی نزیكی هەرێمی كوردستان و سكرتێری گروپی دۆستایەتی هەرێمی كوردستانیش لە تویتێكدا دەڵێت: هەناری كوردستان بەناوبانگە، هەروەك گروپەكەمان جەختی لەسەر دەكاتەوە هەمیشە، رەمزی زیندویی  و هەستانەوەی كشتوكاڵە لە كوردستان بۆ فرە ‌سەرچاوەبوونی ئابووری و زیادبوونی داهاتی غەیرە نەوتی، با ئومێدمان هەبێت كە زیاتر بەروبومەكان ببینین لە  تاقەكانماندا.

بەهەمانشێوە هەناری هەڵەبجە سەرنجی رەوەندی كوردستانی و كۆمەڵگەی بەریتانیشی راكێشا و ئومێدەوارین كە بەبەردەوامی بەرهەموو كاڵای ناوخۆیی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان بكرێت و گرینگی زیاتر بدرێت بەپێچانەوەو براندو بەبازاڕكردن لە ئایندەدا.

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket