riklam

كه‌نه‌دا، ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌له‌ به‌رز ڕاده‌گیرێت

تاراوگە‌‌ 12:15 PM - 2020-02-12
.

.

به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی هه‌رێمی ئۆنتاریو و هاوڵاتیانی فارس و بیانی و نوێنه‌ری حزب و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان، بۆ ڕێزگرتن له‌ یادی 26 ی ڕێبه‌ندان ساڵیادی هه‌ڵگیرساندنی خه‌باتی نهێنی و ئاشكرای كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران، له‌ شاری تورونتۆ بیره‌وری مۆمی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران له‌ ئاهه‌نگێكی مه‌زن و ڕازاوه‌دا له‌ هۆڵی گراند بانكیوتی تورونتۆ به‌رز و پیرۆز ڕاگیرا .

سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌ به‌ سروودی بانگه‌واز و ڕاوه‌ستانی خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ ڕێزگرتن له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كۆمه‌ڵه‌ و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان ده‌ستی پێكرد .

پاشان هێرو موهته‌دی و ئه‌یوب عه‌بدوڵاپوور به‌ هه‌ردوو زمانی ئینگلیزی و كوردی به‌ناوی كۆمیته‌ی به‌ڕێوبه‌ریی ڕۆژی كۆمه‌ڵه‌ به‌خێر هاتنی ئاماده‌بووانیان كرد و ته‌وه‌ری ڕێوڕه‌سمه‌كه‌یان بۆ ئاماده‌بووان ڕوونكرده‌وه‌ .

شه‌هاب ڕه‌شیدی سه‌رپه‌رشتیاری ڕێوڕه‌سمی ئاهه‌نگ بۆ PUKmedia وتی: بۆ به‌شداری كردن له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا به‌گه‌رمی پێشوازیمان له‌ هه‌موو حزب و ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان و شورای میللی هێزی خه‌باتكارانی ئه‌حواز كردووه‌ و به‌و بۆنه‌شه‌وه‌ په‌یام و پیرۆزبایی كه‌سایه‌تی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانمان پێگه‌یشتووه‌.  سه‌رپه‌رشتیاری ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ وتیشی: كۆمیته‌ی كۆمه‌ڵه‌ به‌و بۆنه‌وه‌ په‌نجا چله‌ گوڵی سووری پێشكه‌ش به‌ به‌شداربووان كرد.

پاشان سه‌لاح بایه‌زیدی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ند و نوێنه‌ری ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌ واشنتۆن په‌یامی كۆمیته‌ی كه‌نه‌دای كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران پێشكه‌ش كرد و تیاییدا ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵ و خه‌باتی په‌نجا ساڵه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران داو وتی:  رۆژی 26 ی ڕێبه‌ندان و خه‌باتی كۆمه‌ڵه‌ له‌ ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوودا وه‌ك هێزێكی پێشه‌نگ و كاریگه‌ر له‌ پێناو ڕزگاری گه‌لی كورد وه‌چه‌رخانێكی مێژوویی بوو له‌ كاروانی خه‌باتی گه‌لی كورد. دواتر لایه‌ن و ڕێكخراوه‌كان له‌ وتاره‌كانیاندا به‌گشتی وێڕای پیرۆزباییكردن، رۆژی 26 ی ڕێبه‌ندان و ده‌ستپێكی خه‌بات و تێكۆشانی كۆمه‌ڵه‌ له‌پێناو ڕزگاری گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی په‌نجا ساڵی ڕابردوودا به‌رز نرخاند.

جیم كریجیانیس ئه‌ندامی پێشووی فیدراڵی كه‌نه‌دا و دكتۆر ره‌زا موریدی په‌رله‌مانتاری پێشووی هه‌رێمی ئۆنتاریو له‌ وته‌كانیاندا پیرۆزبایی خۆیان به‌بۆنه‌ی هه‌ڵكردنی مۆمی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێری زه‌حمه‌تكێشانی كوردستانی ئێران ئاراسته‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی كۆمه‌ڵه‌ وخه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی كرد. په‌رله‌مانتاران له‌ به‌شێكی وته‌كه‌یاندا ئاماژه‌یان به‌ ڕووداوی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌ مه‌ده‌نییه‌كه‌ی ئۆكرانیا له‌لایه‌ن هێزی سه‌ربازی ئێرانه‌وه‌ كرد كه‌ بووه‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدانی 176 هاوڵاتی له‌وانه‌ش 68 هاوڵاتی كه‌نه‌دی بوون، په‌رله‌مانتاران وێڕای ده‌ربڕینی خه‌م و په‌ژاره‌یان بۆ كه‌سوكاری قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ ئاشكراشیان كرد حكومه‌تی كه‌نه‌دا له‌ ڕێی چه‌ند پارێزه‌رێكه‌وه‌ له‌دادگای نێوده‌وڵه‌تی سكاڵای تۆمار كردووه‌ و داوای یه‌ك ملیار دۆلارشی بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و ڕووداوه‌ كردووه‌. جێم كرجیانیس له‌ وته‌كه‌یدا ڕاشیگه‌یاند بۆ یه‌كه‌م جار به‌ هاوكاری ڕێكخراوه‌ كوردییه‌كان توانیمان ئاڵای كوردستان له‌به‌رده‌م شاره‌وانی شاری تورونتۆ ( ستی هۆڵ ) هه‌ڵكه‌ین. له‌ كۆتایی وته‌كه‌یدا كریجیانیس به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌وه‌ خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی تورونتۆی پێشكه‌ش به‌ كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی كه‌نه‌دا كرد.

له‌ كۆتاییدا هونه‌رمه‌ندان چۆپی فه‌تاح و ئومێد باڵه‌بان به‌ هاوكاری تیپی میوزیكی كوردی و سه‌په‌رشتی نه‌وروز خه‌فاف به‌ گۆڕانی فۆلكلۆری و زه‌ماوه‌ندی به‌شداربووان تا كاتێكی دره‌نگ ئاهه‌نگی ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێریان ڕازانده‌وه‌.

PUKmedia  عوسمان عه‌لی- تورونتۆ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket