كەژاڵ ئەحمەد: ڕاگەیاندن غەدری زۆری لێكردووم
ئەدەب وهونەر 11:31 AM - 2018-11-25.
پرچی شیعری كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د ئێستاش هه‌ر ته‌ڕ و بڕه...
كه‌ژاڵ ژنێكی هه‌میشه ته‌نیا، شاعیرێك كه خۆیشی نازانێت دڵی له كوێیه، نووسه‌رێكه كه‌پێی وایه هیچ كه‌س وه‌ك خۆی ناتوانێت مێژووی خۆی بنووسێته‌وه. كه‌ژاڵ ژنێك له‌نێوان شیعر و سیاسه‌ت و ڕاگه‌یاندن، شیعر هه‌ڵده‌بژێرێت. میدیاكارێكه كه پێیوایه هیچ شتێك به قه‌د میدیا ئازاری نه‌داوه و جارێكی تر ناگه‌رێته‌وه بۆ ناوی دونیای ڕاگه‌یاندن. كه‌ژاڵ یه‌كه‌مین په‌یامنێری مێیه كه ده‌چێته به‌ره‌كانی شهر.
دوای 10 ساڵ دووركه‌وتنه‌وه له نیشتمان جارێكی تر كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د به ئه‌زموونێكی تر كه هه‌مان ئه‌ده‌بی تاراوگه‌یه، جارێكی تر نیشتمان له‌باوه‌ش ده‌گرێته‌وه و ده‌ڵێت: ئیتر شوو به هیچ وڵاتێك ناكه‌م و نیشتمانیشم هه‌مان جه‌نتاكه‌ی شانمه.
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا كه‌ژاڵ ڕای خۆی له‌سه‌ر شوناس، مێژوو، بێده‌نگی، دابڕان، نیشتمان، تاراوگه، شیعر و چه‌ند ته‌وه‌رێكی تر ده‌خاته‌ڕوو.
پ/ هه‌ر یه‌كێك له ئێمه پێناسه و شوناسێكی هه‌یه و هاوكاتیش ئێمه بێ پێناسه و شوناسین ڕای تۆ؟
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: كه‌س خۆی پێناسه بۆ خۆی ناكات، به‌ڵكوو پێناسه‌ی بۆ ده‌كرێت. ژیان له كۆتاییدا پێناسه‌یه‌ك بۆ هه‌ر یه‌ك له ئێمه ده‌كات، زۆربه‌شمان بێ پێناسه‌ین. تا مردنیش بێ پێناسه ده‌مێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه به مانای " نه‌بوون" مان نییه. ئێمه هه‌ڵگری چه‌ندین پێناسه و شوناس و ناسنامه‌ین، وه‌كوو مرۆڤ، وه‌كوو نووسه‌ر، وه‌كوو داهێنه‌ر، وه‌كوو كوردێكیش.
پ/ قسه‌یه‌كت هه‌یه ده‌ڵێی: كه‌س وه‌ك خۆم مێژووی خۆم نانووسێته‌وه؟ ئه‌م مێژوو نووسینه چییه؟
كه‌ژاڵ: كه‌س وه‌كو خۆم مێژووم بۆ تۆمار ناكا و ڕۆمانی خه‌مم نانووسێ، سوپاست ده‌كه‌م كه ئه‌وه‌ت وه‌بیر هێنامه‌وه، من لێره‌وه ده‌ستم پێكرد. هه‌ر یه‌ك له‌ئێمه له‌ژیانی تایبه‌تی خۆیدا سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه. هه‌ر وه‌ك چۆن له‌دایك ده‌بێت سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه، له دونیای نووسینیشدا سه‌ره‌تایه‌كی هه‌یه. ئه‌وه سه‌ره‌تاكه‌ی من بووه كه پێی ناسرام. له‌وێوه دونیابینی من ده‌ستیپێكردووه و گه‌وره بووه. بۆیه ده‌ڵێم: قه‌ڵه‌مه‌كانتان بشكێنن، كه‌س وه‌كو خۆم مێژووی " بوونم" تۆمار ناكاو ڕۆمانی خه‌مم نانووسێ. كه ده‌ڵێم خۆم مه‌به‌ستم ته‌نها خۆم نیم، به‌لكوو به‌گشتی، وه‌ك مرۆڤێك، وه‌ك نووسه‌رێك، وه‌كوو مێینیهك.
پ: تۆ پێشتر بوێر و سه‌ركه‌ش و سهربزیۆ بووی، به‌ڵام ماوه‌یه‌كی زۆر دابڕای، ده‌نگت نه‌بوو؟ بێده‌نگ بووی، هۆكاره‌كه‌ی چ بوو؟ ماندوو بووی؟ یان ڕێگرییه‌ك هه‌بوو، یان ناته‌وێت باجی زیاتری بۆ بده‌ی؟ ئایا بوێرییه‌كه‌ی جاران ماوه؟ ئایا پرچی ته‌ڕ و بڕی شیعرت وه‌ك خۆی ماوه یان وشك بووه؟
كه‌ژاڵ: سه‌ره‌تا له‌چه‌مكی بێده‌نگ بوونه‌وه ده‌ستپێده‌كه‌م. بێده‌نگی نه‌بووه. بێده‌نگ نه‌بووم ئه‌گه‌رچی زۆر جاریش بێده‌نگ بوون، وتنێكی به‌هێزه. زۆرجار بێده‌نگی خۆی گه‌وره‌ترین هاواره. له‌و قۆناغه‌دا كه 10 ساڵی خایاند من بێده‌نگ نه‌بووم، به‌ڵكوو دوور كه‌وتمه‌وه، ناوی ده‌نێم دوور كه‌وتنه‌وه نه‌ك بێده‌نگی. وه‌ك جوگرافیا له نیشتمان دوور كه‌وتمه‌وه، له بواره‌كانی دیكه‌ی وه‌ك ڕاگه‌یاندن دووربووم كه زیاتر له 20 ساڵ وه‌ك میدیاكارێك كارم تێدا كردووه. ئه‌و دوور كه‌وتنه‌وه‌یه لای هه‌ندێك كه‌س به جه‌نابیشته‌وه وا لێكدرابووهكه گوایه بێده‌نگم. نا وانه‌بوو ، به‌ڵكوو له‌سه‌ر شیعرنووسین به‌رده‌وام بووم، به‌ڵام له میدیاكان بڵاوم نه‌كردۆته‌وه و چاوپێكه‌وتنم نه‌كردووه. له‌ئێستادا كوردستان به كۆمه‌ڵێك قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێ كه ئه‌گه‌ر به‌رهه‌میی نوێشت هه‌یه ده‌بێت زۆر بیر بكه‌یته‌وه كه له‌كوێ بڵاوی بكه‌یته‌وه. كوا گۆڤار و ڕۆژنامه به‌هێزه‌كانی جاران كه به شانازییه‌وه شتت تێدا بڵاوده‌كرده‌وه و هه‌مووشیان خوێنه‌ری جدییان هه‌بوو.
پ/ 10 ساڵ دوور كه‌وتنه‌وه له نیشتمان وای كردووه كه كه‌ژاڵ بكات به دوو كه‌ژاڵ، یه‌كه‌میان كه‌ژاڵی نیشتمان، دووه‌م كه‌ژاڵی تاراوگه، كه‌ژاڵ له نیشتماندا كهژاڵێكی بزۆز و سهربزیۆ و سه‌ركه‌ش و یاخی، به‌ڵام به زمان و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆی، تۆ ئه‌و كاته‌ی كه له نیشتمانیش بووی هه‌ر كه‌سێكی بێ نیشتمان بووی، ڕای جه‌نابت؟
كه‌ژاڵ: ئه‌وه ڕه‌نگه هه‌ستێكی ژنانه بێت، چونكه ژن خراوه‌ته ده‌ره‌وه‌ی مێژوو، ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان. ھه‌ربۆیه له شیعری نیشتمان جانتاكه‌ی شانمه ده‌ڵێم : (شڵه‌ژاوانه ده‌ڕۆم و خۆم ئه‌ده‌م به دره‌ختێكا، پێی ده‌ڵێم : ببوره گیان ، من هه‌میشه بێ متمانه‌م ، له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندینجار تاڵان كراوه نیشتمانی جانتای شانم. )له سه‌ره‌تای شیعره‌كه‌ش ده‌ڵێم :نیشتمان جانتاكه‌ی شانمه، ماڵی ناسنامه و نهێنییه‌كانم، له‌گشت شوێنێك له‌گه‌ڵمایه ،چاره‌نووسی بێ چاره‌یه ئه‌م جانتایه . ڕه‌نگه هه‌ر غه‌ریبێك خۆی تێدا ببینێته‌وه، له هه‌ر شوێنێكی ئه‌م دونیایه بێت، هه‌ر كوردێك بێت و له‌هه‌ر شوێنێك بێت.
پ/ تۆ گه‌ڕایته‌وه بۆ باوه‌شی نیشتمان، ئایا ئێستاش نیشتمان لای تۆ هه‌ر كوڕه قسهخۆشهكهی جارانه؟
كه‌ژاڵ: وایه له‌ھه‌مان شیعرا ده‌ڵێم :(كوڕێكه قسه‌خۆش نیشتمان ، رهدووتان ده‌خات كچینه، ھه‌رگیز باوه‌ڕی پێمهكهن ! له‌نیوه‌ی رێ ده‌روات و وازتان لێدێنێ.)له عه‌ممان ئه‌م شیعره‌م نوسیووه وپێم وایه نیشتمان ئێستایش ئه‌و كوڕه قسه خۆشه‌یه به‌ڵام چیدی من كچه خۆشباوهڕهكه نیم.
پ/ هیچ شتێ له‌وه سه‌ختر نییه كه مرۆڤ هه‌ست بكات له هیچ شوێنێ نیشتمانی نییه و بێ نیشتمانه، نیشتمانی به‌لای تۆوه؟
كه‌ژاڵ، نیشتمان واتا جوگرافیا، واتا كه‌سه‌كانی، شوێنه‌كانی، داموده‌زگاكانی سه‌رده‌مانێك له هه‌موو ئه‌مانه دابڕابووم. دوور كهوتنهوهكهم زۆر پێویست بوو بۆ ئه‌و كاتانه‌ی كه ڕۆیشتم، له‌پێناو كوردستان و هێشتنه‌وه‌ی خۆم ڕۆیشتم. له‌دوایین شیعرمدا وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه ده‌ده‌مه‌وه كه ده‌ڵێن بۆ دوور كه‌وتۆته‌وه یان ڕۆیشتووه.
(من هود هودهكهی سلێمان بووم
كه ڕۆیشتم ده‌وریان دام به گومان،
كه هاتمه‌وه ئاشی شیعرم دۆزییه‌وه و
خۆم نه‌دۆڕاند.)
پ/ تۆ ده‌ڵێت دڵم له‌شوێنێ داناوه، ئه‌و شوێنه كوێیه؟
كه‌ژاڵ: به‌ڵێ ئه‌وه له‌شیعری (دڵم له‌شوێنێ داناوه ) دا وتوومه : (ببوره من دڵم له‌سینه‌مدا نییه، له‌شوێنێ دامناوه ، بۆ خۆیشم نازانم كوێیه، تۆ ده‌چی، كتێبخانه‌ی گشتی شاری بۆ ده‌گه‌ڕێی ، ده‌بینی خوێنه‌رێ ، ده‌یبات و نایھێنێتهوه )
پ/ دابڕان و دووركه‌وتنه‌وه له‌شیعر بۆ ماوه‌یه‌ك زۆر ئاسایی و سروشتییه وایه؟
كه‌ژاڵ: دووركه‌وتمه‌وه، به‌ڵام دانه‌بڕام، من له‌ساڵی 2008 هه‌تا 2018 له‌عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن ژیام. له‌و ماوه‌یه‌دا بێده‌نگ نه‌بووم له‌ساڵی 2014 دا كۆمه‌ڵه شیعری " من ده‌بێت خۆم بسمیل بكه‌م" م بڵاوكردۆته‌وه و داھاتهكهیم پێشكه‌ش به كه‌سوكاری شه‌ھیدان كردووه. ئه‌م دیوانه‌ی ئێستاشم " زمانی باڵنده‌م ده‌زانی" هه‌ندێك له‌شیعره‌كانی له‌عه‌ممان نووسراون . به‌و شیعرهشهوه كه له‌م ماوه‌یه‌دا له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بلاومكردۆته‌وه و هه‌ندێك له شیعره‌كانم له په‌یجه‌كه‌ی خۆم بڵاوكردۆته‌وه و بێجگه له‌مه له هیچ شوێنێكی تر شیعرم بڵاو نه‌كردۆته‌وه .شیعری " ڕۆیشتنی چه‌قیو"، جه‌فای ئه‌مساڵ، ملپێچهكهت و مه‌ھێڵه لهدایكببم و زۆر شیعری ترم ھه‌ن له دیوانه نوێكهمدا بڵاویانده‌كه‌مه‌وه. ناتوانم لهپهیجهكهم ھه‌موویان دابنێم. چونكه مافی نووسه‌ر له‌وڵاتی ئێمه كێ بیپارێزێت. هه‌ندێك كه‌س به ئاسانی بیرۆكه یان كۆپله یان دێری شیعره‌كانی تۆ ده‌به‌ن و ده‌یكه‌ن به هی خۆیان. ده‌بێت شوێنێك هه‌بێت،بابه‌ته‌كانی لێ چاپ بكه‌ی تا مافی ئه‌و نووسه‌ره پارێزراو بێت و بڵێت من له ڕۆژی ئه‌وه‌نده تا ئێره بابه‌تم بڵاو كردۆته‌وه. له ساڵی 2016 دا كۆمه‌ڵێ شیعرم به ناوی "مشتێ خوێ" به ئینگلیزی بڵاوبۆته‌وه. وه‌رگێڕه‌كان زۆر پێوه‌ی ماندوو بوون و ئه‌و كۆمه‌ڵه شیعره له ئه‌مریكا چاپ بووه. ماری لاپروس مامۆستایه‌كی به‌توانای زانكۆی ئه‌مریكی بوو له سلێمانی، له‌گه‌ڵ دوو خوێندكاری خۆی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ی منیان كردووه به ئینگلیزی. گرنگه بۆ نووسه‌رێكی كورد كه چاپخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی باوه‌ڕپێكراو له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی خۆت، دان به نووسینه‌كانتدا بنێت و بۆت چاپ بكات. ئێمه ڕه‌نگه بتوانین له‌وڵاتی خۆمان وه‌رگێڕ بدۆزینه‌وه ئه‌دی ده‌زگا ده‌دۆزینه‌وه ؟ له‌وێ باربارا گۆڵبێرگ ئه‌و كتێبه‌ی بۆ چاپ كردووم. ھه‌روه‌كو چۆن له ساڵی 2005 یشدادهزگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی cappelen به‌تیراژی 1600 دانه له ئۆسلۆ دیوانێكی به نه‌رویجی بۆ چاپ كردووم. داهاتی فرۆشی دیوانی " مشتێ خوێ" م پێشكه‌ش كردووه به‌ژنانی ئێزدی قوربانی شه‌ڕی داعش. دوای ڕۆیشتنم له‌ساڵی 2008 سه‌نته‌ری وه‌رگێڕانی شیعری جیهانی كۆمه‌ڵێ شیعری منی به ئینگلیزی و كوردی چاپ كردووه كه د.چۆمان هه‌ردی كاری وه‌رگێڕانی بۆ كردووه و ده‌زگای چاپهكهشی ده‌زگای گه‌وره بووه و هه‌موو ئه‌مانه له‌ساڵانی غوربه‌تی مندا ڕوویانداوه. ئه‌گه‌ر بابه‌تم بڵاو نه‌كردبێته‌وه، به‌ڵام خۆ كارم كردووه، وه‌رگێڕه‌كان له ئه‌مریكاوه هاتوون بۆ عه‌ممان بۆ لام.ڕاسته له ڕاگه‌یاندن لابڕاوم، به‌ڵام له‌شیعر دانه‌بڕاوم و ماوه‌یه‌ك دوور كهتبوومهوه كه ئه‌وه‌ش پێویست بوو، ئێستا تۆ له‌ماڵه‌كه‌ی خۆت له‌ڕێگه‌ی ته‌كنۆلۆژیاوه، له‌ڕێگه‌ی فه‌یسبووكه‌كه‌ته‌وه ده‌توانی ده‌زگای راگه‌یاندن بیتو هه‌موو شت بڵاو بكه‌یته‌وه. كه ده‌ستمان پێكرد له‌و سه‌ره‌تایانه‌دا ئێمه خواخوامان بوو كه له‌ڕۆژنامه‌یه‌كی ناوخۆیی كه ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌می لێده‌رده‌چوو، شیعره‌كانی خۆمان به چاپكراوی ببینینه‌وه، خواخوامان بوو كه شیعرهكانمان ڕه‌ت نه‌كرێنه‌وه. من كاتی خۆی له هه‌شتاكان دیوانه شیعرێكم به ناوی" نا" ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه، چه‌ندین شیعری ترم ڕه‌تكراوه‌ته‌وه. ئاخر له هه‌شتاكان ده‌ستم به نووسین كردووه كه سه‌رده‌می به‌عس بووه. له‌ساڵی 1987 وه ده‌ستم به بڵاوكردنه‌وه‌ی شیعر و نووسینه‌كانم كردووه.
پ/ تۆ ڕاگه‌یاندكار بووی، ماوه‌یه‌ك سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری پشوو بووی، به‌رپرسی لاپه‌ڕه‌ی ژنان بووی، ده‌سته‌ی نووسه‌رانی كوردستانی نوێ بووی، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین بووی، به‌ڵام له‌ته‌له‌فزیۆن له‌ناكاو وه‌ك دژه‌باو ده‌ركه‌وتی كه چی به‌ڕای هه‌ندێك دواتر بووی به باو؟
كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د: دوای 14 ساڵ له‌سه‌ر نووسینێك له كوردستانی نوێ پێیان وتم خواحافیزت بێت. بابه‌ته‌كه سیاسی و په‌یوه‌ندی به دۆخی ئه‌و كاتی كوردستانه‌وه هه‌بوو. په‌یوه‌ندی به‌شێوازی نووسینی منه‌وه هه‌بوو كه له‌سه‌ره‌تاكانی نووسینمه‌وه هه‌ر له گۆشه‌ی "بچووك و به‌ڵامه‌وه" تا ده‌گات به ڕیپۆرتاژهكانم، تا ده‌گات به نووسینه‌كانی ترم له‌باره‌ی ژنانه‌وه كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌یان بۆ دروست ده‌كردم. له‌دوای چوارده ساڵ له كوردستانی نوێ خواحافیزیان لێكردم. له‌م وڵاته‌ی ئێمه‌دا تۆ ته‌مه‌نت ده‌ده‌ی به شوێنێك، به‌ڵام ئه‌و شوێنه چی به تۆ ده‌داته‌وه. هیچت ناداته‌وه. پێت ده‌ڵێ خواحافیز. نه بیمه‌ی ته‌ندروستیت هه‌یه. نه بژێوی ژیانت دابین ده‌كات. وه‌ك كرێكارێك سه‌یرت ده‌كات كه ده‌چێت بینایه‌ك دروست ده‌كات ئه‌گه‌ر ھه‌رچییه‌كی به‌سه‌ربێت ئه‌وه‌ی كه‌یفی خۆیه‌تی و هیچ ژیانی مسۆگه‌ر نییه.
پ/ ده‌وترێت تۆ په‌یامنێری جه‌نگی بوویت و چه‌ندین جار سه‌ردانی به‌ره‌كانی شه‌ڕت كردووه؟
كه‌ژاڵ: به‌ڵێ یه‌كه‌مین په‌یامنێری جه‌نگ بووم، یه‌كه‌مین په‌یامنێری مێنیهی جه‌نگ بووم. چه‌ند جار له‌گه‌ڵ كاك ستران عه‌بدوڵڵا له‌به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی جه‌نگ بووین، چه‌ند جار له‌مردن گه‌ڕاوینه‌ته‌وه. خۆ ده‌كرا كه‌سانی تر بچن بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، وتوومه ده‌بێت ژنی كوردیش به‌شدار بێت. وتوومه ده‌بێت به‌چاوی خۆم بیبینم، بۆ ئه‌وه‌ی بزانم و قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م. هه‌موو ئه‌و كارانه‌ش لهئهرشیڤدا ماون. یه‌كه‌مین ژنیش بووم له‌ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ كه ده‌سته‌ی نووسه‌ران بووم. وه‌ك په‌یامنێرێكی بچووك ده‌ستم پێكردووه تا گه‌یشتووم به به‌ڕێوه‌به‌ری نووسین. دڵنیابه كه‌سێك نیم ته‌سلیم بم و ئاڵای سپی به‌رز بكه‌مه‌وه. چوارده ساڵ له ته‌مه‌نم له كوردستانی نوێ تێپه‌ڕی، به‌ڵام به فیڕۆ نهڕۆییوه. لهمێژوویهكدا ماوه كه ئه‌رشیفی كوردستانی نوێیه. سه‌یر ده‌كرێته‌وه و كاره‌كانی من ماونه‌ته‌وه. ئه‌وانه‌ی كه كارم له‌گه‌ڵ كردوون و چاوپێكه‌وتنم له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداون سه‌بقی رۆژنامه‌وانی گرنگن و خۆشه‌ویست و له‌دڵی خه‌ڵكه‌وه نزیكن. ئه‌وانه هه‌مووی بۆ من پاداشتن. ئه‌م ناسراوییهی كه من هه‌مه هی ماندوو بوونه.
پ/ دوای كوردستانی نوێ له‌ته‌له‌فزیۆنی كوردسات له پڕۆگرامی دژه‌باو ده‌ركه‌وتی ئه‌مه چۆن بوو؟
كه‌ژاڵ: له‌دوای كوردستانی نوێ یه‌كێكی تر ده‌رگای بۆ كردمه‌وه، ئه‌ویش هێرۆخان بوو. هێرۆخان كلیلی ژووره‌كه‌ی خۆی له كوردسات پێدام. چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌م نه‌ده‌كرد. دوای ئه‌وه‌ی كهدهرگایهكم لێداخرا له‌شوێنێكی تره‌وه ده‌رگایه‌كی ترم لێكرایه‌وه. من پێش به‌رنامه‌ی دژه‌باو، هه‌ر له كوردسات به‌رنامه‌ی ترم هه‌بوو، به‌رنامه‌ی له‌هه‌ر باخێك ژنێك، هه‌رژنێك، ئه‌و به‌رنامانه‌م هیچیان به ھێنده‌ی به‌رنامه‌ی دژه‌باو جه‌ماوه‌ری نه‌بوون. ئه‌و به‌رنامه‌یه وه‌ڵامێك بوو بۆ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ی كه دوای چوارده ساڵ ده‌ستبه‌ردارم ببوو، هه‌موو ساڵه‌كانی كاركردنم له كوردستانی نوێ له یه‌ك به‌رنامه‌وه چوومه ناو دڵی خه‌ڵكه‌وه. له‌وێش من هاتمه ده‌ره‌وه. وه‌ك هه‌موو دامه‌زراوه و بواره‌كانی دیكه‌ی ڕاگه‌یاندن، به ته‌نها هاوڕێیه‌تی و ڕێزی هێرۆخانم له‌گه‌ڵ خۆم هێناوه‌ته ده‌ره‌وه و شتێكی كه له‌به‌رچاومه ئازایه‌تی هێرۆ خان بوو كه له‌و دۆخه‌دا پشتی له‌من نه‌كرد. ئه‌و به‌رنامه‌یه‌مان ئاماده كرد زۆر ماندوو ده‌بووین پێوه‌ی ،ماندوبوونی من و ئامانجی كه‌مال چالاك بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه ته‌واوكه‌ری یه‌كتر بوو. ئێستاش خۆ زۆر كادر و بێژههری دیكه‌ی لێیه، بۆچی به‌رنامه‌ی وه‌ك دژه‌باو دروست نه‌بۆوه. تا ئێستاش به‌رنامه‌ی دژه‌باو له‌یاد نه‌چووه. زۆر گرنگه دوای 10 ساڵ هێشتا به‌رنامه‌ی دژه‌باو له‌بیره‌وه‌ری خه‌ڵكدا ماوه‌ته‌وه و له‌یاد نه‌چووه.
پ/ به‌نیاز نیت جارێكی دیكه بگه‌ڕێته‌وه بۆ ڕاگه‌یاندن؟
كه‌ژاڵ: "نا" جارێكی دیكه ناگه‌ڕێمه‌وه بۆ میدیا، نه كاری ڕۆژنامه‌نووسی ده‌كه‌م و نه له ته‌له‌فزیۆن وه‌ك بێژه‌ر ده‌رده‌كه‌وم. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بڕیاری ئێستامه، ئیتر بۆ ئاینده نازانم. ئازارم پێده‌گا هه‌ر به باس كردنیشی، به‌ناو هێنانیشی و به پێشنیازكردنیشی.
پ/ ئێستا ده‌ته‌وێت چی بیت، له‌نێوان ڕۆژنامه‌نووس و شاعیر و چالاكه‌وان؟
كه‌ژاڵ: بۆ ئه‌م قۆناغه له‌ژیانم حه‌ز ده‌كه‌م كه‌ژاڵی شاعیر بم و له‌سه‌ریشی به‌رده‌وام ده‌بم.
پ/ بۆ چاوپێكه‌وتن ناكه‌ی، بۆ ده‌رناكه‌وی؟
ده‌بێت له‌ئه‌زموونه‌كان فێری ئه‌وه بین، ئه‌و ئازارانه‌ی من بینیومه هه‌قی خۆمه ته‌نانه‌ت به تۆش بڵێم كه چاوپێكه‌وتن ناكه‌م. به‌ڵام من ڕێز له جه‌واد حه‌یده‌ری ده‌گرم و قسه‌ی ناشكێنم. تا ئێستا خه‌ڵكانێك هه‌ن له من تێناگه‌ن. پرسیاریان هه‌یه و حه‌ز ده‌كه‌م لێره‌وه وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه كه چییه؟ چۆن بوو؟ چ ڕوویدا؟ زۆر جار ناتوانی به وردی هه‌موو شته‌كان بدركێنی، به‌ڵام بۆ كه‌سی دانا یه‌ك وشه به‌سه بۆ تێگه‌یشتن. ده‌شتوانم بڵێم حه‌ز م له ڕێگه‌ی تازه‌یه و ناچمه‌وه سه‌ر ڕێگا كۆنه‌كان.
پ/ له‌شیعرێكدا ده‌ڵێی چاوم پڕ له دابڕان كه شه‌وان به ته‌نیا ده‌نووم، ئه‌م دابڕانه چییه؟
كه‌ژاڵ دڵم ته‌ژییه له ژووان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی نایاناسم، ئه‌مه هه‌ر شاعیرێك یان نووسه‌رێك ده‌توانێت خۆی تێدا ببینێته‌وه. ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی ته‌نیایی من بوو له‌و قۆناغه‌ی ژیانمدا، ته‌نیاییه‌ك له‌ناو قه‌ره‌باڵغییه‌كی زۆر گه‌وره‌دا. تۆ شیعرێكمت هه‌ڵبژاردووه كه ئه‌وه‌نده‌ی نه‌خایاند دوای ئه‌م شیعره له كوردستان ڕۆیشتم. سوپاس زیره‌كانه شیعره‌كان بۆ قسه‌له‌سه‌ركردن هه‌ڵده‌بژێری.
پ/ تۆ زۆر باسی ته‌نیایی ده‌كه‌ی، ئه‌م ته‌نیاییه بۆ؟ئێستاش ته‌نیای؟
كه‌ژاڵ:ده‌توانم بڵێم، ته‌نیاییه‌ك له‌ناو قهرهباڵغهییهكی گه‌وره‌دا ، هه‌میشه‌یش ته‌نیا بووم، شیعره‌كانم هه‌مووی باسی له ئه‌وین و خۆشه‌ویستی و پێكه‌وه ژیان، ده‌كات كه‌چی چ وه‌ك ژنێك و چ وه‌ك مرۆڤێك هه‌میشه ته‌نیا بووم.
پ/ تۆ باس له ملوانه‌كه‌ی پچڕاوی ته‌مه‌ن ده‌كه‌ی، ئایا ئێستاش كه‌س ناتوانێت ئه‌م ملوانهكهیه بهۆنێته‌وه؟
كه‌ژاڵ: "نا" كۆنهكراوتهوه و ناشكرێته‌وه، ده‌بوایه له‌سه‌ر ئه‌و قه‌ناعه‌ته ڕۆیشتبوومایه كه خۆم ده‌ركم پێكردبوو. ئومێدی ئه‌وه‌م هه‌بوو كۆبكرێته‌وه، به‌ڵام نه‌كرایه‌وه.
پ/ تۆ شیعر چۆن ده‌بینی؟
كه‌ژاڵ: هه‌ر وای ده‌بینم شیعر هونه‌ری بیركردنه‌وه و ھه‌ستكردنه، هه‌م بیركردنه‌وه‌و ھه‌ستكردنه و هه‌م هونه‌ریشه.
پ/ ده‌وترێت شیعری كوردی له قه‌یراندایه، هه‌روه‌ها قه‌یرانی خوێندنه‌وه‌ش هه‌یه، جه‌نابت ئه‌مه چۆن ده‌بینی؟
كه‌ژاڵ: له‌كاتێكدا كه ئێمه لهرۆژھهڵاتێكی پڕ له‌قه‌یراندا، له عیراقی بارگاویكراو به قه‌یران و ده‌رده‌سه‌ریدا ده‌ژین، له‌و عیراقه دارووخاوهیشدا له كوردستانێكی خنكێنراو به قه‌یران ده‌ژین، نابێت ھیچ سه‌یربێت به‌لامانه‌وه كه ده‌بینین سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و ھونه‌ر و ئابووری و ئینسانییه‌ت به‌گشتی له قه‌یرانێكی گه‌وره‌دایه. دیارده‌ی زۆر روون و بهرجهستهیش ھه‌ن بۆ ئاماژه‌دان به ھه‌ندێ له‌و قه‌یرانانه ، وه‌رن بپرسن بۆچی گۆرانی لووله لووله و قژ ئه‌ندۆمی ده‌توانێ دوو ملێۆن ھه‌واداری ھه‌بێت و په‌پووله‌ی ئازادی مامۆستا مه‌زھه‌ر یان ئه‌ی شه‌می شه‌وانی مامۆستا كه‌ریم كابان ناتوانێت ،كه گوناھه ئه‌م دوو جۆره ھونه‌ره ھه‌ر بهراوردیشبكرێن به‌یه‌ك.
وه‌رن بزانین شه‌ڕه جوێنه‌كانی فه‌یسبووك لایك و كۆمێنتیان زیاتر له‌سه‌ر داده‌نرێت یان نووسینه‌كانی به‌ختیار عه‌لی ، با له‌خۆمان بپرسین كوا موزاجی كوردهواری و ئاستی به‌رزی خوێنه‌ره‌كانی جاران ، كوان شانۆ گه‌رییه‌كانی جاران ئه‌گه‌ر كۆمیدیاش ته‌وه‌ری كاره‌كانیان بووبێت شاكاری وه‌ك ئاوایی بێكه‌سه بوون نه‌ك ئه‌مه‌ی ئێستا مرۆڤی تیادا كراوه به گاڵته‌جاڕ و ناوێكی بێ ناوهڕۆك.
ئه‌گه‌ر من لهمێژوویهكهوه ھاتبم كه مه‌ستووره و مه‌وله‌وی و مه‌حوی و مه‌لای جزیری و نالی و گۆران و جگه‌ر خوێن وزۆر مه‌زنه شاعیری تری پێشكه‌ش به كوردستان كردبێت ، بۆچی له‌ئه‌مڕۆی شێعردا و له‌دوای كۆچی دوایی یه‌كێك له‌ناوه ھه‌ره دیاره‌كانی شیعری ھاوچه‌رخی كوردیی كه شێركۆ بێكه‌سه، رێگه‌بده‌ین بكه‌وینه ناو دنیایه‌كی ئه‌ده‌بی كه ده‌بێت بڵێین كوێربم بۆ شیعر ئه‌گه‌ر له‌دوای بڕینی ئه‌و ھه‌موو قۆناغه دوورودرێژه ئه‌وه ئاستی بێت. ناكرێ بڵێین قه‌یرانی ئابووری و ڕاوه‌ستانی ده‌زگاكانی چاپ لهبلاوكردنهوهی كتێب ھۆكاره چونكه كێشه‌یه‌كی دیكه‌یش ھه‌یه كه نه‌خوێندنه‌وه و گرنگینه‌دانه به كتێب.
پ/ دۆخی شیعری كوردی به تایبه‌تی شاعیرانی ژن چۆن ده‌بینی، كام شیعری ژنی كورد سه‌رنجی ڕاكێشاوه له‌ماوه‌ی ڕابردوودا؟
ھه‌موو سه‌رده‌م و زه‌مانێك وێڕای سهختیهكهیشی كۆمه‌ڵه ناوێك به‌رھه‌مده‌ھێنێت له نه‌وه‌ی نوێی شیعری ژناندا له‌وناوه نوێیانه‌ی سه‌رنجی راكێشاوم فاتمه سافجی له باكووری كوردستان و ئه‌سمه‌ر ئیبراھیمی له ڕۆژھه‌ڵاتی كوردستان و نارین ڕۆسته‌م له‌كوردستانی باشوور. ئه‌و ناوانه‌یش كه واده‌كه‌ن بڵێم ھێشتا شیعری ژنانه و ژنانی شیعری كوردی ھه‌ن و له‌ھه‌وڵدان به‌رده‌وامن . د. چۆمان ھه‌ردی و ڤینۆس فایه‌ق و مھاباد قه‌ره‌داغی و نهزهندبهگیخانی و شیرین .ك و لازۆ ئازاد و ھه‌ندێكی ترن كه ئێستا ھه‌ر ھێنده‌م له‌بیره.
له‌راستیشدا ژماره ھه‌ر له‌بیركاریدا گرنگه بۆ دنیای شیعر وانییه، له ره‌وتی ئه‌ده‌بیی كفریی مامۆستا له‌تیف ھه‌ڵمه‌ت گه‌یشته لووتكه و له ڕوانگه مامۆستا شێركۆ بێكه‌س له‌ره‌وته جیاوازه‌كه‌ی ھه‌ولێریش ئه‌نوه‌ر مه‌سیفی و ته‌مبوور قوڕه‌كه‌ی. بێگومان شاعیری گه‌وره‌ی ده‌ره‌وه‌ی ھه‌موو ره‌وته ئهدهبییهكانیشمان ھه‌ن. له‌كۆتایشدا ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به قه‌ڵه‌می ژنانه ھه‌ستم پێكرد كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره و بهرھهمیانه له‌م ساڵانه‌ی دوایدا كه ھیوادارم قه‌یرانێكی كاتی بێت.
پ/ ژن بوون خۆی له‌م كۆمه‌ڵگایه سه‌خته، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و شاعیریش بێت سه‌خت تره، هه‌ندێكجار ژن هه‌یه لهژنبوونی خۆی په‌شیمانه، تۆ ده‌ڵێ چی؟
كه‌ژاڵ: من كاتی خۆی وتبووم ژن‌بوون له‌م كۆمه‌ڵگایه عه‌یبه‌یه، بڤه‌یه، هه‌ندێك كه‌س پێیانناخۆش بوو، له‌ژن بوونی خۆم په‌شیمان نیم و ته‌نانه‌ت شانازیشی پێوه ده‌كه‌م و داواش ده‌كه‌م كه ژنان لهژنبوونی خۆیان په‌شیمان نه‌بن و شانازی پێوه بكه‌ن. له هه‌موو كاتێكدا شانازیم به ژن بوونی خۆم كردووه، ته‌نانه‌ت له‌كاتی ناخۆشییهكانیش، ئه‌و كاته‌ی كه مرۆڤ له‌ژیان بێزار ده‌بێت نابێت لهڕهگهزهكهی خۆی بێزار بێت، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌یر دۆستی ژیان و ژنبوونی خۆمم كه ده‌توانم له‌ناو گریانێكی ژنانه‌دا خۆشحاڵییه‌كی ئه‌ویندارانه سه‌باره‌ت به‌ژیان بدۆزمه‌وه.
پ/ تۆ سه‌ره‌ڕای هه‌موو ناخۆشییه‌كان بۆ وه‌ك هه‌ندێك ژنی تر ڕێگه‌ی ئه‌وروپات نه‌گرته‌به‌ر، ئایا ته‌حه‌مولی غوربه‌تێكی ترت نه‌بوو، نا هه‌ر پێت‌خۆش نه‌بوو؟
كه‌ژاڵ: له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر داكوترابووم به كوردستانه‌وه، وه‌ك چۆن گژوگیایهك به ڕه‌گ و ڕیشه‌وه هه‌ڵده‌كێشی و ڕاده‌كێشی و گڵه‌كه‌ی پێوه‌یه و ده‌یبه‌ی، منیش ئاوا ڕۆحی خۆم ڕاكێشاوه كه ڕۆیشتووم، حه‌زم كردووه هه‌ر له‌و ده‌وور و به‌ره بم بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستانه‌وه نزیك بم.
پ/ له عه‌ممانی پایته‌ختی ئوردن خه‌ریكی چ بووی، باشتر بڵێم له تاراوگه به‌چییه‌وه سه‌رقاڵ بووی؟
كه‌ژاڵ: له‌وێ له‌ئه‌زموونی چه‌ندین ساڵه‌ی ڕۆژنامه‌وانی سوودی باشم وه‌رگرت، له‌وێ به‌ڵگه و كتێبی زۆرم له‌باره‌ی كورده‌كانی ئوردن ده‌ستكه‌وت. هه‌ندێك كاری مه‌یدانی و چاوپێكه‌وتنم ئه‌نجامداوه سه‌باره‌ت به كورده‌كانی ئه‌و وڵاته، له دوایین سه‌رژمێریدا ده‌ركه‌وتووه كه 70 هه‌زار كورد له‌سه‌رتاسه‌ری وڵاتی ئوردن ده‌ژین. له‌ناوی بنه‌ماڵه‌ی هاوسه‌ری پێشووم كه‌سایه‌تێكی گه‌وره و نووسه‌رێكی به‌ناوبانگ و ناسراو به ناوی عه‌لی سه‌یدۆ گه‌ورانی كوردی هه‌یه، زۆربه‌ی خه‌ڵكانێك كه ته‌مه‌نێكیان له‌بواری ڕۆژنامه‌نووسی و فیكردا هه‌یه ده‌یناسن به هۆی كتێبه‌كه‌یه‌وه به ناوی " لهعهممانهوه بۆ ئامێدی". ئه‌و باوكی ئه‌شره‌ف كوردی، دكتۆری مێشك و ده‌ماره. ئه‌وان بنه‌ماڵه‌یه‌كی به‌ڕێز و گه‌وره‌ن. عه‌بدولوه‌دود عه‌بدولڕه‌حیم كوردی هاوسه‌ری پێشووم زۆری یارمه‌تیدام له ئاماده‌كردنی ئه‌و كتێبه‌دا، كه كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه و زانیاری تێدایه كه نوێن و كتێبه‌كه‌م هێشتا چاپ نه‌كردووه ، زۆری ڕاستی ونبووی كورده‌كان له‌كاتی چوونیان بۆ ئوردن به‌تایبه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هاوسه‌ری پێشووم كۆكردۆته‌وه كه چۆن له‌گه‌ڵ سوپای عوسمانی، ساڵی 1880چوونه‌ته سه‌ڵت و نه‌وه‌كانیان له‌عه‌ممان نیشته‌جێ بوون و چۆن له‌بنیاتنانی ئه‌و وڵاته‌دا به‌شداربوون.
پ/ وا تێگه‌یشتم كه كورد ده‌ستی هه‌بووه له دروستكردنی ئوردن و بیناتنانی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته؟
كه‌ژاڵ: به‌ڵێ، كورد له‌و وڵاته زۆر بوون و ڕۆڵیان هه‌بووه له‌حكومه‌ت و ده‌وڵه‌تی ئه‌و وڵاته تا ساڵی نه‌وه‌ده‌كانیش كه‌سایه‌تی دیاریان له وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌تدا ھه‌بووه بۆنموونه دكتۆر ئه‌شره‌ف كوردی وه‌زیری ته‌ندروستی ئه‌و وڵاته بووه، كه خوالێخۆشبوو دكتۆری تایبه‌تی یاسرعه‌ره‌فات بووه، له‌كۆندا كورد هه‌بووه له‌ئوردن كه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌بووه. زۆربه‌ی كورده‌كانی ئه‌و وڵاته له‌دوای ناوه‌كانیان وشه‌ی " ئهلكوردییان" هه‌یه. یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی ناو بنه‌ماڵه‌ی هاوسه‌ری پێشووم سه‌یدۆ كوردییه كه ئه‌ویش كه‌سایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی و ئابووری ئه‌و وڵاته و ناوچه‌كه بووه.له‌ناو كوردانی ئه‌رده‌ندا نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ری به‌ناوبانگی وه‌ك دكتۆر محه‌مه‌د سوێركی و عه‌لی سه‌یدۆ ھه‌ن.
پ/ ئه‌و كتێبه‌ت كه تایبه‌ته به كوردانی ئوردن كه‌ی چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه؟
كه‌ژاڵ: ئه‌و كتێبه ده‌كه‌وێته ساڵی ئاینده‌وه چونكه هه‌ندێك ئاماده‌كاری ده‌وێت له‌به‌ر به‌ڵگه و زانیارییه‌كان، به‌ڕاستی له‌و كتێبه‌دا كۆمه‌ڵێك به‌ڵگه‌ی گرنگ هه‌یه له‌سه‌ر كوردان و هه‌ستی كوردایه‌تی كوردانی ئوردن، عه‌لی سه‌یدۆ گه‌ورانی هاوسه‌رده‌می میر جه‌لاده‌ت به‌ده‌رخان بووه وله گۆڤاری هاواردا بابه‌تی بۆ بڵاوكردۆته‌وه و مامه گۆڕینه‌وه و ھاوڕێیه‌تیان گه‌رمبووه عه‌لی سه‌یدۆ له ھاوار نووسینی هه‌بووه.لهسهروتاردا ڕێگه‌ی پێدراوه كه نووسین و پێشنیاره‌كانی بۆ چاككردنی زمانی كوردیدا بڵاوبكاته‌وه.ئه‌م نووسه‌ره خۆی گه‌یاندۆته لای ئه‌مین زه‌كی به‌گ له‌به‌غدا و خه‌می رێنووسی كوردیی یه‌كێ بووه له‌خه‌مه ھاوبه‌شه‌كانیان.كتێبه‌كه مێژوویهكێ ون ده‌گێڕێته‌وه‌و سه‌رنج راكێشه بۆئێره با ھێنده به‌س بێت.
پ/ تۆ پێت وایه ڕاگه‌یاندنی كوردی غه‌دری لێكردووی؟
كه‌ژاڵ: به‌ڵێ، یه‌كێك له‌و غه‌دره گه‌ورانه‌ی كه میدیای كوردی له‌منی كردووه ئه‌وه بوو كه ده‌یانگوت كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د شووی به عه‌ره‌ب كردووه. هاوسه‌ری پێشووم عه‌ره‌ب نه‌بوو و منیش شووم به پیاوێكی فره‌ژن نه‌كردبوو. له‌و ده‌مه‌ی كه فره‌ژنی له كوردستان قه‌ده‌غه بوو خه‌باتم كردووه. ھه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌یشدا لای حاكم گه‌شاو گرێبه‌ستی هاوسهرێتم له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه كردووه و حاڵه‌تی زه‌وجی هه‌ردووكمان له گرێبه‌سته‌كه نووسراوه. بۆ من نووسراوه كه كچێكه شووی نه‌كردووه و بۆ ئه‌ویشیان نووسیوه كه پیاوه‌كه له‌ژنه‌كه‌ی جیابوه‌ته‌وه. ئیتر من جوابی كه‌س نادامهوه. دواتریش دوای چه‌ند ساڵ وه‌ك دوو هاوڕێ و خۆشه‌ویست به‌ڕێزه‌وه خواحافیزیمان له‌یه‌كتر كردووه. سوپاسی ده‌كه‌م كه زانیویه‌تی كه ڕۆحی من له‌وه زیاتر ته‌حه‌مولی ژیانی دووری و هه‌ندێك شتی تر ناكات.
پ/ پڕۆژه‌ی تازه‌ت به‌ده‌سته‌وه‌یه؟
كه‌ژاڵ: پڕۆژه‌م زۆر به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌رله هه‌موو شتێك دیوانه نوێیه‌كه‌م به‌ناوی "زمانی باڵنده‌م ده‌زانی" چاپ و بڵاو ده‌كه‌مه‌وه. ئێواره شیعرێك له‌سلێمانی له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌ی سۆفیا بۆ رێكخراوه‌كه تێدا موزیك و سه‌مای باله به‌شدار ده‌بن.پێشتر له‌سه‌ر وشه و ڕه‌نگ كارم له‌گه‌ڵ دكتۆر رێبوار سه‌عید كردووه. ئێستاش له‌گه‌ڵ مامۆستا رووبار ئه‌حمه‌د كارده‌كه‌ین كه موزیك و سه‌ما ئاوێزانی شیعر بكه‌ین .دواتریش ئه‌و كتێبه‌م چاپ ده‌كه‌م كه له‌سه‌ر كوردانی ئوردن كارم له‌سه‌ر كردووه و به‌ڵگه و دیكۆمێنتم له‌سه‌ر كۆكردۆته‌وه.
پ/ ئه‌گه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریت پێ پێشنیار بكرێ ئاماده‌ی وه‌ریبگری؟
كه‌ژاڵ: من هه‌رگیز هیچ پۆستێك وه‌رناگرم، له‌م هه‌رێمه كه‌سی شایسته زۆرن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته وه‌ربگرن. دونیابینی خۆم پێم ده‌ڵێ شاعیربوون بۆ من به‌سه. من كارمه‌ندێكی ساده‌م له چاپ و بڵاوكراوه كه‌مووچه‌ی ته‌نها 200 هه‌زاره. ئه‌و كارمهندییهم زۆر پێخۆشتره له‌وه‌ی كه وه‌زیر بم. پێمخۆشه بگه‌رێمه‌وه بۆ سه‌ركاره‌كه‌م له چاپ وپهخش.
سه‌باره‌ت به كاری سیاسیش وتی: كاری حزبی ناكه‌م و له‌وانه‌ش نابم كه هه‌ر ڕۆژێ خۆیان لهحزبێكدا ده‌بینن و كه‌سایه‌تی خۆیان ده‌دۆڕێنن. هه‌وڵده‌ده‌م پرچهكانیشم له سیاسه‌ت نزیك نه‌بنه‌وه.
سازدانی/ جه‌واد حه‌یده‌ری
PUKmedia
لینكی یاریدەدەر بۆ بینینی ڤیدیۆكە...
لینكی یاریدەدەر بۆ بینینی ڤیدیۆكە...
هەواڵی زیاتر
-
ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا: هیچ پرسێك به‌بێ یه‌كێتی تێناپه‌ڕێت
02:12 PM - 2024-09-10 -
سەرۆك بافڵ تێچووی پڕۆژەیەك بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆ
01:33 PM - 2024-09-10 -
بەهەوڵی وەزیری کشتوکاڵ بڕیارێكی گرنگ له‌به‌رژه‌وه‌ندی جوتیارانی هه‌رێم دەدرێت
12:15 PM - 2024-09-09 -
سەرۆككۆمارو سەرۆكوەزیران جەخت لەبەهێزكردنی ئاسایش و خزمەتكردنی هاووڵاتیان دەكەنەوە
11:18 PM - 2024-09-08
ئەمانەش ببینە
سەرۆكی رەوتی حیكمە: پشتیوانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەین
10:38 AM - 2024-09-10
رەفعەت عەبدوڵڵا: خەڵك لەحكومەت نیگەرانەو یەكێتی راستی دەكاتەوە
11:38 PM - 2024-09-09
سه‌رۆك بافڵ: هه‌رێمه‌كه‌مان پێویستی به گۆڕانكارییه له‌پڕۆسه‌ی حوكمڕانی
06:28 PM - 2024-09-09
قوباد تاڵه‌بانی: هه‌ڵبژاردن به‌دیهێنانی خواستی هاووڵاتیان بێت
04:44 PM - 2024-09-09
زۆرترین خوێنراو
-
ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵڵا: هیچ پرسێك به‌بێ یه‌كێتی تێناپه‌ڕێت
کوردستان 02:12 PM - 2024-09-10 -
سەرۆك بافڵ تێچووی پڕۆژەیەك بۆ خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەگرێتە ئەستۆ
کوردستان 01:33 PM - 2024-09-10 -
هەژارترین پارێزگا لە عیراقدا
بیروڕا 11:01 AM - 2024-09-10 -
سەرۆكی رەوتی حیكمە: پشتیوانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەكەین
کوردستان 10:38 AM - 2024-09-10 -
رەفعەت عەبدوڵڵا: خەڵك لەحكومەت نیگەرانەو یەكێتی راستی دەكاتەوە
ی ن ک 11:38 PM - 2024-09-09 -
یەكێتی لەسەر شاڕێی راستكردنەوەی رێڕەو
بیروڕا 07:59 PM - 2024-09-09 -
شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ بەشداری لە ژمارەیەك پرسەدا دەكات
پرسەنامە 07:37 PM - 2024-09-09 -
سه‌رۆك بافڵ: هه‌رێمه‌كه‌مان پێویستی به گۆڕانكارییه له‌پڕۆسه‌ی حوكمڕانی
کوردستان 06:28 PM - 2024-09-09