عه‌دنان موفتی: عه‌لی كیمیایی وتی قوربانیانی ئه‌نفال، سه‌د هه‌زار كه‌سه
جینۆساید 10:53 AM - 2017-08-26.
عه‌دنان موفتی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نێشتمانیی كوردستان‌و سه‌رۆكی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان له به‌رنامه‌ی (المشهد)ی كه‌ناڵی بی بی سی-دا میوان بوو، له به‌رنامه‌كه‌دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیاری دایه‌وه كه تایبه‌ت بوون به بارودۆخی رابردوو ئێستای كوردستان‌و عیراق به گشتی مه‌سه‌له‌ی مافی چاره‌ی خۆ نووسین‌و ئه‌و دابڕانه‌ش كه له‌گه‌ڵ به‌غدا رووی داوه. جگه له‌وه‌ش هه‌ندێك بیره‌وه‌ی تاڵی رابردووی گێڕایه‌وه كه تایبه‌ت بوون به ئه‌نفال‌و كیمیاباران‌و ته‌نانه‌ت هه‌وڵی تیرۆر كردن‌و ده‌رمانخوارد كردنی خۆشیان.
له سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه‌دا جیزال خوری، پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌كه، كورته‌یه‌ك له ژیان‌و چالاكییه‌كانی عه‌دنان موفتی باس كرد‌و ئه‌و پۆست‌و كاره ئیداریانه‌ی له ئه‌ستۆی گرتووه خسته‌ڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و به‌رهه‌مه نووسراوانه‌ی نووسیونی‌و بڵاوی كردوونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌شی كرد كه ئه‌و كه‌سایه‌تییه تا ئێستا چه‌ندان جار هه‌وڵی تیرۆر كردنی دراوه.
-نامیلكه‌یه‌كت نووسیوه له باره‌ی تاوانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌به‌جه‌وه، له هه‌مان كاتدا به‌شدار بوویت له گفتوگۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی رژێمی به‌عس، راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه من ده‌مه‌وێ دیمه‌نێكی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌م بۆ باس بكه‌یت كه تیایدا سه‌ركردایه‌تی ئه‌و كاتی عیراق‌و عه‌لی كیمیایی‌و ئێوه گفتوگۆتان ده‌كرد له‌گه‌ڵیاندا.
*وه‌فده‌كه‌ی عیراق به سه‌رۆكایه‌تی عزه‌ت دووری‌و ئه‌ندامێتی تاریق عه‌زیز‌و حسێن كامل‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید بوو، كه به عه‌لی كیمیایی ناوده‌برا، له‌گه‌ڵ سوڵتان هاشم‌و كه‌سانی تریش. رۆژێكیان له عیزه‌ت دووری، سه‌رۆكی وه‌فده‌كه‌و تاریق عه‌زیز-مان پرسی، تاریق عه‌زیز قسه‌ی زۆر ده‌كرد‌و دیپلۆماسیانه وه‌ڵامی هه‌موو داواكارییه‌كانمانی ده‌دایه‌وه، وتمان ئه‌ی قوربانیانی ئه‌نفال، كه ژماره‌یان له 182 هه‌زار كه‌س تێپه‌ڕ ده‌كات؟ ئه‌وه‌ی زانراوه له نێوان ساڵه‌كانی 87و 89دا له ناوچه جیاجیاكانه‌وه به تایبه‌تی له ناوچه‌ی گه‌رمیان، هه‌روه‌ها له ناوچه‌ی هه‌ولێر‌و ناوچه‌ی بادینان، دوای ئه‌وه‌ی گونده‌كانیان وێران كرا راپێچ كران بێ سه‌رو شوێن كران، به ژن‌و پیا‌و‌و منداڵه‌وه له بیابانه‌كانی باشوور‌و هه‌ندێك ناوچه‌ی نه‌زانراوی تر كران به ژێر خۆڵه‌وه، وتمان ده‌مانه‌وێ بزانین داخۆ ئه‌وانه هێشتا زیندوون؟ یان چی؟ ئه‌گه‌ر كوژراون ده‌بێ رێوشوێنێك بگیرێته‌به‌ر‌و ده‌بێ ئێوه رووبه‌ڕووی ئه‌م هه‌ڵوێسته ببنه‌وه، چونكه ئێمه‌ش كه ده‌گه‌رێینه‌وه رووبه‌ڕووی كه‌س‌وكاره‌كه‌یان‌و رووبه‌ڕووی گه‌له‌كه‌مان ده‌بینه‌وه. لێره‌دا تاریق عه‌زیز هه‌وڵی دا بابه‌ته‌كه وا لێ بكات ساده بێت‌و بیكاته جۆرێك له نوكته‌و وتی بۆ له عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ناپرسن، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید تووڕه بوو، هه‌ستایه سه‌رپێ‌و وتی، من ده‌زانم زۆربه‌تان كاتێك ناوی من ده‌هێنن، پێم ده‌ڵێن عه‌لی كیمیایی‌و عه‌لی ئه‌نفال، من حه‌ز ده‌كه‌م دوو خاڵی گه‌وهه‌ریتان بۆ روون بكه‌مه‌وه، یه‌كه‌م من ساڵی 85 بوومه به‌رپرس له شیمال، نه‌یوت كوردستان، وتی شیمال له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌رپرسێكی حزبی به‌عس بوو، به‌ڵام ئه‌و سیاسه‌ته‌ی من جێبه‌جێم ده‌كرد، له ساڵی 83وه بڕیاری له‌سه‌ر درابوو، جێبه‌جێ ده‌كرا، واته دوو ساڵ پێش منیش هه‌ر هه‌بوو، منیش كه هاتم به‌رده‌وام بووم له‌سه‌ری، پاشان وتی: هه‌رچییه‌كم كردووه له كوردستان به بڕیاری سه‌ركردایه‌تی بووه، له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌یه‌دا ئاماژه‌ی بۆ عزه‌ت دووری‌و تاریق عه‌زیز كرد. دوای ئه‌وه ئاوڕی دایه‌وه بۆ ئێمه‌وه‌و وتی: قسه‌ی دووه‌مم بۆ برا كورده‌كانم ئه‌وه‌یه، ئێوه زیاده‌ڕۆیی زۆر ده‌كه‌ن، ژماره‌كه له 100 هه‌زار تێپه‌ڕ ناكات. ئێمه تووشی شۆك بووین به‌م وه‌ڵامه، كه وه‌سف ناكرێت.
- واته هه‌ر 100 هه‌زارن‌و زۆزی پێوه مه‌نێن‌و بڵێن 182 هه‌زار.
*به‌ڵێ به‌و شێوه‌یه‌و ئێتر هه‌موان بۆ ماوه‌یه‌ی ده‌قه‌یه‌ك بێده‌نگ بووین.
-بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی بینه‌ر، ئه‌وه‌ی باسی ده‌كه‌یت، رووداوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه نه‌بوو. باشه گریمان ژماره‌كه‌ی ئه‌وانمان قبوڵ كرد، 100 هه‌زار كه‌س چۆن كوژران؟
*دوای به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیایی‌و زاڵبوونی سوپای عیراق‌و سه‌ركه‌وتنی له به‌ره‌كانی تری جه‌نگیدا له‌گه‌ڵ ئێران، دۆخێكی ده‌روونی وای لای خه‌ڵك دروست كرد، به تایبه‌ت له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی چه‌كی كیمیاییدا، خه‌ڵك ده‌ترسان، به‌ڵام پرۆسه‌ی ئه‌نفالی له‌گه‌ڵ هه‌ندێك سه‌ركه‌وتنی تری‌دا ده‌ست پێكرد، ئه‌وان ده‌چوون ناوچه گوندنشینه‌كانی كوردستانیان وشك ده‌كرد، چونكه وایان داده‌نا كه گونده‌كان پشت‌و په‌نای هێزی پێشمه‌رگه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌چوونه هه‌ر گوندێك، گونده‌كه‌یان وێران ده‌كرد‌و خه‌ڵكه‌كه‌شیان به ئۆتۆمبێل ده‌برد بۆ باشووری عیراق، به‌و شێوه‌یه ئه‌و گوندانه‌ی به‌ر پرۆسه‌ی ئه‌نفال كه‌وتن زیاتر له هه‌زار گوند بوون، زۆربه‌یان له ناوچه‌ی گه‌رمیانن، له كه‌ركوك، به‌ڵام گونده‌كانی بادینان-یش‌و له ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی هه‌ولێریشی گرته‌وه، چیرۆكێكی درێژه. مرۆڤ ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی وه‌بیر دێته‌وه، بۆ نموونه له هه‌ولێر دوای سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین، ئه‌و كاته من به‌رپرس بووم له هه‌ولێر، هاتن پێیان وتم گۆڕێكی به كۆمه‌ڵ هه‌یه، خه‌ڵكی تێدا ژێر خاك نراوه به جلوبه‌رگی خۆیانه‌وه، ده‌ستبه‌جێ كامێرامان برد‌و چووینه سه‌ری، ژن‌و منداڵیان به جلی خۆیانه‌وه كردبوو به ژێر خۆڵه‌وه، ئه‌مانه له‌و كۆمه‌ڵه گه‌وره‌یه نه‌بوون كه له 87و 88دا ئه‌نفال كرابوون، به‌ڵكو له 86دا له ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی، ناوچه‌یه‌ك هه‌یه پێی ده‌ڵێن شێخ وه‌سان، چه‌كی كیمیایان له‌سه‌ر تاقی كردبۆوه‌و نه‌شیان ده‌زانی ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی چی ده‌بێت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ش له ژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا بوو، ئه‌وه‌ی مرد مرد، 400 كه‌سیان به برینداری مایه‌وه، گواستیاننه‌وه بۆ هه‌ولێر، سه‌ره‌تا بۆ چاره‌سه‌ر هێنابوویانن، به‌ڵام كاتێك ده‌زگای موخابه‌ران پێی زانی، نه‌یهێشت پزیشكه‌كان سه‌ردانیان بكه‌ن، چه‌ندان پزیشك گه‌واهی ئه‌وه‌یان داوه كه ئه‌و بریندارانه‌یان دیوه‌و قسه‌یان له‌گه‌ڵدا كردوون، دواتر ئه‌و بریندارانه ون بوون، دوای ئه‌وه زانیمان، دوای 91 زانیمان كه زینده‌به‌چاڵ كراون بۆ ئه‌وه‌ی تاوانه‌كه بشارنه‌وه‌و نه‌هێڵن كه‌س پێی بزانێت.
-با كه‌مێك پشوو بده‌ین‌و له‌و دیمه‌نه دوور بكه‌وینه‌وه، چونكه من مێژووی پڕ له كاره‌ساتی كوردستان ده‌زانم، با قسه له‌سه‌ر دیمه‌نێك بكه‌ین كه روو ده‌دات، دیمه‌نی راپرسی كه به‌م نزیكانه روو ده‌دات، به‌ڕێز عه‌دنان موفتی، ده‌شتوام پێت به‌ڵێم جه‌نابی سه‌رۆك، چونكه پێشتر سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوویت، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه، خه‌ڵكی كوردستان ده‌چێت بۆ ده‌نگدانی راپرسییه‌كه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ك پێشتریش خۆت ئاماژه‌ت پێداوه ئه‌و عیراقه نوێیه‌ی هیواتان پێ بووه نه‌ماوه؟ ئه‌مه نیشانه‌ی بێهیوا بوونی كورده؟ له كه‌یه‌وه ئه‌م بڕیاره‌یان داوه؟ جگه له‌وه من هه‌ڵویستی تۆش به روونی نازانم.
*یه‌كه‌م، شتێكی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌كو گه‌ل جیاوازین له گه‌لانی تر، گه‌لێكین له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌زاران ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئه‌م گه‌له وه‌كو گه‌لانی تر مافی خۆیه‌تی چاره‌نووسی خۆی به‌ده‌ست خۆی بێت، ئه‌گه‌ر پرسیار له هه‌ر كوردێك بكه‌یت، له هه‌ر شوێنێك بێت، به مه‌رجێك ئه‌و هه‌سته‌ی تێدا بێت‌و د‌رك به مافی مرۆڤ بكات، پێت ده‌ڵێ: من ده‌مه‌وێ وك‌و وڵاتانی تر ده‌وڵه‌تم هه‌بێت، شانازی به‌و ده‌ڵه‌ته‌وه بكه‌م‌و پاسپۆرته‌كه‌ی هه‌ڵگرم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له سه‌رده‌می ئیمپراتۆرییه‌كانی پێشوودا رووی دا، ئه‌مه‌وی، عه‌باسی، عوسمانی، ئێمه به‌شێك بووین له‌و ئیمپراتۆرییه ئیسلامییانه، حاڵی ئێمه‌ش وه‌كو عه‌ره‌ب، وه‌كو تورك، وه‌كو ئه‌وانی تر، له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بێبه‌ش كراین، هه‌رچه‌نده بنه‌ماكانی وێڵسن هه‌یه‌و جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، كه هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی له ده‌وڵه‌تی رووخاوی عوسمانی‌دا ده‌ژین مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه قه‌واره‌و ده‌وڵه‌تیان هه‌بێت. له 2003دا به‌شداریمان كرد له ده‌وڵه‌تدا، ئه‌و كاته‌ی كه رژێم رووخا، بارودۆخێكی نوێ هاته پێش، ده‌ستووری تازه هاته ئاراوه‌و بۆ یه‌كه‌م جار له ده‌ستووردا هاتووه كه عیراق ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی دیموكراسییه، به خه‌ڵكی كوردستان‌مان وت، ئه‌م ده‌وڵه‌ته جیاوازه، ئه‌م ده‌وڵه‌ته كوردی تێدایه، عه‌ره‌بی تێدایه، مه‌سحیی‌و كه‌مینه‌و مه‌زهه‌به‌كانیش هه‌موویانی تێدایه‌و ده‌وڵه‌تێكی دیموكراسییه. له نووسینی ده‌ستووردا به‌شداریمان كرد، له حكومه‌تی عیراقدا به‌شداریمان كرد، جه‌لال تاڵه‌بانی بووه سه‌رۆك، وه‌زیرمان هه‌بوو، به راستی عیراق ئه‌و كاته جێگه‌ی ئومێد بوو بۆ ئێمه. من بیرم دێت كه له چاوپێكه‌وتنێكدا وتم بۆ یه‌كه‌م جاره هه‌ست ده‌كه‌م عیراقیم، پێشتر ته‌نها به پاسپۆرت عیراقی بووم.
-عیراقی بوونت پێش كورد بوونت كه‌وت؟
*پێش كورد بوونم ناكه‌وێ، چونكه ئه‌وه‌یان مافێكی مرۆییه، منیش وه‌كو هه‌موو گه‌لانی تر، به‌ڵام هه‌ستم كرد، وه‌ك وڵاتانی پێشكه‌وتووی هاوشێوه‌ی كه‌نه‌دا، سوێسرا، به‌لجیكا، ده‌كرێ نه‌ته‌وه‌ی جیاجیا هه‌بێت‌و له ماف‌دا یه‌كسان بن.
-كه‌واته ئێوه پێتان وایه ئه‌و عیراقه ئومێد به‌خشه نه‌ما؟
*ئه‌و عیراقه نه‌ك هه‌ر ناوه، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌ی كردووه.
-پرسیاره‌كه‌م ئه‌وه‌یه، كه‌ی ئه‌و نائومێدییه ده‌ستی پێ كرد؟ ئه‌گه‌ر رووداوێك هه‌یه، یان گه‌یشتنه بڕوایه‌ك، یان گفتوگۆیه‌ك، یاخود كۆبوونه‌وه‌یه‌ك هه‌یه، وای لێ كردبن هه‌ست بكه‌ن ئه‌م هاوپه‌یمانییه له‌گه‌ڵ عیراقییه عه‌ره‌به‌كاندا بێسووده‌و ده‌بێ به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی، به‌ره‌و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت بڕۆن؟
*پێویسته مرۆڤ دان به‌وه‌دا بنێت، كه له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵه هه‌بوو، له سه‌ره‌تاوه هه‌ڵه لای ئه‌مریكاییه‌كان هه‌بوو له مامه‌ڵه كردنیاندا له دوای رووخانی رژێم، هه‌ڵه لای سیاسییه عیراقییه‌كانیش هه‌بوو له مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا. ئێمه كه سه‌ركه‌وتنمان به ده‌ست هێنا له راپه‌ڕینه‌كه‌ی 91و ئیداره‌ی خۆمان دامه‌زراند، یه‌كه‌م بڕیاری گرنگ كه دامان، ئه‌وه بوو لێبوردنی گشتیمان ده‌ركرد، بۆ هه‌موو ئه‌و كوردانه‌ی كه هاوكاریی رژێمی پێشوو، رژێمی سه‌دام حسێن-یان كردبوو، چه‌كیان دژی ئێمه هه‌ڵگرتبوو، ئه‌مه كه‌شێكی باشی له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستاندا فه‌راهه‌م كرد، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌و كه‌س‌و كاریان‌و منداڵه‌كانیشیان، كه‌شێكی باش كه نه‌یهێشت رق‌و كینه له ناو كۆمه‌ڵگه‌دا دروست بێت. له عیراق نه‌مانتوانی ئه‌وه بكه‌ین، نه‌مانتوانی به‌و ئاسانییه تێپه‌ڕێنین‌و لێبوردنێكی گشتی ده‌ر بكه‌ین، به پێچه‌وانه‌وه رووی دا، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی سه‌ره‌كییه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی تیرۆر، چونكه تیرۆر زه‌مینه‌و مه‌یدان‌و شوێنی خۆی ده‌ست كه‌وت بۆ ده‌ست پێكردنی چالاكییه‌كانی، ئه‌ویش ده‌ره‌نجامی ئه‌و بارودۆخه بوو. گه‌وره‌ترین ئاسته‌نگ كه رژێمی نوێی عیراق رووبه‌ڕووی بۆته‌وه تیرۆره، كه گه‌شه‌و پێشكه‌وتنی راگرت، پێشكه‌ش كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانی راگرت، پلانه‌كانی شكست پێ هێنا، دوای ئه‌ویش گه‌نده‌ڵی (Corruption) هات، بارودۆخی نوێی عیراق وا بوو كه عیراق زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بوو به سامانه‌كانی، نرخی نه‌وت زۆر به‌رز بۆوه، هاووڵاتی بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ستی كرد وه‌زعی باشه، له پاڵ گه‌نده‌ڵیدا رێوشوێنه ئیدارییه‌كانیش دۆخێكی وای خوڵقاند كه قورس بۆ خه‌ڵكی به گشتی، بریمه‌ر كه حاكمی عیراق بوو له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی به‌شدار بوون له‌گه‌ڵی له حوكمدا، هه‌ندێك بڕیاری نادادپه‌روه‌رانه‌یان ده‌ركرد، بۆ نموونه پله‌به‌ندی مووچه، چینێكیان دروست كرد له سه‌ره‌وه له په‌رله‌مانتار‌و وه‌زیره‌كان‌و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان مووچه‌كانیان زۆر به‌رز بوو، له كاتێكدا مووچه‌ی خه‌ڵك به گشتی، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به گشتی زۆر نزم بوو، ئه‌مه درزێكی گه‌وره‌ی خسته كۆمه‌ڵگه‌وه. سه‌باره‌ت به مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ كوردستاندا، ئێمه مادده‌ی 140مان هه‌بوو، تایبه‌ت به‌و ناوچانه‌ی كه به به‌شێك له كوردستانی داده‌نێین، به‌ڵام به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی رژێمی پێشوو ته‌عریب كردنییه دابڕاوه، وه‌ك كه‌ركوك، خانه‌قین، سنجار‌و ..هتد. ئێمه رازی بووین به‌وه‌ی مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوچانه‌دا به شێوه‌ی یاسایی بێت، بارودۆخه‌كه ئاسایی بكرێته‌وه، كورده راگوێزراوه‌كان‌و توركمانه راگوێزراوه‌كان بگه‌ڕێنرێنه‌وه شوێنی خۆیان‌و دوای ئه‌وه راپرسی بكرێت، دوا واده بۆ جێبه‌جێ كردنی مادده‌ی 140 كۆتایی 2007 بوو، به كۆمه‌ڵێك هۆكاری زۆر كه نامانه‌وێ هه‌مووی بخه‌ینه ئه‌ستۆی حكومه‌ت، به‌ڵام ئه‌م مادده‌یه جێبه‌جێ نه‌كرا، ئه‌مه یه‌كه‌م شۆك بوو بۆ كورد، كه هه‌ستمان كرد حكومه‌ت به‌ڕاستی نییه. دوای ئه‌وه‌ش هه‌ندێك ناكۆكی ده‌ركه‌وت له‌سه‌ر هه‌ندێك مادده‌كانی ده‌ستووری عیراق، كه له تێڕوانینی كوردستانه‌وه شتێكه‌و له تێڕوانینی عیراقه‌وه شتێكی تره، بۆ نموونه مه‌سه‌له‌ی نه‌وت‌و غاز، كه بابه‌تێكی زۆر گرنگه، ئێمه به پێی ده‌ستووری عیراق یاسایه‌كی نه‌وت‌و غازمان ده‌ركرد، كه پێمان وایه له‌گه‌ڵ ده‌ستوور‌و یاساكانی عیراقدا یه‌ك ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی عیراق بۆچوونی جیاوازی هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌و ناكۆكییه هه‌ر مایه‌وه‌و تا ئێستاش ئه‌و مه‌سه‌له‌یه جێگه‌ی ناكۆكی گه‌وهه‌رییه له نێوان هه‌ردوولادا، هه‌رچه‌نده حكومه‌تی عیراق‌و حكومه‌تی كوردستان له سه‌ره‌تای 2007دا گه‌یشتنه رێكه‌وتنێك بۆ ده‌ركردنی یاسای نه‌وت‌و غاز له به‌غدا به پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی باسیان كردبوو، به‌ڵام تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ش ئه‌و رێكه‌وتنه كه له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی‌و نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیری پێشووه‌وه ئیمزا كراوه، نه‌كه‌وتۆته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی یاسایه‌ك بۆ نه‌وت‌و غاز هه‌بێت‌و هه‌ردوولا كاری پێ بكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه كوردستان به پێی یاسای خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌وت‌و غازدا كرد‌و حكومه‌تی عیراقیش به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر سیاسه‌تی خۆی. به تێڕوانینی من حكومه‌تی عیراق‌و به‌رپرسانی سیاسه‌تی نه‌وت له عیراق له ژێر كاریگه‌ریی سیاسه‌تی نه‌وتی رابردوودان، كه سیاسه‌تێكی مه‌ركه‌زییه‌و تایبه‌ته به وه‌زیری نه‌وت‌و سه‌رۆكی كۆمار‌و كه‌س ناتوانێ قسه‌ی تێدا بكات، به‌ڵام ده‌ستووری عیراق ده‌سه‌ڵاتی فراوانی داوه به هه‌رێمه‌كان‌و پارێزگاكان.
-كه‌واته ده‌كرێ بڵێین مه‌سه‌له‌ی یاسای نه‌وت، بناغه‌و سه‌ره‌تایه بۆ ئه‌و درزه‌ی كه‌وته نێوان ئێوه‌و شیعه‌ی حوكمڕانی عیراقه‌وه؟
*ئه‌وه سه‌ره‌تایه، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی تریش هه‌ن، مادده‌ی 140 هه‌میشه له گفتوگۆكاندا له پێشه‌وه بووه، هه‌ندێك جاریش پێكهێنانی هێز له ناوچه‌كانی نێوان هه‌ردوولا، ئه‌و ناوچانه‌ی ئه‌وان ناوی ده‌نێن ناوچه‌ی ناكۆكی له‌سه‌ر، هێزی دیجله‌یان پێك هێنا، ئێمه ئه‌وه‌مان به ده‌رچوون له رێكه‌وتنه‌كه دانا، هه‌ندێك جاریش وا ره‌فتاریان ده‌كرد، كه ئه‌وان باڵاده‌ستن‌و ئه‌و سیاسه‌ته گه‌ڕایه‌وه كه ئه‌وان له به‌غدا باڵاده‌ستن‌و ده‌سه‌ڵاتی پاره‌یان هه‌یه، دواتریش به هه‌ر بیانوویه‌ك بێت بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیان له ساڵی 2014وه بڕیوه.
-كاتێك سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوویت مافت دا به ژن، هه‌رچه‌نده تۆ ژنیشت نییه، به‌ڵام باسێكی ئه‌و گفتوگۆیانه‌مان بۆ بكه كه له ناو په‌رله‌ماندا‌و سه‌باره‌ت به مافی ژن به‌ڕێوه چووه.
*من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم به‌وه هه‌یه كه كۆمه‌ڵگه پێش ناكه‌وێ تا ژن رۆڵی خۆی له هه‌موو شتێك‌دا وه‌ر نه‌گرێت. ئه‌و یاسایانه‌ی كارمان پێ ده‌كردن یاسای عیراقی بوون، زۆر یاسامان گۆڕی له پێناو ژن‌دا، به‌ر له‌وه‌ی منیش بچمه په‌رله‌مان، تا ژن رۆڵی گه‌وره‌تری هه‌بێت‌و به‌شدار بێت له بڕیاردان‌و به‌ڕێوه‌بردندا، بێگومان له‌مه‌دا ده‌بێ باسی فه‌زڵی گه‌وره‌ی سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی بكه‌م، بۆ یه‌كه‌م جار رۆڵی دا به ژنان‌و ژنی به دادوه‌ر دامه‌زراند له دادگاكان‌دا، جگه له‌وه‌ش ژنی به قایمقام دامه‌زراند، كه سه‌رۆكی شارێكه. له بواری یاسای باری كه‌سێتیدا، ئێمه یاسایه‌كمان هه‌موار كرده‌وه ئه‌ویش دوای ساڵ‌و نیوێك گفتوگۆ‌و دوای په‌نابردن بۆ پسپۆڕان، هه‌رچه‌نده من خۆم كوڕی قازی-م‌و ئاگاداری یاسای باری كه‌سێتیم‌و كه‌موكووڕییه‌كانی ده‌زانم، ئامانجه‌كه ئه‌وه بوو یه‌كه‌م شت سنوورێك بۆ فره‌ژنی دابنێین، دوای ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ ژن بڕه‌خسێنین تا وه‌ك پیاو به‌شدار بێت. بابه‌تێكی گرنگ هه‌یه سه‌باره‌ت به ژن، كه پێی ده‌وترێ نشوز، كاتێك ژنێك به‌بێ هۆ مێرده‌كه‌ی نه‌وێ پێی ده‌ڵێن ژنێكی ناشیزه‌و له هه‌موو مافێك بێبه‌ش ده‌كرێت، وتمان بۆچی بۆ پیاویش وا نه‌بێت، خۆ شه‌رعی ئیسلام هه‌یه‌و ئاماژه‌ی پێ كراوه، پسپۆڕێك هه‌یه به‌ناوی زه‌ڵمی، زانایه‌كی گه‌وره‌یه‌و ئێستا نه‌ماوه خودا بیبه‌خشێت، هاته په‌رله‌مان‌و بابه‌ته‌كه‌ی شی كرده‌وه‌و توانیمان ده‌قێك زیاد بكه‌ین بۆ یاساكه‌و وای لێ بكه‌ین ئه‌گه‌ر پیاوێكیش به‌بێ هۆ ژنه‌كه‌ی نه‌وێ پێی بوترێ پیاوی ناشیز‌و به‌و شێوه‌یه‌ش ژنه‌كه هه‌موو مافێكی ده‌بێت بۆ هاوبه‌ش بوون له سامانه‌كه‌یدا، له‌م بابه‌ته‌دا دادپه‌روه‌ریی بۆ ژن گه‌ڕایه‌وه. جگه له‌وه‌ش كۆت‌و به‌ندێكی زۆرمان له‌سه‌ر پیاو دانا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ له ژنێك زیاتری هه‌بێت، هه‌رچه‌نده له‌مه‌یاندا هێرشێكی زۆر كرایه سه‌ر په‌رله‌مان‌و منیش.
-لای خێزانه‌كه‌تانه‌وه هێرش كرایه سه‌ر تۆ؟
*نا من باوكم خودا بیبه‌خشێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه پیاوی ئایینی‌و قازی بووه، به‌ڵام كه‌سێكی رۆشنبیر بووه‌و ده‌یزانی كه ژن فشاری له‌سه‌ره، له‌به‌ر ئه‌وه پشتگیری له هه‌ر شتێك ده‌كرد بۆ به‌رگری له ژنان له چوارچێوه‌ی شه‌رعدا.
-سێ جار هه‌وڵیان داوه تۆ تیرۆر بكه‌ن، یه‌كه‌م جار به بۆردومان كردنی چۆمان ئه‌و كاته‌ی تۆ له‌وێ بوویت، جارێكیش به ده‌رمانخوارد كردنتان به مادده‌ی تالیۆم له ساڵی 87دا، له‌گه‌ڵ كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی ساڵی 2004، كامیان قورس‌تر بوو؟
*قورسترینیان ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه بوو، كه تیایدا 51 كه‌س شه‌هید بوون.
-ئه‌و دیمه‌نه‌مان بۆ بگێڕه‌وه، چی رووی دا، كێ به‌رپرسه؟
*جه‌ژن بوو، جه‌ژنی قوربان، یه‌كی شوباتی 2004 بوو، ئه‌و كات نه‌ریتمان بوو، هه‌رچه‌نده ئه‌و نه‌ریته‌یان پێ گۆڕین، نه‌ریت وابوو له شوێنێكی گشتی، یان له هۆڵێك، كه ئه‌و كاته له هۆڵی باره‌گای یه‌كێتی نیشتمانی بوو، خۆشم ئه‌و كات به‌رپرسی رێكخستنی هه‌ولێری یه‌كێتی نیشتمانی بووم، خه‌ڵك ده‌هاتن بۆ لامان‌و به‌شداری جه‌ژنیان له‌گه‌ڵدا ده‌كردین، به تایبه‌ت بارودۆخی تازه‌ی دوای نه‌مانی رژێم‌و كه‌شی پێكه‌وه‌ژیان له نێوان ئێمه‌و پارتی دیموكراتدا، له‌گه‌ڵ هه‌وڵی یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌كه، پارتی دیموكراتیش بڕیاریان دا له باره‌گای خۆیان كۆ بنه‌وه‌و ئێمه‌ش له باره‌گای خۆمان كۆ بینه‌وه، دیاره رێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده به‌وه‌یان زانیوه، دوو كه‌سی خۆكوژ هه‌بوو، كه خه‌ڵكی كوردستان نه‌بوون، پێم وابێ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن یان شوێنێكی تر نازانم، له وڵاته عه‌ره‌بیه‌كانه‌وه‌و به هه‌ماهه‌نگی رێكخراوه تیرۆریستییه كوردییه‌كان هاتبوون، ئه‌نسار ئیسلام‌و ئه‌نسار سوننه كه سه‌ر به‌وانن، هاتن‌و یه‌كه‌م جار بوو پشتێنی ته‌قینه‌وه به‌كار بێت، پێشتر كه‌س نه‌یبیستبوو، له‌به‌ر ئه‌وه پشكنین نه‌بوو، مه‌گه‌ر كه‌سێك جانتای پێ بوایه، ئه‌مانه پشتێنی ته‌قینه‌وه‌یان به‌ستبوو، له هه‌مان كاتدا یه‌كێكیان چوو بوو بۆ باره‌گای یه‌كێتی نیشتمانی‌و یه‌كێكیش بۆ باره‌گای پارتی دیموكرات، هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌كه دوو یان سێ ده‌قه‌یان به‌ین بوو، له‌گه‌ڵ خه‌ڵكه‌كه هاتنه ژووره‌وه، چونكه سه‌دان كه‌س له‌م ده‌رگایه‌وه ده‌هاتنه ژووره‌وه‌و له ده‌رگایه‌كی تره‌وه ده‌چوونه ده‌ره‌وه، هۆڵه‌كه 200 كه‌سی تێدا بوو، هه‌ندێك ده‌هات پێنج ده‌قه داده‌نیشت‌و ده‌ڕۆی، هه‌ندێك 10 ده‌قه ده‌مایه‌وه، ئه‌م كه‌سه هاته ژووره‌وه‌و یه‌ك كه‌سی مابوو بگاته لای من خۆی ته‌قانده‌وه، ئاگام له خۆم نه‌ما، بۆ ساته‌وه‌ختێكی كه‌م بێهۆش بووم، به‌ڵام كه چاوم كرده‌وه، پارچه‌ی جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌و ناوه كه‌وتبوو، نه‌مده‌توانی ئاوڕ بده‌مه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پارچه‌ی زۆر به‌ر لاملم كه‌وتبوو، قاچه‌كانم نوشتابوونه‌وه، نه‌مده‌زانی كێ ماوه‌و كێ مردووه، ئه‌وه‌نده ده‌زانم سێ چوار كه‌س هاتن‌و هه‌ڵیان گرتم‌و دواتر چووم بۆ نه‌خۆشخانه‌و دوای كه‌مێك ده‌ركه‌وت كه فڵان‌و فڵان شه‌هید بوون‌و سه‌ره‌نجام ده‌ركه‌وت 50 كه‌س له باره‌گاكه‌ی ئێمه‌و 51 كه‌سیش له باره‌گای پارتی دیموكرات شه‌هید بوون، بێگومان له هه‌ردوولا خه‌ڵكی سه‌ركرده‌یان تێدا بوو، كادریان تێدا بوو. ئه‌م رووداوه تا ئێستا له‌گه‌ڵم ده‌ژی.
-ساڵی 87 تۆ‌و چه‌ند هاوڕێیه‌كت به ژه‌هری تالیۆم ده‌رمانخوارد كران‌و ئێوه ده‌یخه‌نه ئه‌ستۆی موخابه‌راتی عیراقی ئه‌و كات، ئه‌وه چۆن رووی دا؟ ئه‌و ساڵه چی له ئارادا بوو؟ بۆ ئه‌و ساڵه؟
*ساڵی 87 له ناوچه‌یه‌كی نزیك ناحیه‌ی مه‌رگه بووین، ناوچه‌یه‌كی ئازاد كرا‌و بوو، باره‌گای پێشمه‌رگه‌ی لێ بوو، ئێمه‌ش باره‌گامان له‌وێ بوو، له نزیك ئێمه‌ش شه‌ڕ هه‌بوو، حكومه‌تی عیراق چه‌كی كیمیایی به‌كار هێنا، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی ژه‌هر به‌كار ده‌هێنێت دژی ئێمه، هه‌رچه‌نده پێشتریش له زیندانه‌كاندا ژه‌هری به‌كار هێناوه، ئه‌گه‌ر بیانویستایه زیندانییه‌ك له‌ناو ببه‌ن، قاوه‌یه‌ك یان شه‌ربه‌تێكیان ده‌دایه‌و ئه‌و كه‌سه دوای چه‌ند رۆژێك ده‌مرد‌و كه‌سیش نه‌یده‌زانی هۆكاره‌كه‌ی ژه‌هره.
-به‌ڵگه‌تان هه‌یه كه له زیندانه‌كاندا خه‌ڵك هه‌بووه ده‌رمانخوارد كرابێت‌و له‌ناو برابێت؟
*به‌ڵێ، كه‌سێك هه‌بوو ئۆپۆزسیۆن بوو له زینداندا بوو، ئازادیان كرد، كه چووه ماڵه‌وه هه‌ستی كرد نه‌خۆشه، چوو بۆ لای پزیشك، كه‌س نه‌یزانی چییه‌تی‌و حاڵیشی خراپتر ده‌بوو، من ئه‌م چیرۆكه ده‌زانم له‌به‌ر ئه‌وه‌ی براكه‌ی هاوڕێمه، رێكه‌وت وا بوو ئه‌و كاته سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك كۆمار بوو ساڵی 77 قوتابخانه‌كانی به‌سه‌ر ده‌كرده‌وه، سه‌ردانی قوتابخانه‌یه‌كی كچانی كرد‌و به مامۆستاكانی وتبوو چیتان ده‌وێ؟ ژنی ئه‌و پیاوه كه له‌وێ مامۆستا بوو وتبووی مێرده‌كه‌م نه‌خۆشه‌و ده‌مانه‌وێ بیبه‌ین بۆ چاره‌سه‌ر پاسپۆرتمان ناده‌نێ، كاغه‌زێكی بۆ نووسی، كه پاسپۆرتی بدرێتێ‌و ڤیزا وه‌ربگرێت، له ماوه‌ی 48 سه‌عاتدا پاسپۆرتی وه‌رگرت‌و خۆی له له‌نده‌ن بینییه‌وه، له له‌نده‌ن بۆیان ده‌ركه‌وت كه ئه‌م كه‌سه ژه‌هراوی بووه، به‌ڵام جۆری ژه‌هره‌كه‌یان نه‌ده‌زانی، دوای چه‌ند ساڵێك كه هه‌ر نه‌یانزانی ئه‌و ژه‌هره چییه، ناویان نا ژه‌هری عیراقی، دوای ئه‌وه بۆیان ده‌ركه‌وت كه ژه‌هری تالیۆم-ه به‌ڵام گۆڕانكارییان تێدا كردووه، دواتر ئه‌و كه‌سه مرد.
-تالیۆم-یان كرده چییه‌وه بۆ ئێوه؟
*ژنێك هه‌بوو، ئێمه له گوندێك بووین هاتن وتیان دوو پێشمه‌رگه شه‌هید بووه‌و برینداریش هه‌یه، من‌و دكتۆر مه‌حمود عوسمان چووین بۆ لای برینداره‌كان، سامی شۆڕش كه ماوه‌یه‌ك وه‌زیری رۆشنبیری بوو، خودا بیبه‌خشێت به میوانی هاتبوو بۆ لای من، ئه‌ویشم له‌گه‌ڵ بوو، چاومان به مسته‌فا چاوڕه‌ش كه‌وت كه به‌رپرسی عه‌سكه‌ری ناوچه‌كه بوو، وتی وه‌رن له ماڵه‌وه لای من نانی نێوه‌ڕۆ بخۆین، دوایی ده‌چین شه‌هیده‌كان به خاك ده‌سپێرین، ئێمه‌ش چووین، ئه‌و ژنه له ماڵی ئه‌وان بوو، مێرده‌كه‌ی له زیندان به‌ر ببوو، وا دیاره كاتێك مێرده‌كه‌ی له زیندان بووه‌و ئه‌م ژنه‌ش چووه بۆ ئازاد كردنی، بۆته موخابه‌رات‌و دزه‌ی كردۆته ناومانه‌وه‌و هاتووه بۆ ئه‌وێ، ژه‌هره‌كه‌ی بۆ كردبووینه ناو دۆ-وه، ئێمه 10 كه‌س بووین، دۆكه‌مان به شێوه‌یه‌كی ئاسایی خوارده‌وه، هاوڕێیه‌كم شه‌هید بێستوون له ته‌نیشتمه‌وه بوو به‌وه شه‌هید بوو، شه‌هید بێستوون دۆی تێ ده‌كرد‌و منیش ده‌مدایه ده‌ست ئه‌وانی تر، دوای ئه‌وه‌ی دۆكه‌مان خوارده‌وه چووین بۆ گۆڕستان، هه‌ر كه گه‌یشتین‌و له ئۆتۆمبێله‌كه دابه‌زین، شه‌هید بێستوون كه‌وت، باوه‌شم پێدا كرد‌و دكتۆر مه‌حمود پێی وابوو جه‌ڵته‌ی دڵ لێی داوه، بردمان بۆ بنكه ته‌ندروستییه‌كه، چیرۆكه‌كه‌ی دوور‌و درێژه، دوای دوو سه‌عات شه‌هید بوو. چه‌ره‌كه سه‌عاتێك پێش شه‌هید بوونی ژنێكیان هێنا بۆ بنه‌كه ته‌ندروستییه‌كه، ئه‌و ژنه نانی بۆ پێشمه‌رگه ده‌كرد، هه‌مان حاڵه‌تی شه‌هید بێستوونی هه‌بوو، ئه‌ویش كه‌وت‌و دوای سه‌عاتێك كۆچی دوایی كرد، من یه‌كه‌م كه‌س بووم كه بیرم بۆ ئه‌وه چوو ده‌رمانخوارد كرابین، دكتۆر شوان-یش له‌وێ بوو، دكتۆر شوان‌و دكتۆر مه‌حمود پێیان وابوو شه‌هید بێستوون به جه‌ڵته كۆچی دوایی كردووه‌و ئه‌و ژنه‌ش ره‌نگه په‌ركه‌م لێی دابێت، به‌ڵام كه‌سێك هاتوو وتی دایكی مسته‌فا چاوڕه‌ش-یش نه‌خۆشه، به سواری ئه‌سپێك هێنایان بۆ بنه‌كه ته‌ندروستییه‌كه، هه‌ر كه دابه‌زی كه‌وت، هه‌مان حاڵه‌تی ئه‌وانی تری هه‌بوو، ئه‌ویش دوای چه‌ند سه‌عاتێك كۆچی دوایی كرد‌و شه‌هید بوو، به‌مه‌دا ئه‌وانی تریش تێگه‌یشتن كه مه‌سه‌له‌كه ژه‌هره. سیانمان شه‌هید بوون‌و ئێمه حه‌وت كه‌س مابووین، سه‌یری یه‌كترمان ده‌كرد، كه ئاخۆ ده‌بێ كه‌ی بمرین؟ دڵخۆشی خۆمان ده‌دایه‌وه، هه‌ر یه‌كه‌و شتێكی ده‌وت، یه‌كێك ده‌یوت ره‌نگه له مریشكه‌كه‌دا بووبێت، یه‌كێك ده‌یوت ره‌نگه شتێكی تر بێت، من بیرم كرده‌وه دۆكه تۆزێك تاڵ بوو، به‌و شێوه‌یه ماینه‌وه تا به‌یانی رۆژی دواتر، شه‌هیده‌كانمان ده‌ناشت، مسته‌فا وتی: ئازارم هه‌یه، رێك دوای 24 سه‌عات بوو كه بۆ یه‌كه‌م جار هه‌ستم كرد په‌نجه‌كانم‌و پێكانم سڕ بوون، سه‌ره‌تا له‌ڕووم نه‌ده‌هات باسی بكه‌م، سه‌عاتێك خۆم راگرت، دوای ئه‌وه چار نه‌بوو هه‌ر ده‌بوو باسی بكه‌م، پاشان من‌و مسته‌فا‌و سامی شۆڕ‌شیان برد بۆ ئێران، به‌ڵام به چ حاڵێك، دكتۆر مه‌حمود مایه‌وه كه دواتر بێت، به‌ڵام به‌فر رێگه‌ی گرت، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین تا ئه‌و شوێنه‌ی ده‌گاته ئێران ناوچه‌ی شه‌ڕ بوو، ئێمه هه‌ندێك رێكخستنی ناوخۆییمان هه‌بوو، هه‌ندێك كه‌سیش هه‌بوون هاوكاری رژێمیان ده‌كرد، ناچار بووین په‌یوه‌ندییان پێوه بكه‌ین، له شاخ هاتینه خواره‌وه‌و سواری ئۆتۆمبێلیان كردین، به ناو سوپای عیراقدا رۆیشتین، ئه‌گه‌ر بیانزانیایه ئێمه كێین له سه‌دا سه‌د ئیعدامیان ده‌كردین، به‌ڵام به جۆرێكی وا سه‌ركێشمان كرد‌و رۆیشتین، چیرۆكه‌كه‌ی بۆ فیلم ده‌ست ده‌دات، پاشان گه‌یشتینه ئێران‌و له تاران په‌یوه‌ندیمان كرد به هه‌ندێك كه‌سه‌وه كرد‌و له ئه‌وروپاوه هه‌ندێك ده‌رمانمان بۆ هات، تا ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ هاته ده‌نگ‌و ئه‌و رێكخراوه ئێمه‌ی له تارانه‌وه برد بۆ له‌نده‌ن‌و له‌وێ به سه‌رپه‌رشتی ئه‌منستی ئینته‌رناشناڵ چاره‌سه‌رمان بۆ كرا له نه‌خۆشخانه‌كانی له‌نده‌ن.
-ئه‌وان جه‌ختیان كرده‌وه كه ژه‌هره؟
*به‌ڵێ، جه‌ختیان كرده‌وه كه ژه‌هره، هه‌ر له تاران ده‌ركه‌وت ژه‌هره، رێژه‌ی ژه‌هره‌كه‌ش له خوێنی هه‌ریه‌ك له من‌و سامی‌و مسته‌فادا جیاواز بوو، به‌ڵام له له‌نده‌ن چاره‌سه‌ر كراین.
- چ وانه‌یه‌كتان وه‌رگرت؟ له حوكم كردن، له هه‌وڵی تیرۆر كردنتان، له هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی روو ده‌دات چ وانه‌یه‌كتان وه‌رگرت؟
*دوای ژه‌هری تالیۆم‌و ئه‌و دۆخه‌ی پێیدا تێپه‌ڕیم، به تایبه‌ت كه دووم جار بوون له مردن نزیك بوومه‌وه، ترسم نه‌ما، ترس له هه‌ر شتێك، ته‌نانه‌ت له مردنیش ترسم نه‌ما، چونكه ئه‌و قۆناغه‌م تێپه‌ڕاند، به‌ڵام دوای ته‌قینه‌وه خۆكوژییه‌كه‌ی یه‌كی شوبات به‌رده‌وام به ئازاره‌وه ده‌ژیم، پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌نده دڵڕه‌قه، به ده‌ستی خۆی‌و به ئاوه‌زی خۆی له بری ئه‌وه‌ی هه‌وڵ بدات خۆشبه‌خت بژی، بۆچی خۆیشی‌و خه‌ڵكانی تریش له‌ناو ده‌بات، ئه‌م پرسیاره له‌و كاته‌وه‌ی مرۆڤ هۆشیاری په‌یدا كردووه جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه، ئه‌م پرسیاره به‌رده‌وام دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام له بری ئه‌وه‌ی وه‌ڵامی بده‌ینه‌وه‌و پێش بكه‌وین، هه‌ر بۆ دواوه ده‌گه‌ڕێینه‌وه، ئه‌وه زۆر ئازارم ده‌دات به‌ڕاستی. له ده‌ستدانی هاوڕێیان كه له رێگه‌ی كه‌س‌و كاره‌كه‌یانه‌وه هه‌ر له‌گه‌ڵمدا ده‌ژین، بۆ نموونه من له رووداوه‌كه‌ی یه‌كی شوباتدا حه‌وت هه‌شت پاسه‌وان كه نزیكن لێمه‌وه‌و به هاوڕێی خۆمیان ده‌زانم‌و به برای خۆمیان ده‌زانم شه‌هید بوون، كه‌س‌و كاره‌كانیان، منداڵه‌كانیان، راسته به‌رده‌وام ئاگام لێیانه، به‌ڵام..
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25