عەجاجەكان
بیروڕا 11:17 AM - 2026-05-18
لە تاوانی قەتڵ و عام و زیندەبەچاڵكردنی ئەنفالكراوەكاندا، هەزاران سەرباز و ئەفسەر و پلەداری ئەمن و استخبارات و مخابرات و حرس جمهوری بەشداربوون، هەر هێزێك لەمانە بەجۆرێك بەشداربووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوانەی لە پرۆسەی گوللەباران كردن و داپۆشینی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا بەشداربوون، ژمارەیەك بكوژی زۆر تایبەت بوون، لەژێر سەرپەرشتی و چاودێری دەزگای ئەمنی خاس بە نهێنی ئەم كارەیان ئەنجامداوە.
ئەمانە ئێستا لەكوێن؟؟
لێرەدا، بە زمانی ئێوەوە پرسیارێك دەكەم، ئەم پرسیارەش هەزاران پرسیاری تر دەخولقێنێت، ئایا لەكۆی ئەو دەیان هەزار كەسەی كە بەشداربوون لەو 8 قۆناغەی ئەنفالدا، بۆچی تائێستا تەنها كەسێكیان خۆی ئاشكرا نەكرد و بڵێت ئەوە فڵان گۆڕی بەكۆمەڵ لەو شوێنەدایە، خۆ تازە ئەوانەیان كە هێشتا لەژیاندا ماون، یان لە دواساتەكانی تەمەنیاندان، بە مۆراڵی مرۆڤی ئاسایی ئەگەر نهێنییەك لەناخیاندا هەبێت، پێش ئەوەی بمرن هەوڵدەدەن ناخی خۆیان ئاسودە بكەن و ئەو نهێنیە بدركێنن، بەڵام زۆر سەیرە ئەم خەڵكانە لە ئاگر و ئاسن دروست كراون و لە رەگەزی مرۆڤ نین، ئەگینا تاكەكەسێك نەبوو لەمانە مرۆڤ بێت؟.
لەم 38 ساڵەی رابردوودا كەسێك لەم تەقەكەرانە، لەو تیمانەی شۆفڵ و گەڵابەیان پێبوو، ویژدانی نەجوڵا تا شوێنی گۆڕێك لەو گۆڕە بەكۆمەڵانە بە خەڵكی عیراق و كوردستان بڵێت؟، تەنها بۆ ئەوەی ویژدان (ئەگەر هەیبێت) نەیكوژێت، ئێمەی كورد هەرگیز بە چاوی رق و تۆڵەوە لە دوژمنەكانیشمان نەڕوانیوە، بڕوانن لە راپەڕینی 1991 كە گەرماوگەرمی دوای ئەنفالیش بوو، نزیكەی 100 تا 150 هەزار سەرباز و ئەفسەر و پلەدار دەستگیركران، بەناوی تۆڵەوە كەسیان نەكوژران، بەڵكو بەڕێزەوە نێردرانەوە بۆ لای كەسوكاریان.
پرسیار: ئایا ناكرێت لەدوای پرۆسەی گوللەباران كردنەكان، تەقەكەرەكانیش گوللەباران كرابن؟؟، چونكە عیراقی پێشوو هەزاران نموونەی وەهای تێدابوو، كاتێك سەدام و نازم گزار لە 30/6/1973 هەوڵی تیرۆركردنی سەركۆمار احمد حسن البكریان دا كە لە گەشتێكدا بوو بۆ یەكێتی سۆڤیەت و بوڵگاریا، سێ تاقم خەڵكی تەقەكەر و پیاوكوژیان دانابوو، ریزی یەكەم لە فڕۆكەخانەی بەغدا لەدابەزیندا بەكر بكوژن، ریزی دووەم بەناوی بەرگریەوە ئەندامانی ریزی یەكەم بكوژن، ریزی سێهەم كە نزیكەكانی سەدام بوون ریزی دووەم بكوژن و تەنها ئەم تاقمە بمێنن كە زۆر باوەڕپێكراوی سەدام بوون، بەڵام KGB پێشتر كودەتاكەی بۆ بەكر ئاشكراكرد، ئەوەبوو نازم گزار كە بەرپرسی ئەمنی عامەی عیراق بوو، وەزیری بەرگری حمادی شیهاب و وەزیری ناوخۆ سەعدون غیدانی دەستگیركرد، شیهابی كوشت و غێدانیش ی بەسەختی بریندار كرد و پاشان ئیفلیج بوو، كە گزار دەستگیركرا، بەبێ دادگایەكی رەسمی بەفیتی سەدام گوللەباران كراو سەری تیاچو.. ئێمەی كورد لەم شێتخانەیەدا دەژیاین!!،
ئەو رژێمە سەرپەڕێنە دەستی لە وەزیر و گوزیر و سەركردەكانی خۆشیان نەپاراستوە، نزیكترین و گەورەترین بەعسییەكانی بە ئەشكەنجە و ژەهر و گوللەبارانكردن لەناوبردووە، حردان التكریتی و فوئاد الركابی وساڵح مهدی عماش وعبدالخالق السامرائی ومحی المشهدانی و عدنان حسین و محمد عایش و غانم عبدالجلیل، دەیانی تریش لە كۆبونەوەی هۆڵی الخلد ساڵی 1979 سەرنگوم و بێ سەروشوێن كران.
من هەموو جارێك بیر لەو كەسانە دەكەمەوە كە دوایین فیشەكیان بە ئەنفالكراوەكانەوە ناوە، هەرگیز بەئاستی گزار و الركابی و التكریتی و السامرائی گرنگ نەبوون بۆ بەعس، بۆیە رەنگە ئەمانیش هەموویان بە دەردی ئەوانی تر رۆشتبن و دوای تەقەكان هەموویان كوژرابن، ئەگینا لەكوێن؟
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شێخ جەعفەرو کۆنسوڵی فەرەنسا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن
10:13 PM - 2026-07-06 -
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازیی ئەلبانیا کۆدەبێتەوە
08:48 PM - 2026-07-06 -
نوێنەری یەکێتی بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لە وڵاتی چین دەکات
05:10 PM - 2026-07-06 -
کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کەلار چارەسەرکرا
04:22 PM - 2026-07-06
زۆرترین خوێنراو
-
تف
بیروڕا 11:53 AM - 2026-07-06 -
سەڵاحەدین.. دەستبەسەر نزیكەی سێ ملیار دینار و چوار ئۆتۆمبێلدا گیرا
عیراق 11:48 AM - 2026-07-06 -
بەڕێوەبەری نوێی پۆلیس و رەگەزنامەی سلێمانی دەستبەکاربوون
کوردستان 10:30 AM - 2026-07-06 -
داهاتوو چاوەڕوانی دواکەوتووان ناکات
بیروڕا 10:05 AM - 2026-07-06 -
181هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 09:54 AM - 2026-07-06 -
ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکاتەوە
عیراق 09:23 AM - 2026-07-06 -
وەسیەتنامەكەی جەنەڕاڵ شەریف پاشا دۆزرایەوە
کوردستان 09:36 PM - 2026-07-05 -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەشداریی یادی دامەزراندنی پارتی كۆمۆنیستی چین دەكات
ی ن ک 09:21 PM - 2026-07-05




دابەزێنە

