عەجاج لە سێدارە مەدەن!
بیروڕا 10:24 AM - 2026-05-17
عەجاج لە سێدارە مەدەن! دواخستنی سزاكەی پێویستییەكی مێژووییە
شاڵاوەكانی ئەنفال لە مێژووی عیراقی نوێدا بەتەنها پرۆسەیەكی سەربازی نەبوو، بەڵكو برینێكی كراوەیە لە هزری گەلێكدا، دەیان هەزار قوربانی، سڕینەوەی هەزاران گوند لەسەر نەخشە، دایكان هێشتا بۆ ئێسك و پروسكی رۆڵەكانیان لە نێو لمی بیابان و گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا دەگەڕێن.
لەناوجەرگەی ئەو مەرگەساتەدا، ناوی كەسانێك بوونەتە هێمای ترس و لەرز، عەجاج حەردان یەكێكە لەوان، ناوی ئەو لەپاڵ چەمكی (جەللادی ئەنفال)دا، لە هزری گەلی كورددا بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە بۆتە یادەوەرییەكی تاڵ.
ئەمڕۆ كە زۆرینەی خەڵك داوادەكەن توندترین سزای ئەو كەسا نە بدرێت كە لە تاوانی هەوڵی قڕكردنی كوردەوە تێوەگلاون، لە هەمانكاتدا پرسیارێك دێتە ئاراوە، ئەویش ئایا دادپەروەریی بە كوشتنی خێرای تاوانبار بەدیدێت و تەواو دەبێت؟ یاخود هەندێكجار مێژوو پێویستی بەوەیە تاوانبار زیندوو بمێنێتەوە، تا بدوێت و ئەوەی پێویستە بیڵێت؟
هیچ نكۆڵییەك لەوە ناكرێت سزادانی ئەوانەی تاوانی قڕكردنیان کردووە، بابەتێكی ئەخلاقی و یاساییە، بەڵام پەلەكردن لە جێبەجێكردنی سزاكە، دەرگا لە سەر چەندین راستی گرنگ دادەخات، زۆر وردەكاریی شاڵاوی ئەنفال تا ئێستا بە نادیاریی ماونەتەوە، شوێنی گۆڕەكان نازاندرێت، بابەتگەلێكی زۆر دۆكیۆمێنت نەكراون، پاڵنەرەكانی ئەو رقەی بەرامبەر بەكورد هەیانبووە ئاشكرا نەبووە، خۆ خودی عەجاج تەنها نەبووە، هاوكار و دەست و پێوەندەكانی ون و نادیارن، بۆیە دواخستنی جێبەجێكردنی سزاكە پێویستییەكی میژوویی و مرۆییە.
دانپێدانانەكانی تاوانبار هەرچەندە توند و ناخ هەژێن بێت، بەهایەكی وەهای هەیە هیچ بەڵگەیەكی نووسراو ئەو بەهایە نابەخشێت، لەو دۆخەدا تاوانبار خودی خۆی دەدوێت، ئەوە دەڵێت: بڕیارەكان چۆن دەردەچوون؟ كێن ئەوانەی بەشداربوون؟ وردەكاری تاوانەكان باس دەكات، بەوجۆرە بەشێك لەو راستییانە دەردەكەوێت ساڵانێكە بە شارەوەیی مانەوتەوە.
ئەزموونەكانی دادگا هاوشێوەكان، ئەوەی سەلماندووە، دانپێدانانی تاوانبار زۆربەیجار كلیلی گەیشتن بووە بە گۆڕە بەكۆمەڵەكان و ئاشكرا بوونی چارەنووسی بێسەروشوێنەكان.
هەموو ئەمانە بێتاوانیی تاوانبار و هاوسۆزی لەگەڵیاندا ناگەیەنێت، بەڵكو گەیشتنە بە وەڵامی پرسیارگەلێك لە یادەوەریی مێژوودا دەمێننەوە، بەڵام بە خێرایی لەسێدارەدان بۆ هەتایی هەتایی بێدەنگی لێدەكرێت و وەڵامی ئەو پرسیارانەش لەگەڵ تاوانبارەكەدا دەمرن.
گەلانی پاش مەرگەسات تەنها پێویستیان بە تۆڵەكردنەوە نییە، بەڵكو پێویستیان بە یادەوەرییە، یادەوەریش بەتەنها لەسەر رق بونیات نانرێت، پێویستی بە بەڵگاندن و دانپێدانان و شایەدحاڵ هەیە، بۆ ئەوەی بۆ نەوەكانی داهاتوو ئەرشیف بكرێن.
هەرگەلێك نەزانێت چۆن رووبەڕووی مەرگەسات كراوەتەوە، بەردەوام لەبەردەم هەڕەشەی دووبارەبوونەوەدا دەبێت.
ژیری ئەوەیە ئەوانەی دەستیان لە هەوڵی قڕكردنی كورددا هەبووە بەر لە جێبەجێكردنی سزاكە، وەك سەرچاوەی ئاشكراكردنی راستییەكان بەكاربهێندرێن، وەكو وەفادارییەك بۆ قوربانییەكان، بۆ مێژوو، لەپێناوی ئەو منداڵانەی دەبێت رۆژێك ئەوە بزانن چۆن مرۆڤ دەگۆڕێت بۆ ئامێری كوشتن و چۆن قوربانییەكان بەرگرییان كرد بۆ ئەوەی بە زیندویی لە یادەوەریاندا بمێنێتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
شێخ جەعفەرو کۆنسوڵی فەرەنسا پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوتوێ دەکەن
10:13 PM - 2026-07-06 -
قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوە و پیشەسازیی ئەلبانیا کۆدەبێتەوە
08:48 PM - 2026-07-06 -
نوێنەری یەکێتی بەشداری لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتیی لە وڵاتی چین دەکات
05:10 PM - 2026-07-06 -
کێشەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کەلار چارەسەرکرا
04:22 PM - 2026-07-06
زۆرترین خوێنراو
-
تف
بیروڕا 11:53 AM - 2026-07-06 -
سەڵاحەدین.. دەستبەسەر نزیكەی سێ ملیار دینار و چوار ئۆتۆمبێلدا گیرا
عیراق 11:48 AM - 2026-07-06 -
بەڕێوەبەری نوێی پۆلیس و رەگەزنامەی سلێمانی دەستبەکاربوون
کوردستان 10:30 AM - 2026-07-06 -
داهاتوو چاوەڕوانی دواکەوتووان ناکات
بیروڕا 10:05 AM - 2026-07-06 -
181هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
کوردستان 09:54 AM - 2026-07-06 -
ئەمڕۆ پەرلەمانی عیراق کۆبوونەوەکانی دەستپێدەکاتەوە
عیراق 09:23 AM - 2026-07-06 -
وەسیەتنامەكەی جەنەڕاڵ شەریف پاشا دۆزرایەوە
کوردستان 09:36 PM - 2026-07-05 -
دەرباز كۆسرەت رەسوڵ بەشداریی یادی دامەزراندنی پارتی كۆمۆنیستی چین دەكات
ی ن ک 09:21 PM - 2026-07-05




دابەزێنە

