riklam

ژیان لە ئاوێنەی نەورۆز و رەمەزاندا

بیروڕا 12:43 PM - 2026-03-16
عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

لە ژیانی مرۆڤدا، هەندێک رێگا هەن کە بە ئارامی دەڕۆن و بێ زەرەر و نارەحەتی دەگەنە کۆتایی، وەک رووبارێک کە بە هێمنی دەگاتە دەریا، بەڵام هەندێک رێگاش هەن وەک رێگا شاخاوییەکان کە پڕن لە هەڵدێر و بەرزایی، پڕن لە توولەرێی پێچاوپێچ و بەرد. 
لەو رێگایانەدا مرۆڤ هەموو هەنگاوێک بە وانەیەکی نوێی ژیان دەگات. ژیانی منیش لەو رێگایانە بووە کە هەر قۆناغێکی وانەیەکی قووڵی ژیانی فێر کردووم.
لە سەرەتای رێگاکەدا بێ باوکی و هەژاریی وەستابوون. هەژاریی زۆرجار وەک نەهامەتی دەبینرێت، بەڵام لە راستیدا قوتابخانەیەکی قووڵی ژیانە. لەو قوتابخانەیەدا مرۆڤ فێر دەبێت کە بە کەمترین شتیش بتوانێت بژی و تێبگات کە بەهای مرۆڤ بەوە نییە چەند شتی هەیە، بەڵکو بەوەیە چەندە هیوا و مانای لەناو دڵدا هەڵگرتووە. بێ باوکییش فێری کردم پشت بە خۆم ببەستم و هێزی خۆم لە ناخی خۆمدا بدۆزمەوە. 

بێ باوک بوون لە کاتی منداڵیدا بارێکی گرانە، بەڵام بۆ من دایکم بوو بە باوک و پشتیوانی ژیانم، تا رادەیەکیش کەمجار هەستم بەبێ باوکی کردووە. هەژاریی فێری کردم کە مرۆڤ دەتوانێت بێ سامان بێت، بەڵام نابێت بێ هیوا بێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زۆر کەس سامانی بەدەستهێناوە، بەڵام کەم کەس توانای ئەوەی هەبووە لەکاتی تەنگانەدا خۆی بپارێزێت و هیواکانیشی نەدۆڕێت.

پاشان رۆژانی خەبات هاتن، لە ناو ریزەکانی کۆمەڵەی مارکسی–لینینی، لەپێناوی ماف و ئازادیی رەنجدەران و بۆ کوردستانێکی ئازاد و سەرفراز. 

خەبات تەنیا لە مەیدانی شەڕی سیاسی و سەربازیدا نییە، بەڵکو لە ناخی مرۆڤدا دەست پێدەکات. کاتێک مرۆڤ هەڵوێست لەجیاتی بێدەنگی و فرسەت‌تەلەبیی هەڵبژێرێت، ئەو کاتە خەباتی راستەقینە دەستپێدەکات.

لەو رێگایەدا مرۆڤ تێدەگات کە سەرکەوتن هەمیشە بە مانای زاڵبوون بەسەر خەڵکی تردا نییە، گەورەترین سەرکەوتن ئەوەیە کە مرۆڤ بتوانێت بەسەر ترس و لاوازییەکانی خۆیدا سەر بکەوێت.

دوای ساڵانێک، ژیان هەندێکجار مرۆڤ دەگەیەنێتە دەسەڵات. دەسەڵات لە رووی فەلسەفییەوە وەک گۆمێکی قووڵ وایە، دەتوانێت مرۆڤ سەرئاو بخات، بەڵام دەشتوانێت مرۆڤ ژێر ئاو بکات و بیخنکێنێت. زۆرجار مرۆڤ لە هەژاریدا خۆی دەناسێت، بەڵام لە دەسەڵاتدا خۆی لەدەست دەدات و گومڕا دەبێت. بۆیە گەورەترین دەسەڵات ئەوەیە کە مرۆڤ لەناو دەسەڵاتیشدا خۆی لەبیر نەکات و خۆی نەدۆڕێنێت.

ئاگری نەورۆز هێمای هیوا و نوێبوونەوەی ژیانە

ئەم رۆژانە کە بەهار دەگات و ئاگری نەورۆز دادەگیرسێت، جیهان دووبارە خۆی نوێ دەکاتەوە. نەورۆز تەنیا بۆنەیەکی مێژوویی نییە، ئاگری نەورۆز هێمای هیوا و نوێبوونەوەی ژیانە. 
کاتێک لەسەر شاخەکان ئاگر دادەگیرسێت، وەک ئەوەی مێژوو دووبارە بڵێت کە تاریکیی هەرچەندە درێژ بێت، کۆتایی هەر دێت. 

لەلایەکی ترەوە مانگی رەمەزان مرۆڤ بەرەو ناخی خۆی دەبات. ئەگەر نەورۆز ئاگری خاک بێت، رەمەزان پاکیی رۆحە. لە رەمەزاندا مرۆڤ فێری ئەوە دەبێت کە گەورەترین ئازادی، ئەوە نییە جیهان بەدەستەوە بگرێت، بەڵکو ئەوەیە کە بتوانێت خۆی بەدەستەوە بگرێت. بەم شێوەیە ژیانم لە نێوان دوو رووناکییدا تێپەڕیوە: ئاگری نەورۆز کە هیوا دەدات و روونیی رەمەزان کە دڵ پاک دەکاتەوە.

کاتێک بیر لە ساڵانی رابردوو دەکەمەوە، دەبینم بێ باوکی و هەژاریی و خەبات و دەسەڵات، هەموویان وەک وانەیەکی گەورە بوون. ئەوان فێریان کردم کە ژیانی مرۆڤ هەمەجۆرە و یەک رەنگ و یەک ئاست نییە، بەڵکو بەردەوام لە گۆڕانکارییدایە. لەوانەیە مرۆڤ زۆر شت لەدەست بدات، بەڵام ئەگەر ناوبانگ و راستگۆیی خۆی بپارێزێت، هەرگیز نەدۆڕاوە.

لە کۆتاییدا راستییەک دەردەکەوێت: هەموو شتێک قابیلی نەمانە، سامان، دەسەڵات و تەندروستییە، بەڵام ئەوەی هەمیشە دەمێنێتەوە پاکیی دڵ و راستگۆیی لەگەڵ خۆت و دەوروبەرە، هەروەها ئومێد بە ئایندە، هەروەک شاعیری گەورەی شیلی پابلۆ نیرۆدا دەڵێت: “دەکرێت گوڵەکان ببڕن، بەڵام ناتوانن بەهار رابگرن.”

هەروەها شاعیری گەورەی کورد مەحوی فەرموویەتی:

ئەگەر دڵ پاک بێت،
ژیان خۆی رووناک دەبێتەوە
تاریکیی لە ناو مرۆڤدا نامێنێت.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket