هەرێم و گرنگی دیپلۆماسییەتی هاوسەنگ
بیروڕا 09:03 PM - 2026-02-21
لەئێستادا هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەختی ئابوری، سیاسی و قەیراناویدا تێپەڕ دەبێت و دۆخی ناوچەكە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیش بەگشتی لە هەڵچونێكی مەترسیداردایە، بۆیە هەرێمی كوردستان زیاتر لە هەموو سەردەمێك پێویستی بە رێكخستنەوەی ناوماڵی خۆیەتی و بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بە نەخشەڕێگا و پلانێكی تایبەت بە پاراستنی قەوارەی هەرێم و تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە.
نەخشەڕێگایەك كە بتوانێت:
ـ كۆتایی بە پەرتەوازەیی و دابڕانی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان بهێنێت.
ـ بەستەڵەكی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە كوردستانییەكان بتوێنێتەوە، بەتایبەتی نێوان هێزەكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن.
ـ تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان یەكێتی و پارتی.
ـ بتوانێت سەرلەنوێ سەرجەم هێزە كوردستانییەكان لەژێر چەترێكی هاوسەنگ كۆ بكاتەوە و هەر هێزێك هەست بە بوون و سەنگی خۆی بكات.
ـ بتوانێت هەرێم لە گەڤ و مەترسی و گرژییەكانی ناوچە بپارێزێت.
ـ بتوانێت هەرێمی كوردستان لەم دۆخە چەق بەستووە دەرباز بكات و ببێتە سەرچاوەی لەدایكبوونی حكومەتێكی خزمەتگوزاری گەل پەسەند.
ئەمەش نایەتەدی ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەڕوانگەی هەستكردن بەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی كە لەسەر شانیانە، راشكاوانە وەڵامی ئەم پرسیارە نەدەنەوە، كە ئایا هەر هێزێكتان بەگوێرەی ئاراستەی بیركردنەوە و هەڵوێستان پلانتان چییە بۆ چارەسەركردنی دۆخی ئێستای هەرێم؟
لەسەر ئەم بنەمایە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێی وایە كە باشترین وەڵام بۆ ئەو پرسیارە ئەوەیە، كە هەرێم نەخشەرێگایەكی نوێی هەبێت و ئامراز و بناغەی ئەو نەخشەرێگایە، گرتنەبەری دیپلۆماسییەتێكی هاوسەنگ و بەكارهێنانی هێزی نەرم و خۆداماڵین لە سیاسەتی توند و دیپلۆماسییەتی رەق و رەتكردنەوە.
مەبەست لە دیپلۆماسییەتی هاوسەنگ، هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی هاوبەشییەكان و هێنانەكایەی هاوسەنگی لەنێوان هێزەكاندا و گەیشتن بە بڕیارێكی دروست و پاشان رێككەوتنێكی هاوسەنگ لەنێوان لایەنەكاندا بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە بەو مانایەی كە تێپەڕاندنی ئاڵنگاری و هەڕەشەكان بە تەنها ئەركی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن نییە، بەڵكو ئەركێكی نیشتمانی هاوبەشە، هەمووان سەرەڕای جیاوازییەكان دەبێت لە وێنە گەورەكەدا یەكبخرێن.
بۆ ئەو مەبەستە یەكێتی بەجیا و لە یەك كاتدا و لەسەر ئاستی باڵا و لوتكە دەستیكردووە بە دانوستانێكی هاوسەنگ لەگەڵ دوولایەنی سەرەكی لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، كە پارتی دیموكراتی كوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێیە.
ـ ئەنجامدانی دانوستان بەجیا لەگەڵ ئەو دوولایەنە بۆ دژایەتی هیچ لایەنێك نییە، چونكە بەپێی رەشنووسی رێكەوتنی یەكێتی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەرجەم خاڵەكان لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستاندان و زیانی بۆ هیچ لایەنێكی سیاسی دیكە نییە.
ـ هەروەك رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی ئەگەر بگاتە ئەنجام هیچ كاریگەری نەرێنی لەسەر جوڵانەوەی نەوەی نوێ و حزبەكانی دیكە دروست ناكات و دواجار رێككەوتنێكی هاوبەشی نیشتمانی بەدوای خۆیدا دێنێت و هەرێم پێ دەنێتە قۆناغێكی دیكەوە كە جێگای رەزامەندی خەڵكی كوردستان بێت.
ئەم بژاردە و نەخشەڕێگایە، لە ئەنجامی خوێندنەوەیەكی واقیعیانەی یەكێتی بۆ دۆخی هەرێمی كوردستان و راڤەكردنی ئەو هۆكار و ئاڵنگاریانە بووە كە چەندان ساڵە بەربەست لەبەردەم چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم دروست دەكەن.
بۆ ئەو مەبەستە هەنگاوە كردارییەكانی خۆی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە و گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی كە كاتێك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن دانوستان لەناو بازنەیەكی داخراوی بێ ئەنجامدا بخولێنەوە و هەنگاوەكان بە بنبەست بگات.
ئەوا پێویستە بەدوای دەرچە و بژاردەیەكی دیكەدا بگەڕێن یەكێك لە باشترین بژاردە بۆ دۆخی ئێستای هەرێم ئەوەیە كە گۆڕانگاری لە بەرنامە و نەخشەرێگای دانوستانەكاندا بكرێن و بازنەی دانوستانەكان فراوانتر بكرێت، بەشێوەیەك كە دانوستانەكان تەنها لەنێوان یەكێتی و پارتی نەبێت، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی دیكە، بەتایبەتی لایەنە سەرەكییەكانی ئۆپۆزسیۆن سوود لە تواناكانیان وەربگیرێت و ئەوانیش بەشێوەیەك ئەركدار بكرێن كە هەنگاوی هەموو لایەنەكان بەئاراستەی یەكخستنی پێگە و سەنگی سیاسی كوردستان بێت كە لەبەرژەوەندی گەلی كوردستان و ئەم ئەزموونە نوێیە، گۆڕانكارییەكی ئەرێنی لە هەرێمی كوردستان بەدوای خۆیدا دێنێت و لەلایەكەوە لەبەرژەوەندی گشتیدایە و لەلایەكی دیكەوە ئەمە خواستی گەلی كوردستانە و تاكە بژاردەیە كە هەرێمی كوردستان بگەیەنێتە كەنارێكی ئارام و سەقامگیری سیاسی.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی باجی زیاتر دەكات
09:37 PM - 2026-02-21 -
سەرۆک بافڵ: یەکێتی بۆ خزمەتکردنی خەڵک کاردەکات
06:39 PM - 2026-02-21 -
جێگری سەرۆکی هەرێم: پاراستنی زمانی کوردی ئەرکێکی نەتەوەییە
02:51 PM - 2026-02-21 -
ڕفعەت عەبدوڵڵا: زمانی کوردی یەکێکە لەزمانە دەوڵەمەندەکان
01:42 PM - 2026-02-21
زۆرترین خوێنراو
-
پسپۆرێکی وزە: داخستنی گەرووی ھورمز کارێکی زەحمەتە
جیهان 11:59 AM - 2026-02-21 -
قوباد تاڵەبانی: ئەرکمان لە پاراستنی زمانەوە گۆڕاوە بۆ گەشەپێدان
کوردستان 11:22 AM - 2026-02-21 -
ئەمڕۆ و سبەى ئاسمان ساماڵ دەبێت
کوردستان 11:22 AM - 2026-02-21 -
له سلێمانی دهست بهدابهشكردنی قهرهبووی حاجیان دهكرێت
کوردستان 10:56 AM - 2026-02-21 -
وۆرکشۆپێک بە ناونیشانى "زمانى کوردى، وەک زمانى نوسینى کارگێڕى" بەڕێوەچوو
کوردستان 10:49 AM - 2026-02-21 -
کۆمپانیای نەوتی باکور: ئاگرەکەی وێستگەی باجوان کۆنترۆڵکرا
کوردستان 09:55 AM - 2026-02-21 -
رۆژی زمانی دایك پیرۆزبێت
کوردستان 09:19 AM - 2026-02-21 -
زمانی بێ هاوتا
بیروڕا 11:50 PM - 2026-02-20




دابەزێنە

