زمانی بێ هاوتا
بیروڕا 11:50 PM - 2026-02-20
رۆژی زمانی دایک رۆژی ناسینی تایبەتمەندی نەتەوەکان و رۆژی پەیوەندی نێوانیشیانە.
زمان پردێکە هەموو نەتەوە پێکەوە گرێدەدا و بۆنەیەکی نەرم و نیانی جوانیشە کە بە نەتەوەکان دەڵێ ئێوە لێک جیان و دەربڕین و دەربارەتان جیایە و پێویستتان بە سیحری وەرگێڕانە تا لێک بگەن و پێک بگەن.
زمان و دەربڕینی یەک زمانی وایە کە پردی ئەندێشە و ئەزموونە لە نێوان یەک نەتەوەدا. ژبەر هەندێ پەیوەندی و ئامرازەکانی پەیوەندی لە ماشێن و شەمەندۆفێرەوە تا پەخشی رادێۆ و تێل و تۆڕی کۆمەڵایەتی گرێدراوی زمانن و وەک زمان نەتەوە یەک دەخەن تا ئەوەی ئەحمەد موختار جافی شاعیری نەتەوەیی هیوا و ئاواتی بوو سکەی ئاسن بگاتە هەورامان . هیچ نەبێ بۆ ئەوەی زازا و کرمانج، تا جاف و هەورامی لەرێگای دوور و درێژی قیتار بێزار نەبن، یەکتری بدوێنن و دڵداری لەگەڵ راز و ئەندێشەی یەک نەتەوەیی خۆیان بکەن.
زمان و زاراوە و بن زارەکانیش وەک دارستانی چڕی وڵات پردی تێکەڵی و تێگەیشتنیان گەرەکە. ئەمە سیاسەتی ژیرانەی زمان و رێنووس و ئاوێتەکردنی دامەزراوەیی پێی ڕادەبێ . ئەمما باسی وەرگێڕان وەک پردی نێوان نەتەوەکانی کە خوا بە جیاواز خوڵقاندونی ئەوا باسێکی درێژ و دەوڵەمەندە کە جۆرێک تەماعی ئینسانەکانیش دەردەخات . تەماعی ئەوەی ئەزموونی خۆماڵیت پێ بەس نەبێ و حەزت لە ئەزموونی نەتەوە و ئەندێشەکانی تریش بێت. ئەم پردی پەیوەندییە جاری وایە وەک پردی نامەرد وایە کە دزی و درز و ناپاکیش دەکات بۆیە بە وەرگێڕان دەگوترێ خیانەتە لە دەق و کەس بە ئاسانی لێی دەرناچێ. جا هەیە ئەم تۆمەتە لەسەر خۆی دەکاتە گوناهی کەبیرە کە لە زمانی سێیەمەوە وەریدەگرێ و وەریدەگێڕێ .
ئەم پردی نێوان زمانەکان و ئەم پردی نێوان یەک نەتەوەش هەر خاس و باشە تەنانەت ئەگەر جمێنیش بێت کە هەر زمان و دەربڕین زەنگین دەکات وەختێ هەر لە دونیای ئەفراندن و چەشەی فەرهەنگیدا دەمێنێتەوە. لەبابەت شیعری شێخ رەزا و فەرەزدەق. ئەمما کە لە کایەی ژیان و نەبەردی کۆمەڵایەتی و سیاسەتدا چڕ دەبێتەوە ئەوا خراپییەکەی وەک درۆ و دوو زمانی وایە . لە جێی شیعر شەعیر و لە جێی پەخشان بوختانە و لە جێی ئەزموونە پەند و عیبرەتی زەمانە.
بە هەر حاڵ لە بۆنەی خۆشدا،وەک ئەم رۆژە ، هەر بۆنی خۆش شایانی پەخش و پەرێشانە و چاکترە بە باسی تر نەیشەمزێنین، رۆژی زمانی دایک هەم خاسە و هەم عامە.
هەم رۆژە بۆ سەروەرکردنی زمانی رەسەنی نەتەوە و هەم دەرفەتیشە بۆ سڵاو کردن لە هەموو زمانەکانی هەمی دونیا. ئەوانیش خاوەنی خۆیانیان هەیە و دایکانی بە سۆز لای لایەیان پێ چڕیووە و نەوەکانی نەتەوەکان پێی ژیر بوونەتەوە.
ئێمەی کوردیش کە سەدان ساڵە زمانمان لێ قەدەغەیە هەقمانە بۆ قەرەبووی زوڵمی پێشین بە زمانی پیرەمێردەوە بڵێین:
(ئێمە کە کوردین لە لامان وایە
زمانی کوردی زۆر بێ هاوتایە)
هەواڵی زیاتر
-
دۆناڵد ترەمپ: ناتۆ ترسنۆکە و پڵنگی سەر کاغەزە
07:57 PM - 2026-03-20 -
خاتوو شاناز: جەژنی نەورۆز ببێتە کۆتایی نەهامەتییەکان
03:32 PM - 2026-03-20 -
ڕفعەت عەبدوڵا پیرۆزبایی جەژن لە موسڵمانان دەکات
07:25 PM - 2026-03-19 -
کۆسرەت رەسوڵ عەلی: گەلەکەمان پارێزراو بێ لە ئاڵۆزی و گرژییەکان
07:09 PM - 2026-03-19
زۆرترین خوێنراو
-
دۆناڵد ترەمپ: ناتۆ ترسنۆکە و پڵنگی سەر کاغەزە
جیهان 07:57 PM - 2026-03-20 -
سەرۆک بافڵ: نەورۆزی کوردان لە کوردستانیان پیرۆزبێت
کوردستان 06:50 PM - 2026-03-20 -
مەکتەبی سیاسی: دەبێت ئامانجە نەمرەکانی نەورۆز و راپەڕین بەشکۆداری بهێڵینەوە
کوردستان 04:18 PM - 2026-03-20 -
خاتوو شاناز: جەژنی نەورۆز ببێتە کۆتایی نەهامەتییەکان
کوردستان 03:32 PM - 2026-03-20




دابەزێنە

