riklam

خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە!!

بیروڕا 01:42 PM - 2026-02-16
کاروان یاروەیس

کاروان یاروەیس

جارێکیان سوڵتان مەحمود ژنێکی زۆر جوان و قەشەنگ دەبینێت و یەکسەر دڵی پیس و چاوی خراپ و سکی تێر و ناوگەڵی برسیی، دەچێتە سەر ئەو قەشەنگە، بەڵام نازانێت چۆن بەم نێچیرە بگات و تەشقەڵەی پێبکات، بۆیە بیژیترین وەزیری خۆی بانگ دەکات و باسی حەز و شەهوەتبازیی خۆی بەرامبەر ئەو ژنە بۆ دەکات و فەرمان دەدات ئەمشەو تا بانگی بەیانی ئەو ژنەم بۆ دەستەبەر کرابێت!

 وەزیری بیژی، زانیاریی لەسەر ژنەكە کۆدەکاتەوە، سەیر دەکات ژنێکی مێرددارە و مێردەکەشی دارتاشێکی ناسراو و دەستڕەنگینی شارە، بۆیە پیلانێکی ئاگرین دادەڕێژێت تا فەرمایشتی ئاغای سوڵتانی خەتم بکات و لە سبەینێدا کارەکەی مەیسەر کردبێت. 

وەزیری زۆڵ، تاقم و دەستەی پارێزگاریی سوڵتان دەنێرێتە سەر ماڵی کابرای دارتاش و بەناوی سوڵتانی مەملەکەتەوە داوای یەک فەردە (ئاردی دار)ی لێدەکەن تا بانگی بەیانی ئامادە کرابێت.

کۆکردنەوەی فەردەیەک ئاردەدار بەلانی کەم چەند مانگێک دەخایەنێت، کەچی سوڵتانی مەملەکەت لە چەند سەعاتێکدا دەیەوێت، بۆیە یەکسەر دەزانێت کە سوڵتان تەماعی لە ژنەکەی کردووە و لەگەڵ گزنگی بەیاندا سەری دارتاش لێکراوەتەوە و ژنی کابرای لە سێدارەدراو دەبێتە کەنیزەکی پاشا!.

دارتاش و ژنی قەشەنگ، زۆر بێ هیوا دەبن و هیچ چارە و دەسەڵاتێکیان نابێت، تەنها ژنەکە لەبەرخۆیەوە دەڵێت: (خوا گەورەیە و خواش لە سوڵتان مەحمود گەورەترە)، بەمجۆرە درێژترین و ترسناکترین شەوی ژیانیان بەڕێدەکەن و لە چاوەڕوانیی بانگی بەیاندان، تا ژەندرمە بێن و لە دەرگا بدەن و بڵێن: یان فەردەیەک ئاردەدار یان سێدارەی خاوەنکار!

 ئەو شەوە بۆ ژن و مێرد نەبڕاوە بوو، شەوی مەرگی مێرد و تاڵانکردنی نامووسی ژنەکەیە، شەوی هەڵوەشانی نەجابەت و شەهامەتە لە مەملەکەتی سوڵتاندا کە جەنابیان تەنها لە بیری شەهوەت و ئارەزووی سێکسبازیی خۆیدا بوو، با مەملەکەتیش سەگ بیخوات!

لە کولەکەدا بانگی بەیانی درا و خەڵک بەرەو مزگەوت دەڕۆیشتن، لەپڕێکدا دەقولبابی دەرگا كرا و دڵی ژن و مێرد داخورپان، دارتاش بە هەناسەی ساردی ماڵئاوایی لە ژیان، بەرەو دەرگاكە ملی ناو مەرگی خۆی لەناو لەپی دەستیدا هەڵگرتبوو، كە دەرگای كردەوە بینی وا ژەندرمە و پاسەوانانی سوڵتان لەم دیو دەرگاوە وەستاون، بە دارتاشیان وت:  خێرا خۆت ئامادە بكە، سوڵتان مەحمود كۆچی كردووە و دەتبەین تا بەقەد باڵای جەنابیان تابووتێكی جوان و نایابمان بۆ بنەخشێنن، شایەنی مەرگ و مەقامیان بێت!

دارتاش: ئەمرتانە، با دەستكێشەكانم بهێنم، كە دێتە ژوورەوە دەبینێت ژنە بەوەفاكەی لە فرمێسكی خۆیدا خەریكە نقوم دەبێت و زۆر بە كەساسی مەرگی مێردەكەی دەلاوێنێتەوە، دارتاش بە دەنگێكی زۆر كپ بە گوێی ژنەكەیدا دەچرپێنێت: مژدەم بدەرێ و دەنگت هەڵمەبڕە، سوڵتان مەحمود مردووە و ئێستا من دەبەن بۆ كۆشك تابووتێكی بۆ دروست بكەم!

ئیتر ژنەكە بە دڵێكی خۆشەوە دەڵێت: نەموت خوا لە سوڵتان مەحمود گەورەترە؟

ئەم بەسەرهاتە ئێستا لە زمانی كوردیدا وەك ئیدیۆمێك بەكاردێت بۆ ئەو كەسانەی غەدر و زوڵم و زۆر لە بێتاوانان دەكەن، لەپڕ لەكاتی خۆیدا دووچاری سزا و قەدەری خۆیان دەبنەوە.

لاتان سەیر نەبێت تۆڵەی خودایی بۆ دوژمنەكانی كورد زۆر ئاشكرا و دیارە و هەركەس زوڵمی لەم میللەتە داماوە كردبێت، سزای خۆی وەرگرتووە، هەروەك ئەو سەرانەی رێكکەوتننامەی جەزائیریان ئیمزا كرد لە بەهاری 1975 ئەوانیش سەدام و حەمەڕەزا شا و هەواری بومدیەنی سەرۆكی جەزائیر بوون، بە دەردێك چوون ئەگەر لە ChatGPT بپرسن ئەوسا دەزانن لە سوڵتان مەحمود خراپتریان بەسەرهات.

ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket