riklam

کەرکوك سەنگەری پێشەوەی کوردایەتیە

بیروڕا 06:15 PM - 2025-11-10
هەژار سدیق

هەژار سدیق

هەژار سدیق

کەرکوك و خانەقین و تەواوی سنوری خوارووی هەرێمی کوردستان لەدیدو دنیابینی ڕێبەری بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان سەرۆك مام جەلال و زۆرینەی هێڵی پێشکەوتووخوازی کوردایەتی، سەنگەری پێشەوەی خەباتی گەلی کوردستان بووە،  لەهەمان کاتیشدا لای هەموو تاکێکی کورد، چ لەهەولێر بێت یان لەئامەد یان لەعەفرین یان سابلاخ بێت کەرکوك شوێنێکی تابیەتی هەیە.

شۆڕشەکانی کوردستان لەپێناو نەوت و گاز، قوربانیان بۆ کەرکوك نەداوە، هەر وەك لەچەندین بۆنەشدا سەرۆك مام جەلال دەیگوت، کەرکوك پێش ئەوەی شاری نەوت بێت، شارێکی بەپیتی کشتوکاڵیەو لەبەر خاتری نەوت، بەرگری لەکەرکوك ناکەین، بەڵکو وەك بەشێکی دانەبڕاو و شارێکی کوردستانی، وەك سەنگەری پێشەوەی بەرگریە لە هەموو خاکی کوردستان، پاراستنی کەرکوك واتا پاراستنی هەولێر و سلێمانی و دەڤەری بادینان، دەستهەڵگرتن  لەکەرکوك واتا دەستهەڵگرتن لەهەموو خاکی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بەسیستمی حوکمڕانی هەرێمی کوردستان.

پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەرم و دانایانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەردەمی سەرۆك مام جەلال بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ جێبەجێکردنی ئەو نەخشەڕێگەیە بووە، کەهەرێمی کوردستانێکی بەهێز لەناو عیراقێکی یەکگرتوو و هاوسەنگدا بچەسپێندرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوانەی بەگێلی و نەفامی چووبوونە ناو کایەی سیاسەت و دەوڵەتداری، ئەم سیاسیەتە حەکیمانەیەی سەرۆك مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان بە پاشکۆی حیزبی دیکە لێك دەدایەوە، بەڵام دوایی هەمووان تێگەیشتن ئەم هەموو نەرمی نواندنە لەسیاسەتدا، ئەوپەڕی بوێری ئازایەتیە.

درێژەپێدانی هەمان سیاسەت، لەلایەن سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، تەواوکردنی هەمان نەخشەڕێگەی پاراستن و بەرەوپێشبردنی هەرێمی کوردستان و کەرکوك و کوردایەتیە، سەردانە زۆرەکانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی و وەفدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ لای بەڕێز مەسعود بارزانی لە سەری ڕەش، لاوازی نیە، بەڵکو لەدابو نەریتی کوردەواریشدا، گەورەییەو لەڕووی سیاسی و ڕۆژنامەوانیشەوە، ئەم  هەوڵانەی سەرۆك بافڵ پەرۆشی و دڵسۆزیە بۆ خەڵك و خاکی کوردستان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیر بۆ هەموو هاوڵاتیان.
بۆیە پێویستە کەرکوکیەکان شانازی بەخۆیانەوە بکەن، کە بوونی ئەوان وەك پارێزەری گەلی کوردستان چ بەهایەکی گرنگی هەیە،  ئێمەی هەولێری و سلێمانی و بادینانیش، شانازی بە ئەرکە قورسەکەی کەرکوکیەکان دەکەین و پێی دەزانین و  سیاسەتە ڕاست و دروستەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، جێگەی ئەوپەڕی شانازیە، کە لەداهاتوودا، نەخشەڕێگەی سیاسەتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەبێتە خێر و خۆشی بۆ هەموو کۆمەڵانی خەڵکی عیراق و کوردستان و سیستمێکی سەقامگیرو دادپەروەر.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket