کەرنەڤاڵی سەرکەوتن و یادکردنەوەی شەهیدان
بیروڕا 10:31 AM - 2025-11-10
لە دوا رۆژەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یاریگای نێودەوڵەتیی سلێمانی کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانی لە شاری میهرەبانی، شاری شەهید شیهاب و شەهید ئارام سازکرد، جەماوەرێکی پڕ لە جۆش و خرۆش و ئومێد بە سەرکەوتن، گەنجانی خوێنگەرم، ژنانی تەوارئاسا و پیرانی دڵگەرم لە گۆڕەپانەکە بەرەو خۆری ئازادی شەپۆلیان دەدا، هەناسەی بۆنخۆشی ئەم دەریا بێبڕانەوەیە بەڕاستی «مسك الختام» بوو.
خوێنی شەهیدان ئەمڕۆیان هێنایە دی
لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵانی سەرکردایەتی و کادرانی پێشکەوتووی یەکێتی ئامادەی کەرنەڤاڵەکە بووین، لەم کەرنەڤاڵەی سلێمانیدا، بیر و هۆشم لای یادەوەری شەهیدانی یەکێتی گیرسایەوە، لە دڵمدا خۆشی و شایی ئەمڕۆ لەگەڵ ئاگر و خەفەتی دوێنێ تێکەڵ بوو، لەناو خۆمدا، بەبێ دەنگیی هاوارم دەکرد و دەموت: هەڤاڵان لە یادتان نەچێ رۆژگاری سەختی شۆڕشی نوێ، خوێنی شەهیدان و ئارەق و ماندووبوونی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی ئەو رۆژانەی کە لە نائومێدیدا ئومێدیان بەرهەمهێنا، ئەمڕۆیان هێنایە دی.
لە دەوروبەرم زۆر گوێبیستی ناوی حەمە و محەمەد بووم، یەکسەر (حەمەی شاسوار) و (محەمەد یاوەر) هاتنەوە یادم، (حەمەی شاسوار) ئەو پیاوەی هەموو ژیانی خەبات بووە لەپێناوی میللەتەکەیدا و لە شۆڕشی ئەیلوولدا پێشمەرگەیەکی دیاری بەتالیۆنی کفری بوو.
حەمەی شاسوار ساڵی 1936، لە دێی ئاوەخوێری لەدایکبووە، پیاوێکی گەنم رەنگ و باریک و چوست و چالاک و خاکی بوو، من بە خزمەتی نەگەیشتووم و بە دیداری شاد نەبووم، بەڵام ناو و ناوبانگی لە گەرمیان، وەک قەڵای شێروانە دیار و ئاشکرایە.
پیاوە قارەمان و بەهیمەتەکەی یەکێتی
حەمەی شاسوار، پیاوە قارەمان و بەهیمەتەکەی یەکێتی، وەرزی پایزی ساڵی 1980، لە چەمەکەی نێوان گوندی شێخ تەویل و قەڵاتۆبزان لەگەڵ حەسەن حاجی حسێن کەلاری و حەمەی مامەلی و عومەر فەرەج، بە کۆپتەر لەلایەن سەربازانی حکومەت و خۆفرۆش تەحسین شاوەیس و جاشەکانییەوە شەهید کران و سەری حەمەی شاسوار- یان بردە لای ئاغاکەیان لە چەمچەماڵ!، تەرمەکەی بەبێ سەر لە گۆڕستانی دێی سەی خەلیل بە خاکی پیرۆزی گەرمیان ئەسپاردە کرا! روحی بۆ ماوەیەکی زۆر وەک هەڵۆی بەرزەفڕ لە ئاسمانی گەرمیان بە دوای جەستە و قەڵافەتە پیرۆزەکەی خۆیدا دەگەڕا!، دوای چەند ساڵێک بە هەزار دەردەسەری و پاڕانەوە، کەسوکارەکەی، سەرە پیرۆزەکەیان وەرگرتەوە و وەک تاجی سەروەری لە لای لاشەکەی ناشتیان.
بۆنی باخەکانی خانەقینی لێدەهات
دوای شەهیدبوونی باوکی، عەلی شاسوار، کوڕە گەنج و تازە پێگەیشتووەکەی حەمەی شاسوار، ماوەیەک لە گەرمیان لەگەڵ محەمەد یاوەر پێشمەرگە بووە، محەمەد یاوەر، بۆنی باخەکانی خانەقین و دەستەگوڵی رێکخستنەکانی کۆمەڵەی لێدەهات، دوای پەیوەندییکردنی بە ریزەکانی شۆڕش و تەواوکردنی خولی کادران، وەک کادری سیاسی هاتە گەرمیان.
محەمەد یاوەر، ساڵی 1947، لە دێی جەبراوەی نزیک خانەقین لەدایکبووە؛ پیاوێکی قۆز و باڵابەرز و حەیزەرانی، سپیڕەنگ، قژ رەش، چاو خڕ و تیژ و رووخۆش بوو، لە رۆیشتن و رێکردندا جوانیی دەباراند، خاوەن هەڵوێست و بیری چەپ، هاوڕێی نزیکی شەهید مەجید غاندی بوو، رێکەوتی 1981/9/10 لە نزیک بیرەکەی گوندی تووەقوت لەگەڵ ئومێد شاکەلی و جەباری حاجی حسێن بە دەستی حەمەی ئەحە فەڕاش و جاشەکانی شەهید کران.
جاشەکان تەرمی پیرۆزی هەردوو شەهید محەمەد یاوەر و ئومێد شاکەلی-یان برد بۆ حکومەت لە کەلار، تەرمی محەمەد یاوەر نەدرایەوە بە کەسوکاری و نەیانهێشت بیبەن بۆ خانەقین و شارەوانی کەلار ناشتی، پیاوخاسانی گەرمیان پەیکەرێکی شایستە بەو کەڵەمێرپیاوەیان لە دەروازەی شاری کەلار داناوە.
وەک بیلبیلەی چاومان بیپارێزین
دیار و ئاشکرایە و شاعیر وتەنی: (داری ئازادیی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەرناگرێ)، ئەم جەماوەرە لەبن نەهاتووە و ئەم سەرکەوتن و سەروەرییانە بە خوێنی شەهیدان و رەنج و ماندووبونی پێشمەرگە و رێکخستنە دێرینەکانی یەکێتی هاتۆتەدی، دەبێت وەک بیلبیلەی چاومان بیپارێزین و موتوربەی بکەین بە نەوەی نوێ و ئاڵاکەی یەکێتی بەرزتر رابگرین و رێبازەکەی رەوانشاد سەرۆک مام جەلال، بکەینە شاڕێیەکی پڕ رێبواری ژیر و وریا و ئازا و جوامێر.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سبەی هاتووچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە مەرزی کێلێ رادەگیرێت
10:06 PM - 2025-12-27 -
کەرکوک.. بە بڕیاری پارێزگار سبەی لە باخچە و خوێندنگاکان پشوو دەبێت
09:46 PM - 2025-12-27 -
ئەوروپا مەرجەكانی سیستمی سۆشیاڵ و یارمەتیی بێكاری توندتر دەكات
03:51 PM - 2025-12-27 -
وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەی 11 بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات
12:30 PM - 2025-12-27
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە حاكم ئیبراهیم دەكات
پرسەنامە 05:06 PM - 2025-12-27 -
رێبوار تەها باشترین پارێزگاری باشووری كوردستانە
کوردستان 04:07 PM - 2025-12-27 -
ئەوروپا مەرجەكانی سیستمی سۆشیاڵ و یارمەتیی بێكاری توندتر دەكات
جیهان 03:51 PM - 2025-12-27 -
وەزارەتی کشتوکاڵ: هاوردەی 11 بەروبومی کشتوکاڵی قەدەغە دەکات
عیراق 12:30 PM - 2025-12-27 -
كاندیده دهرچووهكانی پهرلهمان سوێندی یاسایی دهخۆن
عیراق 11:34 AM - 2025-12-27 -
دوو هێندەى ساڵى رابردوو باران باریووە و بەفر و باران بارینیش دەستپێدەکات
کوردستان 10:55 AM - 2025-12-27 -
هاوخەمى مەکتەبى سیاسى بۆ کۆچى دوایى خاتوو شوکریە کەریم
پرسەنامە 10:25 AM - 2025-12-27 -
هاوخەمى مەکتەبى سیاسى بۆ کۆچى دوایى دکتۆر جەمال رەشید
پرسەنامە 10:20 AM - 2025-12-27




دابەزێنە

