riklam

زۆرێک بۆ خەڵک و جارجاریش بۆ خۆم دەنووسم

بیروڕا 10:26 AM - 2025-11-05
 عیماد ئەحمەد

عیماد ئەحمەد

یەکەم رۆژی مانگی یانزەی 2025، بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، سەردانی شاری خانەقین-مان کرد. لە سلێمانییەوە بۆ خانەقین رێگەکە نزیکەی سێ سەعاتی خایاند، شوکور ئێستا چاککردنی رێگە هاتوونەهاتەکەی نێوان سلێمانی - کەلار بەشێکی زۆری تەواو بووە و بووەتە جووتساید و کێشەی هاتوچۆ  لەو رێگەیەدا کەمبووەتەوە.

لەو ماوەیەدا، لەناو خەیاڵ و یادگاری و بیرەوەرییەکانمدا مەلەم دەکرد، سەرەتا پەیکەرە نیوییەکەی شەهید ئازاد هەورامی-م بینی رویکردووەتە هەورامان و بە زمانە شیرینەکەی پێی وتین: لە پەنای خوادا بن. لە نزیک دەربەندیخان لە دێی سیارە، سێبەری مام دەروێش-م بە جامانە و جلی کوردی خاکییەوە بینی، وەک ساڵی 1993بە تاقم و کڵاشینکۆفەوە چاودێریی جادەکەی دەکرد، دڵ و دەرونم پڕ بوو لە خەفەت و داخ، کە ئەمبەر و ئەوبەری جادەکەم دەبینی زەوییەکە چەند تینووی ئاوە و چاوەڕوانی رەحمەتی بارانە.

دەیان هەزار کەس و سەدان شەهیدمان لە خانەقین ناشتووە و یەکێتیش لە سەردەمی شاخ و راپەڕین و دوای رزگارکردنی عیراقیش لە دیکتاتۆریەت، هەر بایەخی پێداوە

لە بانیخێڵان، ناوچەی برنج و ئاوی سازگار، داستانەکەی مەحمودی مامە عەزەم دژ بە سوپای داگیرکەری بەعس هاتەوە یاد و ئەحمەدی بانیخێڵانی، سەرکردەی حزبی شیوعی عیراقمان بینی بە فەرهەنگی فراوانی پەندی پێشینانەوە. گەیشتمە لای تونی بابا، لە دڵی خۆمدا وتم، خوایە بەڵای وشکەساڵی، ئاوی ئامون و توونی بابا بچێت.

یادت بەخێر هێرۆ خانی هاوڕێ و خاوەن هەڵوێست و بە وەفا، چەند بە تەمای بینینی توونەکان بوویت، بۆ ئەمەش لەگەڵ عەدنانی حەمەی مینە خەریکی هێنانەدی ئاواتەکەت بووین، بەداخەوە بەهۆی تەندروستیتەوە ئاواتەکەت نەهاتەدی. لای دێی قوڵەبەرز، ئەو رۆژانەم هاتەوە یاد کە چۆن وەسفیە خان دەمانچەیەکی لێرەوە بە تەکسییەکەی عەلی باپیری خانەقین، گەیاندە مولازم جوامێر و هەڵۆی سوور لە بەغداد.

لە دێی بەرلووت جەوهەر نامیق و رێککەوتننامەی واشنتۆنی ساڵی(1998) و وەفدی یەکێتی و پارتی هاتنەوە بیرم. پێش ئەوەی بگەینە ناو شاری کەلار، چاوم کەوتە سەر ماڵ و دیوەخانەکەی ئەحمەد کەلاری، ئەو رۆژانەی پێش ساڵی 1970م هاتەوە یاد، چۆن لە فولکەی کرندی ناوشاری خانەقین بە جلی سەربازی و پووزەوانە و کلێتە و فەرەنجییەوە بە دەنگە پڕ جۆش و خرۆشەکەی شیعری دڵدار و قانع و حاجی قادری دەخوێندەوە.

لەناو شاری کەلار سەڵاح کوێخای میوان دۆست و ئیسماعیل مەردانی قسەخۆشم هاتەوەبیر. لە دەشتی بنکورە لەگەڵ قسە دانسقەکانی شێروان شێرەوەندی و هیممەتی کەموێنەی حەمە نوری بەسە، ژیام.

 گەیشتمە لای باوەمەحمی و خەیاڵم فڕی بۆ لای چوارەم رۆژی جەژنەکانی رەمەزان و قوربانی  خۆش و دەگمەن لە خانەقین و دەهۆڵ و زوڕنا و هەڵپەڕکێی فەتاح پاشا و سێپێیی خوداداد عەلی و سەی جاسم رەئوف قەیتەران و رەحیم خەیات و خەڵکانی دیکە.

نزیکبووینەوە لە خانەقین، بۆنی ئەڵوەن و سیمای باخەکانی دڵ و دەروونمانی پڕ کرد لە ئومێد و خۆشی وەک منداڵێکی کۆرپە کاتێک شاد ببێتەوە بە دایکی. هەڤاڵانی مەڵبەند پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین و کۆبوونەوەی فراوانی ئەنجومەنی مەڵبەندی خانەقین و کاندیدەکانمان ئەنجامدا، لە گەرمەی کۆبوونەوەکەماندا بوومەلەرزەیەکی تاڕادەیەک بەهێز لە خانەقین و دەوروبەریدا، بەشێک لە هەڤاڵان کەمێک شڵەژان، بەڵام کۆبوونەوەکەمان بەردەوام بوو.

سەبارەت بە بوومەلەرزە قسەیەکی نەنکم هاجەر، بۆ ئامادەبووان گێڕایەوە، کە دەیوت: هەر کەسێ لەکاتی بوومەلەرزەدا، فریا بکەوێت دەستبخاتە سەر زەوی و نییەت بهێنێت یەکسەر نییەتەکەی دێتەدی، بەڵام بەداخەوە ئێمە لەسەر کورسی و مێز دانیشتبووین و فریای دەست خستنە سەر زەوی نەکەوتین.

ئینجا بە یەکەوە رۆشتین بۆ خدرزندە بۆ سەر مەزاری شەهیدان، کە هێمای خانەقین و یەکێتی-یەکەمانە، هەستم دەکرد روحیان لەگەڵماندایە و قسەیەکی مارکیز-م هاتەوە یاد لە رۆمانی (مئة عام من العزلة)دا، کە نزیکەی 40 ساڵ لەمەوبەر خوێندومەتەوە تێیدا دەڵێت: "سەر بە خاکێک نابیت ئەگەر مردووت تێیدا نەناشتبێت".

ئێمە لە خانەقین دەیان هەزار کەس و دەیان شەهیدمان لەم خاکە پیرۆزەدا ناشتووە. یەکێتی-یەکەمان لە سەردەمی شاخ و راپەڕین و دوای رزگارکردنی عیراقیش لە دیکتاتۆریەت، هەر بایەخی بە خانەقین داوە.

رەوانشاد مام جەلال زۆرجار کە دروشمی دەوتەوە، دەیوت: "یان کەرکوک و خانەقین، یان هەتا ماوین دەجەنگین".   

بۆمان دەرکەوت، هەندێکجار جەماوەر، لایەنگران و ئەندامانی یەکێتی لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا، بە حەماسەتتر و شۆڕشگێڕترن لە سەرکردایەتییەکەی!

لە گەڕانەوەماندا بۆ شار، لە فولکەی پاشاکۆپری، پەیکەرە پڕ واتاکەی حسێن مەنسور خواحافیزیی لێکردین و بە خوای سپاردین.

پێمباشە، لە کۆتایی ئەم زنجیرە وتارەدا دەربارەی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە بڵاومکردوونەتەوە بڵێم: خوێنەری بەڕێز داوای لێبووردن دەکەم، زۆرێکم بۆ تۆ نووسیوە و جاروباریش بۆ خۆم، زۆرشت لە ژێر پێستمەوە، بۆ دنیای تەنیایی لەگەڵ خۆم دەیبەم، دوور لە تۆ و نزیک لە خۆم.

PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket