خەڕەك
بیروڕا 10:33 AM - 2025-11-03
خەڕەک ئامێرێكە لە كاری جۆڵاییدا بۆ بەن هەڵكردنەوە بەكار دێت، ئەم ئامێرە هەمیشە لە جووڵەدایە و بەنەكە هەڵدەكاتەوە، دەنگێكی نزمی ناخۆشی هەیە، لە ئیدیۆمی کوردەواریدا بە كەسی زۆربڵێ و چەنەباز دەڵێن خەڕەكە شكاو، بە دووبارەكردنەوەی كار و كارنامە و بەرنامەیەكی ناخۆش و درۆ و دەلەسە و چێرۆک و بەسەرھاتی بەردەوامیش دەڵێن، ئەڵێێ خەڕەكە.
رۆژانە هەندێك تیڤی و دەزگا و كەناڵی راگەیاندن هەن، سەرباری تێچووی زۆر و زەوەندیان، سەرباری وێنەی جوان و رەونەقیان، سەرباری ئەوەی خاوەنی جوانترین كیژۆڵە و قۆزترین پیاون، لە چەندین مانگی دەستكرددا بەشدارن، لەسەر زەوی و لە ئاسمان ریكلام بۆ خۆیان دەكەن، بەڵام لە راستیدا تەنها دەنگی خەڕەكە شكاوەكەیە و جوانی و پوختی وێنە و مەیكەپ و پارەوپوول هەمووی بەفیڕۆدەچێت، رۆژانە خەریکی چەسپاندنی قسەکەی (گۆبڵز) ن، ئەم زاتە ترسناکە وەزیری پڕوپاگەندەی ھیتلەر بوو، نازییەکی تاسەر ئێسک راسیست بوو، ھەمیشە دەیوت: (درۆ بکە، درۆ بکە، ئەوەندە درۆ بکە تا خۆت باوەڕ بە درۆکانی خۆت دەکەیت)، واتە خەڕەک ئاسا بیڵێرەوە بیڵێرەوە تا وەک هەندێك دەموچاوی سواو لەهەموو جێگا و شوێنەكاندا ئەوەندە دەیانبینی و دەردەكەون شەوان خەونی ناخۆشیان پێوە دەبینین.
ئەمانەش تیمی خۆیان و گروپی خۆیان و شوێنی خۆیان هەیە، لە پشت هەموو مایكەكانەوە دەنگی نەشازن، جوانترین و باشترین دەنگ خۆشەكانیش هێشتا نۆرەی كار و نۆبەتی ئیشیان بۆ نەهاتوەتە پێشەوە.
گێڕانەوەی چیرۆكی ژیان، بە هەناسەی جیاواز، ترساندنی خەڵك بە بڕینی مووچە، هێرشی میدیایی بەناوی بێلایەن، گلەیی و گازەندەی خەڵك لە دیاردە نەشازەكان، ئەمانە سیمای رۆژانە و دووبارەبووەكانن، كە دەبێت هەموومان بە گرنگ وەریان بگرین، بەڵام جوانترین وشەكان و كاریگەرترین گرتەكان لە قوڕگەكاندا وشكدەبن و زیقەزیق و وتاری خەڕەكە شكاوەكان، بەبێ هیچ بنەمایەكی فیكری دەبنە سەروتاری وتارەكان.
لە ناوەڕاستی هەشتاكان لە زانكۆی موسڵ كەسێكمان لەگەڵ بوو، بۆ نەگبەتی، یەك لایەنە حەزی لە كچێكی موسڵاوی كردبوو، چەندینجار چووبووە سەر رێگای و بە عەرەبییەكی تێكشكاوەوە پێی وتبوو (أحبك) كە دەبوو بڵێ (أحبچ)، ئیتر بێزاری كردبوو، دیاربوو ئەویش بە باوكی وتبوو، بۆ نەگبەتی زیاتر باوكی كچەكە پلەیەكی باڵای هەبوو لەناو دەسەڵاتدا و وابزانم مدیر أمن و شتی وابوو.
كابرای برادەری ئێمەیان لە نیوەشەودا راپێچی ئەمن كرد و بەیانی و دوو بەیانی و سێ بەیانی نەهاتەوە بۆ دەوام، دوای پێنج رۆژ كە بەرەڵایان كردبوو، ناڵێم (ئازاد) تەنها سەریان بە گوێزان تاشیبوو، لەنیوەشەودا لەبەردەم بەشی ناوخۆیی دایاننابوو.
ئێ ئێمە هەموو دەمانزانی، ئەم فیلمە كۆتاییەكەی بەم تێهەڵدان و سەرتاشینە دێت، بەڵام برادەرەكەمان ئەم هەلەی بۆخۆی قۆستبووەوە، خوێندكارە كوردەكانی تر لە نزیكەوە هاوڕێی نەبوون لێیان دەپرسی:
ـ فڵانی، ئەوە خێر بوو دەستگیركرایت؟؟
ـ لە وەڵامدا: هەر لەسەر مەسەلەكە بوو، (مەبەستی لە مەسەلەكە، كوردایەتی بوو)، ئێ كە خۆشمان لێمان دەپرسی ئەرێ عاشق بۆچی گیرایت؟
بەتوڕەییەوە دەیوت ئەرێ (خەڕەكە!!)، ئەبێ هەموو جارێك بۆتان بڵێمەوە؟؟!!
ئەم خەڕەكەی ئەمڕۆ ئەو رووداوەی موسڵی بیرهێنامەوە، كە برادەرەكەمان تائێستاش وەك قارەمانێك نان و پیاز بەو خەڕەكەوە دەخوات.
ئەمەش لە سێگۆشەی خڕ دەچێت.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
ھەسەدە: شكستمان بە هێرشەكانی سەر مەنسورە هێنا
09:51 PM - 2026-01-17 -
تەبقە.. بەرخۆدان بەردەوامە و هێزی هەسەدە لە شارەكەدایە
08:48 PM - 2026-01-17 -
یادی شەهیدانی رۆژاڤا بەرز راگیرا
07:56 PM - 2026-01-17 -
مەکتەبى سیاسى یەکێتى: کەناڵ 8 بووەتە جێگەی شانازیی لەناو میدیای کوردیدا
06:57 PM - 2026-01-17
زۆرترین خوێنراو
-
مەسەلەی کوردە و لە کورد قەوماوە
بیروڕا 04:03 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ: لەگەڵ نەوەی نوێ فراکسیۆنەکەمان کردووە بەیەک
کوردستان 01:10 PM - 2026-01-17 -
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبوونەوە
کوردستان 01:00 PM - 2026-01-17 -
هەسەدە: دیمەشق مەرجەکانی رێککەوتنی کشانەوەی پێشێل کردووە
کوردستان 12:16 PM - 2026-01-17 -
هاوخەمی مەکتەبی سیاسی بۆ کۆچی دوایی خەڵات عومەر
پرسەنامە 11:25 AM - 2026-01-17 -
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: مەرسومە کۆمارییەکە وەڵامدەرەوەی خواستەکانی گەلی سوریا نییە
کوردستان 11:12 AM - 2026-01-17 -
ئەمڕۆ و سبەى لە ناوچە شاخاویەکان بەفر دەبارێت
کوردستان 10:38 AM - 2026-01-17 -
كۆبوونهوهی بافڵ جهلال تاڵهبانی و محهمهدی حاجی مهحمود
کوردستان 10:19 AM - 2026-01-17




دابەزێنە

