ده‌نگدان به یه‌كێتی، له تێڕوانینێكی ستراتیژییه‌وه..
بیروڕا 09:16 AM - 2025-11-03
(2-1)
پێشه‌كی
سه‌ره‌تا مه‌به‌ست له تێڕوانینی ستراتیژی Strategic Vision، روانگەیەکی هەمەلایەنه و قووڵه بۆ داهاتوو لەسەر بنەمای لێكدانه‌وه‌ی واقع و تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و مێژووییەکان.
ئه‌م تایپه له تێڕوانین، بۆ رێڕەوێکی فكری یان پراكتیكی درێژخایەنه بە ئامانجی پەرەپێدانی کۆمەڵگه یان بیری مرۆڤ. هه‌روه‌ها بریتییه له دنیابینییه‌كی ئاینده‌یی و سه‌راپاگیر و ده‌ستنیشانكردنی ئاڕاسته گه‌وره‌كان و ئامانجه دوورمه‌وداكان كه پێویسته بژارده و بڕیاره‌كان و سیاسه‌ته هه‌نووكه‌ییه‌كان، دیاری بكه‌ن.
ئه‌مڕۆ ئه‌م تێڕوانینه، ئه‌گه‌ر زیاتر لای توێژی ده‌سته‌بژێر به‌دی بكرێت، ئه‌وا پێویستیی به جۆرێك له شۆڕكردنه‌وه و به میللیكردنه، به‌تایبه‌تی كه كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن، له هه‌رێمی كوردستان و عیراقیشدا، به ده‌گمه‌ن نه‌بێت، دیبه‌تی عه‌قڵانی، دیالۆگی زانستی، ئاڵوگۆڕی ئارگیۆمێنت و بیركردنه‌وه‌ی ستراتیژی له‌خۆ نا‌گرن، له‌وه‌ش زیاتر زۆرجار له‌ناو هه‌رای بانگه‌شه و جۆشوخرۆشی دروشم و به‌ڵێنی قه‌واره سیاسییه‌كان و كاندیدەکانیدا، ئه‌م تێڕوانین و كۆمه‌نیكه‌یشنه هاوچه‌رخ و مۆدێرینانه، ون ده‌بن و ئاوڕیان لێنادرێته‌وه.
ئه‌م په‌یپه‌ره، له دوو به‌شدا، تایبه‌ته به پرسی ده‌نگدان به یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و مانه‌وه و پاراستنی وه‌ك هێزێكی بنه‌ڕه‌تی له گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا.
مانه‌وه و پاراستن وه‌ك قه‌ده‌ری هه‌ر حزبێكی سیاسیی تر نا، به‌ڵكو وه‌ك بونیادێكی مێژوویی Historical construction، كه زاده‌ی كه‌ڵه‌كه‌بوونی چه‌ندین قۆناغه له تێكۆشانی سیاسی، رێكخراوه‌یی، نهێنی، چه‌كداری، ئیداری و ده‌وڵه‌تی، وه‌ك چۆن به‌رهه‌می كارلێكی كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری سیاسی و ئابووری و كەلتوری و كۆمه‌ڵایه‌تییشه و چوار ساڵ جارێك ده‌چێته‌وه به‌رده‌م ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ر و ده‌كه‌وێته ناو هاوكێشه و ته‌ته‌ڵه‌ی متمانه پێبه‌خشینه‌وه‌وه.
قه‌واره و ئه‌زموون
هه‌ر له سه‌روه‌ختی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردندا نا، به‌ڵكو له رۆژگاری ئاسایی ژیانی سیاسیی هه‌رێمیشدا، له روانگه‌یه‌كی ستراتیژییه‌وه، ئه‌و باوه‌ڕه‌مان هه‌بووه، كه ی.ن.ك سه‌ره‌ڕای هه‌ڵه و كه‌موكورتییه‌كانی، یان ئه‌و ره‌خنه و ناڕه‌زاییانه‌ی كه له‌سه‌ری هه‌ن، پێویسته وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فكری و سیاسیی نه‌ته‌وه‌ی كورد، وه‌ك هێزێكی سه‌ره‌كیی عیراق و باشووری كوردستان، وه‌ك جه‌مسه‌رێكی بنه‌ڕه‌تیی ناو ململانێی سیاسی و كێبڕكێی دیموكراتی، ده‌ستی پێوه بگیرێت و پارێزراو بێت، به‌تایبه‌تی كه حزبی سیاسی خۆی، له هه‌ر رووبه‌رێكی جیهاندا بێت، دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك، ئیتر خۆبه‌خۆ ده‌بێته به‌شێك له‌ژێرخانی سیاسیی وڵات Political Infrastructure، واته له‌وه ده‌كه‌وێت كه هه‌ر به ته‌نها ئه‌زموونێكی سیاسی بێت، كۆمه‌ڵێك دیسكۆرس و ره‌فتاری رۆژانه و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن بێت له رووداوه‌كانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیایه‌كی سیاسیی دیاریكراو، به‌ڵكو ده‌بێته قه‌واره‌یه‌كیش، واته ده‌بێته بونیادێكی مێژوویی كه هه‌ڵه‌یه به سیاسه‌تی به‌رهه‌ڵستكارانه‌ی په‌تی و رادیكاڵ، یان له‌به‌ر هەندێک دۆسێ و هه‌ڵوێست، یان لادان و قه‌یران، كه له هەندێک قۆناغی دیاریكراودا رووده‌ده‌ن و قابیل به چاره‌سه‌ر و ریفۆرمكردنن، كۆی بونیاده‌كه، بكرێته ئامانج و وێنه گه‌وره‌كه‌ی بشێوێنرێت.
حزب كه بوو به بونیادێكی مێژوویی، ئه‌م بونیاده چه‌ند باڵابكات، چه‌ند ره‌گی قووڵی له‌ناو رابردوو و ئێستای كۆمه‌ڵدا دابكوتێت، ئه‌وه‌نده‌ش ستراتیژی تر و دوورمه‌وداتر هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ ده‌كرێت و به هه‌ڵچوون و سایكۆلۆژیای بێزاری ناسپێردرێت، به‌تایبه‌تی كه حزبی سیاسیی خاوه‌ن بونیادی مێژوویی، كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی سیاسیی سه‌قامگیرتر بۆ كۆمه‌ڵگه به‌رپا ده‌كات.
له‌م رووه‌وه، ئه‌زموونی هه‌موو ئه‌و وڵاته دیموكراتییانه‌ی جیهان، كه دوو حزبی سیاسیی خاوه‌ن بونیادی مێژوویی به‌ڕێوه‌یان ده‌به‌ن، زۆر به روونی ئه‌م راستییه ده‌سه‌لمێنن. هه‌موو ئاگاداریشین كه ده‌یان ساڵ ده‌بێت، بگره زیاتریش، زۆر وڵات هه‌ن كه هه‌ر به سیستمی ده‌بڵ پارت/دوو پارت (Two-Party System) به‌ڕێوه‌ده‌چن ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له هەندێک ئه‌زمووندا چه‌ند حزبێكی بچو‌وكیش له پاڵ سیستمه‌كه‌دا، هه‌بن.
ئه‌وه‌ی كه وه‌ك بونیادێكی مێژوویی له‌م هێزه‌دا هه‌یه، وا به ئاسانی له هیچ هێزێكی تری ده‌ره‌وه‌ی سیستمی دوو حزبی كۆنابێته‌وه و به‌دی ناكرێت، واته له مه‌ودای دیاردا، جێگره‌وه‌ی سیاسی بۆ یه‌كێتی له ئارادا نییه
له وڵاتانی دیموكراتدا
له ئاستێكی تردا، سیستمی دوو حزبی خۆیشی، كه دیارده‌یه‌كه له دیارده‌كانی بونیادی مێژوویی حزبه مه‌زن و دێرینه‌كان، ئه‌گه‌رچی داهێنراوێكی هه‌رێمی كوردستان نییه، به‌تایبه‌تی كه زۆربه‌ی كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بنكه فراوان بوون!، به‌ڵام واقعیش ئه‌وه‌یه كه له زۆر وڵات‌دا لاسایی ده‌كرێته‌وه و بۆته به‌شێك له كه‌لتورێكی سیاسیی گڵۆباڵ، له كوردستانیشدا هه‌مان هاوكێشه هه‌یه و ته‌نها دوو حزبی سیاسیی دیاریكراو هه‌ن كه له‌م جۆره سیستمه‌دا، ئاماده‌بوونیان هه‌بێ و كاریگه‌ربن.
ئێمه بۆ نموونه له ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا، كۆماری Republican Partyو دیموكراته‌كان Democratic Party مان هه‌یه. له به‌ریتانیا، پارتی كرێكاران Labour Party و پارتی پارێزگاران Conservative Party. له كه‌نه‌دا، پارتی ئازادیخوازی كه‌نه‌دی Liberal Party و پارتی پارێزگاران Conservative Party. له ئوسترالیا، پارتی كرێكارانی ئوسترالی Australian Labor Party و هاوپه‌یمانیی نیشتمانیی ئازادیخواز Liberal-National Coalition، له نیوزله‌ندا-ش، پارتی نیشتمانی National Party و پارتی كرێكاران Labour Party هه‌ن، ئه‌وانه و نموونه‌ی تریش.
گرێی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات
جیاوازیی هه‌رێم و ئه‌و وڵاتانه، له‌م رووه‌وه، ره‌نگه زیاتر بۆشایی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات بێت له‌نێوان هه‌ردوو پارته‌كه‌ی ناو ئه‌م سیستمه، ده‌نا، وه‌ك كاریگه‌ریی و فه‌رمانڕه‌وایی، هه‌ر ی.ن.ك و پ.د.ك هه‌ن.
راسته ئه‌و بۆشاییه، واته ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات، وه‌ك نه‌ریتێكی دیموكراسی، تا ئێستا پڕ نه‌بۆته‌وه، به‌ڵام نه‌بوونی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه له نێوان هه‌ردوو هێزه‌كه‌دا، هاوكات جیاوازیی هێڵی سیاسی له مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی دراوسێ، له‌و‌لاشه‌وه ئاوسانی زۆرتری نادادپه‌روه‌ری له دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات و ساماندا له هه‌رێم، وایان كردووه كه به‌ره به‌ره زه‌مینه‌ی په‌نابردن بۆ ئه‌و نه‌ریته دیموكراسییه‌ش خۆش ببێت!، به‌تایبه‌تی كه هەندێکجار، له‌ناو خودی سیستمه دوو حزبییه‌كه خۆیدا، كۆمه‌ڵێك ناودژی (تناقضات)ی گه‌وره رووده‌ده‌ن، هه‌ڵوێستی ناكۆك و پێچه‌وانه سه‌ریانهه‌ڵداوه!، فۆرمێك له خواستی تاكڕه‌وی و ده‌نگی به‌رهه‌ڵستكاری ده‌ركه‌وتوون!، له سێ ساڵی رابروودا، پێشبڕكێ و ململانێی نوێ-یش له‌نێوان دوو هێزه فه‌رمانڕه‌واكه‌دا، هاتوونه‌ته ئاراوه.
له رووی ستراتیژیشه‌وه، پێشبینی ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌لومه‌رجه له ململانێ و ركابه‌ری، نه‌بێته هۆی دابه‌شبوونی سیاسیی نوێ، ئه‌وا مومكینه له مه‌ودای دووردا، سه‌ر بۆ بژارده‌ی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی نێوانیان بكێشێت.
ئه‌م گره‌وه هه‌یه به‌بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا، له ئاسۆی نزیكدا، بژارده‌یه‌كی وا له ئارادا بێت، لانیكه‌م له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئێستا، به‌و راده‌یه، متمانه‌ی سیاسی له‌نێوان هه‌ردوولادا نییه كه یه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاتداربێت و ئه‌ویتریان به‌رهه‌ڵستكار، یان ئه‌م دوالیزمه نه‌قۆزرێته‌وه و نه‌بێته تارمایی مه‌ترسیی پاكتاوكردنی یه‌كتر كه به‌داخه‌وه یه‌كێكه له گرێ و ئاسته‌نگه گه‌وره‌كانی به‌رده‌م ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌ناو سیستمه دوو پارتییه‌كه‌ی هه‌رێمدا.
بێگومان ئاماژه‌دان به‌و سیستمه، واته Two-Party System)) له رێكخستنی ژیانی سیاسی‌دا، دوور و نزیك، نه به مانای بانگه‌وازه بۆ پاوانكردنی فه‌رمانڕه‌وایی، نه كه‌مكردنه‌وه‌یه له به‌های سیاسیی دیارده‌ی فره حزبی Pluralism. ئه‌و سیستمه، هه‌ر خۆی نه‌ریتێكه، كه گه‌لانی ئه‌و وڵاتانه خۆیان، به ئیراده‌ی ئازاد و به باوه‌ڕه‌وه، بنیادیان ناوه، به‌هۆیه‌وه ئه‌و پارتانه‌یان، له ژێرخانی سیاسیی خۆیاندا، كردۆته بونیادێكی مێژوویی. واته ئه‌وه‌ی دواجار ئه‌و سیستمه‌ی راگرتووه، خواست و ته‌ماحی كۆمه‌ڵگه‌ی سیاسی خۆی نییه، زاده‌ی خۆسه‌پاندنی پارته سیاسییه‌كان و رژێمی سیاسیی فه‌رمانڕه‌وا نییه، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی پیاده‌كردنی ژیرانه‌ی به‌شداریی سیاسیی كۆمه‌ڵگه‌یه به گشتی، رۆڵی دانیشتوانی وڵاتانه له دیاریكردنی هه‌لومه‌رجێكی سیاسیی دڵخواز و سه‌قامگیرتر بۆ خۆیان.
پێویستییه‌كی ستراتیژی
له‌و روانگه‌یه‌وه، كاتێك كه ده‌وترێت پێویسته یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، وه‌ك قه‌واره‌یه‌ك و بونیادێكی مێژوویی، بمێنێته‌وه و پارێزراو بێت، ئه‌م په‌یامه بۆ رێگرتن نییه له زیاتر له بژارده‌یه‌كی خه‌ڵكی وڵات بۆ دیاریكردنی نوێنه‌ری سیاسیی خۆیان، به‌تایبه‌تی كه له باشووری كوردستان و عیراقیشدا، تا راده‌ی نه‌زیفی سیاسی!، دیارده‌ی فره‌حزبی هه‌یه، كه به واتای فره بژارده‌یی دێت.
ئه‌م تێڕوانینه بۆ ئه‌وه‌یه بیرمان بكه‌وێته‌وه كه ئه‌م حزبه خۆی، رۆڵی سه‌ره‌كی و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی له هه‌لومه‌رجی باشووری كوردستاندا هه‌یه، خاوه‌ن نیو سه‌ده ئه‌زموونی كاری سیاسییه، 33 ساڵیشه پارتێكی فه‌رمانڕه‌وایه، هیچ جیابوونه‌وه و لێكترازانێكی ناوخۆی خۆیشی، بونیاده‌كه‌ی نه‌هه‌ژاندووه و نه‌یخستووه، نه‌رمییه‌كیشی Flexibility تێدایه بۆ پیاچوونه‌وه و چاكسازی و راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی خۆی، بۆیه هه‌م بۆ سه‌قامگیریی هه‌رێم و پاراستنی قه‌واره‌كه‌ی و هه‌م بۆ مامه‌ڵه‌ش له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه و دۆست و نه‌یاراندا، پێویستییه‌كی سیاسی و ستراتیژییه.
ئاماژه‌دان به سیستمی(Two-Party System) له رێكخستنی ژیانی سیاسی‌دا، دوور و نزیك، نه به مانای بانگه‌وازه بۆ پاوانكردنی فه‌رمانڕه‌وایی، نه كه‌مكردنه‌وه‌یه له به‌های سیاسیی دیارده‌ی فره حزبی Pluralism
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی، ئه‌وه‌ی كه وه‌ك بونیادێكی مێژوویی له‌م هێزه‌دا هه‌یه، وا به ئاسانی له هیچ هێزێكی تری ده‌ره‌وه‌ی سیستمی دوو حزبی، كۆنابێته‌وه و به‌دی ناكرێت، واته له مه‌ودای دیاردا، جێگره‌وه‌ی سیاسی بۆ یه‌كێتی له ئارادا نییه. هه‌موو ئه‌و جووڵانه‌وه سیاسییانه‌ش، كه له 16 ساڵی رابردوودا، وه‌ك گروپی جێگره‌وه هاتنه پێشه‌وه، سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون و نه‌یانتوانی ده‌ستكاریی نه‌خشه‌ی سیاسیی هه‌رێم و سیستمی باڵاده‌ستیی دوو پارته فه‌رمانڕه‌واكه، بكه‌ن.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
11:02 AM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: ته‌واوكردنی پڕۆژه‌كان له‌سه‌ر ئه‌ركی ئیداره‌ی گشتی یه‌كێتی به‌رده‌وامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16 -
هەزاران حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
عیراق 11:02 AM - 2025-11-16 -
مووچه‌خۆرانی هه‌رێم مه‌ترسی دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆكانی ساڵی رابردوویان هه‌یه
کوردستان 10:17 AM - 2025-11-16 -
سەرکەوتنی پەرلەمانی و ئەرکی نیشتیمانی
بیروڕا 10:15 AM - 2025-11-16 -
تیروپشکی 89 هەزار کەس بۆ فەریزەی حەج بەڕێوەدەچێت
کوردستان 10:05 AM - 2025-11-16


.jpg)

دابەزێنە

