riklam

راپەڕینێکی تر بەرەو بەغداد

بیروڕا 09:18 PM - 2025-10-31
ئەرسەلان مەحمود

ئەرسەلان مەحمود

لە کەرنەڤاڵی لیستی ٢٢٢ی یەکێتی لە ڕانیە، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی پەنجەی خستە سەر برینێکی کۆن و پرسیارێکی نوێی وروژاند. وتارەکەی نەک هەر تەنها بانگەشەیەک بوو بۆ دەنگدان، بەڵکوو وڵامێک بوو بۆ ئەو نیگەرانییانەی لە دڵی خەڵکدا کۆبوونەتەوە.

سەرۆک بافڵ قسەی هێنایە سەر سێ ڕاپەڕین، ڕاپەڕینی ٥-٣-١٩٩٢ کوردستانی ڕزگار کرد و خەڵکەکەی ئازادی کرد. ڕاپەڕینی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ ئاگری نوێبوونەوەی لە دڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵ دا کردەوە، ڕاپەڕینی ئەمجارەش لە ١١-١١-٢٠٢٥ ئامانجێکی ڕوونتر و جیاوازتری هەیە: بەغداد - ئەو شوێنەی بڕیارە چارەنووسسازەکان لێوە دەردەچن، تێیدا پێویستمان بە دەنگێکی بەرز و بەهێز و سەنگینتر هەیە.

ئەوەی سەرۆک بافڵ باسیکرد دەربارەی حکومەت، گرنگترین خاڵی وتارەکە بوو. یەکێتی ناچێتە ناو حکومەتێکەوە تەنها بۆ ئەوەی بڵێت لە حکومەتم. فەرقێکی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی بڵێیت لە حکومەتم و ئەوەی بڵێیت حکومەت بۆ خەڵک دروستدەکەم. یەکێتی لە وڵامی ڕاپەڕینی یەکەمدا، پەڕلەمان و حکومەت و هەرێمی فیدڕاڵی دروستکرد، لە وڵامی ڕاپەڕینی دووەمدا بەڵێنی بە خەڵکدا کۆتایی بە حوکم و حکومەتی تاکڕەهەند و جیاکاریخواز بهێنێت، بەڵێنەکەی بردییە سەر، ئەوەتا حکومەتێک دەخوازێت بتوانێت گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە ژیان و بژێوی خەڵکدا دروستبکات. ئەمە بەرپرسیارێتییە ڕاستەقینەکەیە.

لە وڵامی ڕاپەڕینی سێیەمدا، ئەگەر یەکێتی لە بەغدا بەهێزتر بێت - واتا لەبری هەژدە کورسی، چل و دوو کورسی هەبێت - نەک هەر دەتوانێ خەباتی پەرلەمانی لە هەرێمدا بە واتاتر بکات، نەک هەر دەتوانێ ئەو حکومەتە دروستبکات شایستە بە ژیانی خەڵکە، بەڵکوو دەتوانێ هەموو هاوکێشە ئیداری و سیاسییەکان لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکدا هاوسەنگ بکات و پێگەی کورد لە بەغداد بەهێزتر و پێگەی هەرێم لە ناوچەکە پایەدارتر بکات.

پرسیاری مووچە و پرسی کار و ژیانی ئاسایی خەڵک لە وتەکانیدا - قسەی ئاسایی نەبوون، ئەو برینانە بوون هەموو ڕۆژێک دەیانبینین. کاتێک سەرۆک بافڵ دەڵێت تەنها یەکێتی دەتوانێت ئەمانە چارەسەر بکات، ڕاستییەکە بە تەجروبە سەلماوە، ئەمە مێژووە. ئێستاش پێویستمان بە ئاوتۆبانێکە بەرەو بەغداد، نەک تەنها ڕێگەیەک.

بەهەشت لە قسەکانی سەرۆک بافڵدا میتافۆڕ بوو، بەڵام میتافۆڕێکی پڕمانا. بابەتەکە ئەوە نییە هەموو شتێک تەواو بێت و کێشە نەمێنێت، بەڵکوو بابەتەکە ئەوەیە هەموو کەسێک مافی خۆی هەبێت. بە واتای ئەوەی خاوەن مووچە لە کۆتایی مانگدا نیگەران نەبێت. بە واتای ئەوەی کەسێک نەچێتە نەخۆشخانە و خەمی پارە بخوات. بە واتای ئەوەی خوێندکاران خەونی خوێندن و داهێنان ببینن، نەک کۆچکردن.

ئاگری سی و سێ ساڵەی راپەڕین، لە ڕاپەڕیندا، وەک سەرۆک وتی، دەروازەی کوردایەتی بوو، هەرگیز ناکوژێتەوە، چونکە بە خوێن داگیرساوە. دەی ئاگر پێویستی بە هەوایە بۆ ئەوەی بایسێت، ئەو هەوایەشە ئێمەین. کاتێک دەنگ دەدەین، کاتێک بەهێزترەوە دەچینە بەغداد، کاتێک دەنگ بە ٢٢٢ دەدەین، ئەوە هەواکەیە ئاگرەکە دەگرێت و بەردەوام دەبێت.

ئەم جارە ڕاپەڕینەکە بەرەو بەغدایە. ئەم جارە دەڕۆین بۆ ئەوێ، بۆ ناو دڵی عیراق، بۆ ئەوەی لەوێوە بە دەنگی بەرز بڵێین: کوردستان بەدەست خۆیەوەیەتی و یەکێتی دەستە ڕاستەقینەکەی کوردستانە.

 PUKMEDIA

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket