نەخشەكان وەكو ئامرازێك بۆ دەسەڵات و نوێنەرایەتیی سیمبولی
بیروڕا 12:37 PM - 2025-10-29
لە جوگرافیاوە بۆ جیو-سیمبولی
لەسەرەتاكانی مێژوویی سیاسییەوە، نەخشە تەنها ئامرازێك نەبووە بۆ وێناكردنی خاك و نیشتمان، بەڵكو ئامرازێك بوو بۆ موڵكداری سیمبولی، هەركەسێكیش نەخشە دروست بكات، ئەوا لەهەمان كاتدا وێنای سنووری وشیاری و دەسەڵات و ناسنامەی دەكات. نەخشەكان بەدرێژایی سەردەمەكان گوزارشت بوون بۆ هاوسەنگی هێزەكان، زیاتر لەوەی ئاوێنەی واقعی و جوگرافی بن.
لەبەر ئەوەیە جوكرافیناسی بەریتانی J.B. Harley دەڵێت: نەخشەكان زیاتر دۆكیۆمێنتی دەسەڵاتن لەوەی دۆكیۆمێنتێك بن بۆ شوێن، لەم چوارچێوەیەدا دەکرێ وا لە نەخشە نوێیەكانی گووگڵ بگەین بەوەی كۆپییەكی دیجیتاڵی نوێی نەخشيکانی ئیمپراتۆرییەتی كۆنە: ئامرازگەلێكن بۆ دیاریكردنی كێ دەبینرێت و كێ دەسڕدرێتەوە، كێش دانی پێدا دەنرێت لە جیهانی گریمانەییدا.
نەخشە وەكو خیتابێكی سیاسیی
هەر نەخشەیەک (كاغەزی یان دیجیتاڵی)بێت، جۆرێكە لە خیتابی سیاسیی، چونكە بەوە ناوەستێت كە وەسفێكی واقیع بكات، بەڵكو بەرهەمی دەهێنێتەوە لە رووی بینینەوە، شەرعیەتیكی وجودیشی پێ دەدات.
كاتێك (كوردستان)یش لەسەر نەخشەی گووگڵ دەردەكەوێت، ئەمە واتای ئەوە نییە كۆمپانیاكە دان بە هەرێمی كوردستاندا دەنێت وەكو دەوڵەتێك، بەڵام لەهەمان كاتدا بە خستنەڕووی لەبەردەم ملیۆنەها بەكاربەری گووگڵ شەرعییەت بە بوونی دەدات.
لە زانستی جوگرافیای سیاسییدا، ئەم چەمكە پێی دەوترێت Cartographic Legitimacy بە واتای شەرعییەتی نەخشەیی، کە نوێنەرایەتی جوگرافیی وا دەکات قەوارەیەک پێگەیەكی سیمبولی بەرکەوێت لە جیهاندا.
دەركەوتنی ناوی “Kurdistan Region” لەسەر نەخشە، واتای گواستنەوە دەكات لە پەراوێزەوە بۆ سەنتەر، لە «ناوچەی نا نەخشێنراوەوە» بۆ سەر مەشهەدە نەخشێنراوە جیهانییەكە، ئەوەش لە رووی سیمبولییەوە جۆرێكە لە جۆرەكانی بوونی سیاسیی.
نەخشەكان وەكو ئامرازی دەسەڵاتی نەرم (Soft Power)
لەسەردەمی دیجیتاڵدا، نەخشەكان بوون بە ئامرازێك لە ئامرازەكانی هێزی نەرم بۆ دەوڵەت و كۆمپانیا گەورەكان، وڵاتان بۆ دەرخستنی ئاستی نفوز و دەسەڵاتیان بەكاری دەهێننن و كۆمپانیاكانیش لە نموونەی گووگڵ، بۆ بەرهەمهێنانی روئیایەكی جیهانی یەكگرتوو بەكاری دەهێنن، بەڵام لە راستیشدا روئیای سیاسیی كۆدداریشی تێدایە، بەو واتایەی، نەخشە دەگۆڕێت بۆ دەقێكی ئایدیۆلۆژی بێدەنگ: خاوەنی خاك و نیشتمان دیاری دەكات و هەروەها ئەوەش دیاری دەكات كێ شایەنی دەركەوتنی هەیە و كێ دەخرێتە ناو تاریكی دیجیتاڵییەوە. هەروەكو چۆنیش نەخشە كۆنەكان وێنەی «ئیمراتۆریەتەكانیان» ئەكێشا، ئەوا نەخشە دیجیتاڵیەكانیش ئەمڕۆ وێنەی «ئیمراتۆریەتی داتا» دەكێشن.
کوردستان لە غیابەوە بۆ دەرکەوتن
هەرێمی كوردستان ماوەیەكی زۆر لە دەرەوە و پەراوێزی نەخشە رەسمییەكاندا بوو، چونكە نەخشە نێودەوڵەتییەكان شارەكانی کوردستانی دەخستە نێو سنوورەكانی عیراقەوە بێ ئاماژەکردن بە هیچ تایبەتمەندییەک، دەركەوتنی هەرێمیش ئێستا لە نەخشەكانی گووگڵدا، واتای ئەوە دەگەیەنێت، فەزای دیجیتاڵی دەستیكردووە بە گێڕانەوەی هاوسەنگی لەدەركەوتندا بۆ بەرژەوەندی كیان و قەوارە پەراوێزخراوەكان لە رووی مێژووییەوە، ئەم دەركەوتنەش سادە نییە، بەڵكو چەمكەكان دەناسێنێتەوە لە نموونەی: سنوور- ئیتر تەنها سیاسیی نییە، بەڵكو دیجیتاڵی و مەعریفییە، سەروەری- ئیتر لە چوارچێوەی خاكێک یان نیشتمانێک نامێنێت، بەڵكو رۆدەچێتە نێو وشیاری جیهانییەوە، دانپێدانان- تەنها لەرووی یاساییدا نامێنێتەوە، بەڵكو داننان دەبێت بە بینرا و كەلتوریش.
رەهەندی فەلسەفی: نەخشە و بوون
لە دیدێكی فەلسەفییەوە، دەتوانرێت بووترێتو نەخشە وێنایەكی راستەقینەی جیهان نییە، بەڵكو رێگەیەكە بۆ خەڵقكردنی جیهان، بوون یا وجوود لەسەردەمی دیجیتاڵیدا تەنها لەسەر ئامادەیی ماددی ناوەستێت، بەڵكو لەسەر دەركەوتن لە شاشەشدا، لەبەرئەوە ئەگەر لەسەر Google Maps دەرنەكەوێت وەكو ئەوە وایە وجودت نەبێت.
كاتێك قەوارەیەكی وەكو كوردستان لەسەر نەخشەی دیجیتاڵی وێنادەكرێت، ئەوە دەگەیەنێت بوونێکی سیمبولی لەجیهاندا هەیە.
لێرەشدا نزیك دەبینەوە لە بیرۆكەی فەیلەسوف Jean Baudrillard سەبارەت بە (واقیعی موحاكی- (Simulacrum، كاتێك نوێنەر یان نموونەکە لە ئەسڵەكە بەهێزتر دەبێت و وێنەكەش لە واقیعەكە واقعیتر دەبێت. بە واتایەكی تر: نەخشەكەی گووگڵ وەسفی كوردستان ناكات، بەڵكو جارێكی تر خەڵقی دەكاتەوە، وەكو بیرۆكەیەكی بینراو.
كۆتایی و دەرەنجام
نەخشەكان لە بنەڕەتدا ئامرازگەلێكن بۆ زاڵبوون، وەكو چۆن ئامرازی مەعریفیشن، لە سەردەمی دیجیتاڵیشدا، بوون بە ئامرازی وجوودی، دەركەوتنی هەرێمی كوردستانیش لە نەخشەكانی گووگڵدا واتای زیاتر لە ئەبدەیتكردنێكی تەكنیكی دەگەیەنێت، بەڵكو رووداویكی سیمبوولی- سیاسییە، كە پەیوەندی ئەم قەوارە كوردییە لەگەڵ جیهاندا دادەڕێژێتەوە، بەوجۆرەش نەخشە لە ئامرازێكی میلاحییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێكی وجوودی، لە بەرهەمێكی مەعریفییەوە بۆ پێگەی دەسەڵاتێکی سیمبولی، نەخشە تەنها وێنایەك نییە بۆ جیهان بەڵكو یەكێكە لە كەرەستەكان كە لە رێگەیەوە جارێكی تر جیهان دەنەخشێنرێتەوە.
نەخشەكان وەكو فەزاییەك
بۆ دانپێدانان و بوونی سیاسیی
دەركەوتنی هەرێمی كوردستان لە نەخشەكانی گووگڵدا، بە رووداوێك هەژمار دەكرێت كە رەهەندی تەكنیكی تێدەپەڕێنێت بۆ جەوهەری سیاسەتی ئێستای كۆمپانیاكە، کە چەمکەکانی جوگرافیا و سەروەری و وێنای سیمبولی لە فەزایەكی نوێدا دەخاتەڕوو كە فەزای دیجیتاڵییە، ئەم گۆڕانكارییە دەریدەخات جیهان ئێستا تەنها لە ریگەی سنوورە دیاریكراوەكانی سەر زەوی بەڕێوەنابرێت، بەڵكو لە رێگەی سنوورە دیجیتالیەكانیشەوە بەڕێوەدەبرێت كە كۆمپانیا گەورەكان و سەكۆ تەكنۆلۆژییەكان دەینەخشێنن و بوونەتە بکەرێكی جیۆسیاسیی كاریگەر كە هیچی لەدەسەڵاتی وڵاتان كەمتر نییە.
لە رێگەی شیكاریکردن بۆ چەمكی دانپێدانانی دیجیتاڵی، دەردەكەوێت نەخشەی دیجیتاڵی بووەتە ئامرازێك بۆ بەرهەمهێنانی بوونی سیاسی زیاتر لەوەی تەنها كەرەستەیەك بێت بۆ بەدۆكیۆمێنتكردن، كاتێك قەوارەیەك لەسەر شاشەیەك دەردەكەوێت كە ملیۆنەها كەس دەیبینن، ئەوا دەبێت بە قەوارەیەكی هەبوو لە هزری جیهاندا، هەرچەند ئەگەر بە رەسمی دانیشی پێدا نەنرابێت، بە واتای (دەركەوتن لەسەر نەخشە) دەگۆرێت بۆ دانپێدانانێكی سیمبولی- كولتوری پێش داپێدانانی بە یاسایی، هەروەها هەنگاوێكی سەرەتاییشە بۆ دووبارە پێدانەوەی شەرعییەت لەناو سیستمی جیهانی ئێستادا، لە رووی هەرێمیشەوە، ئەوا ئەم دانپێدانانە دیجیتاڵییەو بووە بە فاكتەرێك بۆ تووڕەكردن و دڵەراوكێ دروستكردن لای وڵاتانی دراوسێ، كە هێشتا وامامەڵە لەگەڵ نەخشەكان دەكەن وەكو سیمبولی سەروەری كە قابیلی هیچ لێكدانەوەیەك نییە.
نەخشاندنی كوردستان وەكو قەواریەكی تایبەت لەناو فەزای دیجیتاڵیدا دەرگا لەبەردەم دووبارە ناساندنەوەی ناسنامە و سنوورەكان لە ناوچەكە دەكاتەوە، ئەوەش هەندێك وڵات بە هەڕەشەی سیمبولی بۆ پایە نیشتمانییەكانی خۆیانی دەبینن، بەڵام ئەم «تووڕەكردنە نەرمە» بە زەرورەت واتای ئەوە ناگەیەنێت، بگات بەرووبەرووبوونەوەی راستەوخۆ، بەڵكو جەدەلێكی لێدەكەوێتەوە لەنێوان دیدگای رەسمی و زاكیرەی میللی و لەنێوان ئەوەی دەوڵەت دەیەوێت بیشارێتەوە و ئەوەی تەكنۆلۆژیا سوورە لەسەر دەرخستن و نیشاندانی.
لە دیدگای فەلسەفییەوە دەتوانرێت بووترێت نەخشەكان بە تەنها وەک ئاوێنەیەك نەماون بۆ نیشاندانی جیهان، بەڵكو بوون بەبەشێك لە خەڵقكردنی جیهان، چونكە ئەوەی لەسەر نەخشەی دیجیتاڵی وێنادەكرێت دەچێتە نێو پانتایی بوونی سیمبولییەوە، ئەوەی لەوێش لادەبرێت و دەسڕرێتەوە لە هۆش و هزری گشتیدا نامێنێت، بەوەش نەخشەكان دەبن بە ئامرازێك بۆ دسەڵاتی سیمبولی وەكو چۆن ئامرازێكیشن بۆ هاتوچۆ و شوێن، گوزارشتیشن لەوەی كێ مافی دەركەوتنی هەیە و كێ مەحكومە بەوەی لە تاریكیدا بمێنێتەوە.
كورتەیەكی فیكری
دانانی (هەرێمی كوردستان)یش لەسەر نەخشەی گووگڵ، چركەساتێكی جیاكەرەوەیە لە پەیوەندی نێوان تەكنۆلۆژیا و سیاسەت، ساتێك دەریدەخات چۆن خزمەتگوزاری دیجیتاڵی، دەتوانێت ببێت بە بکەرێكی سیاسیی و چۆن دەتوانرێت لە رێگەی فەزای ئەلیكترۆنییەوە، ناسنامەیەكی بینراو بدرێت بە قەوارەیەك، كە دەیان ساڵە لەنێوان بوون و رەتكردنەوەی بوونیدایە، بەوەش مەسەلەكە سنووری جوگرافیا تیدەپەڕێنێت بە پرسیارێكی فەلسەفیی سیاسیی، سەبارەت بە دەركەوتن وسەرهەڵدان و دانپێدانان.
لە كۆتاییدا، ئایا تەنها نەخشاندن بەسە بۆ ئەوەی هەبیت؟ ئەی بوون لە فەزای دیجیتاڵیدا دەكرێت پێش بوونی سیاسیی بێت؟ رەنگە ساڵانی داهاتوو وەڵامی ئەم پرسیارەی پێ بێت، كاتێك روون دەبێتەوە نەخشە لە سەردەمی گووگڵدا تەنها وەسفی جیهان ناكات، بەڵكو جارێكی تر خەڵقی دەكاتەوە، گووگڵیش وەسفی جیهان ناكات بەڵكو خەڵقی دەكاتەوە.
PUKMEDIA
هەواڵی زیاتر
-
سكرتاریهتی سهرۆك مام جهلال چهند خوێندنگایهك له شارباژێڕ نۆژهندهكاتهوه
12:37 PM - 2025-11-17 -
بەریتانیا چەند بڕیارێک دژی پەنابەران دەردەکات
11:27 AM - 2025-11-17 -
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
10:32 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
08:09 PM - 2025-11-16
زۆرترین خوێنراو
-
پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە
کوردستان 10:32 AM - 2025-11-17 -
كارهبای سلێمانی: بەشێکی زۆر لەخاوەن موەلیدەکان گرێبەستیان لەگەڵ کردوین
کوردستان 10:20 AM - 2025-11-17 -
150هەمین هەفتانەی دیجیتاڵی ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە
جیهان 09:15 AM - 2025-11-17 -
عیراق توانای بەرگری خۆی بەهێز دەكات
عیراق 08:09 PM - 2025-11-16 -
سەرۆك بافڵ سەرەخۆشی لە سەرۆككۆمار دەكات
عیراق 07:54 PM - 2025-11-16 -
بڕیار لەسەر خەرجكردنی مووچەی مانگی 9ی هەرێم دەدرێت
کوردستان 07:22 PM - 2025-11-16 -
قائیمقامی کۆیە: تهواوكردنی پڕۆژهكان لهسهر ئهركی ئیدارهی گشتی یهكێتی بهردهوامه
کوردستان 03:06 PM - 2025-11-16 -
وتەبێژی كۆمسیۆن بۆ PUKMEDIA: ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن رادەگەیەنین
کوردستان 11:47 AM - 2025-11-16


.jpg)

دابەزێنە

