riklam

فیلمێك لەسەر شیعری كوردی روبەڕووی رەخنەی توند دەبێتەوە

ئەدەب وهونەر 08:05 PM - 2015-08-01
نوسەران و شاعیران داوای بڵاونەكردنەوەی دەكەن

نوسەران و شاعیران داوای بڵاونەكردنەوەی دەكەن

لەماوەی رۆژانی رابردوو لەسەر ماڵپەڕی یوتیوب فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر خەسارناسی شیعری  هاوچەرخی كوردی بڵاوبوەوە كە لە ١٠ بەشدا لەگەڵ ژمارەیەك لەشاعیران و رەخنەگرانی كوردستانی ئێران سەبارەت بەڕەوتی شیعری كوردی وتوێژ كراوە، ئەم فیلمە كە لەلایەن ناوە‌ندی راڤە لەشاری سنە بەرهەم هاتووە  روبەڕووی رەخنەی توندی بەشداربووانی فیلمەكە بووەتەوەو زۆربەیان داواكارن بەهیچ شێوەیەك فیلمەكە بڵاونەبێتەوەو ئەوەش كەبڵاوبووەتەوە لەسەر ماڵپەڕەكان بسڕێتەوە.

د.ئومێد وەرزەندەو كامبیز كەریمی كەلەم فیلمەدا وەكو توێژەری بواری ئەدەبی كوردی بەشداربوون لەنووسراوێكدا كە لەماڵپەڕەكانی ئێرانی بڵاوبووەتەوە رایانگەیاندوە: لەم دوایانەدا فیلمی "لەشیعرەوە تا شار" كە دەڵێن لەسەر شیعری هاوچەرخی كوردییە لەچەند شوێنێك بڵاوبوەتەوە، ئەوەی لەم فیلمەدا لەوتوێژی نزیكەی یەك سەعاتی ئێمە دەبینرێت چەند دێڕێكی كورت، بێ سەرەتا و كۆتایی و وێڵە كەبەداخەوە وتەكانی ئێمەی تێدا بەخراپی و دوور لەناوەڕۆكی راستەقینەی خۆی بڵاوكردوەتەوە.

ئەم دوو نوسەرەی كورد هەروەها رایانگەیاندوە: مەرجەكانی ئێمە بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە لەبەرچاو نەگیراوەو وێڕای ناڕەزایی دەربڕینی خۆمان رایدەگەیەنین بەمافی خۆمان دەزانین لەڕێگای یاساییەوە بەدواداچوونی بۆ بكەین و مافی خوراومان بۆ بگەڕێتەوە.

هەروەها فەرزاد میر ئەحمەدی نوسەرو شاعیری كورد لەوتوێژێكی تایبەتدا پێی راگەیاندین: ئێمە بەپێی متمانەو بڕوا بەڕاستی ئەو دۆستانە لەو فیلمەدا بەشداربووین، بەڵام ئەوان لەجیاتی بڵاوكردنەوە‌ی وتە زانستییەكانی ئێمە كۆلاجێك لەكەسایەتی یاسایی دەقەكانیان هە‌ڵبژاردوەو ئەمەش بەمافی خۆمان دەزانین لەڕێگای یاساییەوە داوایان لەسەر تۆمار بكەین و نەهێڵین ئەو فیلمە بڵاوبێتەوە.

هەروەها شوعەیب میرزایی شاعیری سنەیی رایگەیاند: بڕیاربووە پێش بڵاوبوونەوە ئێمە خۆمان فیلمەكە ببینین و ئۆكەی لەسەر بدەین، بەڵام بەشێوەیەكی زۆر خراپ ئەمەیان نەكردوەو ئەوەی بڵاوبووەتەوە زۆر جیاوازە لەو قسانەی دۆستان لە فیلمەكەدا كردوویانە، بۆیە من خوازیارم ئەم شێوە بڵاوكردنەوەیە رابگیرێت و ئەو فیلمە بەتەواوی بێ مۆنتاژكردن بدرێتەوە بەخۆمان.

هەروەها مامۆستا عەتا نەهایی نوسەری ناوداری كورد كە لەبەشێك لەفیلمەكەدا بەشدارە، رایگەیاند: تەنها بیستوومە چییان كردوە، بۆیە دەزانم ئەگەر بیبینم زۆرم پێناخۆش دەبێت و هەڵوێستەی توندم دەبێت، پێم باشترە تەنانەت چاویشی لێنەكەم و هیوادارم ئەو فیلمە بەو شێوەیە بڵاونەبێتەوە.

جێگای ئاماژەیە كە ژمارەیەك لە نوسەران و شاعیرانی كرماشانیش كە لەم فیلمەدا قسەیان كردوە رایانگەیاندوە كە لەرۆژانی داهاتوودا بەدەركردنی نوسراوێكی رەسمی رای خۆیان لەسەر ئەو بابەتە دەردەبڕن و رایدەگەیەنن كە وتەكانیان بەخراپی بڵاوبووەتەوەو دژی بڵاوبوونەوەی ئەو فیلمەن.

PUKmedia بەشی هەواڵی نوسینگەی مەكتەب لەتاران

 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket