riklam

حكومەت لیژنەیەك بۆ وەرگرتنی قەرزی نێودەوڵەتی پێكدەهێنێت

ئابوری 11:33 PM - 2015-06-29
كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران

ئەمڕۆ 29-6-2015 بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بەست.

لە كۆبوونەوەكەدا سەرەتا سەرۆك وەزیران لە وتەیەكدا باسی لە دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و كێشەكانی نێوان هەردوولا كرد و ئاماژەی بەوەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو ئەركانەی جێبەجێكردووە كە بەپێی یاسای بودجەی فیدرالی ساڵی 2015 لەسەر شانیەتی، بەڵام بەداخەوە هێشتا بەغدا بە تەواوی پابەندی یاسای بوجەی فیدرال نەبووە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانی وەك لە یاسای بودجەدا هاتووە، نەناردووە لە كاتێكدا رۆژ دوای رۆژ بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەهۆی شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و هاتنی بەردەوامی ئاوارە و پەنابەران بۆ هەرێم و نەبوونی بودجەی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، قورستر دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاستەنگ و كێشانەی رووبەڕووی بوونەتەوە و لەم نێوەندەشدا پشتگیری لەوە دەكات كە كێشەكانی لەگەڵ بەغدا لە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بكات، بەڵام گەر چارەسەر نەكرا ئەوا حكومەت سەرپشكە چۆن ئەو كێشانە چارەسەر بكات بەپێی یاسای بەدەستهێنانی شایستە داراییەكانی هەرێم ژمارە 5ی ساڵی 2013 بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: هەوڵەكان بۆ سازان و لەیەكتر تێگەیشتن لەنێوان سەركردە سیاسییەكان و هەموو لایەنەكان بەردەوامە بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێكی گونجاو.
دواتر لە كۆبوونەوەكەدا بابەتی وەرگرتنی قەرز لە بانكە جیهانییەكان لە ژێر رۆشنایی یاسای راكێشانی مایە لە رێگەی قەرزكردن لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە ژمارە 7ی ساڵی 2015 كە لە رۆژی 25ی ئەم مانگە لە رۆژنامەی وەقائعی كوردستان بڵاوكراوەتەوە، لەلایەن هەریەك لە جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیرانی دارایی و ئابوری و سامانە سروشتییەكان بۆ ئەنجومەن خرایەڕوو.

هەر لەكۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وردەكاری ئەو پڕۆژەیە و ئەو گفتوگۆیانەی كە لە ماوەی رابردوودا لەگەڵ چەند ناوەندێكی دارایی نێودەوڵەتی ئەنجامیانداوە، بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی باسكرد و ئاماژەی بەوەدا كە ئەم هەنگاوە نەك تەنیا لە رووی داراییەوە دەبێتە هاوكار بۆ هەرێمی كوردستان، بەڵكو لە رووی سیاسیشەوە جێگە و پێگەی هەرێمی كوردستان زیاتر بەهێز دەكات و متمانەكردن بە بازاڕی كوردستان دروست دەكات كاتێك كە بۆندی هەرێمی كوردستان بخرێتە بازاڕەوە و لە هەمان كاتدا یەكێكە لە سەرچاوەكانی زیادكردنی داهات و هەرێمی كوردستان سودی لێ دەبینێت و پرۆژە حزمەتگوزارییەكانی پێ دەبوژێنتەوە.

كۆبوونەوە پشتگریی لەو پرۆژەیە كرد و بڕیاریدا لیژنەیەكی تایبەت بۆ جێبەجێكردنی یاسای راكێشانی مایە ژمارە 7ی ساڵی 2015 پێكبهێرێت لە چوارچێوەی ئەو یاسایەشدا كاری یاسایی پێویست ئەنجام بدرێت.

لە كۆتاییشدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە كار و چالاكییەكانی وەزارەتە جیاجیاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خرانەڕوو و ئەنجومەنی وەزیران بەمەبەستی باشتر بەرێوەبردنی كاروبارەكان بڕیاری پێویستی لەبارەوە دان.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket