riklam

وەزیری نەوت بۆ ناردنی پارە مژدە دەداتە هەرێم

ئابوری 09:25 PM - 2015-05-26
به‌غدا قه‌ره‌بووی زیاتر له‌ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وت بۆ هه‌رێم ده‌نرێت

به‌غدا قه‌ره‌بووی زیاتر له‌ملیۆنێك به‌رمیل نه‌وت بۆ هه‌رێم ده‌نرێت

وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند مانگی داهاتوو لەبەرانبەر ئەو نەوتە زیادەیەی هەرێم لەكۆتا رۆژی مانگی نیساندا رەوانەی كردوە قەرەبووی هەرێم دەكەنەوەو هەردوولاش پابەندن بەڕێككەوتنەكەی نێوانیان.

ئەمڕۆ 2015/5/26 لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق میوانداری عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عیراق و بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری گازو بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای سۆمۆو بەڕێوەبەری گرێبەستەكان لەوەزارەتی نەوتی عیراق كرد، كە تەوەری كۆبوونەوەكەش لەبارەی رێكخستنی پەیوەندی نێوان لیژنەكەو وەزارەتی نەوت و پێدانی روونكردنەوە بووە لەسەر رێككەوتنەكەی نێوان هەرێم و بەغدا.

لەبارەی ئەنجامی كۆبوونەوەكە كاوە محەمەد ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: وەزیری نەوتی عیراق لەبارەی هەنادەكردنی بڕی نەوتی مانگی رابردووی هەرێم و ئەو پارەیەی رەوانەی هەرێم كراوە كە جیاوازی تێدایەو هەرێم دەڵێت زیاتر لە 16 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەكردوە، بەڵام بەغدا دەڵێ زیاتر لە 13 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەكراوە روونكردنەوەی پێداین.

راشیگەیاند: عادل عەبدولمەهدی ئەوەشی پێ راگەیاندین كە داتاكانی هەرێم و بەغدا بۆ ئەو نەوتەی هەرێم لەمانگی نیساندا لەڕێی سۆمۆوە هەناردەی دەرەوەی كردوە راستن، چونكە وەك وەزارەتی نەوت رۆژێك پێش كۆتایی مانگی نیسان ژمارەكەمان وەرگرتووە، واتە بڕی هەناردەكراوی دوا رۆژی مانگی نیسانمان وەرنەگرتووە كە لەو رۆژەدا هەرێم زیاتر لە ملیۆنێك بەرمیل نەوتی هەناردە كردوە.

وتیشی: وەزیری نەوت ئەوەشی خستەڕوو كە وەزارەتی دارایی عیراق لەسەر بنەمای ئەو بڕە نەوتەی كە هەرێم هەناردەی دەرەوەی كردوەو ئێمە تۆمارمانكردوە پارەی بۆ هەرێم ناردوە، بەڵام ئەو زیادەیەی لە دوا رۆژی مانگی نیساندا رەوانەكراوە لەلایەن هەرێمەوە حساب نەكرابوو، ئەوەش كێشەیەكی هونەریی بووە.، بۆیە لەگەڵ پارەی مانگی ئایاردا كە لەسەرەتای مانگی حوزەیردان رەوانەی هەرێم دەكرێت قەرەبوونی هەرێم دەكەنەوەو پارەی ئەو نەوتەش بۆ هەرێم دەنێرن.

بەوتەی كاوە محەمەد وەزیری نەوت لەكۆبوونەوەكەدا ئەوەشی وتوە كاتێك سەردانی هەولێری كردوەو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆبووەتەوە نامەیەكی هەرێمی گەیاندوەتەوە بەغداو داویەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران و ئەوەشی پێ راگەیاندوە كە بەرپرسانی هەرێم و هێزە سیاسیەكان نیگەرانن لەو بڕە پارەیەی بۆ مانگی نیسان نێردراوە، هەرچەندە ئامادەیی خۆیان بۆ پابەندبوون بەڕێكەوتنە دەربڕیوە، لەبەرانبەریشدا سەرۆك وەزیرانی عیراق وەڵامی ئیجابی بووە.

لەبارەی ئەو بڕە نەوتەشەی لەماوەی ئەم مانگەدا هەرێم هەناردەی كردوە تا چەند پابەند بووە بەڕێككەوتنەكەی لەگەڵ بەغدا، ئەندامەكەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمانی عیراق رایگەیاند:وەزیری نەوت ئەوەی پێ راگەیاندین كە لە 1ی ئایارەوە تا 25ی ئەم مانگە هەرێم رۆژانە 409 هەزارو 166 بەرمیلی هەناردەكردوە كە 244 هەزارو 377 بەرمیلی لەهەرێمەوە بووەو لەكێڵگەكانی باكوری كەركوكیشەوە 164 هەزارو 789 بەرمیل نەوتی رۆژانە هەناردەكراوە كە كۆی گشتی نەوتی هەنادەكراوی 25 رۆژەكە كردویەتیە 10 ملیۆن و 229 هەزار بەمیل، هەروەها وەزیری نەوتی ئاماژەی بەوەشداوە رۆژێكی ئەم مانگە هەرێم 749 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی سۆمۆ كراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەرێم دەیەوێت پابەندی رێككەوتنەكە بێت، ئێمەش تەئكیدمان لەسەر ئەوەكردەوە دەبێت لەبەرانبەردا بەغدا پابەند بێت بەهەناردەكردنی مافە داراییەكانی هەرێم.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket