riklam

كەی ستەمی سەر كوردە فەیلییەكان كۆتایی دێت؟ ‌

بیروڕا 10:47 AM - 2015-04-19
ئاڵا تاڵەبانی

ئاڵا تاڵەبانی


جێی داخ‌و كەسەرە كە توێژێكی سەرەكی لەپێكهاتەكانی عیراق تائێستاش بەدەست ستەمی دیكتاتۆری بەعسی سەدامییەوە بناڵێنێت، لەكاتێكدا 12 ساڵ بەسەر رووخاندنی ئەو رژێمەدا تێپەڕیوە.
كوردە فەیلییەكان رووبەڕووی رق‌ و كینەی رژێمی دیكتاتۆری بوونەوە، لەبەر ئەوەی لەو هاووڵاتیانە بوون كە پێش هەموو كەس دركیان بەوە كرد، كە خەباتی ئاشتیانە لەگەڵ ئەو رژێمە خۆسەپێنەدا سوودی نییە، جەماوەرێكی زۆری كوردە فەیلییەكان هەروەك جەماوەری كوردستان دەستیان كرد بەخەباتی چەكداری.
دوای ئەوەی لەساڵی 1976 دا رژێم ژمارەیەكی زۆر لەكوردەكانی راگواست، دووبارە لەساڵی (1979- 1980)دا ئیجرائاتی توندتری بەرامبەر كوردە فەیلییەكان لەسەرتاسەری عیراقدا ئەنجامدا، رووداوی زانكۆی (موستەنسریە)شی وەك بیانوویەك بەكارهێنا بۆ ئەنجامدانی تاوانی سەندنەوەی رەگەزنامە لەزۆرێك لەعیراقییەكان‌ و دەست بەسەراگرتنی موڵك ‌و ماڵیان، تەنانە سەندنەوەی بەڵگەنامە تایبەتەكانیان‌ و تا كار گەیشتە جیاكردنەوەی ژن‌و مێردیش. لەدوای نەمانی ئەو رژێمە حكومەتی مەدەنی عیراق چەند رێوشوێنێكی گرتە بەر بۆ نەهێشتنی ئاسەواری ئەو ستەمەی لەئەنجامی سیاسەتی سەركوتكردن ‌و پاكتاوی بەكۆمەڵ كە بەسەر دەیان هەزار لەعیراقییەكاندا هاتووە.
دەرچوونی بڕیاری دادگای باڵا بەوەی كە (ئەوەی بەرامبەریان كراوە، بەهەموو پێوەر‌و نەریتێك بەتاوانی كۆمەڵكوژی دادەنرێت)، لەگەڵ بڕیاری ژمارە 18ی ساڵی 2011ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رەهەندێكی تەشریعی دا بەشێوازی چارەسەركردنی نەهەماتییەكانی جەماوەری كوردی فەیلی، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە، مەكینە تەقلیدییەكەی دەوڵەت بەهەموو شێوازەكانی كاری نووسینگەیی بەبەردبووی خۆیەوە بووە كۆسپ لەبەردەم جێبەجێكردنی زوو راپەڕاندنی كارەكانی ئەو هاووڵاتیانەو گەڕاندنەوەی رەگەزنامەی ژمارەیەكی زۆریان، سەرباری ئەوەی كە موڵكە نەگوازراوەكانیان تائێستاش داگیركراوە، یان هێشتا بەدەست ئەو كڕیارانەوەیە كە لەوەزارەتی دارایی بەنرخێكی زۆر هەرزان كڕیویانە. دەسەڵاتیش سوورە لەسەر ئەوەی ئەو قەرەبووەی بۆیان دادەنرێت، نرخێك بێت كە هیچ پەیوەندی بەنرخە راستەقینەكەی ماڵی لەدەستچوویانەوە نییە‌و جێگەی هیچ ناگرێت بۆیان، خۆ موڵك‌و ماڵی گوازراوەشیان كە لەلایەن پیاوانی رژێمەوە بەتاڵان برابوو هیچ قەرەبوویەكیان لەبەرامبەریدا وەرنەگرتووە، سەرباری هەموو ئەمانەش میلاكی دادوەری پێویست نییە بۆ پەلەكردن‌و یەكلاكردنەوەی ئەو مەسەلەیە.
بۆ مەسەلەی كوردە فەیلییەكان، پێویستە هەردوو دەسەڵاتی دادوەری‌و جێبەجێكار پابەندبن بەماددەی 132 لەدەستووردا لەگەڵ یاسای ژمارە 16 بۆ قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووانی دەستی رژێمی پێشوو، بەتایبەت لەمەسەلەی لەناوبردن، یان بەكارهێنانی ئەو خانوانەی بەهۆكاری سیاسی‌و رەگەزپەرستی‌و مەزهەبی دەستیان بەسەرداگیراوە، هەروەها كاركردن بۆ پەلەكردن لەراییكردنی كارەكانی هەموو ئەو رێوشوێنانەی كە ماف بۆ ئەو هاووڵاتیانە دەگەڕێنێتەوە‌و ئەو هەستەیان پێدەبەخشێت، كە دەسەڵاتدارە پەیوەندیدارەكان درك بەئازار‌و نەهامەتییەكانیان دەكەن، ئەو هاووڵاتیانە هەست بەوەبكەن كە لەمەودوا بەهەمان عەقڵیەتی شۆڤێنی سەردەمی دیكتاتۆرەوە مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت، ئەوجۆرە مامەڵەكردنەی كە وایكردبوو كوردە فەیلییەكان بۆ داواكردنەوەی رەگەزنامەكانیان دەبوو سەردانی بەشی بیانی بكەن، بەڵكو دەبێ بەشێكی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە، وەك بەشی قوربانیانی سەركوتكردن‌و راگواستن، چونكە مامەڵەی داواكردنەوەی رەگەزنامەی كوردە فەیلییەكان لەبەشی بیانییەكان، جێبەجێكردنی هەمان ئیجرائاتی یاسای 666 مەجلی قیادەی سەورەیە.
رەنگە گرنگیدانی بەڕێز وەزیری ناوخۆ بەمافی كوردە فەیلییەكان، هیوایەك ببەخشێت بەوەڵامدانەوەی خێرای ئەو وەزارەتە‌و دەستپێشخەرییەك بێت بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ئەو كێشانەی پەیوەندییان بەكوردە فەیلییەكانەوە هەیە، ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانیش بابەتەكە بگرێتە ئەستۆ‌و كۆتایی بهێنرێت بەو شێوازی مامەڵەیەی كە شێوازی بەعسییە سەدامییەكانە‌و 12 ساڵە ئەو رژێمەش نەماوە، بەڵام ئەو شێوازە بەرامبەر بەكوردە فەیلییەكان رەچاو دەكرێت.
هەر لەو چوارچێوەیەدا داوا لەحزبە كوردستانییەكان دەكەم لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن بۆ بەدواداچوونی كێشەی كوردە فەیلییەكان، كاری پێویست‌و چارەسەری گونجاو بكەن بۆ كۆتایی هێنان بەئازارەكانیان‌و گەڕاندنەوەی مافەكانیان، لەگەڵیشیدا قەرەبوویەكی دادپەروەرانە لەبری هەموو ئەو زیانە ماددی‌و مەعنەویانەی پێیان گەیشتووە.

ئاڵا تاڵەبانی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket