riklam

ئیسلامی سیاسی كوردیی...

بیروڕا 11:21 AM - 2015-03-31
موعته‌سه‌م نه‌جمه‌دین‌

موعته‌سه‌م نه‌جمه‌دین‌

ئیسلامی سیاسی كوردیی، پڕۆژەیەكی شۆفێنیزمی عەرەبی ‌



لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی ساڵی 1991ی خەڵكی كوردستانەوە، ئیسلامی سیاسی كوردی جارێكیتر بەهەردوو باڵە توندڕەو و میانرەوەكانییەوە بوونە بەشێك لەقەیران و كێشەو ئاستەنگ لەبەردەم پڕۆسەی خەباتی رزگاریی نیشتمانیی نەتەوەی كوردستاندا.
پڕۆسەی ئیسلامی سیاسی لەكوردستاندا، لەجەوهەریدا كۆپییەكی تەواوی ئسلامی سیاسی عەرەبییە، درێژەكراوەی ئەو بیرو رێبازەیەو لەهەناویدا هەمان ئایدیۆلۆجیا و ئامانجی ئەوانی هەڵگرتووە، ستراكچەرو ئالیەتی كاركردنی هیج جیاوازییەكی لەگەڵ ئیسلامی سیاسی شۆفێنی عەرەبیەدا نییە، لەجەوهەریشیدا تەنیا كار بۆ بەرجەستەكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەوان دەكات.
پڕۆژەی ئیخوانییەكان، كە لەكرۆكدا دایكی ئیسلامی سیاسی عەرەبی و درێژەكراوەی پڕۆژەی قەومی عەرەبییە، لەهەناویدا هەڵگری ڤایرۆسی توندوتیژیی و چەندین قەیران و نێواندژییە.
بیرو ئایدیۆلۆژیای ئەم گروپانە، تەنیا بەڕووكەش هەڵگری ئاڵای ئیسلامە، لەكرۆكدا خزمەت بەبیری شۆفێنی عەرەبی دەكەن و لەدەرئەنجامیشدا كار لەسەر ناشیرینكردنی ئیسلام دەكەن.
لەم پڕۆسەیەدا كۆی گروپ و رێكخراوو وبزووتنەوە ئیسلامییەكان بەیەك ئاڕاستەو یەك تەكتیك كاردەكەن، لەسەرەتادا لەژێر چەند ناوێكی مەدەنیانەی وەك یەكێتی خوێندكارانی ئیسلامی، كۆمەڵەی باوەڕداران، گروپی ئیسلامی...هتد، خۆیان رێكدەخەنەوەو و دواتر بەسیاسەتێكی زۆر پراگماتیانە كۆی باڵ و لق و پۆپەكانیان دروستدەكەن.
یەكێك لەنێواندژییەكانی ئەم رەوتە ئەوەیە، لەجەوهەریاندا هەڵگری سروشتی وەسەنیەت و جاهلییەتی عەرەبین، بەڵام كە دەگەنە دەسەڵات رووبەڕووی واقیعی پێشكەوتووی گەلەكەیان دەبنەوە، ناتوانن خۆیان لەگەڵ پرانسیپەكانی ئازادی و دیموكراسیدا بگونجێنن، رەنگە لەڕاستیدا ئەمە گرفتی زۆربەی ئەو گروپ و هێزە ئیسلامییانە بێت، كە لەپڕۆسەی بەهاری عەرەبیدا گەیشتوونەتە دەسەڵات، دیارترین ئەو گروپانەش ئیخوانییەكانی میسر بوون، كە لەیەكەم ئەزموونیاندا هەموو دەستەكەیان ئاشكرا بوو، نەك هەر بەتەنیا خۆیان، بەڵكو كۆی ئەو رەوتەیان تووشی نائومێدیی و شكست كرد. هەندێك لەو گروپانە بۆ هەڵهاتن لەو قەیرانە، بانگەشەی دامەزراندنی مۆدێلی نوێ لەژێر ناوی مەدەنی نوێدا دەكەن.
قەیرانی ئیسلامی سیاسی
قەیرانی ئیسلامی سیاسی بۆ یەكەمجار لەجێبەجێكردنی بەرنامەی كاركردنیانەوە رووی راستەقینەی ئاشكرا دەبێت. بەرنامەو سیاسەتی كاركردنیان پەردەیەك لەناڕوونیی وناشەفافیەت و گومان دایدەپۆشێت، لەم قۆناغەوە راستەوخۆ ئامانجە حزبی و شۆفینییەكانیان لەگەڵ خواستی كۆمەڵگادا پێكدا دەدەن. لێرەوە هەنگاو بەهەنگاو سیاسەت و لۆجیك و هێزی بیڕوباوەڕیان كاریگەریی نامێنێت، سیاسەتی پراگماتیانەشیان بەتاڵ دەبێتەوە، هیچ كێشەو گرفتێكیان بۆ چارەسەر ناكات. لەقۆناغی كاركردنیان بۆ گەیشتن بەدەسەڵات پرانسیپ و پەیڕەوەكانی مەكیاڤیلیەت زۆر بەوردی بەرجەستە دەكەن. لەم بازنەیەداو لەسیاسەتی دەرەكیاندا لەپێش جەنگی ئەفغانستان بۆ لێدانی یەكێتی سۆڤیەت هاوپیمانییەكانیان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریكادا پەرەپێدا، لەدوای سەركەوتنی ئەمریكا لەوەدەرنانی یەكێتی سۆڤیەت لەئەفغانستان، دەزگای هەواڵگری ئەمریكا زۆرێك لەم رێكخراوانەی پشتگوێ خست و هاوكاری و پاڵپشتی دارایی لێگرتنەوە. بەڵام ئەم رەوتە بۆ ناچاركردنی ئەمریكا بەهاوكاریكردنیان، جارێكیتر كەوتنە ئیستیفزازكردنی ئەمریكا و كێشەو قەیرانیان بۆ دروست دەكرد.
لەدوای 11ی سێپتەمبەرەوە بۆ خۆپاراستن لەگورزە سەربازییەكانی ئەمریكا زۆربەی رێكخراو و بزووتنەوە ئیسلامییەكان گوتارێكی میانڕەو ئاشتیانەیان بەرجەستەكرد و ئاڵای ئاشتی و تەسلیم بوونیان بۆ ئەمریكا بەرزكردەوە.
بەشێك لەو گروپانە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەزگای هەواڵگری و پەنتاگۆنی ئەمریكادا بەشێوەیەك تۆخكردەوە تا بوونە هەڵگری ئەجندای سیاسی ئەوان و نەخشە و پلانەكانی ئەو دەزگایانەیان زۆر بەوردی جێبەجێ دەكرد، لێرەوە بیرۆكەی هاوپەیمانییەكی نوێ لەنێوان ئیسلامی سیاسی عەرەبی بەتایبەتی ئیخوانییەكان و دەزگای هەواڵگری ئەمریكا دروست بوو، ئەم هاوپەیمانییەش لەپڕۆسەی سەدەی نوێدا، كە بەشێكیان لەپڕۆسەی بەهاری عەرەبیدا بەرجەستە دەبێت سیماو رواڵەتی بەتەواوەتی دەركەوت.
ئیسلامی سیاسی لەكوردستان
بەدرێژایی مێژووی خەباتی رزگاری كوردستان، وڵاتانی داگیركەرانی، نەك هەر گەلی كوردیان هانداوە بۆ بەرجەستەكردنی رێكخراو و بزووتنەوەكانی ئیسلامی سیاسی، بەڵكو بۆ خۆیان داهێنەرو دامەزرێنەری ئەو گروپ و بزوتنەوانە بوون و بەپارەو چەكی ئەوان شەڕی گەلی كوردیان پێكراوە. شۆفێنیزمی عەرەبی و توركی و فارسی بەقۆستنەوەی سۆزو باوەڕی ئاینی گەلی كوردستان ئەم گروپ و رێكخراوانەیان بەئامانجی لێدان و لاوازكردنی ئینتمای نەتەوەیی كورد كردووە.
گەڕانەوە بۆ مێژووی خەباتی رزگاریی گەلی كوردستان و وەبیرەوەهێنانەوەی رۆژەكانی خەبات، ئەو راستییە زۆر بەڕوونی دەردەخات، كە ئەم گروپ و لایەنە ئیسلامییانە، لەهیچ كات و جێگایەكدا بەشێك نەبوون لەپڕۆسەی خەباتی رزگاریی كوردستان و بەشداری شەڕی دژ بەداگیركەریان نەكردووە.
سەرەتای دەركەوتنی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان لەشێوەی رێكخراوەی بۆ یەكەم جار لەساڵی 1980 دا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی عیراق-ئێرانەوە بووە، ئەوكات كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ لێدانی سوپای عیراق و لاوازكردنی كاریگەرییەكانی خەباتی رزگاری كوردستان رێكخراوێكیان بەناوی لەشكری ئیسلامی كوردستانەوە دامەزراند. خەرجی ئەم رێكخراوەو كۆی پێداویستییەكانی ئەوكات لەلایەن هەردوو دەوڵەتی ئێران و لیبیاوە دابین دەكرا. پێكهاتەی ئەم رێكخراوە لەتێكەڵەیەكی هەمەچەشنەو ناجۆرو لەخەڵكانی عەرەب و كورد وتوركمان ئامادەكرا. بۆ رابەرایەتی و بەڕێوەبردن كەسێكیان بەناوی عەباس عەبدولله شاهین (ئەبوو ئوسامە)، كە عەرەبێكی خەڵكی شاری موسڵ بوو دیاریكرد.
ئەم كەسە نەك هەر هیچ شارەزاییەكی لەسروشت و جوگرافیای كوردستاندا نەبوو، بەڵكو زۆر نامۆ بوو بەواقیع و سروشتی كەسێتی و كەلتوری كۆمەڵگای كوردی.
شێوازو ئاڕاستەی كاركردنی ئەم رێكخراوە هەر لەسەرەتاوە جێگای گومان و دوودڵی بوو، لەدوای چەند مانگێك لەدامەزراندنیان رووی راستەقینەیان بەڕوونی دەركەوت، بۆیە لەساڵی 1982 لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، كرانە ئامانج و بەگورزێكی سەربازی جەرگبڕ لەماوەیەكی كورتدا كۆتاییان پێهێنراو ئەوەی رزگاری بوو بەرەو ئێران هەڵهات.
ئێرانییەكان ئەو كات بەم كارەی یەكێتی زۆر قەڵس بوون بۆیە گوشارو دژایەتییەكانیان بۆ سەر یەكێتی زۆر چڕكردەوە.
لەساڵی 1984 لەدوای هێوربوونەوەی گرژییەكانی نێوان یەكێتیی و ئێران، بزووتنەوەی (الرابطة الاسلامية) بەڕابەرایەتی شێخ محەمەد نەجیب بەرزنجی بەهەمان میكانیزم وكەرەسەی پێشوو دامەزرا.
لەساڵی 1991 بەرزگاربوونی بەشێكی زۆر لەكوردستانی باشوور، بەرجەستەبوونی ئازادی كاری حزبایەتی لەلایەك و لەڕوویەكیترەوە زیادبوونی گوشارو ئابڵوقەی ئابووری و سیاسی لەسەر كوردستان و خراپبوونی باری گوزەرانی خەڵكی كوردستان، ئەو زەمینەیە رەخسا، كە ئیسلامییە كوردەكان پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی عەرەبی لەم ناوچەیە بەرجەستە بكەن. لەم زەمینەیەدا هەل بۆ ئیسلامییەكانی عەرەب رەخسا كە جارێكیتر چەندین گروپ و ریكخراو بزووتنەوەی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان دامەزرێننەوە. لەو كاتەوە دیاردەی ئیسلامی سیاسی بەهاوكاری و پاڵپشتی چەند وڵاتێكی عەرەبی و ئیسلامی  بەشێوەیەكی بەرچاو لەم بەشە رزگاركراوەدا گەشەی كردو بڵاو بۆوە.
لەساڵی 1998ەوە رەوتی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان بەشێوەیەكی دیار لەنێوان ئێران و ئەمریكادا دابەش بوون. بەرەی ئیخوانییە كوردییەكان كە لەژێر ناوی یەكگرتوودا خۆی بەیان دەكرد، لەسەر هەمان ئاڕاستەی ئیخوانییە عەرەبییەكان چوونە بەرەی ئەمریكا و وڵاتانی كەنداوەوە هاوكاری و یارمەتییەكی دارایی و لۆجستی زۆریان وەردەگرت، بەڵام بەرەی گروپە توندڕەوەكانی (جوند الاسلام و انصار الاسلام) لەبەرەی ئێرانداو لەدژی ئەمریكا خۆیان ساغكردەوە.
لە 31ی ئازاری 2003 ئەوكات گروپی ئەنسارو ئەلئیسلام، كە هێزەكانی خۆیان تەواو لەسنوورەكانی ئێران لەناوچەی بیارە كۆكردبووەو رێكخستبوو، لەبەیاننامەیەكدا دژایەتیكردنی خۆیان بۆ ئەمریكا راگەیاند، فەرمانیان بە بەشی خۆكوژی رێكخراوەكەیاندا، كە لەهەرجێگاو كاتێكدا بۆیان لوا هەر ئەمریكییەك یان بەریتانییەكیان بینی بیان كوژن و كردەوەی خۆكوژیان لەدژ بكەن.
لەگەڵ هاتنی مانگی نیسان و دەستپێكردنی پڕۆسەی لێدانی سوپای عیراق لەلایەن ئەمەریكاوە، ئەمریكییەكان گورزێكی سەربازیی بەهێزیان لەئەم گروپانە وەشاند، موشەكەكانی ئەمریكا تەواوی بارەگاو بنكەكانی ئەم گروپانەیان كردە ئامانج، دەرئەنجام بەهاوكاری حزبە كوردستانییەكان توانرا لەماوەیەكی زۆر كورتدا كۆتاییان پێبهێنرێت و ئەوەی لەمەرگ رزگاری بوو جارێكیتر زۆر بەخێرایی روویان كردەوە ناو سنوورەكانی ئێرانەوە. دواتر ئەندامانی ئەم گروپە لەدوای هەڵوەشانەوەی رێكخراوەكەیان روویان كردە ناوچەكانی خۆرئاوای عیراق و موسڵ و لەگەڵ گروپە تیرۆریستەكانی عەرەبی سوننەدا لەژێر ناوی ئەنسارو ئەلسوننەدا كەوتنەوە شەڕو لێدانی سوپای ئەمریكاو هێزە بەرهەڵستكارەكانی رژێمی بەعسی پێشوو.
17ی شوبات وێستگەیەكی نوێی ئیسلامی سیاسی
گروپ و لایەنەكانی ئیسلامی سیاسی كوردیی بەگشتی و ئیخوانییە كوردییەكان (یەكگرتووی ئیسلامی) كە سەرچاوەی سەرەكی ئیسلامی سیاسی كوردین بەتایبەتی، لەسەرەتای دامەزراندنیانەوە وەك سیاسەتێكی تەكتیكی خۆیان، بەردەوام هەوڵدەدەن خۆیان وەك حزبێكی كوردی رەسەن نمایش بكەن، بۆ ئەم مەبەستەش لەسەرەتاوە تا ئەوكاتەی جێ پێی خۆیان لەگۆڕەپانی سیاسی كوردستانی توندكرد، سیاسەتی خۆگونجاندنیان لەگەڵ حزبە كوردستانییەكاندا بەرجەستە دەكرد، تەنانەت لەبەغداش خۆیان بەشەریك و هاوپەیمانی حزبە كوردییەكان نمایش دەكەن.
لەسەرەتای دامەزراندنەوەی دەسەڵاتی نوێی حوكمرانی عیراقەوە بەشێكیان بەشداریی پێكاتەی حكومەتی فیدریاڵی نوێیان كرد، لەكوردستانیش، لەسەرەتادا بەشداری حكومەتیان دەكردو تا ئاستێكی زۆر خۆیان لەگەڵ ئەجندای نەتەوەیی حزبە كوردستانیەكاندا دەگونجان. بەدروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕان و بەهێزبوونی بەرەی ئۆپۆزسیۆن راستەخۆ هاتنە بەرەی ئۆپۆزسیۆن و لەسێبەری گۆڕاندا كەوتنە دژایەتیكردنی دەسەڵاتی كوردی و هەموو هەوڵەكانیان بۆ رووخانی ئەم دەسەڵاتەو بەرجەستەكردنی فەوزا و ناجێگیریی لەشێوەی رووداوەكانی بەهاری عەرەبی خستەكار.
 لە 17ی شوباتی 2011دا بە قۆستنەوەی ناڕەزایی و خواستی شەرعی جەماوەری خەڵكی سلێمانی بۆ بەدەستخستنی ماف و خواستەكانیان لەپێداویستی ژیان وگوزەرانیان، بەهەمان سیناریۆو لەسەر هەمان ستایل و مۆدێلی شۆڕشەكانی بەهاری عەرەبی، بەسیاسەتێكی پراكتیكیانە توانیان تەواوی پڕۆسەكە بكەنە موڵكی خۆیان و لەدوای دواوەی خەڵك و لایەنەكانیتری ئۆپۆزسیۆنەوە زۆر بەخێرایی بگەنە مینبەرەكان و ئەجندا وسیاسەتی خۆیان بەسەركۆی ئەو لایەن و خەڵكەدا بسەپێنن.
ئەم سیاسەتەی ئیسلامییەكان كە پاڵپشتە بەبوونی فاكتەری رێكخراوەی پتەو لەجەوهەریدا هاوكارێكی گەورەیە نەك تەنیا بۆ ئەمان، بەڵكو بۆ كۆی بزووتنەوە ئیسلامییە سیاسییەكانی عەرەبی. بەم رێگا و سیاسەتە توانییان كۆی لایەنە عەلمانی و كۆمۆنیست وگروپەكانی رێكخراوی مەدەنی بخەنە ژێر چەتری ستراتیجی سیاسی خۆیانەوەو بیانخەنە سەر بەرەی خۆیان و دروشمی (الله اكبر) بەسەرهەموواندا بسەپێنن. لەڕاستیدا بەهۆی بوونی جیاوازییەكی جەوهەری لەنێوان بارودۆخی كوردستان و وڵاتانی عەرەبیدا ئەم سیاسەت و پڕۆژەیەی ئیسلامییەكان و گۆڕان شكستی هێناو لەدوای دوو مانگ لەخۆپیشاندان و ناڕەزایی بەبێ هیچ دەستكەوتێك كۆتایی هات،  بۆیە لەگەڵ هەڵبژاردنی نوێ و بێتوانایی ئۆپۆزسیۆن لەهێنانی زۆرینەی دەنگەكان هەردوو گروپی ئیسلامی و عەلمانی ئۆپۆزسیۆن كەوتنە ماراسۆن بۆ نزیكبوونەوەو بەشداریكردن لەدەسەڵات. هەردوو رەوتەكە چوونە بەرەی پارتی و ناوچەی نفوزی توركیاو ئەمریكاوە.
نێواندژییەكانی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان
پرسی ئیسلامی سیاسی لەكوردستان، لەكرۆكدا هەڵگری نێواندژی و قەیرانێكی ستراكچەرییە. لەلایەك بانگەشە بۆ گەیشتن بەمافە رەواكانی كورد دەكات لەئامانجیشدا كار بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانی پڕۆژەی شۆفێنزمی عەرەبی دەكات. بیری ئیخوانییە كوردییەكان بەشێوەیەك وابەستەی پڕۆژەی شۆفێنزمی عەرەبییە، لەكۆی ئەو كارەسات و زوڵمانەی رژێمی فاشی بەعس لەدژی كورد كردی بەتایبەتی لەهەردوو پڕۆسەی ئەنفال و هەڵەبجەدا، هیچ رەخنەو هەڵوێستێكیان لەبەرانبەر بێ هەڵوێستی ئیخوانییە عەرەبییەكان و ئیسلامی سیاسی عەرەبی و دەوڵەتە ئیسلامییەكان نەبوو. لەڕاستیدا ئیسلامی سیاسی لەكوردستان تەنیا كۆپیەكی ئیسلامی سیاسی عەرەبی و شۆفێنیزمی عەرەبی نییە، بەڵكو درێژەپێدەری ستراتیج و بەرنامەی سیاسی ئەوانە، بۆیە دەبینین بەدرێژایی ماوەی خەباتی نەتەوایەتی كورد ئەم رەوتە چ بەشە عەرەبییەكەی بێت یان كۆپییە كوردییەكان هیچ كات لەبەرەی رزگاری كوردستاندا نەبوون وهیچ سۆزو ئینتماو پاڵپشتییەكیان بۆ بزووتنەوەی رزگاری كوردستان نەبووە.
خاڵی وەرچەرخان
لەساڵ 2009دا لەبارێكی زۆر دژوارو ناجێگیردا ئەمریكییەكان عیراقیان بەجێهێشت، لەماوەیەكی زۆر كورتدا بەخێرایی تەواوی سوپاكەیان لەم وڵاتە كشانەوە. دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازی عیراق بەتەواوەتی بۆ پێكهاتەی شیعەو ئێرانیەكان واڵابوو، تا ئەجندای شیعەگەریی خۆیان بەتەواوەتی بسەپێنن و تەواوی دەسەڵاتی حوكمرانی بۆ خۆیان قۆرخ بكەن. لەماوەی تەنیا پێنج ساڵدا توانیان كورد لەدەسەڵاتی نوێدا پەراوێز بخەن و چەند گورزێكی گەورە لەپێكهاتەی سوننە بدەن و لەژێرپەردەی شەڕی تیرۆردا بەتەواوەتی لەدەسەڵاتی نوێی عیراق دووریان بخەنەوە، دەرئەنجام شەڕی مێژوویی شیعەو سوننە زۆر بەقورسی دەستی پێكردەوە.
لەئەنجامی ئەم سیاسەتەو شكستی شیعە لەستراتیجی كۆنترۆڵكردنی دەسەڵاتی نوێی عیراقدا، لەساڵی 2014 شەڕی نێوان شیعەو سوننە بەتایبەتی لەدوای دروستبوونی گروپی تیرۆرستی داعش و بەرجەستەكردنی كوشتنی بەكۆمەڵ لەلایەن هەردوو بەرەوە، چوە قۆناغێكی باڵاترەوە.
داعش كلیلی گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ عیراق
دروستبوونی داعش هاوشانی ئەوەی لەئەمڕۆدا لەبارێكی خراپدایەو كۆی ئاماژەكان بۆ نزیكبوونەوەی كۆتایی ئەم گروپەن، لەجەوهەریدا جارێكیتر گۆڕانێكی چۆنایەتیی لەواقیعی سیاسی و هاوسەنگی هێز  لەپڕۆسەی سیاسی عیراقدا بەرجەستەكرد. دەرئەنجامی دروستبوونی داعش جگە لەگەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ عیراق بووە هۆی ئەوەی پێكاتەی سوننە لەهەناوی داعشدا جارێكیتر خۆیان بەسەر پڕۆسەی سیاسی و هاوسەنگی هێزی ناوخۆی و هەرێمایەتیدا بسەپێنن. لەڕوویەكی ترەوە بۆ راگرتنی هەمان هاوسەنگی بەرەی شیعە (مالكی) یان لەدەسەڵات دوورخستەوەو لەهەوڵی كردنەوەی لاپەڕەیەكی نوێدان لەگەڵ كورد.
لەئەمڕۆدا بەرەكان زۆر بەڕوونی جیادەكرێنەوە تەنانەت لەگۆڕەپانی سیاسی كوردستانیشدا. ئەمریكییەكان وەك بەرەیەكی جیاواز لەبەرەی ئێران تا ئەمڕۆ لەدەرەوەی بازنەی دەسەڵاتی شیعەگەریی عیراقدایە، بۆیە دەیەوێت لەڕێگای سوننەو كوردەوە جارێكیتر بگەڕێتەوە عیراق و ئەجندای ستراتیجی خۆی بەشێوەیەكی نوێ كە لەگەڵ بارودۆخی نوێدا بگونجێت دابڕێژێتەوە.


موعته‌سه‌م نه‌جمه‌دین‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket