یه‌شار كه‌مال.. پیاوێك كه‌ژیانی له‌خه‌یاڵ و واقع پێكهاتبوو
ئەدەب وهونەر 03:40 PM - 2015-03-01یه‌شار كه‌مال.. پیاوێك كه‌ژیانی له‌خه‌یاڵ و واقع پێكهاتبوو
رۆمان نووس و نووسه‌ری ناوداری كورد یه‌شار كه‌مال له ته‌مه‌نی 92 ساڵیدا به‌هۆی وه‌ستانی ئۆرگانه‌كانی جه‌سته‌یه‌وه كۆچی دواییكرد.
یه‌شار كه‌مال، نووسه‌ری كورد كه به‌توركی ده‌ينوسی، پێش مردنی له‌دیدارێكی رۆژنامه‌وانیدا ده‌رباره‌ی پرسی زمان و ژیان و سروشت چی وت؟
*چۆن خۆت ده‌ناسێنیت؟
-من وه‌ك ورچه‌كه‌ی ناو كه‌له‌پووری میللی توركیام، ئه‌و ورچه چل گۆرانی ده‌زانێ، هه‌ر گۆرانییه‌ك تایبه‌ته به سێوێك، لێ من ته‌نها یه‌ك گۆرانی ده‌زانم ئه‌ویش تایبه‌ته به سروشت یا با بێژین كوشتنی سروشت، ئه‌م گۆرانیه گۆرانی مرۆڤ و ڕووخساره‌كه‌یه‌تی.
*له‌كوێوه هاتووی؟
-له چوكوراوای ناوچه‌ی میلیسای دێرین له لاپاڵه‌كانی چیای تۆرۆس، دایكم و باوكم به كوردی ده‌دوان، به‌ڵام من ته‌نها فێری توركی بووم، گونده‌كه‌م ناوی (جوكسیه)و به توركمانی ده‌دوێن.
باوكم جوتیاربوو، كاتێك ته‌مه‌نم چوار ساڵان بوو به‌به‌رچاومه‌وه له پێش ده‌رگای یه‌كێك له مزگه‌وته‌كاندا كوشتیان، ئه‌م دیمه‌نه چه‌ندین ساڵ له گۆی خستم.
چی له‌باره‌ی سروشته‌وه ده‌ڵێیت ؟
-له گونده‌كه‌م گابه‌ردی زل زل هه‌بوو، له ده‌ره‌وه‌ی گوندیش هه‌رد و ده‌شتێكی بێ سنوور هه‌بوو. ده‌ڵێن ئه‌م گونده شوێنی له دایكبوونی (دیسكۆریۆن)ی مه‌زنترین زانای ڕووه‌كناسییه له چه‌رخه كۆنه‌كاندا، ئه‌مێستاش ئه‌م گونده یادی زانایه‌كی گه‌وره‌ی دیكه ده‌كاته‌وه ئه‌ویش لوقمانی حه‌كیمه كه یه‌كێكه له پزیشكه‌كانی سه‌ده‌ی ناوه‌ڕاست، ده‌ڵێن ڕووه‌كه‌كان له‌گه‌ڵیدا دواون و پێیان وتووه كه من ده‌وای ده‌ردی ئه‌و فڵان نه‌خۆشیم یا فیسار نه‌خۆشیم. به‌و شێوه‌یه لوقمانی حه‌كیم له هه‌موو ڕووه‌كه‌كانی پرسیوه كه شفای چ ده‌ردێك ده‌ده‌ن. پاشان گه‌ره‌كی بووه واوه‌تر له‌مه‌ش بڕوات و شفای مه‌رگ بدۆزێته‌وه، بۆیه بژوێن به بژوێن گه‌ڕاوه‌و له نزیكه‌وه پرسیاری ده‌رمانی مه‌رگی كردووه. تا جارێكیان له ژێر دره‌ختێكدا ده‌نوێ كه ئه‌وكات پیاوێكی به‌نێوساڵداچووبوو، كاتێك له خه‌ودا ڕاده‌به‌ڕێت ده‌بینێت له‌سه‌ر ڕووه‌كێك نووستووه، ڕووه‌كه‌كه پێی ده‌ڵێ من شفای مه‌رگم، جا لوقمانی حه‌كیم ئه‌و چڵه ڕووه‌كه ده‌قرتێنێ و ده‌ستبه‌جێ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ گوند، تا هه‌واڵه‌كه بڵاو بكاته‌وه، به‌ڵام كاتێك ده‌گاته سه‌ر پردێك، له پڕ باڵنده‌یه‌ك چڵه ڕووه‌كه‌كه‌ی له‌ده‌ست ده‌ڕفێنێت.
من به‌م جۆره حیكایه‌تانه گۆشكراوم و له ساڵانی 1928-1930 شاعیره میللییه توركمانه‌كان ده‌هاتنه گونده‌كه‌مان و سێ شه‌و داستانه‌كانی خۆیان ده‌گێڕایه‌وه، داستانه‌كانیان هه‌ر له‌و چیرۆكه ده‌چوون كه باسم كرد، جا به په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ ئه‌م شاعیرانه‌دا فێر بووم شیعره‌كانم بنووسم و بڵاویان بكه‌مه‌وه.
* شارستانیه‌ت له‌و گونده له چ ئاستێكدابووه؟
-له‌و گونده شه‌ست كانی خه‌ڵوز هه‌یه، كه‌چی ئه‌و خه‌ڵكه تا ماوه‌یه‌كی به‌ر له ئێستاش هه‌ر جه‌نجه‌ڕیان به‌كارده‌هێنا. من جه‌نجه‌ڕم لێخوڕیوه‌و یه‌كه‌م پیشه‌بوو كه فێری بووم. گونده‌كه‌م ژیانێكی پاك ده‌به‌خشێت. ژیانێكی نموونه‌یی كه ئومێد ده‌كه‌م ئه‌مڕۆ تیایدا ژیابام.
*لایه‌نی داهێنان و خه‌یاڵ له كاره‌كانتدا چۆنه؟
-هه‌موو بوونم له خه‌یاڵ و واقیع پێكهاتووه، منیش هه‌وڵده‌ده‌م پوخته‌ی هه‌ردووكیان بم.
*ئایا جوتیارانی گونده‌كه‌ت له به‌رهه‌مه‌كانتدا بوونیان هه‌یه؟
-به‌ڵێ، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی تر، ڕۆمانی (حه‌مه‌دۆك) له‌لایه‌ن 450 هه‌زار كه‌سه‌وه خوێندراوه‌ته‌وه، ئه‌مه‌ش مانای هاوسۆزییه. دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی سێیینه‌كه‌م، دارتێل و زه‌وی ئاسن ئاسمانی مس، ئه‌و ڕووه‌كه‌ی كه نامرێ گه‌ڕایه‌وه گونده‌كه‌م، دكتۆرێكی ئاژه‌ڵانم بینی كه ته‌مه‌نی نه‌وه‌د ساڵ ده‌بوو، له گه‌نجیشدا ده‌مناسی، كه بینیم پێی وتم: من ئێستا له چیادا ده‌ژیم.
ئه‌و جوتیارانه حه‌وت جار منیان كرد به په‌یامبه‌رو حه‌وت جاریش له په‌یامبه‌رێتیان داماڵیم. ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه به سه‌ری پۆڵس، پۆڵس یه‌كێكه له كه‌سایه‌تیه‌كانی ناو چیرۆكه‌كانم كه به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر له كتێبه‌كانمدا دووپات ده‌بێته‌وه، ڕاستیه‌كه‌ی پاڵه‌وانی ناو چیرۆكه‌كانم به‌هۆی ڕووداوێكی ئاساییه‌وه له‌دایك ده‌بن، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌ك واقیع ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری خه‌یاڵ و خه‌یاڵیش ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌ری واقیع.
*هیچ له‌و ڕووداوانه‌ت له‌یاده؟
-ڕووداوی كۆن ئه‌مانه‌ن: له‌نێوان ساڵانی 1930-1933 له گونده‌كه‌ماندا وشكه‌ساڵیه‌ك ڕوویدا كه پێشتر وێنه‌ی نه‌بوو، ده‌بوایه به گه‌ڵای دره‌خته‌كان ڕازی بین بۆ خواردن. هه‌روه‌ها له گونده‌كه‌ماندا شوانێك هه‌بوو جۆرێك له گێلایه‌تی تێدابوو، وه‌كو ده‌یانگوت چووه بۆ مه‌ككه، ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژیش به‌دیار ده‌كه‌وت، به‌و شێوه‌یه گونده‌كه بڕوایان پێی هێناو كه‌وتنه ده‌ست ماچكردنی، ئه‌م ستایشه ساڵ و نیوێكی خایاند، دواتر ده‌روێشی تر ده‌ركه‌وتن، ڕۆژێكیان باران دایكردو ناوچه‌كه بوژایه‌وه‌و مناڵان‌یش كه‌وتنه لاقرتێكردن به‌و شوانه، كاتێك كه زانی خه‌ڵكی ده‌ستیان لێ به‌رداوه، یه‌كسه‌ر خۆی هاوێشته ناو ڕووباره‌وه‌و دوای چه‌ند ڕۆژێك لاشه‌كه‌یان دۆزییه‌وه. ماوه‌یه‌ك دوای ئه‌و ڕووداوه گونده‌كه‌م جێهێشت، سێیینه‌كه‌م هه‌ر له‌و ڕووداوه‌وه په‌یدابوو، یا ده‌توانین بڵێین ئه‌و ڕووداوانه كلیل و كانیاوی ئه‌و سێیینه‌یه‌م بوون.
*ئایا زمانه‌كه‌ت كلاسیكییه؟
-زمانی میللییم به زمانی نوێ ئاوداوه، قسه‌كردنم پتر له‌سه‌ر ئاستی بونیاد‌و پێكهاته‌یه وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر واژه‌و ڕسته بێت.
*له‌گه‌ڵ چ نووسه‌رێك هه‌ست به نزیكایه‌تی ده‌كه‌ی؟
-ئه‌گه‌ر هۆمیرۆس زیندووبا هه‌روه‌ك ولیه‌م فۆكنه‌ر ده‌ینووسی. من به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر نازم حیكمه‌ت و به‌ر له نووسینی هه‌ر كتێبێكیش دووباره ستاندال ده‌خوێنمه‌وه.
جارێكیان پیاوێكم بینی جانتایه‌ك پڕاوپڕ له‌كتێبی پێدام، كه چه‌ندین كۆپی كتێبی دۆنكیشۆتی تێدابوو.
*ئازادی نووسه‌ر له‌توركیا له چ ئاستێكدایه؟
-ئه‌و ئازادییه هه‌م به ته‌نگانه‌و هه‌م به كرانه‌وه‌شدا تێپه‌ڕیوه، له ساڵی 1955 ده‌ستیان به‌سه‌ر چه‌ند ژماره‌یه‌كی ئه‌و گۆڤاره‌دا گرت كه به زنجیره چیرۆكی حه‌مه‌دۆكی بڵاوكرده‌وه، ئه‌وه‌ش به تۆمه‌تی چه‌پبوون. ساڵی 1961 ئازادییه‌كی ته‌واومان بینی، له‌نێوان ساڵانی 1971 تا 1973 جارێكی تر مقه‌ستی سانسۆر كه‌وته‌وه چالاكی، ئه‌مڕۆ وا خه‌ریكه جارێكی تر ده‌ستمان داوه‌ته‌وه پراكتیزه‌كردنی ئازادی. ڕاسته یاسای كۆت و به‌ندی 141 و 142 له یاسای چاپه‌مه‌نی توركیدا هه‌یه، به‌ڵام وه‌لا نراوه.
*چ نووسه‌رێكی تورك شیاوی ئه‌وه‌یه به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ربگێڕدرێته سه‌ر زمانی فه‌ڕه‌نسی؟
-دوو نموونه هه‌ن، گه‌رچی نووسه‌ری دیكه زۆر هه‌ن، من باسی ئۆرهان كه‌مال ده‌كه‌م كه له‌باره‌ی نامۆیی و ئامرازه‌كانی قورتاربوون له‌نامۆیی ده‌نووسێت. هه‌روه‌ها فه‌قیر بایكۆرت هه‌یه كه ڕۆمانێكی به‌ناوبانگی نووسیوه به‌ناوی لاده‌ره‌كان، ئه‌و ڕۆمانه باسی تێكۆشانی جوتیاران ده‌كات دژی بیرۆكراسیه‌ت.
*ڕوانگه‌ی تۆ له‌سه‌ر مۆدێرنیزه‌كردنی سروشت چییه، ئایا به‌ڕای تۆ پاككردنه‌وه‌ی دارستانێك بۆ دروستكردنی به‌نداوێك، تاوانه؟
-له‌سه‌رده‌می مناڵی مندا له‌ناوچه‌كه‌ماندا شه‌ش یا حه‌وت زێ هه‌بوون، باڵنده‌و مارومێرو، زه‌ڕافه‌و ئاسك، لێره‌واری كۆن هه‌بوون، من دژی ئاڵوگۆڕ نیم، به‌ڵام دژی تێكدانم، دارستانه‌كان له‌ناوچوون و ئه‌و كارگانه‌ی له شوێنی ئه‌و دارستانه دروستكران هیچ كه‌ڵك و سودێكیان نه‌بوو. سروشت به‌شێكه له خوێنی مرۆڤ، مرۆڤ شتێكی ئه‌پستراكت نییه، هه‌میشه له‌سروشتدا ده‌ژی، ئه‌مه پێش ده‌ركه‌وتنی پارێزه‌ره‌كانی ژینگه‌و ئایكۆلۆژیا. ساڵی 1953 زنجیره‌یه‌ك ڕاپۆرت له‌مه‌ڕ له‌ناوچوونی دارستانه‌كانی ئاسیای ناوه‌ڕاست بڵاو كرانه‌وه، هه‌ر له هه‌مان ماوه‌دا زنجیره‌یه‌ك ڕاپۆرت به‌ناوی ئه‌و ده‌ریایه‌ی توڕه ده‌بێ له‌مه‌ڕ قڕتێكه‌وتنی دۆلفین بڵاو كرایه‌وه.
تاوان هه‌ر ته‌كنه‌لۆژیا نییه له‌سنوری خۆیدا. به‌ڵكو ته‌كنه‌لۆژیا دڕنده‌یه‌كه ئه‌سیری قازانجی ماددی و ڕێكخستنی هه‌ڵه‌یه، ئێمه ته‌كنه‌لۆژیایه‌كمان گه‌ره‌كه له خزمه‌تی مرۆڤدا بێت و به ڕێكوپێكی كه‌ڵك له سروشت وه‌ربگرێ و ته‌واوكه‌ری نێوان مرۆڤ و سروشت بێت. ئه‌م كاره‌ش له ئه‌ستۆی سیاسیه‌كاندایه‌و ده‌بێ ڕۆژانه‌و به‌رده‌وام له پێناویدا تێ بكۆشن.
ژیاننامه‌ی یه‌شار كه‌مال...
یه‌شار كه‌مال له‌ساڵی 1923 له‌گوندی گۆكچه‌لی باكووری كوردستان، به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م پاش دروستبوونی كۆماری توركیا له‌دایكبوو.
په‌رتووك و نووسینه‌كانی یه‌شار كه‌مال وه‌رگێڕاونه‌ته سه‌ر چل زمانی جیاواز. رۆمانی ئینجه مه‌مه‌د ( به‌كوردی حه‌مه‌دۆك) و له‌ساڵی 1955بڵاوكراوه‌ته‌وه، نێوبانگێكی وه‌ها جیهانی په‌یداكرد كه ساڵی 1973بووه هۆی ئه‌وه‌ی بپاڵێورێت بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ.
یه‌شار كه‌مال له‌سه‌ره‌تای لاوێتیدا ئه‌ندام و چالاكڤانی پارتی ماركسی لینینی بوو له توركیا.
زۆربه‌ی نووسینه‌كانی باسی ژیانی سه‌خت و پڕ له‌نه‌هامه‌تی گه‌له‌كه‌ی ده‌كات له‌ژێر ده‌ستی فه‌رمانڕه‌وایی چه‌وسێنه‌ردا.
له‌ساڵی 1995یه‌شار كه‌مال له‌لایه‌ن ناسیونالیسته تووندڕه‌وه‌كانی توركیاوه تۆمه‌تبار ده‌كرێ به بانگه‌شه‌كردن بۆ جوداخوازیی كورد و سه‌رئه‌نجام دادگایی ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌وه.
له‌كاتی دادگاییكردنه‌كه‌یدا، یه‌شار كه‌مال تۆمه‌ته‌كان ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت: "هه‌موو ته‌مه‌نی من ته‌رخانبووه بۆ زمان و كولتوری توركی. من ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردی ناخوازم. كه‌س ئه‌وه ناخوازێت. هه‌موو كورد ته‌نیا داوای مافه مرۆڤییه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن. مافی پاراستنی زمان و كولتوور‌و ناسنامه‌ی خۆیان."
یه‌شار كه‌مال له‌ته‌منی منداڵی‌دا به‌هۆی رووداوێكه‌وه به‌چه‌قۆ چاوی راستی له‌ده‌ستده‌دات. دواتر له‌ته‌منی پێنج ساڵیدا باوكی له‌لایه‌ن كوڕێكی خۆیه‌وه له‌كاتی نوێژكردندا له‌مزگه‌وت به‌رچه‌قۆ ده‌درێت و ده‌كوژرێت. له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه ژیانی منداڵی یه‌شار كه‌مال ژیانێكی ئاسان نابێت.
مانگی رابردوو، ئه‌وكاته‌ی یه‌شار كه‌مال ده‌برێته نه‌خۆشخانه بۆ چاره‌سه‌ر، یوسف محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: یه‌شار كه‌مال بۆ ئێمه جێگه‌ی رێز‌و شانازییه. وه‌ك كورد مافی خۆمانه شانازی به‌م نووسه‌ره گه‌وره‌یه‌مانه‌وه بكه‌ین.
یه‌شار كه‌مال له‌ته‌مه‌نی 29 ساڵیدا له‌ساڵی 1952 له‌گه‌ڵ سیلدا سێرێرۆ، كچی ماڵێكی نێوداری جووله‌كه‌ی توركیا هاوسه‌رگیری ده‌كات. باپیری هاوسه‌ره‌كه‌ی پزیشكی تایبه‌تی سوڵتانی عوسمانی بوو. سیلدای هاوسه‌ری 17 دانه له‌په‌رتووكه‌كانی یه‌شار كه‌مال وه‌رده‌گێڕێته سه‌ر زمانی ئینگلیزی. له‌ساڵی 2001و له‌ته‌مه‌نی 78ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
یه‌شار كه‌مال بۆ دووه‌مجار له‌ساڵی 2002 له‌گه‌ڵ عایشه بابان كه مامۆستای زانكۆی بیلگییه له‌ئیسته‌نبول هاوسه‌رگیری ده‌كات.
یه‌شار كه‌مال چه‌ندین خه‌ڵاتی مه‌زن و دكتۆرای فه‌خری له زانكۆكانی ئه‌وروپا وه‌رگرتووه. له‌وانه‌ش خه‌ڵاتی ئاشتی په‌رتووكی ئه‌ڵـمانیا له‌ساڵی 1997 و میدالیای نارێگاتسی وڵاتی ئه‌رمینیا و چه‌ندین خه‌ڵاتی رێزلێنان له‌فه‌ره‌نسا، نه‌رویج ، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا‌و سوید.
رۆمانی (ته‌نه‌كه)ی ساڵی 1955 له وڵاتی سوێد كرا به شانۆگه‌ری و بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ له‌و وڵاته نمایشكرا. یه‌شار كه‌مال خۆی بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له‌كۆتایی ساڵانی 1970 كان له وڵاتی سوێد ژیا.
مۆزیكڤانی ئیتاڵی فابیۆ ڤاچی هه‌مان رۆمانی له‌سێ پارچه‌ی جیاوازدا گۆڕی بۆ مۆزیكی ئۆپێراو ساڵی 2007 له‌شاری میلانۆ پیشكێشكرا.
له‌كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی كۆچی دواییكردنی، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ئه‌حمه‌د داودئۆخلو ستایشی یه‌شار كه‌مالی كرد‌و وتی: نوسه‌رێك بوو كه توانی هه‌ستی ناڕه‌زایی خۆی درێژه پێبدات و بێسڵه‌مینه‌وه راستییه‌كان بڵێت له‌سه‌رده‌مێكدا كه گوتنی راستی كارێكی گران بوو.
له‌كۆتاییدا ماوه‌ته‌وه بڵێن دوای كۆچی دوایی یه‌شار كه‌مال به‌شێك له‌سه‌ركرده‌و كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی هه‌رێم پرسه‌نامه‌یان ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی كۆچكردو كرد، له‌نێویاندا د.فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆك كۆمار بۆ كۆچی دوایی نوسه‌رو روناكبیری به‌ناوبانگی كورد یه‌شار كه‌مال پرسه‌نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی خانه‌واده‌و كه‌سوكاره‌كه‌ی كرد.
ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی :
خانه‌واده‌و كه‌سوكاری به‌ڕێزی مامۆستا یه‌شار كه‌مال
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵی كۆچی دوایی نوسه‌رو رۆماننوسی به‌ناوبانگ مامۆستا (یه‌شار كه‌مال)مان بیست.
بۆ ئه‌و خه‌مه پرسه‌و ماته‌مینی خۆم ئاڕاسته‌ی یه‌ك به‌یه‌كی خانه‌واده‌كه‌تان و ناوه‌ندی كولتوری و ئه‌ده‌بی كورد و توركیا و جیهان به‌گشتی ده‌كه‌م .
یه‌شار كه‌مال بیركردنه‌وه‌ی له ئاستێكی زۆر فراواندا بوو كه به‌رهه‌مه‌كانی خراونه‌ته‌سه‌ر چه‌ندین زمان له ئاستی جیهاندا و ناوبانگیان په‌یدا كردووه، ئه‌مه‌ش بووه فاكته‌ری كاندیدكردنی بۆ خه‌ڵاتی نۆبڵ له ئه‌ده‌بدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه مه‌رگ بواری نه‌دا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و خه‌ڵاته جیهانیه .
مامۆستا یه‌شار كه‌مال له ڕێی رۆمانه‌كانیه‌وه خزمه‌تێكی زۆری مرۆڤایه‌تی و چینه بێبه‌شه‌كانی كۆمه‌ڵی مرۆڤایه‌تی كرد به گشتی، له‌رێی ئه‌و شاكارانه‌شه‌وه مه‌سه‌له‌ی گه‌لی كوردی به گه‌لی توركیا ناساند، هه‌م په‌یامێكی پێكه‌وه ژیانی نێوان نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌كانی توركیای به‌رجه‌سته‌كردوه كه كاریگه‌ریه‌كی به‌رچاوی هه‌یه له به ئاشتیی چاره‌سه‌ر كردنی كیشه‌كاندا .
بۆیه ماڵئاواییه‌كه‌ی بۆشاییه‌كی گه‌وره دروست ده‌كات بیره‌وه‌ریه‌كانیشی هه‌میشه له یاده‌وه‌ریدا ده‌مێنێ بۆ هه‌تایه قه‌ڵه‌مه‌كه‌ی به شكۆمه‌ندی ده‌مێنێته‌وه .
له خوای گه‌وره داواكارین گیانی مامۆستا یه‌شار كه‌مال به‌به‌هه‌شتی به‌رینی شاد بكات و ئارامی به خانه‌واده‌و كه‌سوكارو هاوڕێ و دۆستان و ناوه‌ندی رووناكبیری ببه‌خشێت .
PUKmedia له‌ئاژانسه‌كانه‌وه
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی سەرۆک بافڵ بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 04:11 PM - 2024-04-25 -
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
کوردستان 01:36 PM - 2024-04-25 -
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: کۆمەڵانی خەڵک چاوی ئومێدیان لە یەکێتییە
ی ن ک 01:29 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
کوردستان 12:25 PM - 2024-04-25