riklam

راگەیەنراوی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان

کوردستان 05:03 PM - 2015-02-26
.

.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2015/2/26 بەسەرپەرشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی، كۆبوونەوەی باڵای حزبە كوردستانییەكان لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سازدرا.

سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكیدا كە كۆپیەكی بۆ PUKmedia نێردراوە تیایدا هاتووە: دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێم باسی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسی ئاساییشی میونیخی ئەڵمانیا كردو گرنگیی بڕیارە پەسەندكراوەكانی كۆنفڕانسەكەی لەدژی داعش و چاوپێكەوتنەكانی لەپەراوێزی كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ گەورەبەرپرسانی وڵاتاندا رونكردەوە، جەختیشی لەوەكرد كە، ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و خۆڕاگریی و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەشنگال هەتا خانەقین و تا دەگاتە سەركەوتنە بەردەواكانی كۆبانێ، بۆتە مایەی كاریگەریی زیاتری پێگەی كورد لەناو وڵاتان و لەسەر رای گشتیی رۆژئاوایش،و هەموو ئەم سەركەوتن و گۆڕانكاریی و لە ئەنجامی قارەمانێتیی پێشمەرگە و شەهیدانی سوورخەڵاتی كوردستانە، كۆبوونەوەكە لەسەر دۆخی عێراق و كوردستان و حكومەتی هەرێم و تەنگژەی دارایی هەڵوەستەی كرد.

بۆ ئەوەی ئامادەبوان وردترو بەئامار لەكێشەكان ئاگادار بن، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەداتاشۆ راپۆرتێكی تێروتەسەلی لەبارەی رێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكوومەتی بەغداو وردەكارییەكانی هەناردەكردنی نەوت پێشكە كرد.
لەسەر كۆی رووداوەكان و تەنگژەكان و سیاسەتی هەرێم و ئەركی حزبە كوردستانییەكان لەم بارودۆخە هەستیارو چارەنوسسازەدا، كۆبوونەوەكە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسەند كرد:

یەكەم: بەپێزانینی بێڕادە، كۆبوونەوەكە گیانی قارەمانێتیی پێشمەرگەی لەبەرەكاندا بەرز نرخاندو خۆڕاگریی و قارەمانێتیانی بەمایەی شانازی كوردو كوردستان و دیموكراتخوازان لە ناوچەكەو لەجیهانیشدا زانی. هەروەها كۆبوونەوەكە كێلی نەمری شەهیدانی كوردستانی گوڵبارانی وەفا كردو سەرجەم سەركەوتنەكانیش بەخوێنی گەشی ئەوان مۆری مێژوویی لێدراوە. هەر بەم گیانی خۆڕاگرییەی پێشمەرگە و قوربانیی شەهیدان و پشتیوانیی بێ دریخی گەلەكەمان، لە سەرانسەری كوردستان و تاراوگەدا دوا سەركەوتن بەدەستدێت و دەستەبەری بەدیهێنانی باقی ئامانجەكانی گەلەكەمانیش دەكرێت.

دووەم: جەخت لەسەر یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەعیراق و ناوچەكەو كوردستاندا كرایەوە هەتا لەم هاوكێشە سیاسی و سەربازییەی كوردستان و ناوچەكە، پێكەوە سەركەوتنە سیاسی و ئیداری و سەربازییەكان بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی بەرین.

سێیەم: بۆ ئەوەی یەكڕیزیی سیاسیی هێزە سیاسییەكانی كوردستان زیاتر لەئێستا بگەیەنرێتە قۆناغی باڵای متمانەی سیاسی، كۆبوونەوەكە رایسپارد كە وا بەزوترین كات بەپێی شاییستەیی هەڵبژاردن، لایەنە بەشدارەكانی حكومەتی بنكەفراوانی كابینەی هەشتەم (گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ) پشكی خۆیان لە حكومەتی ناوەندو هەرێم و پارێزگاكانیش بۆ دابین بكرێ.

چوارەم: گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێم بەمافی بەبێ ئەملاو ئەولای خۆی دەزانێ بەپێی ماددەی 112 و 115ـی دەستوری عیراق، سیاسەتی هەڵگۆزین و هەناردەكردنی نەوت لەناو پڕۆسەی یاسایی و رێسایی خۆیدا بەپابەندبوونی هەردوولا بەیاسای بودجەی عیراقی فیدڕاڵ بۆ ساڵی 2015، بۆ دەستەبەری ئابووریی هەرێم، پەیڕەو بكات، هەر ئەوەیش كێشەی بنەڕەتیی بودجەو موچەی خەڵكی كوردستان چارەسەر دەكات. رێككەوتنە مۆركراوەكانیش لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەلایەن حكومەتی هەرێم بڕگە بەبڕگە جێبەجێدەكرێ، هەر وەكو پێویستیشە لەلایەن حكومەتی بەغدایشەوە جێبەجێ بكرێ. گیروگرفتی تەكنیكیش تێكڕا قابیلی دیالۆگ و چارەسەركردنن. لەم پێناوەدا بەرنامەی سیاسی و زانستیی پەسەند كرا، هەتا كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم ڕێككەوتنەكان بە دڵنیاییەوە وەلاببردرێن.

پێنجەم: كۆبوونەوە داوای لەپەرلەمانی عیراق و حكومەتی عیراق و هاوپەیمانیی شیعەو لایەنەكانی سوننە دەكات لەهیچ بارودۆخێكدا كێشەی سیاسی و گرفتی تەكنیكی نەكرێنە كۆسپ لەبەردەم موچەی خەڵكی كوردستان و هەروەها پشتیوانیكردنی پێشمەرگەو دابینكردنی موچەیان هەر وەكو سوپای عیراق و باقی هێزە چەكدارەكانی عێراق.

شەشەم: سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەت و پەرلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی فراوانتری دیپلۆماسی و نێونەتەوەییان هەبێ بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانیی زیاتری سیاسیی وڵاتان و ناوەندە جیهانییەكان هەروەها بۆ دابینكردنی پشتیوانی هێزی پێشمەرگە لەڕووی چەكی قورس و لۆجستییەوە.
حەفتەم: كۆبوونەوەكە پشتیوانیی خۆی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و ئومێدەواریشە حكومەتیش بەردەوام بێ لەهەوڵ و كۆششەكانی بۆ چارەسەركردنی كێشەی بودجەو موچە.
لەكۆتاییشدا كۆبوونەوەكە سوپاسی زۆری تەواوی ئەو وڵاتە ئیقلیمی و هاوپەیمانییە جیهانییە كرد كە لەم جەنگەدا دژی تاریك پەرستانی داعشە سەلەفییەكان زوو هاتنە دەست و دەستبەجێیش بەهانای كوردستان و عیراقەوە هاتن.

كۆبوونەوەكە ئومێدەواریشە پێكەوەو بەزووترین كات بەپێی نەخشەیەكی تۆكمەو توانایەكی زیاتر سەركەوتنی ستراتیژی بەسەر داعشەكاندا بەدیبهێنن. ئەم سەركەوتنانەیش ببنە مایەی ئەوەی تەواوی كێشە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی عیراق و كوردستان و ناوچەكە بە جێبەجێكردنی مادەی 140ـیشەوە چارەسەری ڕیشەیی بكرێت.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو سەركەوتنی یەكجارەكی

هەزاران سڵاو لە ڕۆحی پاكتان ئەی شەهیدە نەمرەكان
یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان
پارتی دیموكراتی كوردستان
بزووتنەوەی گۆڕان
یەكگرتووی ئیسلامی
كۆمەڵی ئیسلامی

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket