riklam

د.عیزه‌ت پلانێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی ده‌خاته‌ڕوو

ئابوری 06:13 PM - 2015-01-28
 كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه‌ی عیراق كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر هه‌رێم دروستده‌كات

كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه‌ی عیراق كاریگه‌ری خراپ له‌سه‌ر هه‌رێم دروستده‌كات

د.عیزه‌ت سابیر : به‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای وه‌به‌رهێنان سه‌دان ملیۆن داهات بۆ حكومه‌ت هه‌رێم دابین ده‌كه‌ین.

به‌ كورتهێنان و كه‌مبوونه‌وه‌ی بودجه‌ی عیراق، به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش كه‌مده‌كات و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری خراپی بۆ ئابوری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، له‌وباریه‌وه‌ د. عیزه‌ت سابیر سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و ئابوری و كاروباری وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌مڕۆ 28-1-2015، به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌ بودجه‌ی گشتی عیراق مادده‌یه‌كی تێدایه‌ ده‌ڵێت، چه‌نده‌ بودجه‌ی عیراق كه‌مبكات ئه‌وه‌نده‌ش بودجه‌ی هه‌رێم كه‌مده‌كات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ چه‌نده‌ كورتهێنان زۆربێت و بودجه‌ی عیراق كه‌مبێته‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ش به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه‌مده‌كات، ئه‌م كه‌مكردنه‌ش كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر پڕۆژه‌كانی وه‌به‌رهێنان به‌تایبه‌تی.

هه‌روه‌ها وتی: له‌ ساڵی 2015 دا زۆر زه‌حمه‌ته‌ هه‌رێمی كوردستان بتوانێت وه‌به‌رهێنان بكات له‌كه‌رته‌كانی ئابوریدا له‌ دروستكردنی خوێندنگا و نه‌خۆشخانه‌و رێگاوبان، وتیشی: دوێنێ دوای ئه‌وه‌ی وه‌ك لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی كۆبوینه‌وه‌، ئه‌و زانیارییه‌ی پێداین كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ساڵی 2014 توانیوێتی 4 ترلیۆن دینار خه‌رجی كه‌مبكاته‌وه‌، به‌ڵام هێشتا ئه‌و بودجه‌یه‌ی كه‌هه‌رێم له‌ به‌غداوه‌ ده‌ستی ده‌كه‌وێت ناكاته‌ ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ 2014 دا خه‌جیكردوه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌گه‌ر رێكه‌وتنه‌كه‌ی به‌غداش په‌سه‌ند بكات و له‌ 17% ی بودجه‌شی بۆ بێت بیر له‌وه‌بكاته‌وه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی داهاتی تری هه‌بێت و ئه‌گه‌ر نه‌وتی زیاتری هه‌بوو بی فرۆشێت، هه‌روه‌ها داهاتی ناوخۆ رێكبخاته‌وه‌و جۆراوجۆری بكات و كه‌رته‌كانی تری ئابوری پێش بخات، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌م قه‌یرانه‌ تێپه‌ڕێنێت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا وه‌ك په‌رله‌مانی كوردستان پلان چییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی ئاینده‌دا كاربكرێت بۆ فره‌ سه‌رچاوه‌یی داهاتی بۆ گه‌شه‌دان به‌ ئابوری هه‌رێم؟

د.عیزه‌ت وتی: ئه‌گه‌ر له‌په‌رله‌مان یاسای وه‌به‌رهێنان هه‌مواربكرێته‌وه‌، ئه‌توانین سه‌دان ملیۆن داهات بۆ حكومه‌ت هه‌رێم په‌یدابكه‌ین كه‌ له‌ ئێستادا هیچ داهاتێكی ده‌ست ناكه‌وێت.

 هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند: به‌نیازین له‌ نزیكترین كاتدا یاسای باج له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موابكه‌ینه‌وه‌، بۆ نموونه‌ له‌ ساڵی 2013 دا حكومه‌ت هیچ پاره‌یه‌كی نه‌بوه‌و له‌ كۆتایی ساڵدا بانكه‌كانی به‌تاڵ بووه‌ له‌ پاره‌ مووچه‌ی مووچه‌ خۆران دواكه‌وتووه‌، له‌هه‌مان كاتدا كۆمپانیاكان زیاتر له‌ 10 ملیار دۆلار قازانجیان كردوه‌، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ باجیان لێ نه‌سه‌ندراوه‌، ئه‌گه‌ر باج له‌كۆمپانیاكان بسه‌ندرایه‌و له‌و 10 ملیار دۆلاره‌ 5 ملیار دۆلار وه‌ربگیرایه‌ به‌شی شه‌ش مانگی هه‌رێمی كوردستانی ده‌كرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی، واته‌ له‌ باجی یه‌ك ساڵ ده‌توانرا خه‌رجی و مووچه‌ی شه‌ش مانگی هه‌رێم دابین بكرێت.

د.عیزه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا ئه‌و رێكخستنه‌وه‌یه‌ی باج كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵئاوسانی نرج نابێت، چونكه‌ ئه‌و باجه‌ ده‌خرێته‌سه‌ر قازانجی كۆمپانیاكان، راسته‌وخۆ ناخرێته‌سه‌ر كڕیار .

PUKmedia زانیار مه‌جید

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket