riklam

بەڵگەی سەلماندنی تاوانی جینۆساید

kurdistani 10:27 AM - 2014-12-25
تەها سلێمان

تەها سلێمان

گۆڕی بەكۆمەڵ لەعیراقدا.. بەڵگەی سەلماندنی تاوانی جینۆساید

عیراقییەكان بەگشتی‌و كوردستانییەكان‌و كورد بەتایبەتی، سەرگوزشتەی زۆر تاڵ‌و بەسوێیان لەگەڵ دڵڕەقی رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عیراق‌و لەپێش هەموویانەوە رژێمی «بەعس»دا هەیە، چیرۆك‌و گیڕانەوەی ئەو سەرگوزەشتانە، بەدەیان دەیەی تر بەكۆتا نایەت، رۆژ دوای رۆژیش بەڵگەو دۆكیۆمێنتی نوی لەم بارەیەوە دەكەونە سەرەوەو بەردەست دەكەون.
كورت‌و پوخت، گۆڕی بەكۆمەڵ، جگە لەوەی یەكێك لەئاماژە دەركەوتوەكانی دوای رووخانی رژێمی بەعسە لەعیراقدا، هاوكات روونترین‌و سەلمێنراوترین دۆكیۆمێنتی ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدە، لەلایەن «بەعس»وە، هەندی ژێدەرو سەرچاوە بەم شێوەیە شوێن‌و جێگای گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عیراق دیاری دەكەن.
لەنێو ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی لەكوردستان‌و عیراقدا لەدوای راپەڕینی 1991ی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان‌و دوای رووخانی بەعس لە 2003، دۆزراونەتەوە، زۆرترینیان بەپلەی یەكەم «گۆڕی بەكۆمەڵی شاڵاوەكانی ئەنفالی 1988»و بەدوای ئەمیشدا گۆڕی بەكۆمەڵی «ئەنفالی بارزانییەكان، فەیلییەكان، شیعەكان، گوندی سۆریا»و....هتد.
واتا دەتوانین بڵێین زۆربەی هەرەزۆری گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەكوردستان‌و عیراق، ئەنجامی ئەو تاوانانەن دژ بەگەلی كوردو لەلایەن رژێمی لەگۆڕنراوی بەعسەوە دژ بەگەلی كوردو كوردستان ئەنجامدراون، بەڵگەی سەلمێنراویش كە لەبەردەستە ئەو گۆڕانەی تائێستا هەڵدراونەتەوە زۆرینەی زۆریان كوردن.
بڕوانە خشتەکە

ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی كە هەڵدراونەتەوە
لەساڵی 1963 وە تا 2003 كە دەكاتە یەك چارەكە سەدە، تا ساتەوەختی رووخانی بەعس وەك پارتی فەرمانڕەوای عیراق‌و ئەنجامدەری تاوانەكانی جینۆساید دژ بەگەلانی عیراق بەگشتی‌و گەلی كورد بەتایبەت، بەشێك لەو كەس‌و كارانەی قوربانییەكان كە بەشێوازی جۆراوجۆر لەدەستی دامودەزگا سەربازی‌و ئەمنی‌و هەواڵگرییە داپلۆسێنەرەكانی «بەعس» رزگارییان ببوو، هیچ هەواڵێكی كەسوكارەكانیان نەدەزانی، یان لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوون كەسوكارەكانیان بگەڕێتەوە.
بەڵام دوای رووخانی بەعس لە 2003 دەركەوت دەوڵەتی عیراق‌و بەعس، بەشێوەیەكی زۆر دڕندانەو دوور لەهەموو بەها مرۆڤایەتییەكان‌و پێشێلكردنی هەموو یاساو رێسا نێو دەوڵەتییەكان، تەواوی ئەو خەڵكە كە ژن‌و پیرو منداڵ‌و گەنج‌و مێردمنداڵ بوون‌و لەهەموو وێستگەو قۆناغەكانی شاڵاوەكانی جینۆسایدا، لەپڕۆسەیەكی خێرادا جینۆسایدی كردوون‌و گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق، كە نزیكەی «151» گۆڕی بەكۆمەڵن، گەواهی ئەو راستییەی سەرەوەیەو لە خشتەكەی پێشوو شوێن‌و جێگاكانیمان بیرهێنایەوە، ئەگەر ئەو ژمارەیە تێبینی لەسەر هەیەو زۆر سەرچاوەی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی تر لەشارو شارۆچكەكانی ناوەڕاست‌و خوارووی عیراق‌و هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بدۆزرێنەوە یان ئاشكرا بكرێن. 

تەنها «2672» رووفاتی قوربانییەكان گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان یان دەرهێنراون
گرنگترین شت بۆ كەسوكاری قوربانیانی جینۆساید، ئەوەیە كە رووفاتی كەسوكارەكانیان بگەڕێتەوەو بەچاوی خۆیان ببینن‌و بەشداری بكەن لەناشتنی ئێسك‌و پرووسكەكانیاندا. ئەمە بوەتە گرێیەكی دەروونی گەورە بۆ ئەوان‌و تائێستا توانراوە تەنها «2672» رووفات لەهەریەك لەگۆڕە بەكۆمەڵەكانی «حەیدەرییە، سەماوە، مەهاری یەك‌و مەهاری دوو، تۆپزاوە، حەمرین، بوسەیە، لەگەڵ ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی تر كە لەكوردستان دۆزراونەتەوەو هەڵدراونەتەوە كە لەخوارەوە پۆلێنمان كردووە» بهێنرێتەوە بۆ كوردستان یان لەكوردستان هەڵبدرێنەوەو بدۆزرێنەوە، كە ناكاتە 2%ی سەرجەم رووفاتی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكان.
ئەم بابەتە بابەتێكی زۆر ئاڵۆزەو بەرپرسیاری پلەیەك وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقییە، كە بەپێی بڕیاری حكومەتی عیراقی ئەو بەرپرسی یەكەمە لەڕێگەدان هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان‌و دەرهێنانی رووفاتی قوربانییەكان، ئەویش بەشێوەیەكی زۆر ناتەندروست‌و بێ بەرنامە ئەم كارە جێبەجێ دەكات. بەواتایەكی تر ئەگەر بەپێی بەرنامەی وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقی بێت، بەسەرنجدانی ئەو كارەی بۆ گۆڕە بەكۆمەڵەكانی پێشووی كردووەو رووفاتەكانی دەرهێناوە لەماوەی «11» ساڵی دوای رووخانی بەعس ئەوە پێویستمان بە «100» ساڵی تر دەبێت بۆ ئەوەی تەواوی رووفاتەكانی نێو گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەربهێنین‌و بیانگەڕێنینەوە بۆ كەسوكاریان‌و نیشتمانی خۆیان.  
جگە لەو گۆڕە بەكۆمەڵانەی هی تاوانی ئەنفال‌و بارزانییەكانن، دەیان گۆڕی بەكۆمەڵی تر لەشارو شارۆچكەكانی عیراق‌و كوردستان بوونیان هەیەو تائێستا زۆرێكیان ماونەتەوەو هەڵنەدراونەتەوە.

نموونەكانیان
یەكەم: ساڵی 2004 گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەسنووری قەزای هەڵەبجە لەگوندی «ملیج» دۆزرایەوەو هەڵدرایەوە كە «30» رووفاتی لەخۆگرتبوو.
دووەم: لەساڵی 2014 لەسنووری پارێزگای دهۆك گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوەو «14» رووفاتی گوللەبارانكراوی لەخۆگرتبوو.
سێیەم: لەساڵی 2008 گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەناوچەی خەزەر لەسنووری پارێزگای موسڵ دۆزرایەوەو «256» دوو سەدو پەنجاو شەش رووفاتی لەخۆگرتبوو.
چوارەم: لەساڵی 2008 لەسنووری قەزای خانەقین گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوەو «33» رووفاتی لەخۆگرتبوو.
پێنجەم: لەساڵی 2011 گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەقەزای دبزی سەر بەكەركوك دۆزرایەوەو «106» رووفاتی تێدا بوو.
شەشەم: لەساڵی 2010 لەسنوری پارێزگای دهۆك گۆڕێكی تری بەكۆمەڵ دۆزرایەوەو «30» رووفاتی تێدابوو.
حەوتەم: لەساڵی 2012 لەپارێزگای دیوانیە «6» گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزرایەوەو سەرجەم «730» رووفاتی تێدابوو.
هەشتەم: لەساڵی 2013 لەزنجیرە چیای حەمرین كە دەكەوێتە نزیك شاری خورماتوو، گۆڕێكی بەكۆمەڵ دۆزرایەوەو «158» رووفاتی تێدابوو.
 نۆیەم: لەساڵی 2005  گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەبوسەیە دۆزراوەتەوە»513» رووفاتی تێدابوەو هەڵدراوەتەوە.
دەیەم:  لەساڵی 2014 گۆڕێكی تری بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوەو «93» رووفاتی تێدابوەو هێنراوەتەوە بۆ كوردستان.
هەندێ گۆڕی بەكۆمەڵی تر لەسەردەمی جیاوازدا
یەكەم: گۆڕی بەكۆمەڵی گوندی «دەكان» «33» رووفات» ساڵی 1969
دووەم: گۆڕی بەكۆمەڵی قەڵادزی «134» رووفات، ساڵی 1974
سێیەم: گۆڕی بەكۆمەڵی قوشتەپە، «30» رووفات/ ساڵی 1980
چوارەم: گۆڕی بەكۆمەڵی «زیوە» «300» رووفات، ساڵی 1985
پێنجەم: گۆڕی بەكۆمەڵی رەواندوز، «13» رووفات، ساڵی 1987
شەشەم» گۆڕی بە كۆمەڵی شەقڵاوە، «21» رووفات، ساڵی 1987
حەوتەم: گۆڕی بەكۆمەڵی بالیسان، «56» رووفات، ساڵی 1988
هەشتەم: گۆڕی بەكۆمەڵی بەهەشتی زەهرا «تاران» «128» رووفات، 1988
نۆیەم: گۆڕی بەكۆمەڵی چەمی قەشانی، «24» رووفات، ساڵی 1988

بەستنی سێ كۆنگرە تایبەت بەگۆڕە بەكۆمەڵەكان
تائێستا «3» كۆنگرەی تایبەت بەگۆڕی بەكۆمەڵ‌و شێوازو چونێتی مامەڵەكردن لەگەڵیدا  بەستراوە، یەكەمیان لە لەندەن‌و دووەمیان نەجەف‌و سێیەمیان لەهەولێرو لە 17و 18و 19-4-2011، لەتێكڕای ئەو كۆنگرانەدا چەندین باس‌و لێكۆڵینەوە پێشكەشكراون، تایبەت بەگۆڕی بەكۆمەڵی تاوانی جینۆسایدی «شاڵاوەكانی ئەنفالی 1988، ئەنفالی بارزانییەكان، جینۆسایدی فەیلییەكان، تاوانی دژ بەشیعە لەعیراق، جینۆسایدی هەڵەبجە»و تەواوی گۆڕی بەكۆمەڵی تاوانەكانی تری «بەعس»، تایبەت بەكاریگەرییەكانیان، مامەڵەكردن لەگەڵیان، میكانیزمی هەڵدانەوەو پاراستنیان، بەزمانی كوردی‌و عەرەبی‌و ئینگلیزی، ئەمە جگە لەوەی لەهەریەك لەكۆنگرەكاندا كۆمەڵێك بڕیارو راسپاردە دەركراون.
ئەوەی تێبینی دەكری، سەرەڕای هەندی هەنگاوی سەرەتایی بەڵام بڕیارو راسپاردەكانی ئەم كۆنگرانە وەك پێویست نەچوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە گرنگترین‌و هەرە لەپێشترینیان، دوای دۆزینەوەو دەستنیشانكردن، هەڵدانەوەو دەرهێنانی رووفاتی قوربانییەكانە، بەڵام وەك لەسەرەوە ئاماژەمان بۆكرد تائێستا كەمترینیان هەڵدراوەتەوەو كەمترین رووفاتی قوربانییەكان گەیەنراونەتەوە شوێن‌و زێدی خۆیان، ئەمە لەكاتێكدایە یەكێك لەداواكارییە سەرەكییەكانی كەسوكاری قوربانییەكانیش ئەوەیە كە رووفاتی كەسوكارو ئازیزەكانیان بۆ بگەڕێنرێتەوە.

رۆژێك بۆ گۆڕی بەكۆمەڵ
دوای ماوەیەكی كورت لەرووخانی رژێمی دكتاتۆری بەعس، لە 16-5-2003 گەورەترین گۆڕی بەكۆمەڵ لەناوچەی مەحاوبلی سەر بەپارێزگای «بابل» دۆزرایەوەو پەردە لەسەر گەورەترین تاوانەكانی «بەعس» لادرا، واتا 16-5-2003 بەسەرەتای دۆزینەوەی یەكەم گۆڕی بەكۆمەڵ لەسەر ئاستی عیراق دادەنری، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە پێشووتر گۆڕی بەكۆمەڵ نەدۆزرابێتەوە، بەڵكو لەدوای راپەڕینی 1991 لەسەر ئاستی كوردستان چەندین گۆڕی بەكۆمەڵی تر دۆزرانەوە، بۆیە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رۆژی 16-5-2003 ی بەڕۆژی فەرمی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لەعیراق داناو دەستنیشانكرد.
ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دۆكیۆمێنتێكی گرنگ‌و بایەخدارە، بەئاراستەی سەلماندنی تاوانی جینۆساید لەلایەن رژێمی بەعسی فاشی لەگۆڕنراو، كە دژ بەگەلانی عیراق بەگشتی‌و گەلی كوردو كوردستان بەتایبەتی لەماوەی فەرمانڕەوایی ئەنجامیداون.

پێش كۆتایی
گۆڕە بەكۆمەڵەكانی عیراق، وەك چۆن لەدادگای باڵای تاوانەكانی عیراق یەكێك بوو لەبەڵگەنامە بەهێزەكان بۆ سەلماندنی تاوانەكانی «ئەنفالی 1988، ئەنفالی بارزانییەكان، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، تاوانی دژ بەفەیلییەكان، تاوانی دژ بەپشدەر، تاوانی دژ بەسەید سادق» وەك تاوانی جینۆساید، كە كۆی ئەو شەش تاوانە بەفەرمی وەك جینۆساید ناسێنران، هاوكات تا بەئێستاش دەگات یەكێكە لەبەڵگەو دۆكیۆمێنتە بەهێزو گرنگ‌و كاریگەرەكان، كە لەسەر ئاستی دنیای دەرەوە بكرێتە زەخیرەی ناساندنی تەواوی تاوانەكانی رژێمی بەعسی فاشی‌و رەگەزپەرست دژ بەگەلانی عیراق بەگشتی‌و گەلی كوردو كوردستان بەتایبەت وەك جینۆساید، كە لەم ئاستەیان‌و دوای بڕیاری دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق‌و سەلماندنی لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، هێشتا وەك پێویست دنیای دەرەوە بەپیر ناساندنی تاوانەكە وەك جینۆساید نەهاتوون، جگە لەهەریەك لەبەلجیكاو هۆڵەنداو سویدو بەریتانیاو كۆریای باكوور، كە بەناڕاستەوخۆ دانیان پێدا ناوە.

سەرچاوەكان:
-لێكۆڵینەوە، جینۆسایدی گەلی كورد «ئامار، داتا، زانیاری» تەها سلێمان 2013 سلێمانی.
-القبور الجماعیة، ومآسیها في العراق،  القاضي طە بابان 2013 سلێمانی.
-ئەرشیفی تایبەتی وەزارەتی شەهیدان‌و ئەنفالكراوانی حكومەتی هەرێم.
-ئەرشیفی تایبەتی نووسەر.

تەها سلێمان

له‌ كوردستانی نوێ وه‌رگیراوه‌

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket