riklam

میسر باری نائاسایی و ماتەمینی گشتی راگەیاند

kurdistani 11:48 AM - 2014-10-25
لە سینا 30 سەربازی میسر كوژران

لە سینا 30 سەربازی میسر كوژران

تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لەخاڵێكی هێزە ئەمنیەكانی میسر لەباكوری سینا كوژرانی 30 سەربازی لێكەوتەوەو بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بۆ ماوەی سێ مانگ لەو پارێزگایە باری نائاساییان راگەیاندو بۆ ماوەی سێ رۆژیش ماتەمینی گشتی راگەیەنرا.

رۆیتەرز لەزاری سەرچاوە ئەمنیەكانی میسرەوە بڵاویكردوەتەوە دوێنێ بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراوەوە لەخاڵێكی هێزە ئەمنیەكان لەپارێزگای باكوری سینا، بەلایەنی كەمەوە 30 سەرباز كوژراون.

سەرچاوەكە باسی لەوەشكردوە دوای یەكەم پەلامار كە دەیان كوژراو برینداری لێكەوتوەتەوە، چەكداران لەنزیك شاری عەریشی پایتەختی پارێزگای سینا پەلاماری خاڵێكی تری هێزە ئەمنیەكانیانداوەو بەهۆیەوە سێ سەربازی تریش كوژراون.

هەروەها ئاژانسی شەرقولئەوسەتی رەسمی میسر رایگەیاندوە كە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بڕیاریانداوە دەروازەی رەفەحی سنوری لەگەڵ كەرتی غەزە بۆ كاتێكی نادیار دابخرێت.

دوای پەلامارەكانیش، ئەنجومەنی بەرگری نیشتمانی میسر كۆبوونەوەیەكی ئەنجامداوەو بڕیاریداوە لەباكوری سینا باری نائاسایی و قەدەغەكردنی هاتووچۆ لەسەعات پێنجی ئێوارەوە بۆ حەوتی بەیانی رابگەیەنرێت.

هاوكات عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر، سەرۆك وەزیرانی راسپاردوە رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لەناوچەكە، بڕیاریشداوە بەیانی ئەمڕۆ 2014/10/25 ئەنجومەنی باڵای هێزە چەكدارەكانی میسر كۆبوونەوەیەكی بەپەلە بكات بۆ گرتنەبەری رێوشێنی بەپەلەی مەیدانی.

سیسی بڕیاریشداوە بۆ ماوەی سێ رۆژ لەسەرتاسەری میسر ماتەمینی گشتی رابگەیەنرێت.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket