شه‌هید ره‌نگین، ره‌مزێك بۆ به‌رخودانی ژنی كورد
kurdistani 06:25 PM - 2014-10-16بێ گوێدانه ئه‌ركی دایكایه‌تی چووه‌ته به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌رگری له‌نیشتمانه‌كه‌ی كردوه
پاش برینداربوونی له سه‌نگه‌ری به‌رگری كوردستان و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆرستانی داعش و مانه‌وه‌ی چه‌ند رۆژێك له نه‌خۆشخانه، پێشنیوه‌ڕی رۆژی 11-10-2014 نه‌قیب ره‌نگین یوسف جێگری فه‌رمانده‌ی فه‌وجی 2ی ژنان به ده‌ستی تیرۆرستانی داعش شه‌هیدبوو، به‌وه‌ش بووه یه‌كه‌م شه‌هیدی ژن له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، كه وه‌ك ژنه پێشمه‌رگه‌یه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و شانبه‌شانی برا پێشمه‌رگه‌كان به‌رگری له خاك و نیشتمان ده‌كرد, بووه شه‌هیدی رێگای رزگاری.
یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان له‌لایه‌ن داعشه‌وه برینداركرا
نیاز ئه‌حمه‌د حه‌مه‌لاو ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی و خزمی نزیكی شه‌هید نه‌قیب ره‌نگین به PUKmedia ی راگه‌یاند: یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان له كاتی بۆردومانی تیرۆرستانی داعش بۆ سه‌ر باره‌گاكانی هێزی پێشمه‌رگه له داقوق، له ریزی پێشه‌وه‌ی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریدا پێشمه‌رگه نه‌قیب ره‌نگین به‌سه‌ختی برینداربوو، دوای مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كه‌ی رۆژی 11-10-2014 نه‌قیب ره‌نگین له نه‌خۆشخانه شه‌هیدبوو.
وتیشی: نه‌قیب ره‌نگین ماوه‌ی زیاتر له شه‌ش ساڵه په‌یوه‌ندی كردووه به فه‌وجی دووی هێزی ژنانی پێشمه‌رگه، له‌دوای دروستبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر له‌سه‌ر سنوری كوردستان به مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له خاكی كوردستان و جه‌نگ دژی تیرۆرستان، چووه سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری.
عه‌ده‌د قه‌ناسێكی زۆرباش و لێهاتوو بوو
لای خۆشیه‌وه عه‌قید ناهیده ئه‌حمه‌د ره‌شید فه‌رمانده‌ی فه‌وجی ژنان به PUKmedia ی راگه‌یاند: نه‌قیب ره‌نگین له ساڵی 2002ـه‌وه‌و له ته‌مه‌نێكی زۆر منداڵییه‌وه هاتووه‌ته ناو فه‌وجی ژنان، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ناو بنه‌ماڵه‌كه‌شیاندا دایك و باوكی و براكانی و مامه‌كانی پێشمه‌رگه بوون، ئه‌میش خولیای ئه‌وه بوو ببێته پێشمه‌رگه، هه‌ربۆیه پێشمه‌رگه‌یه‌كی زۆر چالاك بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له خوێندن به‌رده‌وامبووه‌و درێژه‌ی به خوێندنه‌كه‌ی داوه‌و ئاماده‌یی بازرگانی سلێمانی ته‌واوكردووه.
وتیشی: شه‌هید ره‌نگین له ساڵی 2006 دا به‌شداری كرد له كۆلێژی سه‌ربازی و بوو به ئه‌فسه‌رو ئه‌فسه‌رێكی زۆر چالاك بوو له‌ناو فه‌وجه‌كه‌ماندا، شه‌هید ره‌نگین له سه‌ره‌تادا ئه‌فسه‌ری مه‌شق بووه‌و مه‌شقی به پێشمه‌رگه‌كانمان ده‌كرد، دواتر له‌به‌ر چالاكی خۆی و له‌به‌رئه‌وه‌ی كه خۆی زۆرباش بوو، بۆیه كردمان به هاوكاری به‌شی حه‌ره‌كاتمان، له‌وێ مایه‌وه تا ئه‌مدووایه، له‌م دوواییه‌دا یه‌كێكبوو به‌تواناترینه‌كانمان، راسته به ته‌مه‌ن له هه‌ندێك له‌وانی تر منداڵتر بوو، به‌ڵام توانای ئیشكردنه‌كه‌ی زۆر گه‌وره‌تر بوو، ئافره‌تێكی زۆر له‌سه‌رخۆ و هێمن بوو، ده‌یتوانی درێژه به كاره‌كانی بدات، بۆیه پێشنیارمان كرد بكرێته جێگری فه‌وج، كه كرایه جێگری فه‌وج ئه‌وكات باشتر له جاران بره‌وی به تواناكانی ده‌داو له هه‌موو ئه‌و چالاكییانه‌ی كردوویه‌تی ده‌ستپێشخه‌ر بووه، هه‌مووكات له‌سه‌ر رای خۆی كه وتوێتی ده‌مه‌وێت به‌شداری سه‌رجه‌م چالاكییه‌كانی پێشمه‌رگه بكه‌م، به‌شداری كردووه، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كانی تریشدا هه‌ڵسوكه‌وت و هه‌ڵوێستی زۆر جوان بووه‌و توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ هه‌موویان به‌باشی هه‌ڵسوكه‌وت بكات و كاره‌كانیان پێكه‌وه به‌ڕێوه ببه‌ن.
عه‌قید ناهیده ئه‌حمه‌د راشیگه‌یاند: له سه‌ره‌تای ئه‌م شه‌ڕه‌شدا ئێمه هه‌موومان له‌حاڵه‌تی ئاماده‌باشیدا بووین، ئه‌و یه‌كێكبوو له‌وانه‌ی چه‌ندینجار له جه‌وله‌كانماندا به‌شداریكردووه له به‌شیر، له‌م شه‌ڕه‌ی داقوق-یشدا له سه‌ره‌تاوه كه چووینه ئه‌وێ ،دوای ئه‌وه‌ی ئێمه چووینه به‌شیرو تازه‌و جه‌له‌ولاو له كوباشی هه‌ر له‌گه‌ڵمان بووه، پێكه‌وه به‌شداری به‌ره‌كانی جه‌نگمان كردووه له به‌ره‌كانی خانه‌قین ئه‌و یه‌كێكبوو له‌وانه‌ی كه زۆر حه‌زی ده‌كرد له‌وێ له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كاندا بمێنێته‌وه، چونكه ئه‌و یه‌كێكبوو له‌وانه‌ی كه عه‌ده‌د قه‌ناسێكی زۆرباش و لێهاتوو بوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه شه‌هید ره‌نگین ساڵی 1989 له شاری سلێمانی له‌دایكبووه‌و خاوه‌نی دوو منداڵه، یه‌كێكی ته‌مه‌ن سێ ساڵان و یه‌كێكی ته‌مه‌ن هه‌شت مانگ، كه به‌بێ گوێدانه ئه‌ركی دایكایه‌تی چووه‌ته به‌ره‌كانی جه‌نگ و به‌رگری له نیشتمانه‌كه‌ی كردووه، هه‌ربۆیه ئێمه پێشتریش ئاگادارمان كرده‌وه له‌وه‌ی نه‌چێته پێشه‌وه بۆ به‌ره‌كانی جه‌نگ، به‌ڵام ئه‌م كه خۆشی سه‌ره‌ی واجباته‌كانی ده‌نووسی، به‌ڵام له‌جیاتی هاوڕێكانی ئاڵوگۆڕی ده‌كرد، ئه‌و رۆژه‌ش كه شه‌هیدبوو ئاڵوگۆڕی كردبوو له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كی و له‌جیاتی ئه‌و چووه سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری، به ره‌زامه‌ندی خۆی چووبوو، له‌وێش زۆر خه‌مخۆری پێشمه‌رگه‌كانی تر بووه، له‌وكاته‌دا كه شه‌ڕ ده‌ستیپێكردووه چووه‌ته پێشه‌وه بۆ لای پێشمه‌رگه‌كان له‌گه‌ڵ شۆفێره‌كه‌ی، به‌ڵام به‌داخه‌وه خۆی و شۆفێره‌كه‌ی به‌ناوی ئارێز برینداربوون، به‌شێوه‌یه‌ك كه هاتووه‌ته ده‌ره‌وه هاوه‌نێك به‌ر سه‌ری كه‌وتووه‌و زۆر به‌سه‌ختی بریندار بوو و به‌وهۆیه‌وه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی كه‌ركوك كرا، له‌وێش به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه به ئه‌مبوڵانسی تایبه‌ت هێنرایه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی گشتی سلێمانی و به‌داخه‌وه له‌وێ دوای ململانێیه‌كی زۆر شه‌هیدبوو.
ئه‌و عه‌قیده وتیشی: له رێگه‌ی PUKmediaـه‌وه زۆر سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه ده‌كه‌م كه له نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ركوك و سلێمانی و ته‌نانه‌ت دوای شه‌هیدبوونیشی له‌كاتی پرسه‌كه‌ی و له ئێستاشدا هاوكاری زۆری ئێمه‌یان كردووه.
شه‌هید ره‌نگین وێنا ده‌كرێت به ره‌مزێك بۆ به‌رخۆدانی ژنی كورد
له باره‌ی شه‌هیدبوونی یه‌كه‌م ژنه پێشمه‌رگه‌وه، خاتوو وه‌سفیه به‌نی وه‌یس ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌هه‌مانكاتدا به‌رپرسی ده‌زگای شه‌هیدان، نوسینێكی تایبه‌تی بۆ شه‌هیدبوونی نه‌قیب ره‌نگین بڵاوكردووه‌ته‌وه‌و تیایدا شه‌هید ره‌نگین وێنا ده‌كات به ره‌مزێك بۆ به‌رخۆدانی ژنی كورد.
نووسینه‌كه:
ئه‌م رۆژانه‌ی پێشوو، هه‌واڵێكی دڵته‌زێن هه‌موو ژنانی كوردستانی راچڵه‌كاند، كه ئه‌ویش هه‌واڵی شه‌هیدبوونی نه‌قیب ره‌نگین یوسف بوو كه چه‌ند رۆژێك پێش شه‌هیدبوونی له گوندی به‌شیر بریندار ببوو، به‌ڵام مخابن له‌به‌ر سه‌ختی برینه‌كه‌ی گیانی له‌ده‌ستدا‌و به‌خشیی به‌خاك و نیشتمانه‌كه‌ی.
برینه‌كه‌ی ره‌نگین كه بووه شوناسی شه‌هیدبوونه‌كه‌ی و ده‌نگۆی شه‌هیدبوونیشی وای راچڵه‌كاندین كه هه‌موومان به‌ره‌و ماڵه‌كه‌یان بڕۆین و به‌شداربین له مه‌راسیمی به‌خاكسپاردنه‌كه‌یدا‌و به‌په‌له‌و پێداگرییه‌وه به‌ره‌و ماڵه‌كه‌یان بڕۆین تا به‌ره‌و دوامه‌نزڵگای به‌ڕێی بكه‌ین.
شه‌هید ره‌نگین یه‌كێك بوو له‌و ژنه ئازایانه‌ی كه باكی له مردن نه‌بوو، ساڵی 2003ش له سنووری خانه‌قیندا به‌شداریی له پڕۆسه‌ی ئازادیی عیراقدا كرد‌و له شه‌ڕی داعش‌یش به‌هه‌مان گیانی ئه‌و رۆژگاره‌وه به‌ره‌و به‌ره‌كانی جه‌نگی دژه‌تیرۆر به‌بێ سڵكردنه‌وه ملی پێوه‌نا‌و بووه ره‌مزێكی نوێ بۆ خه‌باتی ژنانی كورد له باشووری كوردستان.
له‌حزوری روحی پاكی شه‌هید (ره‌نگین) و ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه به‌رگریی له خاك و نیشتمان ده‌كه‌ن، په‌یمان نوێ ده‌كه‌ینه‌وه بۆ درێژه‌دان به خه‌بات تا گه‌یشتن به دوائامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌مان كه شه‌هید ره‌نگین و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای رزگاری و دیموكراسی و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆریزم له پێناویدا شه‌هیدبوون و هه‌میشه‌ش یادی پڕشكۆیان بكه‌ینه ئیلهامبه‌خشی خۆڕاگریی و كوڵنه‌دان و وه‌كیه‌كیی ژنان و پیاوان له كۆڕی خه‌باتدا.
جارێكی دیكه سلێمانیی شاره دوژمن به‌زێنه‌كه‌ی كوردستانی باشوور سومبولێكی دیكه‌ی خه‌باتی ژنانی كرده قوربانی و تا جارێكی دیكه بیسه‌لمێنێته‌وه «قه‌ڵغانی گوللـه‌ی دوژمن سنگی كچانه له‌هه‌ڵمه‌تا» و شه‌هید ره‌نگینیش وه‌ك درێژه‌پێده‌ری رێگاكه‌ی ئه‌خته‌ر له‌به‌ر ده‌ركی سه‌را‌و له‌یلا قاسمی به‌رده‌م په‌تی سێداره، بووه سومبولێكی نوێی خه‌باتی شێره ژنانی یه‌كێتی و كوردستان.
سڵاو له قاره‌مانێنێتی و نه‌به‌زیی شه‌هید ره‌نگین و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی رێگای رزگاریی و ئازادیی و دیموكراسی و یه‌كسانیی كوردستان. سڵاو له كه‌سوكاره سه‌ربه‌رزه‌كه‌ی.
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی پێشنیارێك ده‌كات بۆ شه‌هیدبوونی نه‌قیب ره‌نگین
هه‌ر سه‌باره‌ت به شه‌هیدبوونی نه‌قیب ره‌نگین، له راگه‌یه‌ندراوێكدا مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له باره‌ی شه‌هیدبوونی ئه‌و خانمه پێشنیار ده‌كات بۆ پارێزگا‌و شاره‌وانی سلێمانی، شه‌هید ره‌نگین وه‌كو سونبلێكی مێژوویی، به‌رز رابگرێت، ئه‌ویش به‌وه ده‌بێت كه شوێنێكی ناو شاری سلێمانی به‌ناوی "شه‌هید ره‌نگین" بنرێت.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی:
بۆ یه‌كه‌مین جاره، له مێژووی خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌دا، ژنه كوردستانیه‌كی پێشمه‌رگه، له باشوری كوردستاندا، له سه‌نگه‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی به‌رگریدا، گیانی پیرۆزی به‌خشییه، كوردستان و كوردستانیه‌تی كه‌ركوك.
یه‌كه‌مین ژنه شه‌هیدی سه‌نگه‌رو هه‌ڵمه‌ت، سونبلێكی مێژووییه، بۆیه، مه‌كته‌بی سیاسی پێشنیاز ده‌كات پارێزگا‌و شاره‌وانی سلێمانی، شه‌هید ره‌نگین، وه‌كو سونبلێكی مێژوویی، به‌رز رابگرێ، ئه‌ویش به‌وه ده‌بێ، شوێنێكی ناو شاری سلێمانی، به‌ناوی "شه‌هید ره‌نگین" بنرێ.
هه‌زاران سڵاو له ئارامگای شه‌هید ره‌نگین.
پێشینان نه‌خشاندویانه كه فه‌رمویانه..
شێر له بێشه بێته‌ده‌ر چ نێر چ مێ.
راگه‌یاندنی
مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
پرسه‌نامه‌ی سكرتاریه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال
لای خۆشیانه‌وه سكرتاریه‌تی سه‌رۆك مام جه‌لال پرسه‌نامه‌یه‌كیان ئاڕاسته‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هید نه‌قیب ره‌نگین كرد.
ده‌قه‌كه‌ی:
سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال بۆ شه‌هیدبونی خاتو نه‌قیب (ره‌نگین یوسف) كه له‌په‌لاماری تێرۆریستانی داعش بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریی له‌ناوچه‌ی داقوق شه‌هید بوو، پرسه نامه‌یه‌كی ئاراِسته‌ی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه سه‌ربه‌رزه‌كه‌یان كردووه.
به‌ناوی یه‌زدانی مه‌زن و میهره‌بانه‌وه
به‌ڕێز خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌ی نه‌قیبی شه‌هید خاتو ره‌نگین
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه هه‌واڵی شه‌هید بونی خاتو ره‌نگینمان ، بۆ ئه‌و خه‌مه قورسه‌ی هه‌مولایه‌ك، له جیاتی سه‌رۆك مام جه‌لال پرسه‌و ماته‌مینیتان ئاڕاسته ده‌كه‌ین و له‌ناخه‌وه به‌شداریی خه‌متانین.
شه‌هیدبونی ئه‌م ژنه پێشمه‌رگه‌یه سه‌رباری ئه‌وه‌ی خۆڕاگریی و مقاوه‌مه‌تی دلێرانه‌ی گه‌له‌كه‌مان به‌هه‌موو چین و توێژه‌كانییه‌وه ده‌سه‌لمێنێت، گورزێكی گورچكبڕیشه له‌تیرۆریسته‌كانی داعش كه گه‌لێك خاوه‌نی ئه‌م ژن و كچه سه‌لارو ئازا‌و به‌جه‌رگانه بێت و، ئاماده‌ی به‌گژاچونه‌وه‌ی تیرۆر‌و تاریكی و جه‌هاله‌ت بێت، مه‌حاڵه تاقمێكی وه‌ك داعشی دروستكراوی دوژمنانی مرۆڤایه‌تیی و دیموكراسیی و كوردایه‌تیی زه‌فه‌ری پێ ببات، بۆیه نه‌ك هه‌ر كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی نه‌قیب ره‌نگین، به‌ڵكو هه‌موان شانازیی به‌م شێره ژنه‌وه ده‌كه‌ین كه به‌خوێنی گه‌شی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریی قایمترو ئاوه‌دانتركرده‌وه .
هه‌زاران سڵاو له‌گیانی نه‌قیبی شه‌هید خاتو ره‌نگین و شه‌هیدانی رێگای رزگاریی و دیموكراسیی.
مه‌رگ و نه‌مان بۆ تێرۆریستانی داعش و تاریك په‌رسته هاوشێوه‌كانیان له‌هه‌ر جێگه و شوێنكن.
سكرتاریه‌تی هه‌ڤاڵ سكرتێری گشتیی (ی.ن.ك)
نه‌قیب ره‌نگین پێش شه‌هیدبوونی داوایه‌ك ئاڕاسته‌ی ژنانی كورد ده‌كات
شه‌هید ره‌نگین به ماوه‌یه‌ك پێش شه‌هیدبوونی به‌شداری به‌رنامه‌ی بنه‌وشه‌ی كرد له كه‌ناڵی كوردسات و له باره‌ی بارودۆخی ئێستای عیراق و هێزه‌كانی داعش و هێزی پێشمه‌رگه كه وه‌ك هه‌میشه كۆڵنه‌ده‌رن و به‌رگری له كورد‌و كوردستان ده‌كه‌ن، به‌مشێوه‌یه دوا: من وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌كی ژن كه له فه‌وجی ژنان له ئێستادا له‌ئاماده‌باشیداین، داوا له هه‌موو ژنانی كورد ده‌كه‌م وره‌یان نه‌ڕوخێت، ئه‌گه‌ر بتوانن له‌گه‌ڵ براو هاوسه‌ره‌كانیان به‌شداری شه‌ڕ بكه‌ن دژی تیرۆرستان و دوژمنانی كورد، كه هیوادارو ئه‌و حاڵه‌ته‌ش روونه‌دات، به‌ڵام خوانه‌خواسته ئه‌گه‌ر ئه‌وه رووبدات ئه‌وا ژنانی كورد شانبه‌شانی پیاوان چه‌ك هه‌ڵبگرن و به‌ره‌و به‌ره‌كانی جه‌نگ بڕۆن.
شه‌هید ره‌نگین ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه كه داواكارم له هه‌موو ژنان و له هه‌موو تاكێكی كورد به‌شداربن له گیانفیدایی بۆ رزگاركردنی نیشتمانه‌كه‌ی، نه‌ڵێن من فه‌رمانبه‌ری حكومیم و كارم به شه‌ڕو باسی حزبییه‌وه نیه، به‌ڵام كه كار هاته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه وڵاته‌كه‌مان پێویستی به‌وه‌بێت ئێمه رزگاری بكه‌ین، به‌بێ جیاوازی هه‌موومان پێكه‌وه به‌شداری بكه‌ین، ته‌نانه‌ت منداڵه‌كانیشیان وا فێربكه‌ن كه گیانی نیشتمانی تێدابێت.
وتوشیه‌تی: میللـه‌تی كورد له‌وه‌ته‌ی هه‌یه چاونه‌ترس و وره‌ڕووخاو بووه‌و هه‌رواش ده‌مێنێته‌وه.
PUKmedia ئا/ لانه كاشان
فۆتۆ/ په‌یجی تایبه‌تی فه‌وجی ژنان - ئه‌ژین قادر
هەواڵی زیاتر
-
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
09:29 AM - 2024-04-26 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
04:57 PM - 2024-04-25 -
وەسفییە... ماندوویەکی رووخۆش
12:25 PM - 2024-04-25
ئەمانەش ببینە
وته‌بێژی كۆمسیۆن: 10ی ئایار بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات
01:36 PM - 2024-04-25
لە هەولێر و بەغدا زۆرترین پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراوە
05:13 PM - 2024-04-24
پەیامی یەکێتی دەگەیەنرێتە بەرەی تورکمانی
05:01 PM - 2024-04-24
ئه‌مریكا: ئازادی رۆژنامه‌نوسی و مافی مرۆڤ له‌هه‌رێم خراپتر بووه
12:30 PM - 2024-04-24
زۆرترین خوێنراو
-
یەک لە سوارچاکانی قازان
بیروڕا 10:03 AM - 2024-04-26 -
زیاتر لە 107 هەزار دەنگدەری هەرێم كارتی بایۆمەتری وەردەگرنەوە
کوردستان 09:59 AM - 2024-04-26 -
داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی زیاتر لە 20 ملیارە
کوردستان 09:29 AM - 2024-04-26 -
لە یادی بۆردومانی هەڵەبجەدا
بیروڕا 11:03 PM - 2024-04-25 -
هاوخەمی قوباد تاڵەبانی بۆ خانەوادەی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 08:13 PM - 2024-04-25 -
پرسەنامەی مەکتەبی سیاسی بۆکۆچی دوایی خاتوو نیعمەت
پرسەنامە 07:58 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بکرێت
کوردستان 07:44 PM - 2024-04-25 -
شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: لیژنە بۆ رووداوی کوشتنی خەسرۆ گەردی پێکبهێنرێت
کوردستان 04:57 PM - 2024-04-25